خوا لەزمانی کورد تێئەگا

هاوڕێ جەمال
  2024-09-13     298

چەند رۆژێکە وتەی مامۆستایەکی ئایینی دانیشتووی شاری کەلاری سەر بە پارێزگای سلێمانی، تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی تەنیوە، بەوەی ئەم مامۆستا بەڕێزە لە یەکێک لە وتارەکانی گوایە وتوویەتی؛ لەو دونیا بە کوردی قسان لەگەڵ خوای خۆم دەکەم گەر لێم تێنەگەیشت، دەڵێم بۆچی بە کوردی دروستت کردم.
دیارە ھەر دوای دەنگدانەوەی ئەم وتەیە، و بوونی بە بنێشتەخۆشەی سەر زاری سۆشیال میدیا، مامۆستای ئایینیە بەڕێزەکەی ناچار بە روونکردنەوە کرد، کە ئەو بەشێوەیەک گوزارشتی نەکردووە وەک ئەوەی دژی پەروەردگار دوابێ.
بەھەرحاڵ راوسەرنجی ئێمە لێرەدا لەسەر ئەوەنیە ئەم مامۆستا بەڕێزە چۆن و بە چ ئامانجێک ئەم قسەیەی کردووە، بەڵکو ئێمە لێرەدا مەبەستمانە ورد سەرنج بخەینە سەر ئەو خاڵەی ھەندێک لەو کەسانەی لەم رێگەیەوە، ئەیانەوێ لیڤڵی کوردایەتی پێ بەرزکەنەوە، و وتەی ئەم بەڕێزەیان کردووە بە تێمپریچەری کوردایەتیان، بەنموونە ھەیانە، پێی وایە یەک کەلاری بەسە بۆ ئەوەی مرۆڤ شانازی بە کورد بوونیەوە بکا.
کوردە خامەکە، ھەمیشە شانازی بە کورد بوون و موسوڵمان بوونی خۆیەوە کردووە، ھەمووکات ئەو ھەستەی پیرۆزکردووە، کە وای لێکردووە کوردانە بیرکاتەوەو موسوڵمانانە لە خەڵوەتی عاریفانەی نالی و مەحوی و مامۆستا زەڵمی و خاڵ و چەندانی تر سەرگەرم کا.
ئەوە حزبە بەناو نەتەوەیی و ئیسلامیەکان بوون ھاتن و ئەم رۆحە بێگەردەی کوردایەتی و دیندارییەیان لە نەست و ھەستی کوردانە، بە تۆوی حزبایەتی لەسەر کوردایەتی و موسوڵمانیەتی موتووربەکردوو، ئەوەی پێی ئەڵێن باڵاکردنی نیشتمانپەروەری لە پەلوپۆیانخست.
مامۆستایەکی ئایینی لە ئێستادا ھەستی کوردانەی پێش ھەستی ئایینی بخا شتێکی نوێ نیە، تاوەکو شاگەشکەبین، بەوەی ھێشتا کوردبوون بەدەمارەکانماندا ورووژم دەکا، بڕۆن سەیری بەرخودانەکانی کوردبکەن، بزانن ئەوانەی رێشمەی ئەسپەشێی کوردایەتیان بەدەستەوەبووە، ھەر مەلاو قازی و پیاوە ئایینیەکان نەبوون؟ گەر ئەم دوو ھەستە (ھەستی کورد پەروەری و ھەستی ئایینی) ناکۆک بوون، و لە ئێستایا لەسەر دەستی مامۆستایەکی ئایینی بەڕێز ئاشتکراونەتەوە، ئەی خەبات و قوربانی دانی چەند ساڵەی کورد لە شەھیدبوون و بەرەنگاری و گیانفیدایی لەسەر دەستی ئەو سەرکردە ئایینی و باکگراوندە ئیسلامیانە چۆن تەفسیرو راڤەکەین!!!..
ئەم دۆخە قسەیەکی تر ھەڵدەگرێ، قسەیەک کە ھەر ئەوانەی ئەمڕۆ کادری حزبەکانن و بەوتەی مامۆستا جاسم کەلاری خۆشحاڵبوون، کەمێک سەرزەنشتی حزبەکانی خۆیان بکەن، لەپای ئەو سیاسەتەی چەندین ساڵە پەیڕەویان کردووە، و بووەتە ھۆی لەبەرچاوخستنی چەمک گەلێکی وەک کوردایەتی و دینداری و دڵسۆزی بۆ خاک و نیشتمان.
ئەو بەڕێزانە وەک چۆن وتەیەکی مامۆستا جاسم دەکەن بە ھێمای زیندوویەتی ھەستی کوردانە، پێویستە ئاوەھاش سیاسەتی حزبەکانیان بکەنە ھێمای لەکەدارکردن و لەکە خستنەسەر ھەستی نیشتمانپەروەرانەی گەنج و پیرەکانی ئەم نەتەوە ماندووەی رێگەی خۆسەلماندن و خۆناساندن، وەک گەلێکی خاوەن زمان و مێژوو کلتوری سەربەخۆی خۆی.
ئەوە حزبەکان بوون، رەنگیان لە جێی نەتەوە بەپیرۆزتر کردوو، بوونە ھۆی تێکدان و قرتاندنی زمانی کوردی و بۆ ھەر وشەیەک وشەیەکی دیکەیان بەسەر زمانی ئاخافتندا فەرزکرد، نەک خوداو فریشتەکانی.
کوردی راستەقینە گەر داوایەکی لەسەر ئەم دۆخە ھەبێ، ئەوا داواکەی لە دادگای تاوانبارانی کوردایەتی و دینداری، حزبە بەناو کورد پەروەر و ئیسلامی و لق و پۆپەکانیان، بەدەنگ و قەڵەمی رۆشنبیرانەی دەستی تۆمار ئەکا، نەک لەبەردەم خوای جیھانیان و مرۆڤایەتی.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×