لەدڵسۆزی حزبەوە بۆ دوژمنی حزب! سۆفیا پترۆڤنا وەک نموونە...
  2025-04-28     

ھێمن مەحموود

 

بۆ ھەموو ئەوانەی کە ھەندێک لەمێژووی سەردەمی دەسەڵاتی جۆزێف ستالین (١٩٢٢_١٩٥٣)ی ڕابەری یەکێتی سۆڤێیەتی پێشوویان خوێندۆتەوە بەتایبەت لەبواری زەبروزەنگ و کوشتنی دەنگی ناڕەزایەتی و پاکتاوکردنی حزبی شیوعی و دوورخستنەوە و ئۆردوگاکانی کاری زۆرەملێی و سیبیریا خوێندنەوەی ھەر بەرھەمێکی ئەدەبی کە واقیعی ژیانی خەڵکی ئەو قۆناغە بخاتەڕوو چێژێکی تایبەتی ھەیە، بە مانایەکی تر ئەگەر خوێندنەوەی مێژوو دیوێکی واقیعی ئەوکاتمان پیشانبدات، خوێندنەوەی بەرھەمی ئەدەبی دیوێکی دیکەمان پیشاندەدات و ڕاستگۆییەکی دیکەی گێڕانەوەکانی ئەو سەردەمەمان بۆ دەسەلمێنێت.
ڕاستییەکەی کاتێک من ئەم ڕۆمانەم خوێندەوە ڕاستەوخۆ کتێبی (لە لینینەوە تاوەکو پوتن)م بیرکەوتەوە کە کتێبێکی زۆر نایاب و تایبەتە بۆ شارەزابوون لە مێژووی دەسەڵاتدارانی یەکێتی سۆڤییەتی پێشوو بەتایبەت لەسەردەمی حوکمڕانی ستالیندا.
ڕۆمانی (سۆڤیا پترۆڤنا)ی ژنە نووسەری ڕووس(لیدیا چۆکۆفسکایا) کە لەساڵی ١٩٣٩بۆ ١٩٤٠ نووسیویەتی کۆپیکردنێکی ژیانی واقیعی ئەو سەردەمەیە کە لەوانەبوو بەبێ ھیچ تۆمەتێک دەستگیربکرێیت و ئەگەر شانست ھەبووبێ و گوللەباران نەکرێت ڕەوانەی سیبیریا بکرێیت.
ڕۆمانەکە کە دوای نزیکەی پەنجا ساڵ لە ڕووسیادا بڵاودەکرێتەوە بەڵگەیەکی حاشاھەڵنەگرە لەسەر سەردەمێکی تاریک کە ملیۆنان خەڵک تیایدا کراونەتە قوربانی. 
نوکتەیەکی غەمگین ھەیە لەسەر یەکێتی سۆڤیەتی جاران کە ئەویش ئەوەیە دەڵێن یەکێک لە ھۆکارەکانی ڕووخانی ئەو وڵاتە گەورەیە ھەبوونی سەرەگرتنی بەردەوام بووە بۆ ھەموو شتێک، یانی لەھەرکوێیەکەوە تەماشات بکردایە سەرەی حەشامات تەواو نەدەبوو، بەجۆرێک وایلێھاتبوو خەڵکانێک چەند شەو و ڕۆژێک دەوەستان تاوەکو سەرەیان دەھات، لە بچوکترین شتەوە تا گەورەترین شت دەبوایە سەرەتبگرتایە، جا کاتێک ئەم ڕۆمانە دەخوێنیتەوە دیمەنی بەردەوامی سەرەگرتنی خەڵکت دێتە بەرچاو کە جاری واھەیە بۆ پرسیارێکی ئاسایی لە کارمەندێک دەبێت ڕۆژێک لەسەرەدابیت.
چیرۆکی ڕۆمانەکە چیرۆکێکی غەمگینە، چیرۆکی قوربانی دایکێکە کە کوڕە بێتاوانەکەی بەبێ ھیچ ھۆکارێک دەستگیردەکەن، چیرۆکی ژیانێکی مەمرەو مەژی لەسایەی خۆشگوزەرانی حزب و کۆمیتە حزبییەکاندا، چیرۆکی لەناوبردنی ئازادی لەسایەی سەرکوتی دەزگا ئەمنییەکاندا کە بەبێ ھیچ ڕەقیبێک ئەوەی خۆیان پێیخۆشبێت دەیکەن.
سەردەمی ستالین کە دواتر لەلایەن خرۆشۆفی جێگرەوەیە ئیدانەکراو و بە مێژووییەکی ڕەش وەسفکرا بەجۆرێک تەنانەت تەرمەکەی ستالینیشیان لەشوێنەکەی خۆی گواستەوە سەردەمێکە ڕەنگە ھەزاران بەرھەمی ئەدەبی لەسەر نووسرابێت، کە ئەم ڕۆمانەش یەکێکە لەو بەرھەمانە.
ھەرچەندە لەوانەیە لەڕووە ئەدەبییەکەیەوە ڕۆمانەکە ڕۆمانێکی سادەو ئاسان بێت، بەڵام لەڕووە مێژووییەکە و کۆپیکردنی لایەنێکی بچووکی ژیانی ژێر دەسەڵات لەسایەی ستالیندا بەھای خۆی ھەیە و ھەر ئەمەش ھێشتوویەتییەوە.
چیرۆکی ڕۆمانەکە چیرۆکی خێزانێکی حزبییە کە زۆر دڵیان بە حزب و دەسەڵاتەکەی خۆشە، خێزانێک حزب بە ڕاست دەزانن و میللەت بە ھەڵە، تەنانەت تەواوی ئەو ستەمەش کە دەیبینن پێش ئەوەی خۆیان بگرێتەوە بە ڕەوا دەزانن و پێیانوایە ئەوەی دەستگیردەکرێت بێتاوان نییە و ئیلا دەبێ تاوانێکی کردبێت ئەگینا بۆچی دەستگیردەکرێت.
تاوەکو دواجار شەپۆلی پاکتاوکردن و دەستگیرکردنی کادیرانی حزب ھەریەکەو بە تۆمەتێک دەستپێدەکات و کوڕ و دایکیش دەگرێتەوەو چارەنووسیان دەبێتە چارەنووسی ئەو ھەزاران دەستگیرکراوانەی دیکە کە خۆشیان نازانن چی تۆمەتێکیان بۆ دروستکراوە لەلایەن ھاوڕێ حزبییەکانی خۆیانەوە.
پێشنیاردەکەم ھەر خوێنەرێک پێش خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە  بڕوات کەمێک مێژووی سەردەمی ستالین بخوێنێتەوە تاوەکو وێنە تەواوکراوەکە لەم ڕۆمانەوە وەربگرێت و بەلایەوە سەیرنەبێت چۆن دڵسۆزانی حزب کتوپڕ دەکرێنە دوژمنی حزب و شۆڕش...!!
دەستخۆشی بۆ ھاوڕێی بەڕێز (شوانە عەبدوڵا)دەکەم بۆ وەرگێڕانی ئەم کتێبە و چێژم لە زمانە کوردییە پاراوەکەی بینی و ڕۆحی ڕۆمانەکەی وەکخۆی بۆ گواستوینەتەوە.

زۆرترین بینراو
دوای پێدانی ٥٥ هەزار دۆلار بۆ گەیشتن بە ئەورووپا؛ خێزانێکی سلێمانی لە دەریادا تووشی کارەسات بوون و سێ منداڵیان لەدەستدا
بانكی ناوه‌ندیی عێراق بڕی پێدانی دۆلاری بۆ گه‌شتیاران به‌ نرخی ره‌سمی دیاریكرد
بڕیاری دادگای تاوانەکانی سلێمانی: ​لاهور شێخ جەنگی 5 ساڵ‌و ​پۆڵاد شێخ جەنگی 3 ساڵ‌و ​ڕێبوار حامی حاجی غالی 2 ساڵ زیندانیکردن
لاهور شێخ جه‌نگی: سه‌ربه‌رزم و ملكه‌چی هیچ ئیراده‌یه‌ك نه‌بوم
عولەما کوردەکان و قوتابی و موریدە ئیندۆنیسییەکانیان
پارتی به‌ڕه‌سمی کاندیدەکانی بۆ پۆستی جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری ئاوەدانکردنەوەی عێراق راگەیاند
نه‌تانیاهو: ته‌له‌فۆنێكی زۆر توندم له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌د شه‌رع ئه‌نجامداو كۆمه‌ڵكوژیی دروزه‌كان راگیرا
بەسێ هۆزات: ئەگەر پێوەری یاسای لێبوردن تەقەنەکردن بێت، دەبێت ئۆجەلان یەکەم کەس بێت ئازاد بکرێت
په‌رله‌مانی عێراق ده‌نگی له‌سه‌ر ته‌واوكردنی كابینه‌ی حكومه‌ت دا
سی ئێن ئێن: پێنتاگۆن تاوتوێی بەکارهێنانی "دایکی بۆمبەکان" دەکات بۆ لێدانی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×