کتێبی "پۆشاكی كۆییان"
  2024-06-02       1140       

ڕێبوار سیوەیلی

 

پێناسە: کتێبی "پۆشاكی كۆییان" 365 لاپەڕەی قەبارە گەورەیە، 65 لاپەڕەی وێنەی ڕەنگاڵە، 81 سەرچاوە و دیدار بە 4 زمان. ڕوماڵی 116 ساڵ مێژووی دەڤەری کۆیە، چاپی 2017 یە. ئەمە ڕانانی "ڕێبوار سیوەیلی"یە بۆ ئەم کتێبە:

1.  یەكێكە لە شاكارە مرۆڤناسییەكانی مامۆستایەكی خەمخۆر و شارەزا و وردەكار نووسیوێتی، كە نەك هەر شان دەدات لەو سەرچاوانەی نەتەوەكانی دراوسێ لەبارەی پۆشاكی خۆیانەوە، یان پۆشاكی وڵاتی نێوان دوو ڕووبارەوە نووسراون، بەڵكو چ لە ڕووی وردیی و چ بەباری ڕاستگۆییشدا زۆر لەوانەی تێپەڕاندووە. كوردییە قەشەنگەكەشی لەولاوە بوەستێت.

2. ئێمە لەبەردەم قەڵەمێكی مەزنداین كە (مامۆستا فازڵ شەوڕۆ Fazil Shawrow) یە. كتێبەكەی ناوناوە: پۆشاكی كۆییان 1900-2016: توێژینەوەیەكی ئەنترۆپۆڵۆژیی پیشەوەریی كلتوورییە و كۆچكردوو مامۆستا كەریم شێخانی پێیداچۆتەوە. 2017. من كتێبەكەم لەدەستی خۆی و لە ڕێكەوتی 6/5/2023 بە دیاریی وەرگرتووە. دیارە وەك هەمیشە لەسەر ئەركی خۆی چاپی كردووە. من نایشارمەوە ئەو دوو وشەیەی ئێستە زۆر بەكار دێن، خۆشمناوێن: یەكێكیان ئەم (كلتوور)یەیە، كە مامۆستا لە ژێرناونیشانەكەدا بەكاریهێناوە و من پێمخۆشە بنووسم كولتوور. دووەمیشیان وشەی (دونیا)یە، كە دیسانەوە خۆشمناویت و دەبێت بنووسرێت دنیا:

دنیا كە هیچە، جوملە دەزانن كەچی چ كەس

مەردانە بۆ خودا نییە، دەست هەڵگرێ لە هیچ (مەحوی) 

3.  هاندەری نووسینی ئەم كتێبەی تەلەفۆنێكی مامۆستا تاریق جامباز بووە و لەبەر ئەو هۆكارانەی لە پێشەكییەكەیدا باسیكردوون، هەر تەنیا بۆی كراوە سەرپەرژێتە پۆشاكی كوردی لە ناوچەی كۆیە. بەڵام بە دیدی من كتێبەكە سەرەتایەكی زۆر گرنگە لەبارەی كۆی پۆشاكی كوردییەوە. هەرئەمەش دەیكاتە ئەو شاكارەی مەبەستی منە.

4.   نووسین لەسەر پۆشاك بەزمانی ئێمە زۆر كەم و دەگمەنە، جگە لەم كتێبە و كتێبەكەی خاتوو و لەیلا و سەلاح پایانیانی، بەرهەمگەلێكی دیكەم بەو قەبارە و وردییەوە پێ شكنایەن. مامۆستا شەوڕۆ هەر تەنیا بە كۆكردنەوە و وەسفی پۆشاكەكانەوە نەوەستاوە، بەڵكو لە هەموو كتێبەكەدا پۆشاك دەبەستێت بە شوناسی مرۆڤ و ڕەسەنایەتییەوە. لەوەش جوانتر و قووڵتر ئەو هەوڵدانە مرۆڤناسانەیەتی بۆ ئاشكراكردنی ئەو ناچارییانەی وایان كردووە پۆشاك ئەو ئەركە كردەیی، جوانینناسی، پیشەیی و ئەندازیارییە لۆژیكییانە وەربگرێت، كە لە كۆمەڵگەی ئێمەدا هەیەتی. كەواتە كتێبەكە بە دیوێكی دیكەدا فێرمان دەكات لەڕێگەی تێگەیشتن لە پۆشاكی خۆماڵییەوە، كە یەكێكە لە داهێنانەكانی مرۆڤی دێرینی كوردستانی، چاودێریی ئەو ژیر و هزرینەش بكەین، كە ئەم فۆڕمەی بە پۆشاكی ئێمە بەخشیوە. لێرەوە گرنگیی و قووڵی پڕۆژەكەمان لە لاپەڕە(5)دا بۆ دەردەكەوێت، كە تیایدا نووسیوێتی: (پێشكەشە.. بەو بەرگدرووانەی هونەری پۆشاكی كولتووری كوردی دەكەنە ناسنامەی پیشەكەیان).   

5. لەو ڕستەیەدا چەند شتێكی شاراوە خۆیان دەنوێنن: بەرگدوورین هەرتەنیا پیشەیەك نییە، بەڵكو هونەرێكیشە بۆ بەرجەستەكردنەوەی ناسنامەی نەتەوەیی و پیشەكەیان. بە واتایەكی دیكە: هەتا بەرگدوورین لە پیشەیەكەوە نەكەینە هونەرێك نابینە خاوەن شوناسی خۆمان. هەتا پیشە لە ئامانجی بەدەستهێنانی دەستكەوتی مادییەوە نەكەینە ئامانجی دەستكەوتی گیانی، ناتوانێت كولتوورساز و نەتەوەساز بێت.

6.   شەوڕۆ لەم شاكارەیدا وەكئەوەی پێمان بڵێت: هیچ شتێك لە دەرەوەی ئەو چالاكییە كولتوورییانە نییە، كە مرۆڤ خۆی بۆ پڕكردنەوەی پێویستییەكانی و ڕازاندنەوەی شوناسەكەی بەرهەمیان دەهێنێت. وەلێ هیچ بەرهەمهێنانێكیش دابڕاو لە هێزی داهێنان و بەهونەركردنی ژیان نییە و ئەمەش ئەوە ئاشكرا دەكات، كە هەموو كۆمەڵەمرۆییەكان لە ڕێگەی چالاكییە جۆربەجۆرەكانی خۆیان و لەمیانەی مێژوودا، نەك هەر شوناسی خۆیان دادەهێنن، بەڵكو بەشدارییەكی گرنگییش دەكەن لە بەرهەمهێنانی شارستانییەتدا. ئەمەش ئەو تێزە ڕەتدەكاتەوە كە شارستانییەت پەیوەندیی بە پێشكەوتن و دواكەوتنی میللەتانەوە هەبێت. هەروەكچۆن ئەوەش ڕووندەبێتەوە، كە هەر میللەتێك كولتوورێكی تایبەت بەخۆی هەیە، كە پاشان دەیڕێژێتە نێو شارستانییەتی مرۆڤایەتییەوە.  

7.  من لەو بڕوایەدام لە پشت هەر بڕین و مەقەستلێدان و دوورینی هەر تەقەڵێك و هەڵبژرادنی هەرپارچەیەك و كەرەستەیەكەوە، لە پشت هەر ڕەنگێك و دەزووێك و چنینی بەنێكەوە، هزرینێكی زانستی، ورد و حسابكراو كاری خۆی كردووە. بەمجۆرەش پۆشاكسازیش لە مەڵبەندی ئێمەدا وەك تەلارسازی و مۆزیك و ئەدەب پڕە لە دەلالەتی شوناسی ڕۆحیی ئەم مرۆڤە كوردستانییە.  

8.   نامەوێت بەم قسە "نازانستیی و نائەكادیمییانە و بەم زمانە شاعیرانەیە"، درێژە بەم قسانە بدەم، بەڵام دوعا دەكەم هەركەس دەیەوێت ئەم كتێبە بخوێنێتەوە نوسخەی دەست نەكەوێت. هەرچەندە (1000)نووسخەی لێ چاپكراوە و لەم سەردەمی نەخوێندنەوەیەدا گومانم هەیە لەوەی دوعاكەم گیرا ببێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×