شارەزایەکی بواری دارایی ئاشکرای دەکات کە حکومەتی عێراق بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئەمریکی، قۆناغی وردبینیی بۆ گەڕانەوەی ژمارەیەک لە بانکە سزادراوەکان تەواو کردووە. بەپێی خەمڵاندنەکانیش، لە ئەگەری سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە و دەستپێکردنەوەی حەواڵە داراییەکان، بەهای دۆلار لە بازاڕی هاوتەریبدا بۆ خوار 160 هەزار دینار دادەبەزێت.
ئاوێنە: مستەفا حەنتوش، شارەزای بواری دارایی، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فەرمیی "العراقیە" ڕایگەیاند، حکومەتی عێراق لەگەڵ کۆمپانیای (Oliver Wyman)ی ئەمریکی کار لەسەر دۆسیەی دووبارە بەگەڕخستنەوەی بانکە سزادراوەکانی عێراق دەکات بۆ ناو پرۆسەی حەواڵەی دەرەکی. بە وتەی ناوبراو، لە ڕووی کردەییەوە ئەو دۆسیەیە کۆتایی هاتووە و کۆمپانیا ئەمریکییەکە سەرجەم کارەکانی وردبینیی خۆی تەواو کردووە.
سەبارەت بە کاریگەریی سزادانی ئەو بانکانە لەسەر بازاڕی دراو، حەنتوش ڕوونی کردەوە کە دوورخستنەوەی بانکەکان هۆکاری سەرەکی بووە لە دروستبوونی جیاوازییەکی زۆر بە بڕی 200 خاڵ لە نێوان نرخی فەرمیی بانکی ناوەندی و نرخی بازاڕی هاوتەریبدا؛ بۆیە پێشبینی دەکرێت دەستبەکاربوونەوەیان ڕۆڵێکی کارا و ڕاستەوخۆی هەبێت لە جێگیرکردنەوەی نرخی ئاڵوگۆڕی دراودا.
لە کۆی 32 بانکی سزادراوی عێراقی، کاروانى یەکەم کە لە 7 بانک پێکهاتوون، لە ئێستادا سەرجەم پێوەر و مەرجە داواکراوەکانیان جێبەجێ کردووە و هیچ بەربەستێکی یاسایی و هونەرییان نەماوە. بڕیارە پرۆسەی گەڕانەوەی ئەم بانکانە بۆ ناو چالاکییە داراییەکان بە سێ قۆناغی یەک لەدوای یەک جێبەجێ بکرێت:
قۆناغی یەکەم: دەستپێکردنەوەی پرۆسەی حەواڵەکردنی دەرەکی بە دراوەکانی دیکەی جیهانی (جگە لە دۆلاری ئەمریکی).
قۆناغی دووەم: ڕێگەپێدان بە دەستپێکردنەوەی حەواڵەی دارایی بە دراوی دۆلار.
قۆناغی سێیەم: کردنەوەی هەژماری بانکی لە بانکە جیهانییە باوەڕپێکراوەکانی وەک "سیتی بانک" (Citibank) و "جەی پی مۆرگان" (J.P. Morgan).
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، ئەو شارەزا داراییە جەختی لەوە کردەوە کە جێبەجێکردنی ئەم هەنگاوانە بەندە بە هاوکاری و ڕەزامەندیی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا و بانکی فیدراڵییەوە. ئاماژەی بەوەش دا کە لە ئەگەری پەسەندکردنی گەڕانەوەی ئەو بانکانە، دابەزینی بەهای دۆلار بە شێوەیەکی بەرچاو دەبێت، بەوپێیەی سێ لەسەر چواری (75%)ی بازرگانانی عێراق هەژماری بانکییان لەو بانکە سزادراوانەدا هەیە و بە گەڕانەوەیان، گوشاری سەر بازاڕی هاوتەریب کەم دەبێتەوە.