خانوە كەلەپورییەكانی سلێمانی دەپارێزرێن، بەپێی بەرنامەیەكی تایبەت تەواوی خانووە كەلەپوری و مێژووییەكانی گەرەكە كۆنەكانی سلێمانی لە روخان و گۆرینی هونەری تەلارسازییان دەپارێزرێن.
ئاوێنە، راگەیاندنی قامیمقامیەتی پارێزگای سلێمانی: لە كۆبونەوەیەكدا كە بە سەرپەرشتی ئاوات محەمەد- قائیمقامی سلێمانی و مێژوونوس عەبدولڕەقیب یوسف و بەشداری بەرێوبەری ئاسایشی ناوشار و بەرێوبەری شوێنەواری سلێمانی و نوێنەری پۆلیس و شارەوانی سلێمانی، لەدیوانی قائیمقامیەتی سلێمانی بەرێوەچوو، باس لە مەترسییەكانی لەناوچوونی خانوو و گەڕەكە كۆنەكانی سلێمانی كرا لە رووی كەلەپور و هونەری تەلارسازییەوە.
دوای گفتوگۆی زۆر لەسەر لایەنە خراپەكانی تێكچوونی ئەو گەڕەكانە و تواناكان بۆ رێگریكردن لە هەوڵی لەناوبردنیان و گرنگی مانەوەیان لە رووی كەلەپوری و شوێنەوارییەوە، بڕیار درا لە ماوەیەكی كەمدا لیژنەیەكی تایبەت لە نوێنەری (قائیمقامیەت، شوێنەوار، شارەوانی، ئاسایش، پۆلیس) پێكبهێنرێت بۆ ئەوەی رۆژانە چاودێری پاراستن و تێكچوونی ئەو خانووە كۆنانە بكات.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاردرا رێگە بگیرێت لە دروستكردنی گەراجی ئۆتۆمبێل لەو گەرەكانە و مۆڵەت بە هیچ كەسێك نەدرێت ئەو خانووە كەلەپورییانە بروخێنێت یان بە بێ مۆڵەت و چاودێری شوێنەواری سلێمانی نۆژەنیان بكاتەوە. كاریش بكرێت بۆ جێبەجێكردنی ماستەرپلانی شاری سلێمانی كە بەپێی ئەو ماستەرپلانە تەواوی گەڕەكە كۆنەكانی ناو شار وەكو خۆیان دەمێننەوە.
یەكێكیتر لە بڕیارەكانی كۆبونەوەكە ئەوەبوو كە كاری پێویست بكرێت بۆئەوەی پەیوەندی لەگەڵ رێكخراوی یوسنكۆدا دروستبكرێت و ئەو گەڕەكە كۆنانە رادەستی ئەوان بكرێن بۆ ئەوەی رێگە بگرن لە دەستكاریكردن و گۆرینی سیمایان.
دوای پەسەندكردنی كۆنوسی كۆبونەوەكەش لەلایەن پارێزگاری سلێمانییەوە تەواوی بڕیار و رێنماییەكانی تایبەت بە پاراستنی ئەو گەڕەك و خانوانە گشتاندنی بۆ بكرێت بۆ سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكان. ئاماژە بەوەش كرا كە پێشنیار بكرێت بۆ پەرلەمانی كوردستان كە بڕیار بدات لە هەرێمی كوردستان كار بە یاسای پاراستنی ناوچە شوێنەوارییەكانی عیراق بكرێت.
پێشتریش لەلایەن ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتەكانی داد و شارەوانییەوە بڕیاری پاراستنی ئەو گەڕەكە كۆنانەی سلێمانی درابوو، بەڵام زۆرێكی خانووەكانی ئەو گەڕەكانە لەلایەن هاولاِتیانەوە یان سەرمایەدارەكانە تێكدراون و بۆ مەبەستی بازرگانی بەكارهێنراون.