خاڵە ھاوبەشەکان پێش جیاوازیەکان

هاوڕێ جەمال
  2024-08-19     320

گەر ڕەوتە ئایینیەکان ھەر قورئان و سوننەت، و چەپەکان تەنھاو تەنھا ئامرازەکانی وەبەرھێنان، و لیبراڵ و نیولیبراڵەکانیش، بڵێن بازاڕی ئازادو سەربەخۆیی تاک، تەنھا سەرچاوەی گۆڕانکارین و دەستتان پێیانەوەبێ، دواجار ھەمووان بەدەستی خاڵی دێنەدەر، و ھەمووشت ئەدۆڕێنن بە خەونی نوێبوونەوەو گۆڕانکاریشەوە، خەونی رزگاربوون لە دۆخێکی خراپەوە بۆ دۆخێکی باش و باشتر.
دونیا لە گۆڕانکاری بەردەوامدایە، حەق نیە ھیچ کەس و لایەنێک بە موتڵەقی لە تێڕوانین و دیدگاکانی خۆی بڕوانێ، لەبری ئەوە پێویستە ھەریەک لەجێی خۆیەوە بۆشاییەک، سپەیسێک جێبێڵێ، بۆ ئەوەی پنتێکی ھاوبەش بدۆزنەوە، ھەر لەو پنتە ھاوبەشەوە ئایدیایەکی مرۆڤ دۆستی بەرھەمبێ، کە ھەمووان لەژێر شنەباو ئاوی سازگاری پاراوبن.
ھەموو ئامانجەکانی دی لێرە بەدواوە بەدیدێن، ھەر لە ئاساییشی کۆمەڵایەتی بیگرە، تا ئەگاتە خەمڵینی گوتاری نەتەوەیی و دواجار زەمینەسازی بۆ دروستکردنی دەوڵەت و لەمەش زیاتر ...
مێژووی مرۆڤایەتی ھەمووشتێکی بە تەڵخ و ناڕوونی ھێشتبێتەوە، ئەو ئەزموونەی بەبێ ماسک و شەفافانە پێشکەشی مرۆڤایەتی کردووە؛ کە ئێمە لە دانپیانەنان و پەراوێزخستنی ئەوی دی ھیچ ناچنینەوە، بەڵام لە ھەماھەنگی و دۆزینەوەی گوتارو خاڵی ھاوبەش دەستکەوتی گەورەو مەزن بەدیدێنین.
گەر دوورو نزیک بگەڕێینەوە بۆ جەنگە مرۆڤ قڕکەرەکان، ئەگەینە ئەو دەرئەنجامەی لایەنە ناکۆکەکان لەبەر بەرژەوەندی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی خۆیان، ئامادەنەبوون خاڵی ھاوبەش لەگەڵ بەرامبەرەکانیان بدۆزنەوە، لە جیاتی عەقڵیەتی باروت و ئاگر، ئاوەزی ئاشتی و پێکەوەژیان پەرەپێبدەن، بۆیە رێگای جەنگ و شەڕیان گرتەبەر و چارەنووسی مرۆڤایەتیان بە خوێن و خاچ سپارد.
ئەوە ئاشکرایە لە ھەموو رێسایەکی گشتیدا ئاوارتە (استثناء) ھەیە، بەمەش ئەتوانین بڵێین، ئاشتی رێسا گشتیەکەی ژیانەو جەنگ و کوشتاریش دۆخە ئاوارتەکەیە، ھەر بۆیە ئەبینین دوو دەوڵەت یا زیاتر، دوو حزب یاخود پتر، چەندین ساڵ لەیەک بکوژن و ماڵ و نیشتمانی یەک وێرانکەن، دواجار ناچارن رێک بکەون و دۆخی ئاشتی رابگەیەنن.
گەر لە جەنگا ،بەپێوەری ھێز، لایەک براوەبێ و لایەکەی تر دۆڕاو، (چونکە لەدەرەوەی پێوەری ھێز ھیچ ھێزێک لە جەنگا براوە نیەو ھەمووی دۆڕاوە)، ئەوا لە ئاشتیا ھەموولایەک براوەن.
مرۆڤ جیا لە بوونەورەکانی تر، تاکە بوونەوەرە کە ماھیەتی پاش وجودی ئەکەوێ، بۆ نموونە شێرێک، مەیموونێک یاخود دار مێوێک، پێش ئەوەی لەدایک بێ ماھیەتی دیاریکراوە، بەڵام مرۆڤ پاش لە دایک بوونی ماھیەتی دەرئەکەوێ، ئەمەش بەو مانایەیە، کە کردنەوەی درگاکانی ئاشتی و شەڕ گرەنتیان نیە، تەنانەت گەربێتوو لە دەوڵەت و کۆمەڵگایەکی دیموکراس و بەسیستەم کراویش ژیان بگوزەرێنین، چونکە لە ھەموو چرکەساتێکی مێژوویی، خستنە سەرپشتی درگای شەڕو جەنگ لە جیاتی ئاشتی و ئارامی لە ئارادایە.
رەنگە نموونەی دروستبوونی کەسایەتیەکی وەک ھیتلەر لە ناو سیستمێکی دیموکراسی ئەوروپی ئەڵمانی بەڵگەیەکی زیندووبێ لەسەر ئەم تێڕوانینەمان.
لەبەرئەوە ھیچ کات نابێ خۆمان بە کۆمەڵێک دروشمی بێ ناواخن وەک، تەبایی و برایەتی و ھاوخوێنی، و چی و چی بخەڵەتێنین، و وابزانین درگای جەنگمان بۆ ھەتا ھەتایە کڵۆم کردووە، ئەمە جگە لەوەی ھەندێک دۆخ ھەیە کە راستە ھیچ جەنگێک لە گۆڕێ نیە، بەڵام دەرئەنجامەکانی زۆر لە جەنگ و کوشتار خراپترو وێرانترن، دەکرێ دۆخی ئێستای کوردستان بەم دۆخە وێرانەیە بچوێنین، دۆخێک ھەمووی بەدگومانە لەوی دی، دۆخێک کە کەمترین پانتایی بۆ ئومێد بە ھەڵبژاردن و سیاسەت و یاسا و حزبایەتی، تەنانەت کوردبوون، ماوەتەوە!!.
ئەمڕۆ گەلی کورد لە ھەموو پارچەکانی، بەدیارکراویش ئەو ھێزانەی بەجۆرێک لە جۆرەکان نمایندەی ئەم گەلەن، گرنگە لەوە گەیشتبن، یاخود تێبگەن، کە دۆزینەوەی خاڵە ھاوبەشەکان لە ناو خۆیاندا، و پاشتر خاڵی ھاوبەش لەگەڵ بەرامبەر، و رکابەرەکانیان گرەنتی سەرخستنی پڕۆژەی نیشتمانیانە، خاڵێکی سەربار کە گرنگە لێرەدا ئاماژەی پێبکرێ ئەوەیە؛ ھیچ کات گەڕان بەدوای خاڵی ھاوبەش مانای نکوڵیکردن نیە لە جیاوازیەکان، بەڵکو پاراستنی جیاوازیەکانە لە ژێر نەزمێکی ھاوتەریبی یەکسان بۆ ھەموو گەل و حزب و پێکھاتە جیاوازەکان.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×