ھەولێر باجی ناکۆکی پارتی و یەکێتی ئەدا

هاوڕێ جەمال
  2022-03-13     478

ئەوەی شەوی رابردوو، لە ھەولێر روویدا، رێک ئاوێنەی سیاسەتی ھەردوو پارتی دەسەڵاتدارە(یەکێتی و پارتی)، لە ھەرێمی کوردستان.
پارتی و یەکێتی وەک دوو ھێزو دوو دەسەڵاتی ئەم ھەرێمە، گەر پێکەوە ھەڵیاننەکردبێ، ئەوا ھێزێکی تری لە خۆیان بەتواناتر، ئەو بۆشاییەی بۆ پڕ کردوونەتەوە، جا ئەو ھێزە دەوڵەتێکی ئیقلیمی بووبێ، یا نێودەوڵەتی.
ئەوەتا ئێستاش ئەبینین، کە ناکۆکیەکانی پارتی یەکێتی نەک لەسەر پێکھاتەی حکومەت و دەسەڵاتی نوێی عێراق، بگرە لەسەر ئاستی ناوخۆو شێوازی ئیدارەدانی ئابووری ھەرێم و خزمەتگوزاریەکان، رۆژ لەدوای رۆژ لەفراوانبووندان، و ئەوەی دواجاریش زەرەر مەندە لەو پەیوەندییە خراپەی ئەم دوو ھێزە، خەڵکی ھەرێمی کوردستانە.
یەکێتی و پارتی لەگەڵ ھەر گۆڕانکاریەک کە لە عێراق و ناوچەکە روودەدات، لە جیاتی ئەوەی لە رێگەی حکومەتی ھەرێم و دامەزراوە فەرمیەکانەوە بەیەک ئەجێنداو ستراتیژی نیشتیمانیانە بچنە پێشێ، دەبینین ھەریەکەیان بۆخۆی خەریکی سەوداو مامەڵەی خۆیەتی، دیارە ئەوەیان بیرچۆتەوە، گەر ئەم دوو ھێزە لە گۆڕەپانەکەدا قورساییەک گەر ھەیانبێ، پەیوەستە بە گەلی کوردستان و ھەرێمی کوردستان وەک ھەرێمێکی داننپیانراو لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکەو جیھان.
ئەوەی جێگەی نیگەرانی قوڵە ئەوەیە؛ زۆرجار ئەم ناکۆکیە حزبیانە، لەسەر دەسکەوتی حزبی و شەخسی، بەبێ ئەوەی بەخۆمان بزانین، کاریگەری نەرێنی لەسەر ھەستی نەتەوەیی و مرۆڤانەی ئێمە ھەیەو، بە موڵکردنی شارەکانی ھەرێمی کوردستان لەلایەن ئەم دوو ھێزەوە، ئینتمای نیشتمانی لای تاک و خەڵکە سادەکەش کاڵکردۆتەوە، تا ئەو ئاستەی بۆ نموونە، ھاوڵاتیەک لەدەرەوەی شاری ھەولێر، زۆر بەلایەوە گرنگ نەبێ کە پایتەختەکەی بەر ساروخ یا کاتیۆشا دراوە.
لەدەرئەنجامدا، گەر ئەم دوو ھێزە، فریای خۆیان نەکەون و لەسەر ھەمان ئەم نەھجە سیاسیە بڕۆن، کە ئێستا کاری لەسەر ئەکەن، زۆر نزیکە سەری خۆیان پێش ھەرێمەکە لەدەسبەن، دڵنیاشم کەم نین ئەوانەی گەر ئەم دوو دێڕە ببینن، بێ دوودڵی بڵێن: جا کوا ئەوە روویدابا!!.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×