سایکۆلۆژیای جەماوەر...کتێبێک بۆ ھەموو سەردەمەکان!
  2025-04-22       271       

ھێمن مەحموود

 

کاتێک مرۆڤ ناخوێنێتەوە لەبەرامبەر دیاردە و ھەڵوێست و ھەڵچوون و بێدەنگی و توڕەیی جەماوەردا دەستەوەستان دەبێت و لە ئاماژەکانی تێناگات، نازانێت بۆچی ئەم جەماوەرە ھەرجارەو بەشێوەیەک لەلایەن کەسێکەوە یاخود گرووپێکەوە بە دروشمی قەبە قەبە فریودەدەرێت، بۆچی ئەم جەماوەرە بە قسە و کاری عەقڵانی ناجوڵێت کەچی بە وەھم و درۆ دەخەڵەتێنرێت و باوەڕیان پێدەکات.
ڕەنگە کەسی خوێنەر تا ڕادەیەک ھۆشیاری ئەوەی ھەبێت چی ڕوودەدات و چی دەگوزەرێت، بەڵام تەفسیری پێ نییە بۆ ئەوەی ڕوودەدات یاخود ھۆشیاری تەواوەتی نییە سەبارەت بە دیاردە کۆمەڵایەتییەکان، شۆڕشەکان، گۆڕینی ھەڵوێستەکانی جەماوەر، ھەڵبەز و دابەزی ڕق و سۆز و توڕەیی جەماوەر، کەوتنە دوای دروشم و خیتاب و وتارە ئاگرینەکانی کەسایەتییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان لەلایەن جەماوەرەوە بەبێ ھیچ بیرکردنەوەیەکی عەقڵانی، بەڵام دوای خوێندنەوەی ئەم کتێبە و ھەڵسەنگاندنی ئەوەی ڕوویداوە و ئەوەی لەئێستادا ڕوودەدات و ئەوەی لە ئایندەدا ڕوودەدات و بەراوردکردنی بە تێز و تیورەکانی ناو ئەم کتێبە لەوە تێدەگەین بۆچی دوای ١٣٠  ساڵ لە نووسینی ئەم کتێبە ھێشتا بەھای خۆی لە دەستنەداوە و بۆ ھەموو سەردەمەکان دەشێت.
سایکۆلۆژیای جەماوەر کە لەنووسینی (گۆستاڤ لۆبۆن)ی فەرەنسییە لە ساڵی ١٨٩٥ نووسراوە، کتێبێکە باس لە سایکۆلۆژیای جەماوەر دەکات کە چۆن ئاراستە دەکرێت و چۆنیش جەماوەر بیردەکاتەوە، بە دەیان نموونە و بەڵگەی یەکلاکەرەوە کتێبەکە ڕێک دۆخی ئەو کۆمەڵە خەڵکەمان بۆ ڕووندەکاتەوە کاتێک دەبنە گرووپگەل و دەبنە جەماوەر، یەکەمین شتێکیش کە ئەم کتێبە بۆمان دەسەلمێنێت، ئەوەیە جەماوەر وتاری عەقڵانی ناوێت و نایجوڵێنێت، تاکیش کە دەکەوێتە ناو جەماوەرەوە ھەموو سیفاتێکی خۆی لەدەستدەدات و دەچێتە ژێر چەتری ھەست و سۆزی جەماوەرە و وەک ئەوان ڕەفتار دەکات.
کتێبەکە زۆر بە وردی دۆخی دەروونی جەماوەر ڕووندەکاتەوە و کاریگەری دروشم و وێنە و دروستکردنی وەھم و کەسانی کاریگەر و بەھەیبەت لەسەر کۆمەڵگا دەخاتەڕوو، ئەوەمان پێدەڵێت ئەوەی کۆمەڵگاکان و جەماوەر ئاراستەدەکەن کەسانی بیرمەند و عاقڵەکان نیین، ڕەنگە کەسانێک بن ھەرگیز خوێندەواریشیان نەبێت یاخود کەسانێکی وەک ناپلیۆن بن کە بۆ ماوەی چەندین ساڵ تەنیا بە وتارە ئاگرینەکانی بە سەدان ھەزار گەنجی ئاراستەی مەرگ کرد.
لەم کتێبەدا ئەوەشمان بۆ دەخرێتەڕوو مەرج نییە ھەمیشە جەماوەر لەسەر یەک بیروڕا بمێنێتەوە بەڵکو ھەست و سۆزەکانی بەئاسانی دەگۆڕێت و ھەڵبەز و دابەز دەکات، وەک نموونەش باس لە فەرەنسا دەکات کە لەماوەی ٣٠ ساڵدا لەپاشایەتییەوە بوو بە کۆماری و دواتریش گەڕایەوە بۆ پاشایەتی و ئینجا بۆ کۆماری، لە مەسیحیەتەوە بۆ بێباوەڕی و دواتریش بۆ مەسیحییەت، ئەوەشدەخاتەڕوو کەوا ھەمیشە جەماوەر ستایشی ئەو سەرکردە دەکات کە ھێز و ترس و سام و ھەیبەتی ھەیە، بەڵام ئەو سەرکردەیەشی کە لاواز دەبێت و دەدۆڕێت دەکەوێتە بەر نەفرەتی جەماوەر و دەسڕێتەوە.
لەشوێنێکی ئەم کتێبەشدا وەک ئەوەی لەم سەردەمەدا نووسرابێت باس لەوە دەکات زانکۆکان بەدەیان ھەزار دەرچوو بەبێ ئەوەی ھیچ کارێکیان بۆ دۆزرابێتەوە دەخاتە بازاڕەوە کە دواجار ئەو کەسانە بەھۆی بێکاری و دانەمەزراندنەوە دەبنە ھێزێک ھەمیشە لەناو جەماوەردا ئامادەن و بۆ شۆڕش لەسەر پێن.
ئەم کتێبە زۆر زیاتر لەوە ھەڵدەگرێت کە من باسی دەکەم و ناتوانین بە چەندین وتار حەقی خۆی بدەینێ، چونکە فرە لایەنە و تەواوی لایەنەکانی دۆخی دەروونی جەماوەر ئاشکرا دەکات، جەماوەرێک ھیچ جیاوازییەکی نییە جا لە لێرەبێت یان لە ئەوروپا، لە ئەفریقا بێت یان لە ئەمریکا.
بەکورتییەکەی تا ئەم کتێبە نەخوێنیتەوە نە دەزانی چی ڕوودەدات، نە لەوەش تێدەگەیت کێ جەماوەر ھەڵدەسوڕێنێت، بە کوردییەکەی تێدەگەیت لەوەی تا زیاتر درۆزنتر، قۆڵبڕتر، نەخوێندەوارتر، وەھمبەخشتر، دڵڕەقتربیت زیاتر توانای ئاراستەکردنی کۆمەڵگا و جەماوەرت ھەیە، کەسانی ڕاستگۆ و عەقڵانی و دڵنەرم و خوێندەوار ناتوانێت جەماوەر ئاراستە بکات....کتێبەکەی لۆبۆن کتێبێکە بۆ ھەموو سەردەمەکان..کتێبێک لە ڕابووردوودا بەڵام بە تامی ئێستا و بۆ داھاتوو.!!

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×