لە دیداری مێری، وەک وەڵامێک بۆ بەڕێوەبەری دایەلۆگەکە کە وتی ماوەیەک بەر لە ئێستا بەرزبوونەوەو نزمبوونەوە لە گفتوگۆکانی نێوان یەکێتی و پارتی ھەبووە، ئێستا ئەنجامی ئەو گفتوگۆیانە گەیشتوونەتە کوێ؟، بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی لەوەڵامی ئەو پرسیارەدا، وتی لە ناوەڕاستداین.
دیارە بۆخۆی ئەم وەڵامە چەنێک گەشبینی بۆ پرۆسەی پێکھێنانی حکومەت لێ دەخوێنرێتەوە ھێندەش ئەگەری ئەوەی ھەیە گفتوگۆکان بچنەوە خاڵی سفرو بنبەستبن.
بە تێڕوانینی ئێمەو بە دەستگرتن بەو بنەمایانەی کە تا ئێستا گفتوگۆکانی لەسەر ڕۆیشتووە، پێ ناچێ حکومەتی ھەرێم پێکبێ.
ھەر خۆشی وەڵامی سەرۆکی یەکێتی بەوەی ھەوڵەکان لە ناوەڕاستی ڕێگەن ئاماژەیە بۆ ئەوەی گەرچی ھەنگاویش نرابێ، بەڵام لە ئامانجی پێکھێنانی حکومەت نزیک نەبوونەتەوە.
پێشبینی ئەوەی کە ئەگەری پێکنەھێنانی حکومەت زیاترە وەک لە پێکھێنانی پشت بەستە بە:
١- ھێشتا یەکێتی و پارتی قۆناغی بانگەشەی ھەڵبژاردنیان تێنەپەڕاندووە، قۆناغێک کە یەکێتی ژمارەیەک بەڵێنی بە جەماوەرەکەیداوەو، لەولاشەوە پارتی بەدروشمی (ناتانن) حەماسەتی جەماوەری خۆی پێ بەرزکردۆتەوە.
٢- کێشەی ئەمجارەی یەکێتی و پارتی تەنھا پۆست و پارە نیە وەک بەشێک لە ململانێکانی ڕابردوو، بە ڵکو ڕەگەزی تر ھاتوونەتە ناو ئاڵانگاری گفتوگۆکانەوە، بە نموونەی تێگەیشتن بۆ حوکمڕانی ھاوبەش و دۆسیەی ئەمنیش لەولاوە، کە ئەمەش خاڵی جەوھەری ناکۆکیەکانە بۆ شێوازی بڕیاردان و بەڕێوەبردن و چاودێری حکومەت لە ھەمانکاتدا.
٣- ئەم خاڵەیان زیاتر پەیوەستە بە یەکێتیەوە، ڕاستە لە ئەنجامی پێکنەھێنانی کابینەی دەی حکومەتی ھەرێم یەکێتی و پارتی ھەریەکەیان بەپێی ئاستی جیاجیا زەرەمەند ئەبن، بەڵام زیانی گەورە بەر پارتی ئەکەوێ بە حوکمی ئەوەی پاوەری ئەم حزبە لە ناو حکومەتی ھەرێم زیاترە، بە پێچەوانەی یەکێتی کە ھێزو کاریگەریەکەی لە بەغداو لە ناو حکومەتێ عێراقە، پێموایە ھەر ئەم خاڵەشە کە وا لە یەکێتی ئەکا زیاتر سووربێ لەسەر داخوازیەکانی بۆ پێکھێنانی حکومەتی ھەرێم، زۆر باکی بە پێکھێنانی حکومەت نەبێ، کورد وتەنی یەکێتی لەم ھاوکێشە سیاسیەدا ڕۆڵی ئەو جوتیارە ئەبینێ کە ئەڵێ خەمم نیە باران نەباری جوتم ئەگەڕێ باران باری ئاشم ئەگەڕێ.
٤- ھۆکارێکی تر کە وامان لێ ئەکا بڵێین پێکھێنانی حکومەت سەخت بووە ئەوەیە، ڕاستە یەکێتی وەک دەسەڵات و مێژوو نفوزی خۆی ھەیە، بەڵام بە ڕێککەوتنی لەگەڵ حزبی نەوەی نوێ ھاوکێشەی دەسەڵاتی لێ قەبەتر بووە بەوەی لەمە بەدوا ھەر ڕێککەوتنێک لەگەڵ پارتی ئەنجامبدا ئەنجامە نەرێنیەکانی ئەو ڕێککەوتنە دووقات ئەبنەوە، بە حوکمی ئەوەی حیزبی ھاوپەیمان دوورنیە بکشێتەوەو وەبەرھێنانی سیاسی لەسەر ئەو خاڵە نەرێنیانە بکا،و بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکاریان بێنێ.