یەکێتی لەسەردەمی بافڵ تاڵەبانیدا

هاوڕێ جەمال
  2024-09-04     356

یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە ساتی دروستبوونیە تاوەکو ئەمڕۆ بە دوو قۆناغی ڕابەرایەتیکردندا ڕۆیشتووە، قۆناغی جەلال تاڵەبانی باوک و قۆناغی بافڵ تاڵەبانی کوڕ.
ئەم حزبە بەدەر لەو ناسنامانەی بەدرێژایی خەباتی نەپساوەی خۆی پێناساندووە، ھەر لە حزبێکی چەپەوە بیگرە تا دەگاتە سۆسیال دیموکراتەکەی ئێستای، لە رووی سەرکردەوە ئەتوانین بڵێین حزبی سەرۆک بووە، بەو مانایەی سەرۆک رۆڵی کاریگەرو یەکلاکەرەوەی بینیوە لە ئاڕاستەکردنی حزب بەرەو خولگەی ئامانجەکانی، نەک ھەر ئەمە بەڵکو ھەموو دەستاو دەستکردنێکی دەسەڵات بەدرێژایی تەمەنی ئەم حزبە بۆ سەرۆکەکەی یاخود سکرتێرەکەی بڤەیەکی سیاسی بووە.
جیاوازی قۆناغەکانی ئەدای سەرۆک لەناو ئەم حزبەدا یەک جیاوازی جەوھەریە، ئەویش سیاسەتکردنە بە شێوەیەکی راشکاوانە، بێگومان لەسەردەمی تاڵەبانی باوکدا حزب ئەوەی ویستوویەتی ھەوڵیداوە بە نەریتی دیبلۆماسیانە لەگەڵ رکابەرەکانی بۆ خۆی مسۆگەر بکا، بەڵام لەسەردەمی تاڵەبانی کوڕدا ئەم نەریتە گۆڕاوە بۆ راشکاری و زۆرجار قسەی رەق لە دەربڕیندا.
ھەروەک چۆن لە پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکاندا، دوو جۆر ھێز لە پیادەکردنی سیاسەتی نێودەڵەتی جیادەکرێنەوە، ئەوانیش ھێزی سوک (زیاتر مەبەست رێگەی دیبلۆماسی و گفتوگۆیە)و ھێزی رەق(مەبەست بەکارھێنانی فشارو میکانیزمی لۆجستی و تەنانەت ئابووری و سەربازیە )، بەھەمان شێوە لە پیادەکردنی سیاسەتی حزبیشدا، ئەم دوو سیاسەتە ئەتوانرێ پیادە بکرێن، ئەمەش ئەکەوێتەوە سەر پێکھاتەی ئەو حزبە لە رووی ئایدیۆلۆژی و پەیڕەوو پڕۆگرامەوە لەلایەک، ھەروەھا دونیابینی و ڤیژنی سەرۆکی ئەو حزبە لەلایکی تر.
بەڵام خۆ لە دەرئەنجامدا، ئەوەی لەم شێوازی پیادەکردنانەدا دەچێتەسەر، ھەر ئەوەیە کە حزب مەبەستیەتی بەدیبێنێ، لە دەستکەوت و غەنیمەی سیاسی.
گەر بە نموونەیەک تێڕوانینەکانمان زیاتر روونکەینەوە، بە تایبەت کە لێرە نووکی وشەکان ئاڕاستەی حزبێکی دیاریکراوە، کاتێک بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی ئەڵێ بە بێ ئۆکەی یەکێتی کاک مەسرور نابێتە مودیر عامیش نەک سەرۆک وەزیران، ئەمە سیاسەتکردنە بە راشکاوی و دوور لە وەی پێی ئەڵێن موجامەلەی سیاسی لە شەقامی گشتی. واتە بەکاربردنی زمانی رەق لە پەیوەندی حزبێک بەوی ترەوە، نەک گۆڕینی ستراکتەری کاری حزبی و بنەماکانی تێڕوانینی حزب بۆ دەسەڵات و کۆمەڵگە.
گەر بە پانۆرامایەکی ڕووداوەکاندا بچینەوە، و بگەڕێینەوە بۆ سەردەمی تاڵەبانی باوک و مایکی ھەمان پەیامنێر لەبەردەم جەلال تاڵەبانیدا دابنێین، ئەو وەک ھەموو جارێ ئەیوت ئێمە پێویستمان بە یەکێتی ناو یەکێتی، و یەکێتی دەرەوەی یەکێتیە لەگەڵ حزبە کوردستانیەکان، بۆ ئەمەش پێویستە لەگەڵ برایانمان لە پارتی دیموکراتی کوردستان دانیشین و گفتوگۆبکەین لە بارەی ئەوەی کێ بکەینە سەرۆکی حکومەت.
بەمانایەکی تر، ئەوەی جیاوازە دەربڕینی زمانی سیاسیە لەلای تاڵەبانی باوک و کوڕ نەک ستراتیژیەتی سیاسی، گۆڕینی ھێمای بۆ OK ، ئەوەی گۆڕاوە ئامانجەکە نیە، بەڵکو رێگا پڕ قۆرت و پێچەکەی سیاسەتکردنی یەکێتیە، بۆ رێگایەکی راستەوخۆو بێ ئەملاولا، بەڵام مەرج نیە لەم رێگەیەوە یەکێتی زووتر بگاتە وێستگەی ئامانجەکانی، چونکە رێگەکانی تر (واتە شێوازو ستراکتەری سیاسەتکردن لەم ھەرێمە)وەک خۆیان ماون و ھیچ گۆڕانێکیاندا بەسەردا نەھاتووە.
ھەر لەبەر ئەوە بەیەقینەوە ئەتوانین بڵێین ئەم رێگەیەش درێژە پێدەری ئەوەندە ساڵەی حوکمڕانی ھاوبەشی پارتی و یەکێتیە ، حوکمڕانیەک کە ھەر بە ئۆکەی یەکدی لەسەر دابەشکردنی دەسەڵات و پۆستەکان کابینەکانی حکومەتیان پێکھێناوە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×