بانکی ناوەندیی عێراق دەنگۆی گۆڕانکاری لە نرخی دۆلار ڕەتدەکاتەوە و چارەنووسی حەواڵەکان یەکلایی دەکاتەوە
  2026-10-12     

بانکی ناوەندیی عێراق ڕایگەیاند، سەرجەم ئەو داواکارییانەی بۆ حەواڵەی دەرەکی پێش ڕێکەوتی ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦ پێشکەش بە بانکەکان کراون، بە هەمان نرخی پێشوو جێبەجێ دەکرێن و هیچ تێچوویەکی زیادەیان ناخرێتە سەر.

ئاوێنە: لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا، بانکەکە ئەو دەنگۆیانەی بە "ناڕاست" وەسف کرد کە باس لەوە دەکەن گوایە بانکی ناوەندی پەسەندی مامەڵەکردنی بە نرخی پێشوو (١٣٢٠ دینار بۆ هەر دۆلارێک) نەکردووە و داوای جیاوازی نرخەکەی کردووە کە دەکاتە (١٥٢٠ دینار بۆ هەر دۆلارێک).

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا، بانکی ناوەندی دڵنیایی داوەتە مامەڵەکاران کە لە ئێستادا پرۆسەی وەرگرتن و جێبەجێکردنی داواکارییە کۆنەکانی حەواڵە دەستی پێکردووەتەوە و، سەرجەمیان بەبێ گۆڕانکاری لە نرخ و بەبێ هیچ رسوماتێکی زیادە ڕایی دەکرێن.

لە کۆتاییدا، بانکی ناوەندیی عێراق هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی دەزگاکانی ڕاگەیاندن کردووە کە پێویستە لە کاتی گواستنەوەی هەواڵ و زانیارییەکانی پەیوەست بە بازاڕەکان و نرخی دۆلاردا زۆر وردبین بن. هاوکات جەختی لەوە کردووەتەوە کە دامەزراوەکە ڕێکاری یاسایی توند بەرامبەر هەر کەس و لایەنێک دەگرێتەبەر کە هەواڵی چەواشەکارانە و پڕوپاگەندەی بێ بنەما لەم پرسەدا بڵاوبکاتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×