ئیسلامییه‌كان له‌هه‌ڵه‌یه‌كی‌ قوڵ‌و عه‌به‌سییه‌تێكی‌ سیاسیدا ده‌ژین
  2021-08-18       1634       

ئا: بارام سوبحی‌

 


به‌بڕوای‌ نوسه‌رێكی‌ شاره‌زا له‌كاروباری‌ پارته‌ ئیسلامییه‌كان، ئه‌سته‌مه‌ له‌مه‌ودایه‌كی‌ به‌رچاودا هێزه‌ ئیسلامییه‌كان به‌تایبه‌تی‌ یه‌كگرتو ببنه‌ ده‌سه‌ڵاتدار، هه‌روه‌ها پێیوایه‌ ئه‌و هێزانه‌ له‌هه‌ڵه‌یه‌كی‌ قوڵ‌و عه‌به‌سییه‌تێكی‌ سیاسیدا ده‌ژین، بۆیه‌ به‌پێویستی‌ ده‌زانێت ستراتیج‌و میكانیزمی‌ كاریان له‌بناغه‌وه‌ بگۆڕن.


كتێبی‌ زستان‌و به‌هاری‌ ئیسلامی‌ سیاسی‌ له‌نوسینی‌ عومه‌ر عه‌لی‌ غه‌فور، له‌بڵاوكراوه‌كانی‌ ده‌زگای‌ چاپ‌و بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ ئاراسه‌‌و (336) لاپه‌ڕه‌یه‌. له‌م كتێبه‌دا نوسه‌ر باس له‌ڕۆڵی‌ پارته‌ ئیسلامییه‌كان‌و هه‌وڵه‌كانی‌ گه‌یشتنیان به‌ده‌سه‌ڵات ده‌كات، ئیدی‌ ئه‌و هه‌وڵانه‌ له‌ڕێگه‌ی‌ خه‌باتی‌ چه‌كداری‌‌و توندوتیژی‌ یاخود هه‌ڵبژاردن یان خۆپیشاندانی‌ مه‌ده‌نیانه‌وه‌ بێت. زۆربه‌ی‌ باسه‌كانیشی‌ ته‌رخانكردوه‌ بۆ باسكردن له‌پارته‌ ئیسلامییه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان.
ئه‌م كتێبه‌ له‌سێ‌ به‌ش پێكهاتوه‌، له‌به‌شی‌ یه‌كه‌مدا به‌ناونیشانی‌ ئیسلامی‌ سیاسی‌ له‌چاره‌كه‌ سه‌ده‌یه‌كدا، باس له‌ئه‌زمونی‌ حزبه‌ ئیسلامییه‌كان له‌ئێران‌و سودان‌و جه‌زائیرو چیچان‌و ئه‌فغانستان‌و توركیاو فه‌ڵه‌ستین‌و عێراق‌و هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌كات. پاشان باس له‌به‌هاری‌ عه‌ره‌بی‌‌و كاریگه‌رییه‌كانی‌ له‌سه‌ر حزبه‌ ئیسلامییه‌كان ده‌كات. له‌به‌شی‌ دوه‌مدا به‌ناونیشانی‌ ئیسلامی‌ سیاسی‌: فیكرو سیاسه‌ت، باس له‌عه‌قڵی‌ ئاینی‌‌و عه‌لمانی‌‌و توندڕۆییی‌ ئاینی‌‌و له‌تبونی‌ حزبه‌ كوردی‌‌و ئیسلامیه‌كان‌و ئیسلامییه‌كانی‌ عێراق‌و كوردستان له‌به‌رده‌م به‌خششه‌كانی‌ یاسای‌ وه‌زعیدا ده‌كات. له‌به‌شی‌ سێیه‌مدا به‌ناونیشانی‌: ئایین‌و سیاسه‌ت، باس له‌به‌هاری‌ عه‌ره‌بی‌‌و كوردی‌ ده‌كات‌و به‌شی‌ زۆری‌ ته‌رخانه‌ بۆ باسكردن له‌حزبه‌ ئیسلامییه‌كانی‌ كوردستان‌و باس له‌رۆڵی‌ رۆشنبیرو نوێكردنه‌وه‌و نوێبونه‌وه‌ی‌ ئیسلام ده‌كات.
ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامی‌ خه‌یاڵه‌
دوای‌ باسكردنێكی‌ وردو مێژویی‌ له‌ئه‌زمونی‌ ئیسلامییه‌كان، هه‌ر له‌شۆڕشی‌ گه‌لانی‌ ئێرانه‌وه‌ تا ده‌گات به‌ئیسلامییه‌كانی‌ كوردستان له‌قۆناغی‌ به‌شداریكردن له‌ده‌سه‌ڵات‌و بون به‌ئۆپۆزسیۆندا، نوسه‌ر ده‌ڵێت: هێزو حزب‌و حكومه‌ته‌كانی‌ ئیسلامی‌ سیاسی‌ وه‌ك هه‌ر هێزێكی‌ تری‌ ئاسایی‌ شتی‌ باش‌و شتی‌ خراپیشیان بوه‌.. ئه‌وان مرۆڤن‌و پڕۆژه‌كه‌شیان پڕۆژه‌یه‌كی‌ به‌شه‌رییه‌، هه‌ر بۆیه‌ وه‌ك هه‌ر ئه‌زمونێكی‌ به‌شه‌ری‌ سه‌ركه‌وتن‌و شكست، هه‌روه‌ها سودو زیانی‌ بۆ كۆمه‌ڵگه‌ هه‌یه‌. له‌م روانگه‌وه‌ ده‌بێ‌ خۆیان‌و ده‌وروبه‌ره‌كه‌شیان به‌م چاوه‌وه‌ لێیان بڕوانن، چه‌نده‌ بتوانن به‌ئاراسته‌ پۆزه‌تیڤه‌كه‌دا هه‌نگاو هه‌ڵگرن‌و پێشڕه‌وی‌ بكه‌ن هێنده‌ جێ‌ ده‌گرن‌و پێش ده‌كه‌ون، چه‌نده‌یش به‌دیوه‌ نێگه‌تیڤه‌كه‌دا خلۆر ببنه‌وه‌، هێنده‌ به‌ره‌و داهێزران‌و شكست‌و پوكانه‌وه‌و له‌ناوچون ده‌چن.
نوسه‌ر جه‌خت له‌وه‌ده‌كاته‌وه‌ هه‌رچه‌نده‌ حزب‌و ته‌وژمه‌ ئیسلامییه‌كان خۆیان به‌هه‌ڵگری‌ پڕۆژه‌یه‌كی‌ چاكسازی‌ راسته‌قینه‌و بێ‌ هاوشێوه‌ داده‌نێن، كه‌ له‌سایه‌ی‌ باڵاده‌ستیی‌ شه‌ریعه‌تی‌ ئیسلامی‌ له‌ده‌وڵه‌تدا دێته‌دی‌، به‌ڵام "ئه‌زمونی‌ پراكتیكییان چ وه‌ك حزب‌و چ وه‌ك ده‌سه‌ڵات تا ئه‌م ساته‌ زۆر دوره‌ له‌و وێنه‌ ئه‌رخه‌وانییه‌ی‌ له‌ئه‌ده‌بیاتیاندا باسی‌ ده‌كه‌ن". پاشان زۆر راشكاوانه‌ ده‌ڵێت "ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ی‌ له‌ئه‌ده‌بیاتی‌ سیاسی‌ ئیسلامییه‌كاندا باسی‌ ده‌كرێ، زیاتر تێزێكی‌ خه‌یاڵكرده‌ نه‌ك واقیعی‌".
ئه‌سته‌مه‌ یه‌كگرتو ببێته‌ ئه‌كه‌په‌
به‌بۆچونی‌ نوسه‌ر حزبه‌ ئیسلامییه‌كانی‌ كوردستان به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ حزبه‌ ئیسلامییه‌كانی‌ ناوچه‌كه‌دا، ناكاراو كه‌م گه‌شه‌ن‌و نه‌یانتوانیوه‌ ببنه‌ ره‌قه‌مێكی‌ قورس له‌هاوكێشه‌ سیاسییه‌كه‌دا، یاخۆ به‌شدارییه‌كی‌ میحوه‌ری‌ له‌ده‌سه‌ڵاتدا. بۆیه‌ ده‌ڵێت "به‌ئه‌سته‌م دێته‌ به‌رچاو له‌مه‌ودایه‌كی‌ به‌رچاودا ئه‌و هێزانه‌و به‌تایبه‌ت یه‌كگرتو كه‌ سه‌ر به‌قوتابخانه‌ی‌ ئیخوان‌و قوڵاییه‌كی‌ زیاتری‌ هه‌یه‌، ببنه‌ دادوگه‌شه‌پێدانی‌ توركیاو حه‌ماسی‌ فه‌ڵه‌ستین‌و نه‌هزه‌ی‌ تونسی‌‌و ئیخوانی‌ میسرو به‌ڕه‌ له‌ژێر پێی‌ یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ ده‌ربكێشن، ئیدی‌ مه‌گه‌ر شتێك روبدا كه‌ به‌خه‌یاڵدا نه‌هاتبێ‌".
نوسه‌ر به‌پێویستی‌ ده‌زانێت حزبه‌ ئیسلامییه‌كان سیاسه‌ت‌و ستراتیژییه‌تی‌ خۆیاندا بچنه‌وه‌، چونكه‌ "قه‌باره‌ی‌ سنورداری‌ ئه‌و حزبانه‌ دوای‌ ئه‌وه‌نده‌ ساڵ‌و رۆڵی‌ په‌راوێزییان له‌گۆڕه‌پانی‌ سیاسی‌ كوردستان‌و عێراقدا، هی‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و حزبانه‌ رابچڵه‌كێنێ‌‌و بیانگه‌یه‌نێته‌ ئه‌و باوه‌ڕه‌ی‌ كه‌ پڕۆژه‌كه‌یان سه‌ركه‌وتنی‌ به‌ده‌ست نه‌هێناوه‌، پێویسته‌ پێداچونه‌وه‌ی‌ جیدی‌ به‌سیستمی‌ بیركردنه‌وه‌و كاری‌ سیاسیاندا بكه‌ن".
له‌باره‌ی‌ به‌ده‌سه‌ڵات نه‌گه‌یشتنی‌ حزبه‌ ئیسلامییه‌كانه‌وه‌، نوسه‌ر هۆكاره‌كه‌ی‌ بۆ خودی‌ ئه‌و حزبانه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌و ده‌ڵێت: ئاخر حزبێك یان كۆمه‌ڵه‌و گروپێك كه‌ ئامانجی‌ گه‌یشتن به‌ده‌سه‌ڵات بێ‌ بۆ جێبه‌جێكردنی‌ پرۆگرامی‌ فیكری‌‌و ئایدۆلۆجیی‌ خۆی‌، ئه‌گه‌ر نه‌یتوانی‌ دوای‌ بیست چل په‌نجا ساڵ‌و هه‌شتا ساڵ ده‌سه‌ڵات به‌ده‌سته‌وه‌ بگرێ‌، یان لانیكه‌م ببێته‌ جومگه‌یه‌كی‌ سه‌ره‌كی‌‌و گرنگی‌ ده‌سه‌ڵات، ئه‌وه‌ ده‌بێ‌ بزانێ‌ له‌هه‌ڵه‌یه‌كی‌ قوڵ‌و عه‌به‌سییه‌تێكی‌ سیاسیدا ده‌ژی‌‌و پێویسته‌ ستراتیج‌و میكانیزمی‌ كاری‌ له‌بناغه‌وه‌ بگۆڕێ‌.
له‌به‌راوردكردنی‌ گوتاری‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌‌و یه‌كگرتودا، نوسه‌ر ده‌ڵێت: له‌كوردستان گوتاری‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ ئاینیتره‌ تا گوتاری‌ یه‌كگرتوی‌ ئیسلامی‌، ته‌نانه‌ت هه‌ندێ‌ له‌سه‌ركرده‌كانی‌ یه‌كگرتو پێیانوایه‌ حزبه‌كه‌یان ئیسلامی‌ نییه‌، بگره‌ عه‌لمانیی‌ موحافیزكاره‌. پاشان ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات هه‌رچه‌نده‌ یه‌كگرتوی‌ ئیسلامی‌ له‌ڕوی‌ رێكخستنه‌وه‌ هێشتا حزبێكی‌ تۆكمه‌یه‌، به‌ڵام له‌به‌ر زۆر هۆكار ئه‌و تۆكمه‌ییه‌ هێنده‌ی‌ بایسی‌ پاراستنی‌ بوه‌ له‌ له‌تبون، هێنده‌ نه‌بوه‌ته‌ مایه‌ی‌ گه‌شه‌كردن‌و به‌ره‌وپێشچونی‌. هه‌ربۆیه‌ ده‌ڵێت "قه‌باره‌ی‌ ئه‌و حزبه‌ له‌چاو ساڵانی‌ ته‌مه‌نیدا قه‌باره‌یه‌كی‌ بچوكه‌، هێشتا نه‌بوه‌ته‌ ره‌قه‌مێكی‌ قورس‌و به‌ڵانسێكی‌ به‌هێز بۆ هاوكێشه‌ی‌ سیاسی‌ كوردستان، ده‌بو ئێستا لانیكه‌م بیست كورسی‌ په‌رله‌مانی‌ هه‌بوایه‌".
نان‌و ئیمان یان ئیسلامی‌‌و عه‌لمانی‌؟
نوسه‌ر رایده‌گه‌یه‌نێت ئیسلامییه‌كان توانیویانه‌ وه‌ك تاكه‌كه‌س نه‌وه‌یه‌ك په‌روه‌رده‌ بكه‌ن، له‌سه‌ر ئاسته‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كه‌ نمونه‌ بێ‌ له‌به‌ها جوانه‌كانی‌ وه‌ك: ده‌ستپاكی‌، داوێنپاكی‌، دڵسۆزی‌، لێبڕان، خه‌مخۆری‌‌و یاساپه‌روه‌ریدا، به‌ڵام "له‌سه‌ر ئاستی‌ كاری‌ ده‌سته‌جه‌معی‌‌و رێكخراوه‌یی‌ یاخۆ حه‌ره‌كی‌، ئه‌و بزاڤه‌ نه‌ك نه‌یتوانیوه‌ پڕۆژه‌ی‌ بۆ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌ گشتییه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگه‌ پێ‌ بێ‌، بگره‌ ته‌نانه‌ت نه‌یتوانیوه‌ له‌موماره‌سه‌كردنی‌ كاری‌ حه‌ره‌كی‌‌و ئیداره‌كردنی‌ حزبه‌كه‌و مامه‌ڵه‌كردنی‌ له‌گه‌ڵ حزب‌و گروپه‌ ئیسلامییه‌كانی‌ تری‌ ركابه‌ریشیدا به‌پێی‌ ئه‌و به‌هاو دروشمانه‌ بجوڵێته‌وه‌، كه‌ له‌ڕوی‌ تیۆرییه‌وه‌ بانگه‌شه‌یان بۆ ده‌كا".
دوای‌ شیكردنه‌وه‌ی‌ گوتاری‌ پارته‌ سیاسییه‌كانی‌ كوردستان به‌ئیسلامی‌و عه‌لمانییه‌وه‌، نوسه‌ر ده‌گاته‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ی‌ عه‌قڵی‌ ئاینی‌ چ له‌ڕوی‌ تیۆرییه‌وه‌و چ له‌ڕوی‌ پراكتیكیه‌وه‌ ته‌واو ئاینی‌ نییه‌و ده‌مارێكی‌ عه‌لمانییه‌تی‌ تێدایه‌. هه‌روه‌ها عه‌لمانییه‌كانیش له‌شیكردنه‌وه‌ی‌ كۆتاییدا نه‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ تیۆرو نه‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ پراكتیك عه‌لمانییه‌تی‌ پوخت‌و ته‌واو نین، بگره‌ ده‌مارێكی‌ ئاینیان تێدایه‌ كه‌ زیادو كه‌م ده‌كا.
به‌بۆچونی‌ نوسه‌ر ئه‌وه‌ی‌ به‌لای‌ خه‌ڵكه‌وه‌ گرنگه‌ ئه‌وه‌یه‌ ژیانێكی‌ ئاسایی‌‌و ئارام بژی‌، كه‌ تیایدا نان‌و ئیمانیان سه‌لامه‌ت بێ‌‌و ده‌ڵێت "كێ‌ ئه‌مانه‌ ده‌سته‌به‌ر بكا ده‌یباته‌وه‌". پاشان ده‌ڵێت "پێموایه‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ ئه‌م ته‌قسیمبه‌ندییه‌ی‌ كۆمه‌ڵگه‌ بۆ عه‌لمانی‌‌و ئیسلامی‌ له‌ئه‌ده‌بیاتی‌ فیكری‌‌و سیاسی‌‌و رۆشنبیریماندا، یان لانیكه‌م هێنده‌ زه‌قنه‌كردنه‌وه‌ی‌‌و سه‌رقاڵنه‌كردنی‌ خه‌ڵك به‌شه‌ڕێكی‌ بێسود له‌سه‌ر چه‌مكه‌ ته‌جریدییه‌كان، بڕیارێكی‌ گرنگ‌و مێژویی‌ ده‌بێ‌".
گرفته‌كانی‌ عه‌قڵی‌ ئیسلامی‌
نوسه‌ر ره‌خنه‌ له‌ئیسلامییه‌كان ده‌گرێت كه‌ تائێستا نه‌یانتوانیوه‌ به‌خۆداچونه‌وه‌یه‌كی‌ جدی‌ به‌گوتارو هه‌ڵوێستیاندا بكه‌ن، له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت "عه‌قڵی‌ ئیسلامی‌ جورئه‌تی‌ به‌خۆداچونه‌وه‌ی‌ نییه‌، یان زۆر لاوازه‌، تائێستا كه‌مترین هه‌وڵ له‌و روه‌وه‌ نه‌دراوه‌و هه‌مولا سورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ هێشتا له‌سه‌ر هه‌قن‌و پڕۆژه‌ی‌ ئیسلامی‌ هیچ گرفتێكی‌ نییه‌ جگه‌له‌پیلانی‌ ناحه‌زانی‌". هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "عه‌قڵی‌ ئیسلامی‌ كوشته‌ی‌ ده‌ستی‌ نه‌ریتی‌ پاساوهێنانه‌وه‌یه‌ (تبریر)یه‌، هه‌ر كارێك حه‌زی‌ لێ‌ بێ‌‌و بیكا پاساو ته‌ئویلێكی‌ بۆ ئاماده‌ ده‌كا، هه‌ر لێره‌وه‌یه‌ بیرمه‌ندێكی‌ ریفۆرمخوازی‌ ئیسلامی‌ عه‌ره‌ب ناوی‌ ئه‌و جۆره‌ ته‌وژمانه‌ی‌ ناوه‌ "حزب التبریر الاسلامی‌".
یه‌كێكی‌ دیكه‌ له‌ره‌خنه‌كانی‌ نوسه‌ر له‌پارته‌ ئیسلامییه‌كان بریتیه‌ له‌تێكه‌ڵاوكردنی‌ ئایین‌و سیاسه‌ت، چونكه‌ پێیوایه‌ "له‌مێژودا تێكه‌ڵیی‌ ئایین‌و سیاسه‌ت ناسۆری‌ بۆ مرۆڤ هێناوه‌، چونكه‌ سیاسییه‌كان ئاینیان وه‌ك ئامرازێك بۆ ململانێی‌ سیاسی‌‌و سه‌ركوتكردنی‌ نه‌یاره‌كانیان به‌كارهێناوه‌، ئه‌مه‌ خاڵی‌ لاوازی‌ سه‌ره‌كیی‌ مێژوی‌ سیاسی‌ ئیسلام بوه‌ تا به‌ئه‌مڕۆیش ده‌گا".

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×