سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند کە لە ڕێگەی شەش فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە (درۆن)، بنکەیەکی سەربازییان لە وڵاتی بەحرەین کردووەتە ئامانج، هاوکات جەختیشی لەوە کردەوە کە گەرووی ستراتیژیی هورمز بە داخراوی ماوەتەوە.
ئاوێنە: بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی سوپای پاسداران، هێرشەکە دوای بیستنی دەنگی زەنگی ئاگادارکردنەوە لە بەحرەین ئەنجام دراوە و تێیدا، بە گوتەی خۆیان، "ڕادارێکی ئەمریکی لە ناو بنکەیەکی هێلیکۆپتەرەکان لە بەحرەین بە شەش درۆن کراوەتە ئامانج".
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا، سوپای پاسدارانی ئێران جەختی لەسەر داخرانی گەرووی هورمز کردووەتەوە و هۆشداریشی داوە کە "هەر هێرش و دەستدرێژییەکی ئەمریکا، بە وەڵامێکی توندتر و یەکلاکەرەوەتر ڕووبەڕوو دەبێتەوە".
سەبارەت بە دۆخی گواستنەوەی وزە لە ناوچەکەدا، سوپای پاسداران ئاماژەی بەوە داوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە هەوڵەکانی بۆ تێپەڕاندنی نەوت لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە شکستی هێناوە، و ئەو هەنگاوانەشی کە واشنتن لە ئێستادا دەیاننێت بە "ڕێکاری بچووک و هەڕەمەکی" وەسف کردووە، کە بە وتەی ئەوان تەنها بۆ بەلاڕێدابردنی سەرنجەکانە لەسەر ئەو شکستە.