ئێمە مێژوویەکی پڕ دووبارەمان هەیە لە دەستبەسەراگرتن و سووتان و تاڵانکردنی دەزگای میدیایی هەر لە سەرەتای ساڵی نەوەدەکانەوە تا ئەمڕۆژەی تیادا ئەم نوسینە یاداشت دەکەین، تاڵانکردنی ڕادیوی دەنگ لە گەرمیان، سووتانی دەزگایNRT و هێرشی سەر KNN و سووتانی تەلەفزیۆنی یەکگرتوو لە دهۆک، تا دەگاتە دەستبەسەراگرتن و تاڵانکردنی کەناڵی Zoom لەساڵی ڕابردوو. پرسیارێک دێتە ئاراوە کە ئایا کاریگەری ئەم پەلاماردانەی دەزگای میدیایەکان چی بەسەر پێگەی میدیا دەهێنێت؟ بەروە کوێمان دەگەیەنێت و چ گووتارێکێمان بۆ بەرهەم دەهێنێت؟ لێرەدا نامەوێت باس لە بیروبۆچونی ئایدۆلۆژی و دیدی حیزبیی پشت ئەم دەزگا میدیایانە بکەم، چونکە هەر یەکێک لە و میدیایانەی کە زۆرینەن لە کوردستان، خاوەنی تێروانی سیاسی و ئایدۆلۆژی و کۆمەلایەتی تایبەتی خۆیانن.
سەرەتا ئەبێت ئەوە بزانین کە کاتێک دەزگایەکی میدیایی تاڵان دەکرێت، دەسووتێنرێت یان دەکەوێتە ژێر دەستی هێزێکی باڵادەستی سیاسی، ئەوە تەنها هێرشێک نییە بۆ سەر دامەزراوەیەکی کارگێڕی یان کۆمەڵێک ڕۆژنامەوان، بەڵکو هێرشێکە بۆ سەر بنەماکانی دیموکراسی، ئازادیی ڕادەربڕین و مافی هاوڵاتیان بۆ زانینی ڕاستییەکان. بەشێوەیەکی تر، لێدان لە دەزگایەکی میدیایی ، تەنها بینا و کەرەستە و ئامێرەکانی نین، بەڵکو فەزایەکە کە تێیدا زانیاری بەرهەم دەهێنرێت ،تەنانەت ئەگەر دەزگاکان میدیایەکان نوێنەرایەتی پارتێکی سیاسی یان بیڕوبارەڕێکی تایبەتیش بکەن.
پێگەی میدیا لە کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیدا بریتیە لە گێڕانی ڕۆڵێکی بنەڕەتی لە پەیوەندی نێوان هاوڵاتی و دەسەڵات. میدیا دەتوانێت ڕووداوەکان بپشکنێت، زانیارییەکان پشتڕاست بکاتەوە، دەنگی گرووپە بێدەنگکراوەکان بگەیەنێتە فەزای گشتی و بەرپرسان ناچار بکات وەڵامی پرسیارەکان بدەنەوە. بەڵام کاتێک ئەم ئەرکەی میدیا لاواز دەکرێت یان دەخرێتە ژێر کۆنترۆڵی دەسەڵاتێکی سیاسی، توانای کۆمەڵگەش بۆ لێپرسینەوە و بەشداریی ئاگادارانە لە ژیانی سیاسی کەم دەبێتەوە.
لە کۆنترۆڵکردنی زانیارییەوە تا چەسپاندن و پتەکردنی پێگەی دەسەڵات:
بە شێوەیەکی گشتی گەر بمانەوێت پێناسەی دۆخی میدیای کوردی بکەین ئەبینین هەمیشە لە پرۆسەیەکی زۆر بازنەییدا گوزەری کردووە، ئەویش بریتیە لەوەی کە کۆنترۆڵکردنی میدیا پرۆسەیەکە کە لە کۆنترۆڵکردنی زانیارییەوە دەست پێ دەکات، بەڵام کاریگەرییەکانی زۆر لەوە فراوانترن، کاتێک دەسەڵاتێک بتوانێت کۆنترۆڵی زانیاری بکات و فەرمان بدات کە چ زانیارییەک بڵاو بکرێتەوە، یان کام ڕووداو پشتگوێ بخرێت و کام دەنگ کپ بکرێتەوە، کەواتە سنووردانانە بۆ زانیاری، هەروەها ئاڕاستە کردنی خەلکیشە لەوەی کە دەبێت چی بزانن، چۆن ڕووداوەکان لێکبدەنەوە و بە چیش باوەڕ بکەن.
کەواتە کۆی پرۆسەکە بریتتیە لە کۆنترۆڵکردنی سیستەمی زانیاری واتا کۆنترۆڵکردنی زانیاریی بەردەست کە ئەمە کاریگەری لەسەر باوەڕ و تێگەیشتنی گشتی هەیە، کە هۆکارن بۆ پرۆسەی قالبکاری و کڵێشەکردنی کولتووری سیاسی و دەرهاویشتەکەی کە بەهێزکردنی دەسەڵات و هێزە تایبەتە باڵادەستەکانە.
بەم مانایە، دەسەڵاتی سیاسی بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگە پێویستی بە بەکارهێنانی هێزی فیزیکی و سەربازی نییە بەتەنها. هەندێک جار دەتوانێت بە کۆنترۆڵکردنی ڕێڕەوی زانیاری، سنووردارکردنی گفتوگۆی گشتی و قالبکاری و کڵێشەکاری بۆ تێگەیشتنی هاوڵاتیان، دەسەڵات و پێگەی خۆیان بەهێز تر بکەن. کاتێک تەنها گێڕانەوە و روایەتی فەرمی دەرفەتی بڵاوبوونەوەی هەبێت، ئەگەری ئەوە کەم دەبێتەوە کە خەڵک بتوانن بۆچوونەکانی دەسەڵات بەراورد بکەن، پرسیاریان لێ بکەنەوە و ڕیوایەتە بەدیل و جێگرەوەکان بخەنە ڕوو.
بەداخەوە لە هەرێمی کوردستان کۆنترۆڵکردنی میدیا تەنها بە هێرشکردنی فیزیکی نەبووە لەلایەن دەستەڵاتدارانەوە، بەڵکو بۆ ڕام کردنی هەر دەنگێکی جیاوازیش کە وەک دەنگی سەربەخۆ دەرکەوتبێت، سەربازگەلێکی گەورەیە لە میدیای سێبەر و قەناس بەدەستی میدیاییان دروستکردووە، تا دەنگە جیاوازەکان کپ بکەن و تۆمەتی کۆمەڵایەتی و لکە و پەڵەی ئەخلاقی دروست بکەن، تا دەگاتە بەندکردن و ئەشکەنجەدان و تەنانەت کوشتنی میدیاکاران. لەم مێژووەدا فشارەکانی سەر ڕۆژنامەوانان لە چەندین شێوەدا خۆیان دەردەخەن: داواکاریی یاسایی و فشاری دامەزراوەیی، دەستگیرکردن و تۆمەتبارکردن، هەڕەشە و ترساندن، هەراسانکردنی ئۆنلاین، بڵاوکردنەوەی زانیاریی ناڕاست، هێرشکردنە سەر متمانەی ڕۆژنامەوانان و بەکارهێنانی پلاتفۆرمەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ گەورەکردنەوەی دابەشبوون و توندوتیژیی سیاسی.
ئەم شێوازانە، هەرچەندە لە ڕووی شێوە و ئامرازەوە جیاوازن، لە ڕەوتێکی هاوبەشدا کۆ دەبنەوە: ئەویش لاوازکردنی توانای میدیا بۆ کارکردن بە سەربەخۆیی، لەسەرو ئەمەشەوە بریتی بووە لە لاوازبوونی متمانەی گشتی بە میدیا و دامەزراوەکانی کۆمەڵگە. بەم شێوەیە، ڕەنگە سانسۆر پێویست نەکات بۆ قەدەغەکردنی هەواڵێک بەلکو دەتوانێت لە ڕێگەی دروستکردنی ترس، فشار و ناڕوونی یاساییەوە خۆسانسۆری بەرهەم بهێنێت.
کاتێک هێزێکی سیاسی و سەربازی دەزگایەکی میدیایی داگیر دەکەن و لەناوی دەبەن: (نموونە تاڵانکردن و دەستبەسەراگرتنی کەناڵی زووم لە ساڵی رابردووەدا)
تاڵانکردن یان سووتاندنی دەزگایەکی میدیایی، بە تایبەتی ئەگەر لەگەڵ هەڕەشەکردن لە ڕۆژنامەوانان یان گۆڕینی ئاراستەی سیاسی و ناوەڕۆکی دەزگاکەدا بێت، دەتوانێت ببێتە هێمایەک بۆ گۆڕانکارییەکی قووڵتر لە پەیوەندی نێوان پێگەی میدیا و دەسەڵات.
گرنگە لێرەدا جیاوازی بکەین لە نێوان دەستبەسەرداگرتنی فیزیکیی دامەزراوەیەکی میدیایی هەروەها کۆنترۆڵکردنی کارکردن و ناوەڕۆکە میدییاەکانی ئەو دامەزراوەیە. لە حاڵەتی یەکەمدا، هێزێک بە زۆر دەست بەسەر بینا و ئامێر یان کەرەستەکانی میدیا دەگرێت. لە حاڵەتی دووەمدا، دەکرێت ناوەڕۆک، سیاسەتی هەواڵ، هەڵبژاردنی بابەتەکان و ئاراستەی گێڕانەوەی گشتی بگۆڕدرێت لە رێگەی فشار و هەرەشە بێت یان کڕینی کادرە میدیایەکانەوە بێت.
لە دۆخی یەکەمدا، ، پێویستە هەر ڕووداوێکی لەم جۆرە بە وردی لێکۆڵینەوەی لەبارەوە بکرێت: کێ هێرشەکەی ئەنجام دا؟ ئایا مەبەست تاڵانکردن و تێکدانی کەرەستەکان بوو، یان کۆنترۆڵکردنی دامەزراوەکە و گۆڕینی ناوەڕۆکەکەی؟ لە دۆخی دووەمدا و دوای تاڵانکارییەکە، ئایا ڕۆژنامەوانان و میدیاکاران دواتر توانای کاری سەربەخۆیان خۆیان پاراستووە؟ ئایا سیاسەتی هەواڵ و بۆچوونە سیاسییەکانی دەزگاکە گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە؟ و ئایا ئەم گۆڕانکارییانە لە ژێر فشاری هێزێکی سیاسی ڕوویان دا؟ وەڵامی ئەم پرسیارانە یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی جیاوازی بکەین لە نێوان تاوانێکی ئاسایی دژی موڵک و هێرشێکی ئامانجدار بۆ سەر سەربەخۆیی میدیا.
لێرەدا کەناڵی زووم وەک نموونەیەک و مشتێ لە خەرواری مێژووی پەیوەندی دەستەلاتی کوردی و میدیا وەک زیندووترین نموونە دەهێنمەوە: کە رووبەرروی هەردوو دۆخەکە بۆتەوە، یەکەم هەنگاو بریتی بوو لە پەلاماردان و تاڵانکردنی ئامێر و کەرەستەکان، لە دوای ئەم کردوەوەیە و بەدیاریکراوی لە دوای ساڵێک هەوڵدان بووە بۆ فشارکردن و کۆنترۆڵکردنی ئەو کادرانەی لەو دامەزراوەیە مابوونەوە و بەردەوام بوون.
ئەگەر دەزگایەکی میدیایی لە دەستبەسەرداگرتن، تاڵانکردن یان هەڕەشەی توندوتیژی دوای ڕووداوێکی سیاسی، ناچار بکرێت ناوەڕۆک و بەهاکانی بگۆڕێت (کە بەدرێژای مێژووی دوای راپەرین ئەم وەنەیە دووبارە و دەبارە دەبێتەوە) ئەوا پرسیارەکە تەنها ئەوە نییە کە کێ خاوەندارێتیی دەزگاکەی هەیە؟ پرسیاری بنەڕەتی ئەوەیە: کێ و چ هێزێک دەیەوێت بڕیار بدات کە چی ڕاستە؟ چی شایەنی بڵاوکردنەوەیە و کام دەنگ مافی ئەوەی هەیە بگاتە فەزای گشتی و خەلک؟ کە ئەمە بەشێکی گەورەیە لە قۆرخکاری و تەسکردنەوەی بیری ئازاد و پوکانەوەی کلتووری سیاسی و دیموکراسی.
میدیای و بنەمای هاوبەشی دیموکراسی:
دیموکراسی تەنها بە هەڵبژاردن و گۆڕینی حکومەت لە ڕێگەی سندوقی دەنگدانەوە پێک نایەت. دیموکراسی پێویستی بە هاوڵاتی هۆشیار و بەئاگا و زانیاریی پشتڕاستکراوە و گفتوگۆی ئازاد و دامەزراوەیەکی بەهێزی لێپرسینەوەش هەیە. میدیا کایەیەکە لەو دامەزراوانەی کە ئەم پێکهاتانەی سەرەوە پێکەوە دەبەستێتەوە. هەر بۆیە لاوازکردن و سووتان و تاڵانکردنی دەزگای میدیا و هەمیشە بنەما گرنگەکانی دیموکراسی لەم هەرێمەدا لاواز کردووە. کاتێک هاوڵاتیان نەیانتوانی دەستیان بە زانیاریی جیاواز و سەربەخۆ بگات لە لایەن ئەو میدیا سووتاو تاڵانکراوەوە ئەوا توانایان بۆ هەڵسەنگاندنی گۆشەنیگاو بڕیارە سیاسییەکان، ناسینەوەی گەندەڵی و نادادپەروەری و داواکردنی لێپرسینەوەش کەم دەبێتەوە.
میدیا، دەسەڵاتی تاکڕەو و بەرهەمهێنانی کولتووری سیاسی:
ئەم باسە بە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە پرسیاری پاوانخوازی و کولتوورەوە هەیە: ئایا دەسەڵاتی تاکڕەو تەنها بە زۆر کۆمەڵگە کۆنترۆڵ دەکات، یان هەوڵ دەدات شێوەی بیرکردنەوە و تێگەیشتنی گشتییش دیاری بکات؟
بە پێی ڕوانگەیەکی ڕەخنەگرانە، دەسەڵات تەنها لە ڕێگەی یاسا، هێز و دامەزراوە فەرمییەکانەوە کار ناکات، بەڵکو هەوڵ دەدات کاریگەری لەسەر ئەو مانا و بەهایانەش دابنێت کە کۆمەڵگە بەهۆیانەوە جیهان لێک دەداتەوە. میدیا یەکێکە لەو کایانەی کە تێیدا ئەم ململانێیە بۆ مانا و باوەڕ دەرەخسێنێت.
دەسەڵاتی پاوانخواز لە هەرێمی کوردستاندا هەمیشە هەوڵی داوە:
گێڕانەوە و روایەتی فەرمی لەسەر ڕووداوەکان بگۆڕێت بۆ گێڕانەوەیەکی زاڵ و قۆرخکار.
ڕەخنە و ناڕەزایەتیەکانی دەروەی بەرژوەندی خۆیان بە شێوەیەکی نەرێنی پیشان بدات و وێنەیەکی قێزوەنیان بۆ دروست بکات.
هەروەها بۆچوونی جیاواز وەک هەڕەشەیەک بۆ سەقامگیری یان یەکگرتوویی کۆمەڵگە بناسێنێت.
بەردەوامبوونی ئەم شێوازە دەتوانێت لە رەوتی درێژخایەندا کاریگەری لەسەر کولتووری سیاسی دابنێت، کولتوورێک کە تێیدا گوێڕایەڵبوون و دەستەمۆیی پێ باشتر بێت لە ڕەخنە گرتن ، هەموو پرسیارکردنێکی جدی بە نیشانەی دوژمنایەتی و شەڕانگێزی وێنا بکات، دەراەنجامەکەی ئەوەیە کە دەنگی جیاواز تێیدا بەند و زەلیل دەکرێت.
بەڵام کۆمەڵگە تەنها وەرگری ئەم گێڕانەوانە نییە. بەڵکو ڕۆژنامەوانان، هونەرمەندان، چالاکەوانان و هاوڵاتیان دەتوانن بەرهەمهێنەری گێڕانەوەی جێگرەوە و بەدیل بن و مانا و بەها زاڵەکان بخەنە ژێر پرسیارەوە. بۆیە ململانێی نێوان میدیا و دەسەڵاتی قۆرخکار، لە بنەڕەتدا ململانێیەکە لەسەر ئازادیی بیرکردنەوە، مافی زانین و توانای کۆمەڵگە بۆ دیاریکردنی داهاتووی خۆی . پەیوەندییە هاوکێشەی دەسەڵات و کۆنترۆڵی میدیا دەتوانرێت بەم چوارچێوەیە ڕوون بکرێتەوە:
دەسەڵات
هەوڵی کۆنترۆڵکردنی میدیا
قالبکاری و کڵێشەسازیی بۆ گێڕانەوە و ڕوایەتیی گشتی
گۆڕینی کولتووری سیاسی
سنووردارکردنی فەزای دەنگە جێگرەوەکان
ئەمە هاوکێشەیە ئەوەمان بۆ روون دەکاتەوە کە بۆچی سەربەخۆیی میدیا بابەتێکی تەکنیکی یان پیشەیی ڕووت نییە. ئەمە بابەتێکی سیاسی و کولتوورییە کە پەیوەندی بە جۆری کۆمەڵگەیەوە هەیە کە دەمانەوێت تێیدا بژین.
پاراستنی میدیای سەربەخۆ وتەنانەت میدیای حیزبیش، پاراستنی مافی کۆمەڵگەیە
ئەگەر میدیای سەربەخۆ و یان تەنانەت میدیای حیزبیش لەناو ببرێیت و بسوتێنرێت یان لاواز بکرێت ئەوا کۆمەڵگە بنەمایەکی گرنگی هاوبەش لەدەست دەدات کە ئەویش بنەماکانی گفتوگۆی سیاسی، دادپەروەری، گەندەڵی و پرسی ئایندەی کۆمەلگاکەیە.
لەبەر ئەوە، کاتێک دەزگایەکی میدیایی تاڵان دەکرێت، دەسووتێنرێت یان بە شێوەیەک کۆنترۆڵ دەکرێت کە سەربەخۆییەکەی لەدەست بدات، نابێت ڕووداوەکە تەنها وەک زیانێک بۆ بینا و کەرەستەکانی سەیر بکرێت. پێویستە بپرسین: ئەم هێرشە چ کاریگەرییەکی لەسەر مافی کۆمەڵگە بۆ زانین، ئازادیی ڕادەربڕین و توانای لێپرسینەوە لە دەسەڵات هەیە؟
پاراستنی میدیا بە مانای پاراستنی دامەزراوەیەکی تایبەت یان بەرژەوەندیی گرووپێکی سیاسی نییە، بەڵکو پاراستنی فەزایەکی هاوبەشە کە تێیدا ڕاستییەکان دەتوانن بگەنە گشتی، دەسەڵات بخرێتە ژێر پرسیار و هاوڵاتیان بتوانن بە ئاگایی بەشداری لە ژیانی سیاسی بکەن.