بەغدا هەنگاوەکانی چڕکردووەتەوە بۆ ئامادەکاری لە ئەگەری سەرهەڵدانەوەی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران، ئەمەش لە سایەی ئەو ترسەی کە خاکی عێراق ببێتە گۆڕەپانی ئاڵوگۆڕی هێرشەکان، یان لێکەوتەی هەر لێدانێک بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بگاتە سنوورەکانی عێراق.
ئاوێنە: لە کاتێکدا حکومەت جەخت لە هەوڵەکانی دەکاتەوە بۆ بەدوورگرتنی وڵات لە ململانێکان و دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکان، سەرچاوەیەکی باڵای ئەمنی ئاشکرای دەکات کە تا ئێستا دامەزراوە ئەمنییەکان هیچ پلانێکی فریاگوزارییان پێنەگەیشتووە کە لە ئاستی ئەو ئاڵەنگارییانەدا بێت کە لە ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەیەکی نوێی نێوان واشنتن و تاراندا دێنە ئاراوە، بەتایبەتی ئەگەر هێرشەکان دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بگرنەوە و لێکەوتە ئەمنی و سەربازییەکانی بەسەر ناوچەکە و بەتایبەت عێراقدا بێت.
لە بەرامبەردا، سەرچاوەیەکی دیکەی حکومی ئاماژە بەوە دەکات کە حکومەت پلانێکی فریاگوزاری داناوە کە خۆی لە توندوتۆڵکردنی چاودێری سنوورەکان و پێدانی دەسەڵات بە فەرماندە مەیدانییەکان بۆ مامەڵەی دەستبەجێ لەگەڵ پێشێلکارییە چەکدارییەکان دەبینێتەوە، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ ڕێگریکردن لە گواستنەوەی جەنگ بۆ نێو خاکی عێراق.
ئامادەکارییە ئەمنی و مەدەنییەکان
لە ١٥ی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا، عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، سەرپەرشتی کۆبوونەوەی دەستەی باڵای بەڕێوەبردنی باری لەناکاو و قەیران و کارەساتەکانی کرد، و ڕێنماییدا بە تەرخانکردنی بودجەی پێویست بۆ دابینکردنی خۆراک، دەرمان، سووتەمەنی و پاراستنی دامەزراوە هەستیارەکان. لە هەمان کۆبوونەوەدا، پوختەی ستراتیژی نیشتمانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیران و کارەساتەکان تاوتوێ کرا کە لەلایەن ڕاوێژکاریی ئاسایشی نەتەوەیی و ناوەندی نیشتمانی بۆ بەڕێوەبردنی قەیرانەکان ئامادەکرابوو.
سەبارەت بە مەترسییە تیشکییەکانیش، "دەستەی نیشتمانی بۆ چاودێری ئەتۆمی، تیشکی، کیمیایی و بایۆلۆژی" لە ٥ی ئەم مانگەدا ڕایگەیاند کە ڕێوشوێنی هونەری و خۆپارێزییان گرتووەتەبەر بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەر دۆخێکی لەناکاوی ئەتۆمی. هەروەها بوونی پلانی بەدەمەوەچوون و وێستگەی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەی لەسەر سنوورەکان دووپاتکردەوە بۆ پێوانەکردنی ئاستی تیشکدانەوە، بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم. دەستەکە پێی وایە کاریگەرییە تیشکییەکان لەسەر عێراق سنووردار دەبن بەهۆی دووری جوگرافی و بارودۆخی جیۆلۆجی و کەشوهەواوە.
حیساباتەکانی بەغدا و مەترسییەکانی پەرەسەندن
ئەم ئامادەکارییانە هاوکاتە لەگەڵ جەختکردنەوەی بەردەوامی سەرکردایەتیی سیاسیی عێراق بۆ ڕەتکردنەوەی هەر تێوەگلانێک لە ململانێیەکی هەرێمیدا. لە ماوەی هەفتەکانی ڕابردوودا، بەغدا چەندین جار ڕەتیکردووەتەوە خاکەکەی ببێتە گۆڕەپانی جەنگ یان خاڵی دەستپێک بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ. لە ٥ی تشرینی دووەمدا، عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیران لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای ڕاگەیاندووە کە عێراق ڕێگە نادات خاکەکەی بۆ هێرشکردنە سەر هیچ وڵاتێک بەکاربهێنرێت.
هەر لە پێنجی ئەم مانگەدا، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق هۆشداریدا لە تێوەگلانی گروپە چەکدارەکان لە هەر وەڵامدانەوەیەکی ئێرانی بۆ سەر ئەمریکا، و ڕایگەیاند کە پەلکێشکردنی کۆمەڵگەی عێراقی بۆ نێو شەڕ لێکەوتەی مەترسیداری دەبێت، جەختیشی کردەوە کە وڵات و دامەزراوە سەربازییەکانی ئامادە نین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیەکی لەم شێوەیە.
مەترسییەکانی پەرەسەندنی ململانێکان تەنها لایەنی ئەمنی ناگرێتەوە، بەڵکو دەگاتە سەر بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی عێراقیش، چونکە وڵاتەکە بەشێوەیەکی بەرچاو پشت بە هەناردەی نەوت دەبەستێت کە زۆربەی بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕێت. لەم چوارچێوەیەشدا، وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوە کرد کە واشنتن داوای لە بەغدا کردووە زۆربەی دەروازە سنوورییەکانی لەگەڵ ئێران دابخات و تەنها دوو دەروازە بهێڵێتەوە، ئەمەش وەک بەشێک لەو فشارە ئابوورییانەی کە خراونەتە سەر تاران. ناوبراو هۆشداریدا لەوەی داخستنی دەروازەکان کاریگەری نەرێنی لەسەر بازرگانی، جموجۆڵی هاوڵاتییان و ئابووری عێراق دەبێت، کە ئەمەش ئاستەنگێکی دیکە بۆ حکومەت دروست دەکات لە کاتی بەڕێوەبردنی هەر قەیرانێکدا.
خۆچەماندنەوە لەبەردەم ڕەشەبادا
عومەر ناسر، توێژەری سیاسی پێی وایە کە بەغدا لە قۆناغی ئێستادا سیاسەتی "خۆچەماندنەوە لەبەردەم ڕەشەبا" پەیڕەو دەکات بۆ خۆبەدوورگرتن لە لێکەوتەکانی ململانێی نێوان واشنتن و تاران. ناوبراو پێی وایە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا و گۆڕانکارییە چاوەڕوانکراوەکانی پێکهاتەی کۆنگرێس، ڕەنگە حیساباتی نوێ بەسەر ئیدارەی ترەمپدا بسەپێنێت و ببنە هۆی کەمکردنەوەی گرژییەکان لەگەڵ ئێران.
ناسر دەشڵێت کە ڕەنگە دوو مانگی داهاتوو چەندین ئاڵەنگاری و سیناریۆی جیۆپۆلەتیکی بەخۆیەوە ببینێت، بەتایبەت لە سایەی هەوڵەکانی دۆناڵد ترەمپ بۆ یەکلاییکردنەوەی دۆسیەی ئەتۆمی ئێران لەو ماوەیەی کە لە دەسەڵاتدا ماویەتی. هۆشداریش دەدات کە پەنابردن بۆ بژاردەی سەربازی ڕەنگە بەکارهێنانی چەکی ناتەقلیدی و شێوازی نوێی جەنگ لەخۆبگرێت کە لە ململانێکانی پێشوودا بەکارنەهێنراون.
گروپە چەکدارەکان و ئاڵەنگاریی بێلایەنکردنی عێراق
لە لایەکی دیکەوە، غازی فەیسەڵ، باڵیۆزی پێشووی عێراق و سەرۆکی سەنتەری عێراقی بۆ لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکان پێی وایە کە پەیوەندییە سیاسی و سەربازییەکانی هەندێک لە گروپە چەکدارەکانی عێراق بە ئێرانەوە، ئەگەری گواستنەوەی شەڕ بۆ نێو خاکی عێراق دەکاتە ئەگەرێکی کراوە، بەتایبەت ئەگەر ئەم گروپانە هەر جوڵەیەکی ئەمریکا دژی تاران وەک بەئامانجگرتنی پرۆژەی هەرێمیی ئێران لێکبدەنەوە.
فەیسەڵ سێ ئاڵەنگاریی سەرەکی لەبەردەم بەغدا دەستنیشان دەکات کە بریتین لە:
پاراستنی ئاسمانی عێراق.
کۆنترۆڵکردنی چەک.
ڕێگریکردن لە بەکارهێنانی خاکی عێراق لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکاندا.
ئەو باڵیۆزەی پێشوو هۆشداری دەدات کە تێوەگلانی ئەو گروپە چەکدارانە لە ململانێکاندا، دەبێتە هۆی ئەوەی بنکە، بارەگا، کۆگاکانی چەک و کارگەکانی دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەکەکانیان ببنە ئامانجی هێرشی ئەمریکی. ئەمەش بەهۆی ئەو باڵادەستییە ئاسمانی و تەکنەلۆژییەی کە واشنتن هەیەتی، لە بەرامبەر لاوازیی ئەو گروپانە لە هەبوونی سیستمی بەرگری ئاسمانی و ڕاداری پێشکەوتوو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تەکنەلۆژیای ئەمریکی.
فەیسەڵ ئەگەری ئەوەش بەدوور نازانێت کە ئۆپەراسیۆنەکان فراوان ببن و پێگەی سەربازیی نزیک لە سنوورەکانی عێراقیش بگرنەوە، بەڵام هۆشداری دەدات لەوەی کە قسەکردن لەسەر بەکارهێنانی خاکی عێراق بۆ هێرشی وشکانی بەرەو ئێران، بەبێ هەبوونی بەڵگەی باوەڕپێکراو نابێت وەک بابەتێکی یەکلابووەوە سەیر بکرێت.
لە کۆتاییدا، بەپێی بۆچوونی چاودێران؛ لە نێوان جوڵە دیپلۆماسییەکان، ڕێوشوێنە ئەمنییەکان و ئامادەکارییەکان بۆ دابینکردنی پێداویستییە بنەڕەتییەکان، بەغدا لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی گەورەدایە بۆ ئەوەی بتوانێت ئەو ئامادەکارییانە بکاتە کردارێکی واقیعی بۆ کۆنترۆڵکردنی لێکەوتەکانی قەیرانەکە، پاراستنی سەقامگیری و بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی، هەروەها ڕێگریکردن لە گۆڕینی وڵات بۆ گۆڕەپانی ململانێی واشنتن و تاران لە ئەگەری بنبەستبوونی ڕێڕەوە سیاسییەکان و سەرهەڵدانەوەی پێکدادانە سەربازییەکان.