سەركردەو روداوەكان لەدیدی "برایم جەلال"ەوە
ئا: ئاوێنە
"چەپكێك لەمێژووی كۆمەڵە"، كتێبێكە سەبارەت بەمێژووی كۆمەڵەو سەركردەو رووداوەكانی كوردستانی باشور، نوسەری ئەم كتێبە قەبارە گەورەیە، جێگری دووەمی سكرتێری ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی "برایم جەلال"ە، كە وەك خۆی دەڵێت لەسەرەتای دامەزراندنی كۆمەڵەوە تا هەڵوەشاندنەوەی ئەندامێكی مولتەزیمو كارای ناو ئەو رێكخراوە بووەو ئاگاداری زۆربەی رووداوەكانی بووە. رەنگە سەرنجڕاكێشترین بەشی ئەم كتێبە كە تێهەڵكێشێكە لەلێكۆڵینەوەی مێژووییو پشتی بەچەند سەرچاوەیەكو بەبیرەوەرییەكانی خۆی بەستووە لەگێڕانەوەی رووداوەكاندا، زیاتر ئەو بڕگانە بێت كە برایم جەلال وەك شاهیدحاڵێك دەیگێڕێتەوە. ئاوێنە چاوێك بەو بڕگە سەرنجڕاكێشانەی ئەم كتێبەدا دەخشێنێت كە بۆ ئاگابوونی رای گشتی لەرووداوو سەركردەكانی ئەو رۆژگارە، جێی بایەخن.
جەلالییەك رەخنە لەجەلالی دەگرێت
برایم جەلال كە بەپێی گێڕانەوەی خۆی لەشەستەكانی سەدەی رابردووداو لەسەروەختی دابەشبوونی پارتیدا بەسەر دوو باڵی مەلاییو جەلالیدا، جەلالییەكی سەرسەخت بووە، لەچەند بڕگەیەكی ئەم كتێبەدا كە بەچاوی رەخنەوە لەو رۆژگارە دەڕوانێت، دەنوسێت "باسكی جەلالی نقومی پاشكۆیەتی سیاسەتی حوكمی بەعس ببوونو ببوونە بەشێك لەهێزی چەكداری بەعسییەكان بۆ لێدانی باسكی مەلاییو بەرژەوەندی شای ئێران لەناوچەكەدا".
كۆمەڵە رێكخراوێكی پڕ لەباڵباڵێن
برایم جەلال باس لەوە دەكات كە كۆمەڵە هەر لەسەرەتای دامەزراندنیەوە لە1970دا تا هەڵوەشاندنەوەی كۆمەڵێك ناكۆكی فكریو شەخسیو باڵباڵێنی توندی لەگەڵ خۆیدا بەكێش كردووە، بەپێی گێڕانەوەی ئەو "كۆمەڵە" هەر لەسەرەتای دامەزراندنییەوە لەسێ هێڵ پێكهاتبوو: "هێڵی شێخ شەهاب، هێڵی تاڵەبانی، هێڵی نەوشیروان مستەفا"، لەقۆناغێكی دیكەشدا
گەرای سەرهەڵدانی دووبەرەكی عێراقچێتیو كوردستانچێتی دێتە ناو كۆمەڵەوەو دواتریش كۆمیتەی هەرێمەكانو كۆمیتەی شارەكان دەبێتە كێشمەكێشیان. برایم جەلال كە لەو سەردەمەدا لایەنگری كۆمیتەی شارەكان بووە، هەریەك لەئارامو مەلا بەختیارو سالار عەزیز كە سەر كۆمیتەی هەرێمەكان بوون، بەكۆمەڵێك گەنجی ناواقیع بینی خۆبەشتزان ناودەبا كە دوای ئاشبەتاڵو هەڵگیرسانەوەی شۆڕش خۆیان بەتاكە دەسەڵاتو خاوەنی شۆڕشی نوێ دەزانی. ئەو دەنوسێت "ئارام لەقەرەداغ جگە لە 8 ـ 9 گوند بەولاوە لەیەكەم رۆژی چوونە دەرەوەیەوە تا شەهید بوونی لەو جوغزە نەچووە دەرەوە... سالار لەدۆڵی جافایەتی تەنانەت هاوڕێكانی كۆمەڵەش لەهەڵسومەوتی بێزار بوون، بەشێكیان لەناوچەكە رۆیشتن بۆ ناوچەیەكی ترو هەندێكیان تەسلیم بەرژێم بوونەوە... مەلا بەختیار، نەك هەر لەناوچەیەك گیری نەدەخواردەوە، بەڵكو هەفتەیەك لەشاخو دوو مانگ لەشار بووە، وای لێهاتبوو هەموو رێكخستنەكانی ناو شار مەترسییان لێنیشتبوو".
فوئاد مەعسوم.. مەلاییە تۆخەكە
برایم جەلال باس لەوە دەكات كە دوای رێكەوتنی ئازاری 1970، ئەم وەك جەلالییەك دووردەخرێتەوە بۆ بەسڕا، بەڵام لەوێش وەك خۆی دەڵێت مەلاییەكان وازی لێناهێن، "لیژنەی ناوچەی بەسرای مەلایی بارەگایان بردبووە خانووییەك بەرامبەر ئەو خانووەی من گرتبووم، ئەو كاتە د.فوئاد مەعسوم كۆیی لێپرسراوی لیژنەی ناوچە بوو، لەمەلا مستەفا مەلایی تر بوو. فوئاد مەعسومو دەستەو تاقمەكەی بەشێكی كارەكانیان تاقیبكردنی كوردەكانو بیروبۆچوونو رەوتی سیاسییان بوو، رۆژێك ناردیان بەدوامدا، كە چوم فوئاد مەعسوم لێی پرسیم: برادەر وا دیارە لە66ەكانی بۆیە پاش بەیانی ئازار گەیشتویتە بەسڕا؟. منیش تەنیا وەڵامم ئەوە بوو: هەرچیەك بووبم بەختیارم كە دوو شت نەبووم مەلاییو بەعسی. فوئاد مەعسوم هەڕەشەی كرد كە گوایە لەسەر ئەوە سزام دەدەن. بەهەرحاڵ كاك فوئاد وەڵامێكی تری لەوەی پێشوو رەقتری دەستكەوت... سەیر بوو د.فوئادێكی مەلایی دژە جەلالی بەقودرەتی قادر هەڵگەڕایەوەو بووە ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری یەكێتی.
كێ یەكێتی دامەزراند؟
برایم جەلال پێیوایە ئەوە كۆمەڵە بوو كە بەخوێنو فرمێسكو رەنجو كۆڵنەدان خشت بەخشتی ئەو بینایەی دروستكرد كە بە"یەكێتی نیشتمانی كوردستان" ناودەبرێت، كەچی ئێستا ناوی كۆمەڵە لەكولەكەی تەڕیشا نایەت، هەموو ساڵێك تەنها شەش كەس بەدامەزرێنەری یەكێتیو رابەرو دروستكەرەوەی شۆڕشی نوێ ناودەبرێت كە هەموویان لەدەرەوەی وڵات بوون، هەربۆیە ئەو دەپرسێت "ئایا یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەلایەن د.كەمال فوئادەوە دامەزرا كە هەتا ساڵی 1979 كە بۆ سەردانێكی كاتی هاتە ناوزەنگو پاش دوو مانگ گەڕایەوە بۆ ئەڵمانیاو تا ساڵی 1991و پاش راپەڕین چاوی بەكوردستان نەكەوتەوە؟ یان لەلایەن د.فوئاد مەعسومەوە كە ئەویش لەساڵی 1979 چاوی بەكوردستان نەكەوت، لەساڵی 1979 هاتەوە سەر حازریو بارەگای بۆ ئامادە كراو بەو حاڵەش نەیتوانی لەژیانی پێشمەرگایەتی ناو سەركردایەتی هەڵبكاو بەبیانووی نوێنەری یەكێتی خۆی گەیاندە تاران؟ یان بەنەوشیروان مستەفا كە (لەسەرەتای 1972ەوە تا هەڵگیرسانەوەی شۆڕش) لەباشوری كوردستان نەبووەو ئەو كاتەی گەڕایەوە چەندین مەفرەزەی چەكداری پێشمەرگەی رێكخراوو ئامادەی خرایە بەردەست؟ یان مام جەلال كە بەگەڕانەوەی رووبەڕووی سەركردایەتی ناوخۆی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆوەو رێكخستنەكانی یەكێتی پەلوپۆی هاویشتبوو؟".
مام جەلال دەستی وەشاند
برایم جەلال باس لەوە دەكات كە هەر كەسێك تاڵەبانی لێیتووڕە بوایە وەك ئەوە بوو كە بەر "نەفرەتی فیرعەون" كەوێ، كە خۆی یەكێك بووە لەوانە، ئەو دەنوسێت "لەمانگی 1/1979 جۆرێك لەناكۆكیو دڕدۆنگی لەنێوان مام جەلالو شیروان شێروەندیو قادر عەزیزدا دروستبوو، كە هەردووكیان ئەوكاتە پاڵێوراو ببون بۆ ئەندامی سەركردایەتی، مام جەلال كە زۆر بەدەگمەن لەكاتی تووڕەبووندا خۆی بۆ كۆنتڕۆڵ دەكرێ، وەك هەموو جارێك هێرشی باوكسالاریانەی كردە سەر هەردووكیانو تەنانەت دەستی لەشیروان شێروەندیش وەشاند".
چۆن كران بەسەركردایەتی؟
برایم جەلال لەم كتێبەیدا ئاماژە بەچەند حاڵەتو كەینو بەینێك دەكات كە چۆن سەركردە دەستڕۆشتووەكانی كۆمەڵەو یەكێتی دەهاتن ئیشیان بۆ كەسی سەر بەخۆیان دەكرد بۆ ئەوەی ببنە ئەندامی سەركردایەتیو مەكتەبی سیاسی یەكێتی، لەم مەسەلەیەدا سێ حاڵەت باس دەكات كە یەكجار جێی سەرنجن، ئەو دەنوسێت "مامۆستا عەلی خەڵكی كۆیەو دۆستی مام جەلالو كۆنە جەلالیش بوو، كە هاتبوو بەرەو سەركردایەتی بەرەو بەستەسێن تووشی مەفرەزەكەی شەهید هاوار جەلال دەبێو لەگەڵ ئەوان بەڕێدەكەوێت بۆ سەركردایەتی. لەڕێگا بەدەمەتەقێ كردنەوە هەواڵی من دەپرسێو پاشان دەزانێ كە هاوار برای منە، دەڵێ: كە چووینە سەركردایەتی بەبرایم بڵێ بەشكم حەوڵم لۆ بدا، لەئیزگەكە دامبنێن دەنگم زۆر مساعدە لۆ موزیعی. بەڵام هەر گەیشتە سەركردایەتی بوو بەئەندامی مەكتەب سیاسی یەكێتی!
شێخ عەبدولكەریمی شەدەڵە، عەسكەری فیرار بوو، رای كرد بووە شەدەڵەی دێكەی خۆیان، ئەوسا دەبوایە هەرچی فیراری كردایە، پسوڵەیەكی رێگەپێدراوی پێبوایە، كە لەلایەن سەركردایەتی یان لێپرسراوێكی ناوچەكەوە مۆر بكرایە، شەهید جەمالی عەلی باپیر، شێخ عەبدولكەریم دەنێرێ بۆ سەركردایەتی تا پسوڵەی مۆڵەت وەربگرێ، كە شێخ عەبدولكەریم دەگاتە سەركردایەتی بەشكم ئەو پسوڵەیەی دەستكەوێت، پاش یەك دوو رۆژ چاوەڕوانی، بزوتنەوەی نوێ خێرا پەیوەندی پێوە دەكەنو دەیبەنە لای مام جەلالو دەبێتە ئەندامی سەركردایەتی بزوتنەوەكەو یەكێتیش!
بۆ یەكەمجار كە منیش لەشارەوە چوومە ناو شۆڕشو لەقەندیل چاوم بەمام جەلال كەوت، پێی وتم: هێشتا خۆت نەناساندووە بەبرادەرانی كۆمەڵە. وتم: بۆ؟ وتی: دەمەوێ خۆت بەكۆمەڵە نەناسێنی، بەڵكو خۆت بەخەتی گشتی بناسێنی تا وەك نوێنەری خەتی گشتی ئەندامی مەكتەبی سیاسی بی"!
حەمەی حاجی مەحمود "ئیتیلاعاتە"
برایم جەلال دەنوسێت "ئەبو شەهاب كە لێپرسراوی لقی 1ی سلێمانی بوو بەڕاپۆرت نووسین كەوتبووە خوێندن لەحەمەی حاجی مەحمود... مەلا بەختیاریش چاوی بڕیبووە پۆستەكەی حەمە... ناخۆشیو ناكۆكی ئەم دووانە گەیشتە ئەو رادەیەی ویستیان یەكتر چەك بكەن، مەلا بەختیار لەسەركردایەتی بۆی داچەندو مەكتەب سیاسیش سالارو جەعفەر بوون كە پشتیوانی مەلا بەختیاریان دەكرد... پاشان حەمە تەجمید دەكرێو مەلا بەختیاریش دەكرێتە فەرماندەی هەرێمی یەك... حەمە ئیلتیزام بەم بڕیارەوە ناكاو دەبێتە حسك، پاشان حەمە بەوەشەوە نەوەستا، پەیوەندی بەبەشی ئیتلاعاتی ئێرانەوە كردو بووە یەكێك لەدەسەڵاتدارانی ئیتیلاعاتی ئێرانی لەناوچەكەو كرایە ئەندامی سەركردایەتی حسك. من ئەوكاتە لەدەزگای دارایی بووم، دوو سێ جار لێكۆڵینەوەم لەگەڵ حەمەی حاجی مەحمود كرد، لەسەر مەسەلەی پارە، بەڵام بێسوود بوو، جارێك حەیوانمان سەربڕی بۆ خۆیو پێشمەرگەكان، بەدەم پارچە پارچە كردنی مەڕەكەوە جگەڕەكەی بەكاڵی خواردو تەواوی كرد".
سالار عەزیز: با نەوشیروانیش شەهید بێت
برایم جەلال دەنوسێت "دوای بەدیل گرتنی نەوشیروان مستەفا لەلایەن حسكەوە، مەرجێكی بەردانی ئەوە دەبێت یەكێتی 100 پارچە چەك بدا بەحسك... من رام لەسەر ئەوە بوو ئەو چەكانە بدرێت گەر بەو كارە نەوشیروان بەردەن، بەكری حاجی سەفەریش هەمان رای هەبوو، بەڵام مەلا بەختیارو سالار رایان وابوو كە نەدرێتو مەرجەكانیشیان پەسەند نەكرێت، رای سالار وا بوو كە كۆمەڵە كۆمەڵێك سەركردەی شەهید بووە، با ئەویش وەك هەر یەكێك لەوانە شەهید بێت".
نەوشیروان: ئەمانە بەڵان
برایم جەلال دەنوسێت "پێش ئەوەی كۆنفرانسی یەكی كۆمەڵە ببەسترێت، نەوشیروان لەژوورێكی لای ئێمە خەریكی نووسینەوەی راپۆرتێك بوو بۆ كۆنفرانس، ئاخر رۆژ بوو نەوشیروان لێی پرسیم: تۆ بڵێی لەم كۆنفرانسە سەركەوین؟ ئەو بەڵایانەمان لەكۆڵ بێتەوە (مەبەستی جەعفەرو بەختیارو سالار بوو). منیش پێمووت: ئەگەر تۆ هەقت نەبێو بەزۆر نەیاخەیتەوە سەركردایەتی بەتایبەتی مام جەلالیش لێرە نییە دڵنەواییان بكا، ئەوا دڵنیابە كە دەرناچنو لەكۆڵ كۆمەڵە دەبنەوە. نەوشیروان وتی: من هەقم بەسەریانەوە نییەو لایەنگری هیچ لایەكیشیان ناكەم، كێ دەرچوو با دەرچێ، بەڵام ئەگەر ئەمانە دەرچنەوە واز ئەهێنمو بیر لەرێكخراوێكی تر دەكەمەوە دایبمەزرێنین.
"پێشمەرگەی ئەنفالچی"
رەنگە بڕگەیەكی هەرە سەرنجڕاكێشی ئەم كتێبە باس كردنی "دوو رەفتاری ناپەسندی پێشمەرگە بێت"، بەتایبەتی لەو شەڕەی ساڵی 1983 پێشمەرگەكانی یەكێتی لەدژی ئەنوەر بەگی بێتواتەو جاشەكانی كردویانە، كە ئەویش "دیل كوشتنو تاڵانو دزییە". برایم جەلال دەنوسێت "بۆ یەكەمجار بوو پێشمەرگەی یەكێتی پەلاماری رەبایا یان جاش بداو تەسلیمبووەكان كە دەستیان بەرز كردبێتەوە واتە دیل، بیانكوژن. بەڕاستی لەگوندی نێوەكە كە كەوتبووە قۆڵی یەكەمی شەڕەكەو (شەوكەتی حاجی موشیر) فەرماندەیی دەكرد قەسابخانەیان دانا، شەڕكەرو ناشەڕكەرو خۆڕاگرو تەسلیمكەریان بەیەكەوە كوشت، تەنها لەو دێیە 40 چەكداری تیا كوژرا... بەمەرجێك پێشتر یارمەتیدەرو ناندەرو حەوێنەری پێشمەرگە بوون... بەناحەق قڕیان تێخستنو هەرچی كەلوپەلو ماڵی پەزمەنە كراوی چەند ساڵەی ژیانیشیان هەبوو نەما. واتە بەسەرو ماڵو داروبەردەوە ئەنفالكران. لەم شەڕەدا دەیان فەرشی ماڵانیان دزیو ئاودیوویان كرد. دەیان دەرگای ماڵی چۆڵیان شكاندو بەنرخو بێ نرخیان بردن. دەیان سەر مەڕو بزنو گاو مانگاو گوێرەكەو مریشكو كەڵەشێریان كوشتو سەربڕی... ماڵەكانی دۆستەكانی یەكێتیشیان تاڵان كردو دەیان قاتی رانكوچۆغەی شاڵاو چەندین پارچە ئاڵتونی ژنان تاڵانكراو دزراو ئاودیوو كرا... دواتریش لەبری سزادان، دەستخۆشی سەركەوتنیان لێكرا... ئەمە دواتریش لەچەندین شەڕدا دووبارە بۆوەو لەكاتی راپەڕینو دواتریشدا كاری لەوە نەشیاوترو خراپتریش كرا".
مەلا بەختیار خۆی خستە هەلیكۆپتەرەكەوە
برایم جەلال دەنوسێت "لەهەفتەی یەكەمی مانگی 12ی 1983 دوو كۆپتەر هاتنە گوندی زیخان. د.قاسملوو نوێنەرێكی رژێمیان تیا بوو، لەگەڵ نوێنەرەكانی یەكێتی بەسەركردایەتی مام جەلال سواری كۆپتەر بوونو چوون بۆ بەغدا (بۆ مفاوەزات). بڕیار بوو نوێنەرەكانی یەكێتی مام جەلالو فەرەیدونو مولازم عومەرو د.خدر مەعسومو عومەر عەزیز بن، بەڵام لەپڕو لەو كاتەی كۆپتەرەكان ئامادە بوون بۆ فڕین، مەلا بەختیار خۆی تێخست، ئەمە لای هەموان دیاردەیەكی سەیر بوو"!
"سەركردەی پرۆلیتاری عەیار چەپ"
رەنگە گرنگترین خاڵی گێڕانەوەی برایم جەلال بەلای خوێنەرەوە ئەوە بێت كە ئەو وەختی خۆی لێكۆڵینەوەی لەگەڵ سەركردە دەستگیركراوەكانی ئاڵای شۆڕشو عێراقچییەكاندا كردووە كە "مەلا بەختیارو شێخ عەلیو پشكۆ نەجمەدین" بوون، ئەو دەنوسێت "دوای ئەوەی پلینیۆمی كۆمەڵە رۆژی 10/12/1985 بڕیاری دا مەلا بەختیارو هاوڕێكانی ئیعدامی سیاسی (نەك جەستەیی) بكرێنو پاش هێشتنەوەیان بۆ ماوەیەكی دوورودرێژ بە بەندكراوی لەكۆمەڵەو یەكێتی دەربكرێن، رۆژی 15/12 چوومە لای مەلا بەختیارو بەپێچەوانەوە بڕیاری پیلینیۆمم پێڕاگەیاند. لەگەڵ بیستنی وشەی گوللەباران كردن، دەستی گرت بەچاویەوەو بەگریانەوە وتی: كەواتە زیلان بێ باوك ئەبێ؟ ئینجا وتی: ئەی ئەگەر هەموو شتەكان بڵێم؟ پێموت: سبەینێ وەڵامت ئەدەمەوە. بۆ رۆژی 16/12 چوومە لایو پرسی: وەڵام چیە؟ وتم: لەگوللەباران دەتبورنو ماوەیەك زیندانی ئەبیو پاشان دەردەكرێ لەكۆمەڵەو یەكێتی. وتی: دەباشە تەسجیلت هێناوە داینێو فەرموو بنووسە. وتم: نا فەرموو بەدەستوخەتی خۆت وەڵامی ئەم پرسیارانەم بدەرەوەو بەنووسین بینووسە؟
مەلا بەختیار نەك هەر وەڵامی هەموو پرسیارەكانی منی بەنووسین دایەوە، بەڵكو كەوتە نووسینی ناوی هەموو ئەندام لقو شانەو رێكخستنەكانی ئاش. نەختێ دامامو وتم: كاك بەختیار سەركردەی پرۆلیتاریا بۆ رزگار كردنی گیانی خۆی قوربانی بەرێكخراوەكەیو ئەندامانی دەدا بەوجۆرە؟ بەس نەبوو لەشارا دەست رژێم نەكەوتی خۆ كۆمەڵەت بەهەڵتەكاندن دەدا. دوای تەواو بوونی هەموو پرسیارەكانو وەڵامەكان بەدەستی خۆییو دەنگی خۆی بردم بۆ لای مامۆستا پشكۆ، پیشانمدا كە ئەو وەڵامانە راستن؟ ئەویش وتی: بەڵێ راستن... پاش ئەو بردمە لای شێخ عەلی "خولە كەشكۆڵ"و پیشانمداو وتم: ئەو وەڵامانەی مەلا بەختیار راستن؟ كە خوێندییەوە، وتی: خۆ بەڕاست ئەمە خەتی مەلا بەختیارە دەك داوەشێی سەركردەی پرۆلیتاری عەیار چەپ".
سكرتێرو سەركردەكان.. هەموویان هەر بارزانین
برایم جەلال لەبڕگەیەكی ئەم كتێبەدا دەنوسێت "ئێمەی گەنجانی سەردەمی شۆڕشی ئەیلولو شەستەكانو حەفتاكان، واماندەزانی تەنیا پارتی دیموكراتی كوردستان مەركەزیەتەكەی زاڵە بەسەر دیموكراتو سەركردایەتی بەكۆمەڵداو لەناو ئەو مەركەزیەتەشدا بڕیارو دەسەڵاتی بوونو نەبون بەدەست بارزانی بوو، بەڵام بەئەزمون بۆمان دەركەوت، لەناو هەموو حیزبەكانی عێراقیو كوردستانی هەر چوار پارچەكەی كوردستانیش سەرۆكو سكرتێر هەر هەمان بارزانین، بەناسیۆنالیستو ئەنتەرناسیۆنالیستەكانیەوە، بەخێڵەكیو پێشكەوتنخوازەكانیەوە، بەبێ ئاگاو شارەزاكانیەوە".