بەھۆی ھەورازی شوێنی نمایشەکەیان، تاوەکو ئەگەیتە جێ ، تووشی ھەناسە بڕکێ ئەبی، شوێنێک گەرچی لەنزیک بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکانە، بەڵام شوێنێکی لاچەپەک و دوور لەسەنتەری شارە.
کاتێکیش ئەگەیتە بەردەم خێمەکەیان، خۆت لەبەردەم نمایشێکی شانۆیی حەقیقی و درامی ئەبینیەوە، کاراکتەرەکان گەرچی کەمترین جووڵە و گفتوگۆیان ھەیە و لەسەر قەرەوێڵەیەکی یەک نەفەری ڕاکشاون، بەڵام بە زمانی جەستە ھاوشێوەی شانۆیەکی *پانتۆمایم ئازارو داخوازی و داواکاریەکانیان ئەگەیەنن بە بینەران.
کاراکتەرانێک تەپوتۆزی بەشمەینەتی و خەمساردی چەندین ساڵەی دەسەڵاتیان بەسەر ڕووە ماندوو شەکەتەکەیانەوە دیارە.
مانگران ئەکتەری سەرەکی شانۆکەن بۆیە ھەموان چاویان لەسەر جووڵەو ئەکتەکانیانە، چاویان لەو کانوێلاو ئامێری ھەناسە دەستکردانەیە ، کە بە دەست و کەپوویانەوەیە، بینەر چەندێک چاوی لەسەر مانگرتووەکانە، ھێندەش چاوی لەسەر ئەو نووسینانەیە کە بە گەیت و ناوی چادرەکە ھەڵواسراوون، کەبەشێکیان دروشمن و بەشێکیشیان پشتگیری چین و توێژەکانن بۆ مانگران.
بینەرانی ئەم شانۆیە کەمتر بینەری شانۆن زیاتر لە چین و توێژە جیاجیاکانن وەک مامۆستایان، فەرمانبەران و کاسبکاران، تەنانەت کەمئەندامان و ژن و کچ و منداڵانیش بەشێکن لەم بینەرانە.
بینەرانی ئەم شانۆیە جگە لەھەستی بەرپرسیارێتی لەبەرامبەر دەنگی ناڕازی و خەباتی مەدەنی ھیچ پاڵنەرێکی تر نیە وای لێکردبێتن بۆ بینینی ئەم شانۆیە لەکاتی خۆیان بگرن.
کۆمبارسی ئەم شانۆ حەقیقیە ئەو پزیشک و نێرسانەن کە بەردەوام سەرقاڵی پشکنین و چارەسەری مانگرتووەکانن.
لەدەرەوەی خێمەکەش ژمارەیەک ئەمبۆڵانس ئامادەکراوون بۆ گواستنەوەی ئەو مانگرتوانەی لەپڕ باری تەندروستیان تێک ئەچێ.
بارینی باران و بەفر و ھەڵکردنی رەشەباو سەماکردن بە چادری مانگران سەختی کەش و ھەوای شانۆکەت بۆ نمایش ئەکا.
ھوتاف و چەپڵەلێدانی ھاوڵاتیانیش بەدەم وتنەوەی دروشمەکانی وەک (دروشمی گشت مانگران مردن لەپێناوی ژیان)، (ئێمە خێمەی شانازین ھیوای خەڵکی ناڕازین)، ( ئەمڕۆ ڕۆژی وەفایە ستەم لەھەرەسدایە) و چەندین دروشمی تر، ئاوێتەبوونی بینەر لەگەڵ نمایشی شانۆکەت بۆ بەرجەستەئەکا.
لە ھەمووی گرنگتر ئەم شانۆ حەقیقیە لە نووسینی دەسەڵاتە، بەمەش ئەتوانین بڵێین تاکە شانۆیە کە لەدژی نووسەرەکەی نمایش ئەکرێ، ئەمە بەو مانایە نا کە دەسەڵات دەستی ھەیە لەم مانگرتنە بەڵکو بەو مانایەی ھۆکارە بۆ بەرھەم ھێنانی شانۆکە.
ئەم شانۆیە کۆتایی نادیارەو نازانرێ بەچی و بەکوێ ئەگا، ڕۆژانی داھاتووی نمایشەکە وەڵامی ئەم پرسیارە ئەداتەوە.
*پانتۆمایم جۆرێکە لە نواندنی بێدەنگ کە لەلایەن هونەرمەندێک یان کۆمەڵێک هونەرمەندەوە لەسەر تەختی شانۆ ئەنجام دەدرێت، بە ئامانجی دەربڕینی بیرۆکە و هەست و بۆچوونەکان ، تەنها لە ڕێگەی جوڵەی جەستەوە.