لە ململانێی ئایدیۆلۆژیاوە بۆ ململانێی پارە

هاوڕێ جەمال
  2023-07-28     393

 گەر بگەڕێینەوە بۆ شەستەکانی سەدەی رابردوو، بمانەوێ تان و پۆی ئەو ململانێیانە بکێشین کە لەناو حزبە کوردیەکاندا ھەبووە، ئەوا ئەتوانین بڵێیین، خاڵی بەیەکگەیشتنی ئەم پۆو تانە، بریتی بووە لە ئایدیۆلۆژیا. 
 پەیوەست بە حزبی سیاسیەوە، ئایدیۆلۆژیا بە مانای تێڕوانینی ئەو حزبە دێ لە رووی فکریەوە بۆ چەمکە جەوھەریەکانی ژیان بەنموونە، ئایین، کۆمەڵگە، ئابووری، دەسەڵات...ھەر لەبەر ئەوەشە دابەشبوونی نەخشەی فکریی حزبەکانی کوردستانی عێراق، لەوسەردەمەو پێشتریش دابەشبوون بەسەر چەپ و راستا.
 دیارە ئەم ململانێیە نابێ وا وێنای بکەین کە ململانێیەکی فکری پەتی بووەو بەرژەوەندی ماددی و نفوزی سیاسی رۆڵی نەبووە لە چەرخدانی، بەڵکو دەکرێ بڵێیین ئەوەندەی ئایدیۆلۆژیا وەک پایەیەکی فکری رۆڵی گێڕاوە لەم ململانێیانەدا ئەوەندە ناکۆکیەکان لەسەر سامان و پارە نەبووە.
 ئەتوانین بڵێیین، ئەم تێڕوانینە بۆ ململانێ و ناکۆکیەکانی حزبەکانی کوردستان تاوەکو کۆتایی نەوەتەکان دروستبوو، بەڵام گەر پێشتر بیری چەپ و راست، تان و پۆی ئەم ململانێیانەیان کێشابێ، ئەوا لە نەوەتەکان بەدواوە واتە پاش راپەڕین و دروستبوونی چەند حزبێکی ئیسلامی ململانێ و ناکۆکیەکان بازدانێکی جۆری بەخۆوە بینی، لەلایەک ململانێی چەپ و راست گۆڕا بۆ ململانێیەکی پەتی لەسەر پارەو دەسەڵات (یەکێتی و پارتی بە نموونە)، بەڵام لەولاشەوە ململانێی ئایدیۆلۆژیای ئایینی لەنێوان حزبە ئیسلامیەکان خۆیان لەلایەک و ململانێی ئایدیۆلۆژیای ئایینی و علمانی لەنێوان حزبە ئیسلامیەکان و ئەوانی تردا لەلایەکی تر بەردەوام بوو.
  ئەم قۆناغەش لە ململانێ لەو وێستگەیەدا کۆتایی ھات کە حزبە ئیسلامیەکان لەگەڵ حزبەکانی تردا لەسەر سەکۆی دەسەڵات کۆبوونەوەو ھەریەکەیان بە قەبارەو قورسایی خۆی لەو غەنیمەیەی خوارد کە بەرداشی دەسەڵاتی دەسوڕاند، ئیدی لەمە بەدوا تا ئەم چرکە ساتە ململانێکان یەک رەنگ و یەک وێنا بوون، ئەویش ململانێیە لەسەر کێکی دەسەڵات، ئەمە بۆ ھەموو حزبەکان راستە، تەنانەت بۆ حزبێکی وەک نەوەی نوێش، کە بەردەوام وا خۆی وێنا دەکا لەوانیتر جیاوازە، ئەوە نیە ئەم حزبە لە جیاتی ئەوەی پێمان بڵێ تێڕوانینی بۆ چەمک گەلێکی وەک ئایین، جیاوازی چینایەتی، فەلسەفەی دەسەڵات چیە، شەوو رۆژ ئەوە بە چاوی کۆمەڵگادا ئەداتەو، کە ئەندام پەرلەمانەکانی شوقەو ئۆتۆمبێل و خانەنشینی پەرلەمانیان رەتکردۆتەو، ئێمە ناڵێیین رەتکردنەوەی ھەموو ئەمانە ھیچنین، بەڵکو قسەمان لەسەر ئەوەیە کە سامان و ئیمتیازی ماددی لە جیاتی فکرو ئایدیۆلۆژیا بووەتە چەقی ملانێی نێوان حزبەکان و ئەوەی لەو بەینەدا بێ بەھاو بێ بایەخ ماوەتەوە، پرسە فکری و ئایدیۆلۆژیاکانە.
 پرسیارێک کە دێتە پێش، ئەوەیە ؛ مەترسی ئەم ملانێیە لە کوێدایە؟
 جارێ ھەموو ململانێیەک گەر بە شێوازێکی مەدەنیانە واتە دوور لە توندو تیژی و بەکارھێنانی ھێز بەڕێوەبچێ ھیچ کێشەیەکی نیەو بگرەزیندوێتی ئەو کۆمەڵگەیە دەسەلمێنێ کە ئەم ململانێیەی تێدا بەڕێوە دەچێ، بەڵام پەیوەست بەململانێ لەسەر سامان و پارە دەکرێ لێرەدا چەند خاڵێکی نێگەتیڤ باسبکەین، لەوانە:
١- ھەڵنانی کۆمەڵگا بۆ کۆمەڵگەیەکی تەواو ماددی، ئەوەی لە زانستی کۆمەڵناسی پێی دەڵێن کۆمەڵگەی ئاراستەکراوی پارە (Money oriented society) .
٢- بینینەوەی بەھا باڵاکان وەک ئایین، خۆشەویستی نیشتمان، ئازادی، جوامێری... لە پەراوێزی دەسەڵات و ئەو پوولە کاغەز و کانزایەی ناوی پارەیە.
٣- لە ھەمووی کارەساتبارتر ئەوەیە ، گەر بۆ گەلانێک کە خاوەنی نیشتمانی سەربەخۆ و نەبوونی کێشەی ناسنامە و دەوڵەتن، ململانێیەکی لەمجۆرە تا ئاستێک ئاسایی بێ، ئەوا بۆ کورد کە ھیچ کام لەو پایانەی نیە ململانێیەکی لەمجۆرە تەواوی کۆمەڵگەی پێوە راپێچی ئیفلاس بوونێکی بونیادی ئەکا کە دواجار نەک ھەر حزبەکان بەدەسی خاڵی لەو ململانێیە دێنەدەر، بەڵکو شیرازەی کۆمەڵگاش لێکھەڵدەوەشێ، وەک ئەوەی ئەمڕۆ ھەستی پێدەکەین.
٤- گەرچی خوودی ئایدۆلۆژیا وەک کۆمەڵێک بەھاو تێڕوانینی چەسپاوو نەگۆڕ، بۆ مۆنۆپۆلکردنی تەواوی کایەکانی کۆمەڵگا مەترسیدارە، بەڵام لەسەرئاستی حزبی سیاسی، غیابی ئایدیۆلۆژیا بەمانای ئەو دوکانە سیاسیە دێ کە ئەمڕۆ ئەتوانیین حزبەکانی کوردستانی پێ ناوزەدکەین.
ھەر لەبەرئەوە گۆڕینەوەی ئایدیۆلۆژیا بە سامان و دەسەڵات لەلایەن حزبەکانەوە، واتە گۆڕینەوەی خەبات و ئازادی و دواجار سەربەخۆیی بە درھەم و دینار.
 دەرئەنجام:
 ئەم بازدانە ترسناکە لە ململانێ ، بازدان لە ململانێی ئایدیۆلۆژیەوە بۆ ململانێی لەسەر کۆکردنەوەی زیاتری پارەو سامان، واتای ھەڵلوشینی بەھاو پرنسیپە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکان لەلایەن قوڕگێکی بەرژەوەندخوازو پاوانخوازەوە کە لە جیاتی حزبی نەتەوەیی و ئایین پەروەرو دیموکراسی، کۆمەڵێک دوکانی سیاسی و جەمسەری ئابوری لە کۆمەڵگە بۆ دروستکردین، کە لە ھەبوونی پێکھاتەیەکی ئاوادا ئەبێ کۆمەڵگەی کوردی ھەر چاوەڕێی رۆژێکی وەک ئەمڕۆ بکا کە پێی گەیشتووە، نەک شتی تر.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×