سوڵتان سەڵاحەدینی ئەیوبی‌و پرسی کوردبوون
  2025-02-02       944       

      محەمەد حەمەساڵح تۆفیق

 

ئەم کتێبە لێکۆڵینەوەیەکی بایەخدار و فرە ڕەهەندە لەبارەی سەڵاحەدینی ئەیوبی و ئەو دەوڵەتە بەناو کوردییەی کە لە سەدەی دوانزەدا لە میسر و شام دایمەزراندووە و کەمتر لە سەدەیەک دەوامی کردووە. سەڵاحەدین کە لە بنەماڵەیەکی کورد بووە و سەرکردەیەکی سەربازیی ئازا و ناودار بووە و لە مێژووی ئیسلامدا بەوە ناوی دەرکردووە کە لەسەر دەستی ئەودا خاچدارە کریستیانەکانی ئەوروپای سەدەکانی ناوەڕاست شکستیان خواردووە و لە قودسی سێهەم شوێنی پیرۆزی موسڵمانانی وەدەرناون و تا ئێستاش مشتومڕی ئەوەی لەسەرە کە ئاخۆ ئەم کاراکتەرە تا چەند خزمەتی بە کورد و مێژووەکەی کردووە.

 

د. مەجید ساڵح، نووسەری ئەم کتێبە، لە دووتوێی زیاد لە ٣٠٠ لاپەڕەدا و بە پشتبەستن بە زیاد لە هەمان ژمارە سەرچاوەی جۆراوجۆر لەم کاراکتەرە مێژووییە دواوە و سەرەتا لە ڕیشەی بنەماڵەکەیەوە دەستی پێکردووە کە چۆن باوکی لە شاری دوینەوە (ئەرمینیا -  ئازەربایجان) هاتووەتە بەغدای پایتەخی ئیمپراتۆریای عەباسی و بە کاریگەریی دۆستێکی دەستڕۆیشتووی دەرباری خەلیفە قەڵای تکریتی پێسپێردراوە و لەوێ سەڵاحەدین لەدایکبووە و پاشان بە ماڵەوە دەچنە خزمەتی حوکمداریی عیمادەدین زەنگیی ئەتابەگی مووسڵ و لەوێشەوە بۆ شام و لە دەرباری نورەدین زەنگیی حوکمڕانی حەڵەب و دیمەشقدا لەگەڵ نەجمەدین ئەیوبی باوکی و ئەسەدەدین شێرکۆی مامیدا پێگەی بەرزی دەسەڵاتیان پێ دەسپێردرێت و شێرکۆ وەک فەرماندەی لەشکر و سەڵاحەدینیش وەک فەرماندەی پۆلیس. پاشان لە دەرفەتێکی زێڕیندا بە فەرماندەیی مامی دەچنە هانای خەلیفەی دەوڵەتی فاتمییەوە لە میسر، کە لە ئەنجامی دووبەرەکیی دوو وەزیرەکەیەوە دۆخی دەوڵەتەکە دەشێوێت و دەسەڵاتی خەلیفەی فاتمیی لاواز دەبێت، لەوێ شێرکۆی مامی دەبێتە وەزیر و ماوەیەکی زۆری پێناچێت کۆچی دووایی دەکات و سەڵاحەدین لە جێگەی دەبێتە وەزیر. دواجار سەڵاحەدین بە حیکمەت و لێهاتوویی خۆی کۆڵەکەی حوکم بەهێز دەکات و کۆنترۆڵی پیلانگێڕەکانی کۆشکی خەلیفە دەکات و لە پاش مەرگی خەلیفەی فاتمی بە هاوکاریی میر و فەرماندە کوردەکانی لە دیمەشقەوە لەگەڵ سوپاکەیاندا هاتبوون، بەتەواوی جڵەوی دەسەڵات دەگرێتە دەست و دەکەوێتە ئەنجامدانی چاکسازی و لابردنی ئەو باجە قورسانەی کە باری شانی خەڵکی میسریان قورس کردبوو لە سەردەمی حوکمی خەلیفەی فاتمیدا و دەست دەداتە ئاوەدانکرنەوەی وڵات و شانبەشانی ئەوەش وردە وردە تەنگ بە مەزهەبی فەرمیی شیعەی ئیسماعیلی هەڵدەچنێت و لە شوێنیدا مەزهەبی سوننەی شافیعی دەسەپێنێت و بەمە دڵی خەلیفەی عەباسی و نوورەدین زەنگیی حاکمی شام لە خۆی ڕازی دەکات و ناوهێنانیان لە نوێژی هەینیدا دەکات بە یاسا. لەپاڵ ئەم سیاسەتەشدا تادێت سوپاکەی بەهێزتر دەکات لە ڕێگەی دەسەڵاتدان  بە میر و فەرماندە کوردەکانی خزمی خۆی و پێدانی مڵکایەتیی زەویوزار پێیان پاش ئەوەی لە دەست فیوداڵ و هاوکارانی حوکمی فاتمیی سەندەوە و لە سەرێکی تریشەوە سەربەخۆیی تەواوی خۆی لە حوکمی زەنگیی شام ڕاگەیاند و چیتر وەک وەکیلی ئەو لە قاهیرە حوکمی بەڕێوە نەدەبرد. ئەوجا پاش ئەوەی نورەدین زەنگیی کۆچی دوایی کرد و کوڕێکی منداڵی بوو بە جێگری، ئەم بە زنجیرەیەک لەشکرکێشی تەواوی قەڵا و شارەکانی وڵاتی شام و بەشی باشووری کوردستانیش کە بە هەرێمی جەزیرە دەناسرا لەگەڵ یەمەن و حیجازدا خستنیە ژیر ڕکێفی حوکمی خۆی و بنەماڵەکەی و لەگەڵ میسردا کردی بە یەک   دەوڵەت و دیمەشقی کردە پایتەخت و بە ناویش لە ژێر ڕکێفی خەلیفەی عەباسیدا بوو، کە لە نوێژی هەینیدا لە مزگەوتەکاندا ناوی دەبرا و بڕێکی کەمیش دیاریی بۆ دەنارد.

لێرە بەدواوە سەڵاحەدین خۆی تەرخان کرد بۆ شەڕی کریستیانە توندڕەوەکانی ئەهلی خاچ کە پێشتر بە ژمارەیەک لەشکرکێشیی یەک لە دوای یەک    هاتبوون و تەواوی شارەکانی شام و کەنار دەریای سپیی ناوەڕاستیان داگیر کردبوو لەگەڵ تەواوی فەلەستیندا و مەملەکەتێکیان لە قودسدا دامەزراندبوو و پەلیان بۆ میسر و شارەکانی تری ناوەوەی شام دەکوتا و دەسەڵاتی تەواوی خۆیان لە ناوچەکەدا چەسپاندبوو، پەیتاپەیتاش هێزیان بۆ دەهات لە پاپای کەنیسە و پاشاکانی وڵاتانی ئەوروپاوە و بووبوونە مەترسییەکی جیددی لەسەر جیهانی ئیسلامی.  دەوڵەتی خیلافەتی عەباسییش کە بە ناو پارێزەری ئیسلام بوو تەواو لاواز بووبوو و هەرێمەکانی هەموو بووبوون بە میرنشین و نیمچە دەوڵەتی لاواز و دەستەوسان بوون لە بەرانبەر لەشکرکێشیی خاچداراندا. بەڵام سەڵاحەدین پاش ئەوەی میسر و شام و یەمەن و حیجاز و هەرێمەکانی تری کردە یەک لە ژێر ئاڵای دەوڵەتی ئەیوبیدا، تەواوی توانای سەربازی و سەرچاوەکانی ئەو دەوڵەتەی خستە خزمەتی کۆششی جەنگەوە دژ بە لەشکر و سوپای خاچداران و زۆربەی شەڕ و نەبەردییەکان خۆی فەرماندەیی دەکرد و جاڕی جیهادی بۆ دا و لەشکرەکەی بە زۆری لە فەرماندە و جەنگاوەرە کوردە ئازاکان پێکهێنابوو، لە پاڵ جەنگاوەرانی خەڵکانی تری ژێر ڕکێفی ئەو دەوڵەتەدا و زیاد لە بیست ساڵ بەردەوام کۆڵی لە جەنگ نەدەدا بۆ شکست پێهێنانی خاچداران و دەرکردنیان لە وڵاتی ئیسلام. بۆ ئەو مەبەستەش بێجگە لە جاڕدانی جیهاد تەواوی سەرچاوە و تواناکانی دەوڵەتەکەی بۆ تەرخانکرد. بەرچاوترینی ئەو نەبەردییانە شەڕی حەتین بوو لە ساڵی ١١٨٧دا کە پاش کوشتارێکی زۆر لە هەردوولا سەڵاحەدین و سوپاکەی شکستیان بە لەشکری بەهێزی خاچپەرستان هێنا و ئەوی نەکوژرا بە دیلیان گرت، بە پاشای مەملەکەتی ئۆرشەلیم یان قودس خۆیەوە، کە سەڵاحەدین زۆر ڕێزی لێنا و نەیکوشت و بە دیلی مایەوە تا سوپاکەی کۆنترۆڵی شاری قودسیان و کریستیانە مەدەنییەکان لە بەرانبەر فیدیەیەکی کەمدا بەخشی و ئەوی هەژار بوو بێ بەرانبەر ڕێگەی دان بڕۆن و پێش ئەوەش هەموو شارەکانی کەنار دەریای پاککردەوە و لە شاری صور گەڕا و دەستی بۆ نەبرد و دواجاریش پاشای مەملەکەتی ئۆرشەلیم -  قودسی ئازاد کرد.

ئەم سەرکەوتنەی سەڵاحەدین و مامەڵەی نەرم و دادپەروەرانەی لەگەڵ خاچدارە بەزیوەکاندا لە تەواوی جیهانی ئیسلامی و مەسیحیی ڕۆژئاوادا دەنگی دایەوە و تا ئەم چەرخ و سەردەمەش هەر باس دەکرێت و بووەتە مایەی مشتومڕی نووسەران و مێژوونووسان و بە سەرسامییەوە هەڵیدەسەنگێنن. بێگومان زیاتر لەو سۆنگەیەشەوە کە پێشتر مەسیحییە خاچپەرستەکان لە قودس و ئەو شار و ناچانەی تردا کە گرتبوویان زۆر دڕندانە موسڵمانەکانیان کوشتبوو و دەستیان لە ژن و منداڵیش نەپاراستبوو و تەنانەت جووەکانی قودسیشیان هەموو سووتاندبوو بەو پاساوەی کە داڵدەی موسڵمانەکانیان داوە، کەچی سەڵاحەدین بە نەرمی و بەزەییەوە مامەڵەی لەگەڵ کردبوون. هەر لەبەر ئەوەشە وەک سەرکردەیەکی شکۆدار لە ئەدەبیات و حیکاتەتی میللی و مێژوونووسانی  ڕۆژئاوادا ڕەنگیداوەتەوە و بە سوارچاکی ڕەسەن و "جێنتڵمان" ناوی دەبەن و نووسەری کتێبەکە چەندین نموونەی جوانی لەو ئەدەبیاتە باس کردووە.

نووسەر چەند فەسڵێکی کتێبەکەی تەرخان کردووە بۆ مەسەلەکانی  ناسیۆنالیزم و سەرهەڵدانی و قوتابخانەکانی بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی سەڵاحەدین لە مێژوودا لە لایەن ناسیۆنالیستانی عەرەب و کوردەوە و دید و تێڕوانینی هەر یەک لەو دوو لایەنە، کە لای عەرەب بەشێکی بەرچاویان وەک سەرکردەیەکی ئیسلامیی مێژووی باسی دەکەن کە بۆ سەرخستنی ئیسلام کاری کردووە و هەندێ لە مێژوونووس و بیرمەندانیان بە نەرێنی باسی دەکەن وەک کەسێکی دەسەڵاتخواز و هیچیتر. ناسیۆنالیستانی عەرەبیش بەشێکیان دەخوازن سیفەتی کوردبوونی لێ داماڵن و وەک قارەمانێکی سەرکەوتووی عەرەب لە قەڵەمی بدەن و بیکەنە ئیلهامبەخشی گیانی عەرەبایەتییەکی شۆڤێنیست لە بەرانبەر شکستی ئەم چەرخە نوێیەیان و بیکەن بە هێما و سیمبۆڵی سەرکەوتنی وەهمیی سەرکردە ناسیۆنالیستە شکستخواردووەکانی ئەم سەردەمە نوێیەیان. لە لای کوردیش بە هەمان شێوە کەوتووەتەوە و ڕابەرەکانی نەوەی یەکەم و دووەمی سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزمی کوردی لە سەرەتای سەدەی نۆزدە بەملاوە ویستوویانە سەڵاحەدین بکەن بە ڕەمزی هەڵسانەوە و خۆ ڕزگارکردن لە داگیرکاریی عوسمانی و قاجاری و دواتریش عەرەب و گیانی خەبات پێ جۆش بدەن چەشنی هەموو بزووتنەوەکانی ناسیۆنالیزم کە پێویستی بە ڕەمزی لەو چەشنەیە و تەنانەت پەنا بباتە بەر ئەفسانە و حیکایەتی خەیاڵییش. ئەدەبیاتی ئەو سەردەمەش لە ڕۆژنامەی کوردستانەوە بیگرە تا گۆڤار و ڕۆژنامەکانی تر و شیعری شاعیران لە سەردەمی مەلای جزیری و ئەحمەدی خانی و حاجی قادری کۆییەوە بیگرە تا ئەمانی دواتر پەنایان بردووەتە بەر سەڵاحەدین و ڕەمزەکانی تر، بەڵام بەشی توندڕەوی ناسیۆنالیستی کورد لە ناوەڕاستی سەدەی بیست بەملاوە نەفرەت لە سەڵاحەدین دەکات چونکە هیچی بۆ کورد نەکردووە، بێ ڕەچاو کردنی ئەو ڕاستییەی کە ئەو سەردەمەی سەدەکانی ناوەڕاست هێشتا بیری ناسیۆنالیزم نەک لای کورد و میللەتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڵکو لە ئەوروپاش هیچ شوێنەوارێکی نەبوو، بەڵکو ڕۆژگاری توندڕەویی ئاینی بوو دەنا بۆچی مەسیحیی ئەهلی خاچ لە مەملەکەتەکانی پەڕگری ئاینیی مەسیحییەتی ئەوروپاوە لەشکرکێشی دەکەن و هەڵدەکوتنە سەر قودس بەو پێیەی لانکەی سەرهەڵدانی عیسای مەسیح و ئاینەکەی بووە. بێگومان لەو دەمەشدا ئینتیما هەبووە بۆ کوردبوون و تورکبوون و عەرەببوون و میللەتانی تر و بۆ کەسێکی هەڵکەوتووی مێژووی ئەو ڕۆژگارەش سەرەڕای پەڕگریی لە ئایین و مەزهەبدا دامەزراندنی دەوڵەتێک بە ناوی بنەماڵەکەیەوە لە هەر مەسەلەیەکی تر لەپێشتر بووە هاوچەشنی دەوڵەتەکانی ئەمەوی و عەبباسی و سەلجووقی و عوسمانی و سەفەوی و .. تاد.

 ئەنجام نووسەر لە فەسڵی سەڵاحەدین لە دادگای مێژوودا جەخت لەسەر ئەوە دەکات کە دەوڵەتەکەی سەڵاحەدین دەوڵەتێکی کوردی نەبووە هەرچەندە میر و فەرماندەکانی سوپا و جەنگاوەرانی ئەو دەوڵەتە بەشێکی زۆری کورد بوون، بەڵام دەوڵەتێک بووە لە ناو هەژموونی کولتووری تورکی ئەتابەگ و سەلجووقیدا سەری هەڵداوە و لە سەر خاک و خێڵی عەرەبدا پەلی هاوێشتووە و فراوانخوازیی کردووە و لە زەمانی باڵادەستیی میرنشین و دەوڵەتۆچکەی قەڵا و قایمکاریی سەردەمی فیوداڵدا هاتووەتە کایەوە و زیاد لە هەشتسەد ساڵی نێوان بووە لەگەڵ سەرهەڵدانی بیری ناسیۆنالیزم و دەوڵەت - نەتەوەدا و تەنها ٨١ ساڵیشی تەمەن بووە، ئیتر چۆن داوای لێبکەین دەوڵەتێک بوایە بۆ کورد؟! 

بێگومان وەک نووسەری کتێبەکە لە گەلێ سەری ئەم "دادگای مێژووەدا" سەڵاحەدینی هەڵسەنگاندووە و چەندین ڕاوبۆچوونی ئەرێنی و نەرێنی لەبارەی ئەو کاراکتەرە مێژووییەوە دەهێنێتەوە و دەستی بۆ مەسەلەیەک بردووە کە بەتەواوی لە جێی خۆیدایە. ئێمە وەک لەپێشدا ئاماژەمان بۆکرد بە ناڕەوای دەزانین کەوا کاراکتەرێکی ناودار و هەڵکەوتووی وەک سەڵاحەدینی زیاد لە هەشتسەد ساڵی لەمەوپێش بە ئایدیا و باوەڕی ئەم ڕۆژگارە حوکم بدەین بە باش یان بە خراپ. سەڵاحەدین زادەی ڕۆژگارێکە کە قەڵەمڕەوی ئیمپراتۆریا یان خیلافەتی عەبباسی تەواوی سەرزەمینی جیهانی ئیسلامیی گرتبووەوە و لە سەردەمی سەڵاحەدینیشدا ڕکابەرەکەی، کە خیلافەتی فاتمییەکان بوو، کۆتایی پێهاتبوو. دەوڵەتی عەباسی بە ناوی ئیسلامەوە حوکمی دەکرد و ڕووبەرێکی بەرفراوانی گرتبووەوە کەوا گەلانی عەرەب و فارس و تورک و کورد و ئەوانیتر لە ژێر سایەیدا بوون، بێجگە لە میللەتانی غەیرە ئیسلامیش کە بە پێی دەستوور و یاسای ئیسلام لەو زەمانەدا جزیەی خۆیان دەدا و لە سەر ئاینی خۆیان مابوونەوە. لەم دەوڵەتە ئیسلامییە سوننە مەزهەبەدا، بەدەر لەوەی کە کولتوور و یاسا و ڕێسای حوکمڕانیی ئیسلامیی عەرەبی زمان بوو بۆ تەواوی میللەتانی ئەم دەوڵەتە و لە ناویشیدا هەر گەل و میللەتێک تایبەتمەندیی کولتووریی خۆی هەبووە و مەسەلەی نەتەوە و نەتەوەسازی هەر لەئارادا نەبووە. لە قۆناخەکانی دواتردا ئەم دەوڵەتە بەرەو لاوازی چووە و گەلێ میرنشین و نیمچە دەوڵەت لە پانتایی ڕووبەرەکەیدا دروستبووە و دەسەڵاتی خەلیفەی دەوڵەتەکە هەر بە ناو ماوەتەوە و تەنها لە نوێژی هەینیی هەرێم و میرنشین و نیمچە دەوڵەتەکانی ژێر سایەی ئەم ئیمپراتۆریایەدا ناوی    هێنراوە و ڕەنگە بە خێری خۆیان شتێک باج و خەراجیان وەک دیاری بۆ خەلیفە لە بەغدا و دواتر سامەڕا ناردبێت، تا ئەو کاتەی کە لە ساڵی ١٢٥٨دا بە یەکجاری لەسەر دەستی مەغۆل کۆتایی پێهێنرا. هەر ئەم لاوازییەی عەباسییەکان وایکردووە کە پاپای کەنیسەی کاسۆلیکیی کریستیان و پاشاکانی ئەوروپای سەدەکانی ناوەڕاست، بە ناوی خاچی پیرۆزەوە لە ساڵانی ١٠٩٩ بەدواوە لەشکرکێشیی بکەنە سەر بەشی ڕۆژاوای ئەم خیلافەتە لاوازە و بۆ ماوەی نزیکەی دوو سەدە بەشێکی وڵاتی شام و فەلەستین و لە نێویشیاندا قودس، وەک شوێنی سەرهەڵدانی ئاینی مەسیحی لە دەست حوکمڕانە موسڵمانەکان دەربێنن. لەو سەردەمەدا گەلێ دەوڵەتی وەک سەلجووقی و زەنگیی تورک و ئەیوبیی کورد هاوزەمان یان بەدوای یەکدا دامەزراون، لەگەڵ دەیان ئیمارەت و نیمچە دەوڵەتدا، بۆ نموونە لە حاڵەتی کورددا وەک عەنازی و هەزبانی و ڕەوادی و مەروانی و چەندینی تر، بە سوود وەرگرتن لە لاوازیی خیلافەتی عەباسی و هەر یەکەشیان بە ناوی دامەزرێنەر یان سەرۆکی   بنەماڵە و خێڵەکە و ئابوورییەکەشیان دەرەبەگایەتی (فیوداڵیزم) بووە و  خەرج و مەسرەفی بەڕێوەچوونی ئەم حوکمڕانانە و لەشکرەکانیان لە سەر   شان و ڕەنجی خەڵکی ستەمدیدەی ئەو ڕووبەرە بووە. هەڵبەت زۆربەی ئەم میرنشین و نیمچە دەوڵەتانە هەمیشە لە شەڕدا بوون بۆ داگیرکردنی قەڵا و خاک و قەڵەمڕەوی ئەویتر. بێگومان دەوڵەتی ئەیوبییش لەو چەشنە بووە و  هەرچەندە دامەزرێنەرەکەی کورد بووە و تا کۆتاییش نکووڵیی لەو کوردبوونە نەکردووە و زۆرێک لە فەرماندە و جەنگاوەرەکانیشی کوردی هاوڕەگەزی خۆی بوون، چ لە گرتنی  میسر و یەکخستنی هەرێمەکانی دەوڵەتەکەیدا و چ لە شەڕوشۆڕ و سەرکەوتنەکانی بە سەر خاچداراندا، بەڵام لە ناوەرۆکیدا دەوڵەتی بنەماڵە بووە و هی کورد نەبووە وەک چۆن دەوڵەتی سەلجووقی و زەنگی هی دامەزرێنەرانی ئەو دوو بنەماڵەیە بوون و سەرباری تورکبوونیان هەر هی تورک نەبوون و تەنها گرتنی قەڵا و شاران و ڕووبەری خاک مەبەست بووە (تێریتۆریاڵ) نەک گەل و نەتەوە (ناسیۆناڵ) و لەسەر بناغەی گواستنەوەی دەسەڵاتیش بووە بە میرات لە باوکەوە بۆ کوڕ و لەو سەردەمەدا چەمکێک نەبووە بە ناوی نەتەوایەتی، بەم پێوەرەی ئەمڕۆ. بنەمای حوکمیش بۆ هەموویان هەر ئیسلامی بووە و بە ناو ملکەچی خەلیفەی موسلمانانی عەبباسی بوون. ئەمە بۆ بنەماڵەکانی بوەیهی و عوسمانی و سەفەوی و قاجاری و ئەوانیتریش کە لە سەردەمانی دواتری مێژوودا هاتن هەر وابووە.  

هەڵبەت ئایدیا و چەمکی نەتەوەپەرستی یان ناسیۆنالیزمی ئەم ڕۆژگارە، جا هەڵگرانی کورد، عەرەب، تورک یان هەر نەتەوەیەکی تربن زادەی سەردەمی دەوڵەت - نەتەوەن بە جیاوازیی وردەکاریی بیرکردنەوە و ڕەفتاریانەوە. بۆ نموونە ئایدیای ناسیۆنالیزمی عەرەبی لەمڕۆدا و لە زەمەنی چەندین شکستیدا پێویستی بەوەیە کەوا کاراکتەرێکی مۆراڵیی وەک سەڵاحەدینی هەڵکەوتووی مێژووی سەرکەوتنی بەسەر خاچداران هەیە و دەرکردنیان لە قودس بکاتە هێمای جۆشدانی خەڵکی عەرەب و سەرکردەکانی لەشکری داگیرکاری یان فتووحاتی ئیسلامی بکاتە هێما و سیمبۆڵ، کە بەدەر لە بڵاوکردنەوەی ئاینی ئیسلام، مێژوویان تەژییە لە ستەم و کۆیلەکردنی گەلانی ئەو وڵاتانەی داگیریان کرد و گەلێ لە سەرچاوە مێژووییەکان هۆکارەکەی دەگێڕنەوە بۆ بەکەنیزەک کردنی ژنانی ئەو گەل و وڵاتانە و تاڵانکردنی ماڵ و سامانیان. لەوەش زیاتر ناسیۆنالیزمی عەرەبی لەمڕۆدا حیکایەت و ئەفسانەی زۆر کۆنتری مێژوو دادەتاشێ و شکستەکانی دەکاتە سەرکەوتن. بە هەمان شێوە ئایدیای ناسیۆنالستیی کوردیش بە دوو شێواز بیر لە سەڵاحەدین دەکاتەوە، یەکێکیان بە پەسنکردن و پیاهەڵدانی وەک پاڵەوانێکی کورد و نموونەی چاولێکردنی بۆ دەرد و شکستەکانی و ئەویتریان وەک کاراکتەرێکی نەرێنیی مێژووی نەتەوە تێیدەڕوانێت و دەیەوێت بێبایەخی بکات چونکە نەیتوانیوە نزیکەی هەزار ساڵێک بەر لە ئێستا دەوڵەتێکی مەزن بۆ کورد دامەزرێنێت لە کاتێکدا کە تەواوی جیهانی ئیسلامی لە ژێر دەستدا بووە. ڕەنگە بە هەمان پێوەر سەرکۆنەی کەریم خانی زەندیش بکات چونکە سڵی کردووەتەوە لەوەی تەخت و تاجی شاهەنشاهیی ئێران بۆ خۆی قۆرخ بکات و ئەگەر وا نەبوایە ئێمەش ئەمڕۆ خاوەنی ئیمپراتۆریای خۆمان دەبووین! هەر ئەم ئایدیایەشە کە خۆی بە خاوەنی دەوڵەتی ساسانی و ماد و زۆرێک لە ئەفسانەکانی ئێران زەمین دەزانێ و گریمان ئەگەر واش بێت "کە من خۆم ئەمڕۆ کۆسە بم بە من چی ڕیشی باوباپیرانم"! ڕەنگە هەر لەم ڕوانگەیەشەوە بێت گلەیی و گازندە لە سەڵاحەدین بکرێت کە بۆچی:

لە کاتێکدا تەواوی وڵاتانی جیهانی ئیسلامیی کەوتە ژێردەست جاڕی لە خۆی نەدا وەک خەلیفەی موسڵمانان، لە کاتێکدا کە دەسەڵاتی خەلیفەی عەبباسی لە نرخی هیچدا بوو تەنها ناوهێنان نەبێت لە نوێژی هەینیدا، کەچی دواتر سوڵتانی عوسمانیی سوننە ئەو کارەی کرد و بۆیشی چووەسەر و شا ئیسماعیلی سەفەوییش بۆ ئێران کردی و بۆیشی  چووەسەر و خۆی و نەوەکانی دواتری بە زەبری شمشێر تەواوی ئێرانیان کردە شیعە. بەڵام کەریم خانی زەند ئەمەی نەکرد و خۆی هەر بە (وکیل الرعایا) هێشتەوە و ئەو سەڵاحەدینە مەزنەی مێژووش خۆی هەر بە وەکیلی خەلیفەی عەبباسی هێشتەوە.

  باشە سەڵاحەدین تۆ هەر بۆ بەرز ڕاگرتنی ئاڵای ئیسلامی سوننەی شافیعی تێدەکۆشایت؟ کە بەپێی دەستووری ئەو مەزهەبە دەبوو خەلیفە هەر لە عەرەبی قورەیش بێت و حەرامە خەڵکی تر بیری لێ بکاتەوە با قودسی پیرۆزیشی لە دەستی خاچپەرستان دەرهێنابێت و سەدای سەرکەوتنیشی دنیای هەژاندبێت.

ئاخۆ بەرژەوەندیی خۆت و قەومەکەت لەچیدا بوو کاتێ تەواوی میسری خیلافەتی فاتمیت لە شیعەی ئیسماعیلییەوە گۆڕییە سەر مەزهەبی سوننەی شافیعی؟ هەرچەندە تۆ ئەم کارەت وەک سەفەوییەکان بە زەبری شمشیر و ملپەڕاندن نەکرد و بەشێکی بەرنامەکەت لە ڕێگەی   مەلا و فەقیهە سوننە شافیعییەکانەوە کرد. ئاخۆ بۆچی کتێبخانە دەوڵەمەندەکەی ئەزهەرت لەناوبرد کە خەلیفە فاتمییەکان بە درێژایی ساڵانی حوکمیان بنیاتیان نابوو و ڕەنجی سەدان زانای بیرمەندی ئیسلام و نەسساخ و وەڕاقت بەبادا. ئاخۆ ئەم کارەت لە سووتاندنی کتێبخانە گەورەکەی سەردەمی گریکەکان ناچێت کە سەرکردەی ئیسلامی عەمری کوڕی عاس لە فوستات (قاهیرەی دواتر) ئەنجامیدا؟

تۆ پاشایەکی دادپەروەر بوویت و ناوبانگت بەوە ڕۆیشتووە لە مێژوودا، نەدەبوو پاش کۆتایی پێهێنانی حوکمی دوا خەلیفەی فاتمی ژن و پیاوەکانی بنەماڵە و خزمەکانیان زیندانی بکەیت و نێر و مێیان لێکتر جیابکەیتەوە تا ئەو ڕۆژەی دەمرن، بۆ ئەوەی نەوەیان لێ نەکەوێتەوە. هەر بە هەمان حوکمی دادپەروەریت نەدەبوو لە ساڵی ١١٩١دا فەرمانی کوشتن بۆ شەهابەدینی سوهرەوەردیی گەنج و فەیلەسووفی سۆفیگەریی فەلسەفەی ئیشراق لە حەڵەب دەربکەیت بە پیلانی پیاوە ئاینییە ئاست نزمەکانی دەربار، لە کاتێکدا وەک باس دەکرێت کە هاوزمان بوون و دۆستی نزیکی مەلیک زاهیری والیی حەڵەب، کە کوڕەکەی خۆت بوو بە تۆمەتی زەندیقی و لە دین دەرچوون.  دەگوترێ چەندین سۆفیی تریشت لە میسر زیندانی کردووە بە هەمان تۆمەت.

مێژوو دەگێڕێتەوە کە تۆ لە پاش مەرگت لە دینارێکی زێڕ و چەند درهەمێک بەولاوە هیچ ماڵ و سامانێکت بەجێنەهێشتووە و ئەمەش هێندەی تر ناوبانگی تۆی بە بەرزی هێشتووەتەوە و کەم پاشا و حوکمڕان هەیە ئەمەی کردبێت. تۆ لە پاش خۆت حەڤدە کوڕ و کچێکت لێ بەجێماوە و پێگەی دەوڵەتێکی پانوپۆڕ و مەزنی بنەماڵەی ئەیوبیت داڕشتبوو، کە تا ئێستاش مێژوو بە شانازییەوە باسی دەکات و بەمەش ناوی کوردت شکۆدار کرد کە پێش ئەم دەوڵەتە و ڕۆڵی ئازایانەی فەرماندە و جەنگاوەرە کوردەکان تێیدا خەڵکی تورک و عەرەب و عەجەم بە سووک سەیریان دەکردن و بە دز و جەردە و شوانکارەی دواکەوتوو لەقەڵەمیان دەدان، کەچی پێش ئەوەی کۆچی دوایی بکەیت ئەم دەوڵەتە مەزنەت وەک میرات لە نێوان کوڕ و برازاکانی بنەماڵەکەتدا دابەشکرد و دوای تۆ بوو بە شەڕ و ناکۆکییان و هەر کەسە بەشی خۆی بە کەمتر دەزانی لەویتر و کار گەیشتە ئەوەی هەندێکیان پەنا بۆ خاچپەرستەکان ببەن بێن بە هانایانەوە و تەنانەت یەکێکیشیان نزیکەی ٤٢ ساڵ دوای شەڕە سەرکەوتووەکەی حەتین لە ساڵی ١٢٢٩دا مەملەکەتی قودسی ڕادەست کردنەوە.

دواجار ماوەتەوە بڵێم لەم کتێبە نایابەدا "سوڵتان سەڵاحەدینی   ئەیوبی و پرسی کوردبوون" د. مەجید ساڵح لە توێژینەوەکەیدا وای نووسیوە و وا دەڵێت، منیش دەستخۆشی لێدەکەم و لە گەلێ ڕووەوە لەگەڵ ڕاوبۆچوونیم.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×