لە دابەشبوونی مێژوویی و دووناوەندیی دەسەڵاتەوە بۆ یەکگرتوویی دامەزراوەیی
پێشەکی: بۆچی چارەسەرە کاتییەکان ناتوانن کۆتایی بە قەیرانەکان بهێنن؟
قەیرانی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە جارێکی دیکە بووەتە جێگەی ناکۆکیی نێوان هێزە سیاسییەکان، پرسیارێکی بنەڕەتی دەخاتە بەردەممان: بۆچی دوای زیاتر لە سێ دەیە لە دامەزراندنی دەسەڵاتی هەرێم، و سەرەڕای ئەو هەموو هەڵبژاردن، ڕێککەوتن و هەوڵانەی بۆ یەکخستنی ئیدارەکان دراون، هێشتا قەیرانە سیاسی و دامەزراوەییەکان دووبارە دەبنەوە؟
لە هەر قۆناغێکی ئەم قەیرانانەدا، چارەسەرەکان زۆرجار لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی نێوان حیزبە سەرەکییەکان، دابەشکردنی پۆست و دەسەڵات، کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەتدا گەڕاون. ئەم ڕێککەوتنانە دەتوانن گرژییەکان کەم بکەنەوە، ڕێگە بۆ بەردەوامبوونی کارکردنی دامەزراوەکان بکەنەوە و لە هەندێک بارودۆخدا ڕێگە لە قووڵتربوونەوەی قەیران بگرن. بەڵام ئەم سوودە کاتییانە بە خۆیان بنەمایەکی بەردەوام بۆ ڕێکخستنی ناکۆکییەکان دانامەزرێنن.
هەندێک ڕاڤە ئەم کێشانە دەگەڕێننەوە بۆ نەبوونی سەرکردەیەکی کاریزما، لاوازیی پەیوەندیی نێوان سەرکردایەتیی حیزبەکان، یان دەستێوەردانی هێزە دەرەکییەکان. هەندێکی دیکەش پێیان وایە کە ڕێککەوتنی پارتی و یەکێتی و پێکهێنانی حکومەتێکی هاوبەش دەتوانێت کۆتایی بە قەیرانەکان بهێنێت.
ئەم هۆکارانە دەتوانن لە قۆناغە دیاریکراوەکاندا کاریگەرییان هەبێت، بەڵام بەتەنها ناتوانن ڕوونی بکەنەوە کە بۆچی قەیرانەکان، تەنانەت دوای ڕێککەوتن و پێکهێنانی حکومەتە هاوبەشەکانیش، بە شێوەی نوێ سەرهەڵدەدەنەوە.
لەبەر ئەوە، پێویستە جیاوازی بکەین لە نێوان چارەسەری کاتیی قەیران و چارەسەرکردنی هۆکارەکانی دووبارەبوونەوەی قەیران. یەکەمیان دەتوانێت ناکۆکییە دیارەکان کەم بکاتەوە، بەڵام دووەمیان پێویستی بە گۆڕانکاری لەو پێکهاتە و پەیوەندییانەدا هەیە کە ناکۆکییەکان دووبارە بەرهەم دەهێننەوە.
لە ڕوانگەی ئەم وتارەوە، قەیرانی هەرێمی کوردستان تەنها ناکۆکییەکی سیاسی لە نێوان دوو حیزبی دەسەڵاتداردا نییە. بەڵکو دەتوانرێت وەک دەرکەوتەی پێکهاتەیەکی ئاڵۆزی مێژوویی، سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری لێی بکۆڵرێتەوە؛ پێکهاتەیەک کە تێیدا دابەشبوونی ناوخۆیی، دوو ناوەندی دەسەڵاتی حیزبی، ئابووریی ڕێنتی، سەرمایەداریی ناسیاوگەری و لاوازیی دامەزراوە هاوبەشەکان دەتوانن یەکتری بەهێز بکەن و بازنەیەکی داخراوی دووبارەبەرهەمهێنانەوەی قەیران دروست بکەن.
ئەم پەیوەندییە تەنها لە ململانێی نێوان دوو حیزبدا کورت نابێتەوە. کاتێک سەرچاوەکانی داهات، دەرفەتە ئابوورییەکان و بەشداریکردن لە بڕیارداندا بە تۆڕەکانی دەسەڵاتی سیاسییەوە گرێ دەدرێن، توانای چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکان بۆ خۆڕێکخستن، بەشداریکردنی سەربەخۆ و لێپرسینەوە لە دەسەڵاتداران دەتوانێت سنووردار بکرێت. ئەمەش بە نۆرەی خۆی ڕێگە لە گەشەکردنی دامەزراوە هاوبەش و سەربەخۆکان دەگرێت و پەیوەندیی وابەستەیی نێوان کۆمەڵگا و ناوەندەکانی دەسەڵات بەردەوام دەکات.
بەڵام ئایا کێشەکە تەنها لە بوونی دوو ناوەندی دەسەڵاتدایە؟ ئایا یەکخستنی ئیدارەکان، بەبێ گۆڕینی شێوازی بڕیاردان و پەیوەندیی نێوان دەسەڵات و کۆمەڵگا، دەتوانێت یەکگرتووییەکی ڕاستەقینە دروست بکات؟ یان پێویستە جیاوازی بکەین لە نێوان یەکگرتوویی فەرمیی دامەزراوەکان و یەکگرتووییەکی دامەزراوەیی کە لەسەر بنەمای یاسا، بەشداریکردنی ئاسۆیی ناوچەکان، نوێنەرایەتیی کۆمەڵگا و بەرپرسیارێتیی دەسەڵات دامەزرابێت؟
ئەمەش دەمانگەیەنێتە پرسیاری سەرەکیی وتارەکە: چۆن دەتوانرێت ئەو بازنە داخراوە بشکێنرێت کە تێیدا دابەشبوونی دەسەڵات، وابەستەیی ئابووری و لاوازیی دامەزراوە هاوبەشەکان یەکتری دووبارە بەرهەم دەهێننەوە؟
بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، سەرەتا جیاوازیی نێوان قەوارەی فەرمیی هەرێمی کوردستان و ڕێکخستنی دەسەڵات لە کردەوەدا دەخەینە ڕوو. پاشان ڕەگ و ڕیشەی مێژوویی و ئابووریی ئەو جیاوازییە و هۆکارەکانی بەردەوامبوونی دەخەینە بەر لێکۆڵینەوە. لەسەر ئەو بنەمایە، سنوورەکانی ڕێکخستنی ئێستا هەڵدەسەنگێنین و ئەگەری ڕێکخستنەوەی دەسەڵات، بەشداریی کۆمەڵگا و گۆڕینی بنەما ئابوورییەکان دەخەینە بەرباس.
ئەم وتارە هەوڵ نادات هەموو ڕەهەندە مێژوویی، سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی قەیرانی هەرێمی کوردستان بە وردی شیکار بکات، بەڵکو هەوڵ دەدات پەیوەندیی نێوان هۆکارە سەرەکییەکان ڕوون بکاتەوە و چەند ئاراستەیەک بۆ دەربازبوون لە بازنەی دووبارەبوونەوەی قەیران بخاتە بەرباس. شیکردنەوەی قووڵتری هەر یەک لەم بابەتانە پێویستی بە توێژینەوەی سەربەخۆ و گفتوگۆی فراواتری نێوان توێژەران هەیە.
ئامانج ئەوە نییە مۆدێلێکی سیاسیی ئامادە بەسەر واقعی کوردستاندا بسەپێنین، بەڵکو ئەوەیە بزانین چ جۆرە ڕێکخستنێک دەتوانێت فرەیی مێژوویی، ناوچەیی و کۆمەڵایەتیی کوردستان بگۆڕێت بۆ بنەمای بەشداریکردن و یەکگرتوویی دامەزراوەیی، نەک سەرچاوەی دووبارەبوونەوەی دابەشبوون و قەیران.
یەکەم: قەوارەی فەرمیی هەرێمی کوردستان و دامەزراوەکانی
هەرێمی کوردستان، وەک قەوارەیەکی فیدراڵی لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا، خاوەنی بنەمایەکی دەستووری و یاسایی و دامەزراوە فەرمییەکانی خۆیەتی. پەرلەمان، حکومەت، سەرۆکایەتیی هەرێم و دامەزراوەکانی دادوەری، هەر یەکەیان لە چوارچێوەی دەسەڵات و ئەرکە دیاریکراوەکانی خۆیاندا، دەبێت بەشداری لە بەڕێوەبردنی کاروباری گشتی، ڕێکخستنی پەیوەندییە سیاسییەکان، جێبەجێکردنی یاسا و پاراستنی مافەکانی هاووڵاتیاندا بکەن.
بەڵام بوونی ئەم دامەزراوانە و دانپێدانانی یاسایی بە دەسەڵاتەکانیان، بەتەنها ناتوانێت کارایی، سەربەخۆیی و توانایان بۆ ڕێکخستنی ناکۆکییە سیاسییەکان مسۆگەر بکات. لێرەدا پێویستە جیاوازی بکەین لە نێوان بوونی فەرمیی دامەزراوەکان، شێوازی ڕێکخستنیان و چۆنیەتی کارکردنیان لە واقعی کۆمەڵگادا.
ئەزموونی زیاتر لە سێ دەیەی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستاندا نیشان دەدات کە دامەزراندنی قەوارەیەکی فەرمی و هەوڵەکانی یەکخستنی ئیدارەکان، نەیانتوانیوە بە تەواوی کۆتایی بە دابەشبوونی ناوخۆیی و دووناوەندیی دەسەڵاتی حیزبی بهێنن. ئەو دابەشبوونە لە قۆناغە جیاوازەکاندا شێوەی سیاسی، ئیداری و ئابووریی نوێی وەرگرتووە و کاریگەریی لەسەر کارکردنی دامەزراوە هاوبەشەکان داناوە.
ئەم دۆخە تەنها لە قەیرانی پێکهێنانی حکومەت یان کارکردنی پەرلەماندا دەرناکەوێت؛ بەڵکو پەیوەندیی بە پرسیارە فراوانترەکانی حوکمڕانییەوە هەیە: چەندە دامەزراوەکان دەتوانن بە سەربەخۆیی بڕیار بدەن؟ تا چ ڕادەیەک سەرچاوەکانی داهات و دەسەڵات لە چوارچێوەی یاسا و بەرپرسیارێتیی گشتیدا بەڕێوە دەبرێن؟ کۆمەڵگا چەند دەرفەتی کاریگەریی ڕاستەقینەی لەسەر بڕیاردان و چاودێریکردنی دەسەڵات هەیە؟
توانای دامەزراوەکان بۆ دابینکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و دابەشکردنی دادپەروەرانەی دەرفەتەکانی گەشەکردنیش پێوەری کارایییانە. بەم پێوەرە دەتوانین ببینین جیاوازیی نێوان قەوارەی فەرمی و کارکردنی دەسەڵات لە کردەوەدا چ ئەنجامێکی بۆ ژیانی هاووڵاتیان و پەیوەندیی نێوان ناوچەکان هەیە.
پەرلەمان لێرەدا نموونەیەکی گرنگە. ئەم دامەزراوەیە لە بنەڕەتدا دەبێت جێگەی نوێنەرایەتیی هاووڵاتیان، یاسادانان و چاودێریکردنی حکومەت بێت. بەڵام کاتێک ململانێی ناوەندەکانی دەسەڵاتی حیزبی لە ناو پەرلەماندا دووبارە بەرهەم دەهێنرێتەوە، ئەگەری ئەوە زیاد دەبێت کە توانای پەرلەمان بۆ ئەنجامدانی ئەرکە سەربەخۆکانی سنووردار بکرێت و ببێتە بەشێک لە قەیران، لەبری ئەوەی ببێتە چوارچێوەی چارەسەرکردنی.
بەڵام لێرەدا پرسیارەکە تەنها ئەوە نییە کە دامەزراوە فەرمییەکان تا چ ڕادەیەک بەپێی یاسا و ئەرکە دیاریکراوەکانیان کار دەکەن؛ بەڵکو پرسیارێکی بنەڕەتیتر ئەوەیە: ئایا خودی شێوازی ڕێکخستنی ئەم دامەزراوانە لەگەڵ ئاستی گەشەکردنی ئابووری و کۆمەڵایەتی، توانای بەشداریکردن و خۆڕێکخستنی کۆمەڵگا، و پێداویستییە واقعییەکانی هەرێمی کوردستاندا هاوتایە؟
لە هەمان کاتدا، ئایا ئەم ڕێکخستنە دامەزراوەییە خەسڵەتە مێژوویی، جوگرافیایی و کۆمەڵایەتییە تایبەتییەکانی کوردستان و جیاوازیی نێوان ناوچەکانی لەبەرچاو گرتووە؟ ئایا توانیویەتی ئەو فرەیی و جیاوازییانە لە چوارچێوەیەکی یاسایی و دامەزراوەییدا بگۆڕێت بۆ بنەمای بەشداریکردن و هاوئاهەنگی، یان بەشێک لەو جیاوازییانە لە دەرەوەی میکانیزمە فەرمییەکانی بڕیارداندا ماونەتەوە؟
ئەم پرسیارانە گرنگن، چونکە دامەزراوەکان تەنها ئامرازێکی یاسایی و ئیداری نین؛ بەڵکو چوارچێوەیەکن بۆ ڕێکخستنی پەیوەندیی نێوان دەسەڵات و کۆمەڵگا، نێوان ناوەند و ناوچەکان، و نێوان بەرژەوەندییە جیاوازەکان. لەبەر ئەوە، هەڵسەنگاندنیان تەنها بە پێوەری جێبەجێکردنی یاسا تەواو نابێت، بەڵکو دەبێت توانایان بۆ نوێنەرایەتیکردنی ئەو فرەییە و ڕێکخستنی ناکۆکییەکانیش لەبەرچاو بگیرێت.
بەڵام گونجانی دامەزراوەکان لەگەڵ واقعی مێژوویی و کۆمەڵایەتی، بە مانای پاراستنی هەموو پەیوەندییە نەریتی و پێکهاتەکانی دەسەڵاتی ئێستا نییە. بە پێچەوانەوە، پرسیارەکە ئەوەیە کە چۆن دەتوانرێت دامەزراوەیەک دابمەزرێت کە لە هەمان کاتدا واقعی کۆمەڵگا لەبەرچاو بگرێت و دەرفەت بۆ گۆڕانکاری، بەشداریکردنی فراوانتر و گەشەکردنی پەیوەندییە دامەزراوەییەکان بڕەخسێنێت.
لێرەدا دەگەینە پرسیارێکی دیکە: ئایا کێشەکە لە شێوازی ڕێکخستنی دامەزراوەکان و دابەشکردنی دەسەڵاتدایە، یان لە چۆنیەتی بەکارهێنانی ئەو دامەزراوانە لەلایەن هێزە سیاسییەکانەوە؟
ناتوانرێت پێشوەختە یەکێک لەم دوو هۆکارە وەک هۆکاری تاکانە دیاری بکرێت. ئەگەری ئەوە هەیە کە کەموکوڕییەکانی ڕێکخستنی دامەزراوەیی و شێوازی بەکارهێنانی دەسەڵات یەکتری بەهێز بکەن و ببنە هۆی بەردەوامبوونی قەیرانەکان.
بۆیە کێشەی سەرەکی تەنها بوونی ناکۆکیی نێوان پارتی و یەکێتی نییە، بەڵکو ئەوەشە کە بۆچی دامەزراوە هاوبەشەکان نەیانتوانیوە ببنە چوارچێوەیەکی بەهێز و جێگیر بۆ ڕێکخستنی ئەو ناکۆکییانە، بە جۆرێک کە بڕیارە سیاسییەکان لە ڕێگەی یاسا و دامەزراوە بەرپرسیارەکانەوە بگیرێن، نەک تەنها لە ئەنجامی ڕێککەوتنی نێوان ناوەندەکانی دەسەڵاتی حیزبی.
بۆ تێگەیشتن لە هۆکاری ئەم جیاوازییە لە نێوان قەوارەی فەرمی و کارکردنی واقعیی دامەزراوەکان، پێویستە لە بەشی داهاتوودا بپرسین: لە کردەوەدا دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان چۆن ڕێکخراوە، کێ بڕیار دەدات و کێ سەرچاوەکانی دەسەڵات کۆنترۆڵ دەکات؟
دووەم: لە کردەوەدا دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان چۆن ڕێکخراوە؟
بۆ تێگەیشتن لە سنووری توانای دامەزراوە فەرمییەکان لە ڕێکخستنی ناکۆکییە سیاسییەکاندا، پێویستە لە قەوارەی یاسایی دەسەڵاتەوە بگوازرێینەوە بۆ چۆنیەتی ڕێکخستن و کارکردنی دەسەڵات بە کردەوە.
لێرەدا چەند پرسیاری بنەڕەتی سەرهەڵدەدەن: کێ بڕیارە سەرەکییە سیاسی و ئابوورییەکان دەدات؟ کێ جێبەجێیان دەکات؟ کێ کۆنترۆڵی سەرچاوەکانی داهات و هێزە ئەمنی و سەربازییەکان دەکات؟ سوودمەندە سەرەکییەکانی ئەم ڕێکخستنە کێن؟ و تا چ ڕادەیەک ئەم دەسەڵاتانە لە ئەنجامی هەڵبژاردن و میکانیزمە یاساییەکانەوە سەرچاوە دەگرن، یان لە هاوسەنگیی هێزی ناوەندە سیاسییەکان؟
لە هەرێمی کوردستاندا، سەرەڕای بوونی چوارچێوەیەکی فەرمیی هاوبەش، دوو ناوەندی سەرەکیی دەسەڵاتی حیزبی، بە پەیوەندییە ناوچەیی و ئیدارییە جیاوازەکانیانەوە، بەردەوام بوون. پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، هەر یەکەیان لە ناوچەکانی نفووزی خۆیدا، خاوەنی تۆڕی دەسەڵات و پەیوەندیی تایبەت بە دامەزراوە ئیداری، ئەمنی، سەربازی و سەرچاوە ئابوورییەکان بوون.
ئەمە بە مانای نەبوونی دامەزراوە هاوبەشەکان یان نەبوونی هیچ جۆرە هاوئاهەنگییەک لە نێوانیاندا نییە؛ بەڵکو مانای ئەوەیە کە یەکگرتوویی فەرمیی دامەزراوەکان هەمیشە هاوتای یەکگرتوویی واقعیی بڕیاردان، جێبەجێکردن و کۆنترۆڵی سەرچاوەکان نەبووە.
لەم بارودۆخەدا، دەسەڵاتی سیاسی تەنها لە ڕێگەی دامەزراوە هەڵبژێردراوەکانەوە کار ناکات، بەڵکو تۆڕە حیزبی و ناوچەییەکانیش لە دیاریکردنی بڕیار و جێبەجێکردنیدا ڕۆڵ دەگێڕن. ئەم دوو ئاستەی دەسەڵات، واتە ئاستی فەرمیی دامەزراوەکان و ئاستی واقعیی ناوەندەکانی هێز، هەمیشە لەگەڵ یەکتردا هاوتا نین.
ئەم جیاوازییە دەتوانێت ڕوون بکاتەوە کە بۆچی ناکۆکییە سیاسییەکان هەمیشە لە ڕێگەی میکانیزمە دەستووری و یاساییەکانەوە یەکلا ناکرێنەوە. کاتێک بڕیارە بنەڕەتییەکان پێویستیان بە ڕێککەوتنی ناوەندەکانی دەسەڵاتی حیزبی هەبێت، توانای دامەزراوە فەرمییەکان بۆ چارەسەرکردنی سەربەخۆی ناکۆکییەکان سنووردار دەبێت.
پەرلەمان لەم دۆخەدا تەنها مەیدانی نوێنەرایەتیی هاووڵاتیان و ململانێی بەرنامە سیاسییە جیاوازەکان نابێت؛ بەڵکو دەتوانێت ببێتە مەیدانێکی دیکەی ململانێی دوو ناوەندی دەسەڵات. بە هەمان شێوە، پێکهێنانی حکومەتێکی هاوبەشیش بەتەنها ناتوانێت ئەو جیاوازییە لە نێوان یەکگرتوویی فەرمی و دابەشبوونی واقعیی دەسەڵاتدا لەناو ببات.
پەیوەندیی نێوان کۆنترۆڵی ناوچەیی و دەسەڵاتی دامەزراوەکان
بوونی دوو ناوەندی دەسەڵاتی حیزبی لە دوو ناوچەی جیاوازدا، تەنها دابەشبوونێکی جوگرافیایی نییە. هەر یەک لەم ناوەندانە، بە پشتبەستن بە هێزە ئەمنی و سەربازییەکان، بنکەی کۆمەڵایەتی، تۆڕە ئابوورییەکان و دەسەڵاتی ئیداری لە ناوچەی نفووزی خۆیدا، توانای کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر کارکردنی دامەزراوە فەرمییەکان هەیە. لەم بارودۆخەدا، دەسەڵاتی واقعیی دامەزراوەیەک تەنها بەپێی ئەرکە یاساییەکانی دیاری ناکرێت، بەڵکو بەو هاوسەنگییە سیاسی و ئەمنییەشەوە پەیوەست دەبێت کە لە ناوچەی جێگیرکردنی دامەزراوەکەدا هەیە.
ڕووداوەکانی ساڵی ٢٠١٥ نموونەیەکی ڕوونی ئەم پەیوەندییەن. ئەوکات هێزە ئەمنییەکانی سەر بە پارتی ڕێگەیان لە سەرۆکی پەرلەمانی هەرێم، یوسف محەمەد، گرت بچێتەوە هەولێر و ئەرکەکانی لە پەرلەماندا بەجێ بهێنێت. ئەم ڕووداوە نیشانی دا کە دەسەڵاتی ناوچەیی دەتوانێت لە کردەوەدا کارکردنی دامەزراوەیەکی یاسایی و هەڵبژێردراوی سەرتاسەری هەرێم سنووردار بکات.
لە هەمان کاتدا، سنوورداربوونی دەسەڵاتی جێبەجێکردنی حکومەتی هاوبەش لە ناوچەکانی نفووزی یەکێتی، نیشاندەری ئەوەیە کە یەکگرتوویی فەرمیی حکومەت بەتەنها نەبووەتە یەکگرتوویی واقعیی دەسەڵات. بەم شێوەیە، دامەزراوە هاوبەشەکان لە نێوان دوو ناوەندی هێزدا کار دەکەن کە هەر یەکەیان سەرچاوە و ئامرازەکانی دەسەڵاتی خۆی هەیە.
بەکارهێنانی ناکۆکییەکان و دووبارەبەرهەمهێنانەوەی قەیران
ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی هەموویان ساختە نین؛ بەشێکیان پەیوەندییان بە بەرژەوەندی، دابەشکردنی دەسەڵات و سەرچاوەکان و جیاوازیی هەڵوێستە سیاسییەکانەوە هەیە. بەڵام ئەم ناکۆکییانە لە ململانێی سیاسی و ڕاگەیاندندا بۆ پاساودانی هەڵوێستەکان، گواستنەوەی بەرپرسیارێتی بۆ لایەنی بەرامبەر و گەورەکردنەوەی قەیرانەکانیش بەکار دەهێنرێن.
لێرەدا دیاردەیەکی گرنگ سەرهەڵدەدات: ناکۆکییەکی واقعی دەتوانێت ببێتە دەرفەتێک بۆ بەرهەمهێنانی قەیرانێکی سیاسیی فراوانتر، و قەیرانەکەش بە نۆرەی خۆی ببێتە ئامرازێک بۆ بەهێزکردنی پێگەی ناوەندەکانی دەسەڵات و لاوازکردنی توانای دامەزراوە هاوبەشەکان بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان. بەم شێوەیە، قەیران تەنها ئەنجامی ململانێ نابێت، بەڵکو دەتوانێت ببێتە بەشێک لە میکانیزمی بەردەوامبوونی ئەو ململانێیە.
پرسیاری کۆتایی و پەیوەندی بە بەشی سێیەم
ئایا لێکترازانی ناوخۆی کوردستان لە ململانێی پارتی و یەکێتییەوە سەرچاوەی گرتووە، یان ئەم دوو حیزبە لەسەر بنەمای دابەشبوون و جیاوازییە مێژوویی، جوگرافیایی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییە پێشووەکان پێکهاتوون و دواتر بە شێوەیەکی نوێ دووبارە بەرهەمیان هێناوەتەوە؟
وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە پێویستی بە گەڕانەوە بۆ مێژووی پێکهاتنی ناوەندەکانی دەسەڵات، جیاوازییە ناوچەییەکان و گۆڕانکارییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی کوردستان هەیە. ئەمەش بابەتی بەشی سێیەمە.
سێیەم: ڕەگ و ڕیشەی مێژوویی، جوگرافیایی و پێکهاتەیی دابەشبوونی کوردستان
بۆ تێگەیشتن لە دابەشبوونی ئێستای هەرێمی کوردستان، تەنها سەیرکردنی ململانێی پارتی و یەکێتی بەس نییە. پێویستە بگەڕێینەوە بۆ ئەو بارودۆخە مێژوویی، جوگرافیایی و کۆمەڵایەتییەی کە لە درێژایی سەدەکاندا کاریگەریی لەسەر پێکهاتنی ناوەندەکانی دەسەڵات، پەیوەندیی نێوان ناوچەکان و شێوازی ڕێکخستنی کۆمەڵگا هەبووە.
دابەشبوونی مێژوویی و فرەیی ناوەندەکانی دەسەڵات
دابەشبوونی ناوخۆی کوردستان تەنها دیاردەیەکی سیاسی یان جوگرافیایی نەبووە، بەڵکو لە درێژایی مێژوودا پەیوەندییەکی قووڵی بە پێکهاتەی ئابووری و کۆمەڵایەتی، شێوازی ڕێکخستنی دەسەڵات و پەیوەندیی نێوان ناوچەکانەوە هەبووە. ئەم دابەشبوونە هەم دەرئەنجامی ئەو پێکهاتانە بووە و هەم بە نۆرەی خۆی کاریگەریی لەسەر بەردەوامبوون و دووبارەبەرهەمهێنانەوەیان هەبووە.
لە قۆناغە جیاوازەکانی مێژوودا، کوردستان خاوەنی ناوەندە سیاسی و میرنشینە جیاوازەکان بووە. ئەم ناوەندانە، لەگەڵ ئەوەی هەندێکیان توانای پێکهێنانی دەسەڵاتی ناوچەیی و ڕێکخستنی کاروباری ناوخۆیان هەبووە، بە گشتی نەیانتوانیوە دەسەڵاتێکی هاوبەش و بەردەوام لە ئاستی سەرانسەری کوردستاندا دامەزرێنن.
میرنشینەکانی بابان و سۆران، لە بباشووری کوردستاندا، نموونەیەکن لە بوونی ناوەندە سیاسییە جیاوازەکان. بەڵام ئەم دیاردەیە تەنها بەو دوو میرنشینە سنووردار نەبووە، بەڵکو بە شێوە و ئاستی جیاواز لە ناوچەکانی دیکەی کوردستانیشدا بوونی هەبووە.
لێرەدا پرسیاری بنەڕەتی تەنها ئەوە نییە کە بۆچی کوردستان بەسەر چەندین میرنشین و ناوەندی دەسەڵاتدا دابەش بووە، بەڵکو ئەوەشە کە بۆچی ئەم فرەییە ناوچەییە نەیتوانیوە ببێتە بنەمای پێکهاتنی سیستەمێکی سیاسیی هاوبەش، کە جیاوازییەکان ڕێک بخات و پەیوەندییەکی دامەزراوەیی و بەردەوام لە نێوانیاندا دروست بکات؟
ئەمە بەو مانایە نییە کە هەموو هەوڵەکانی یەکخستن یان هاوپەیمانی لە مێژووی کوردستاندا نەبوون، بەڵکو پرسیارەکە پەیوەندیی بە توانای ئەو هەوڵانە بۆ دامەزراندنی دەسەڵاتێکی هاوبەشی سەقامگیر و بەردەوامەوە هەیە.
بەردەوامبوونی ئەم دابەشبوونە لە درێژایی مێژوودا، تەنها لە سنووری پەیوەندیی نێوان ناوەندە سیاسییەکاندا نەماوەتەوە؛ بەڵکو کاریگەریی لەسەر شێوازی ڕێکخستنی کۆمەڵگا، پەیوەندیی نێوان هێزە ناوچەییەکان و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ دەسەڵاتی هاوبەشدا هەبووە.
لە بارودۆخێکدا کە ناوەندە جیاوازەکانی دەسەڵات بەردەوام لە ململانێ و پێشبڕکێدا بن، و دامەزراوەیەکی هاوبەشی بەهێز بۆ ڕێکخستنی پەیوەندییەکانیان نەبێت، پەیوەندیی نێوانیان زیاتر دەتوانێت لەسەر بنەمای هاوسەنگیی هێز، هاوپەیمانیی کاتی و پێشبڕکێ بۆ دەسەڵات ڕێک بخرێت، نەک لەسەر بنەمای یاسا و دامەزراوەیەکی هاوبەش.
ئەم پڕۆسەیە دەتوانێت کاریگەریی لەسەر کلتووری سیاسییش هەبێت؛ لەوانە لاوازیی متمانەی نێوان هێزە سیاسییەکان، قبوڵنەکردنی یەکتری و پێشخستنی بەرژەوەندیی ناوەندی دەسەڵاتی خۆیان بەسەر بەرژەوەندیی هاوبەشدا. هەروەها دەتوانێت باوەڕ بە توانای خۆبەڕێوەبردنی هاوبەش لاواز بکات و پشتبەستن بە هێزە دەرەکییەکان وەک ڕێگایەک بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییە ناوخۆییەکان بەهێز بکات.
لەم ڕوانگەیەوە، دابەشبوونی ناوخۆیی و ململانێی ناوەندەکانی دەسەڵات، لەگەڵ فشار و دەستێوەردانی دەوڵەتە دەورووبەرەکاندا، پەیوەندییەکی دوولایەنەیان پێکهێناوە: دابەشبوونی ناوخۆیی دەرفەتی دەستێوەردانی دەرەکی فراوانتر کردووە، و دەستێوەردانی دەرەکیش توانای قووڵکردنەوەی دابەشبوون و بەهێزکردنی ناوەندە جیاوازەکانی دەسەڵاتی هەبووە.
بەڵام نابێت ئەم پڕۆسە مێژووییە وەک چارەنووسێکی نەگۆڕ لێک بدرێتەوە. لە درێژایی مێژوودا، پێکهاتەی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیی کوردستان گۆڕانکاریی گەورەی بەسەردا هاتووە. ئەوەی گرنگە، نەک بەردەوامبوونی هەمان شێوەی دەسەڵات، بەڵکو ئەوەیە کە چۆن هەندێک لە میکانیزمەکانی دابەشبوون و ململانێی ناوەندەکانی دەسەڵات لە بارودۆخی نوێدا دووبارە پێکهاتوونەتەوە.
بۆیە دابەشبوونی ئێستای هەرێمی کوردستان نابێت بە درێژەیەکی ڕاستەوخۆی دابەشبوونی میرنشینەکانی سەدەی نۆزدە لێک بدرێتەوە. بەڵکو پێویستە لەوە بکۆڵینەوە کە چۆن میراتی دابەشبوونی مێژوویی، لەگەڵ گۆڕانکارییە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییە نوێیەکاندا، تێکەڵ بووە و کاریگەریی لەسەر شێوازی ڕێکخستنی دەسەڵاتی ئەمڕۆ هەبووە.
جوگرافیا؛ هۆکاری دابەشبوون یان دەرفەتی یەکگرتوویی؟
پێکهاتەی جوگرافیایی کوردستان، بە زنجیرە چیاکان، دۆڵەکان و ناوچە سەختەکانی، لە درێژایی مێژوودا کاریگەریی لەسەر پەیوەندیی نێوان ناوچەکان، گواستنەوە، بازرگانی و توانای ناوەندە سیاسییەکان بۆ فراوانکردنی دەسەڵاتیان هەبووە. ئەم تایبەتمەندییانە، لە هەندێک قۆناغدا، بەردەوامبوونی ناوەندە جیاوازەکانی دەسەڵاتیان ئاسانتر کردووە.
بەڵام نابێت لەوەوە بگەینە ئەنجامی ئەوەی کە جوگرافیای چیاویی بە شێوەیەکی حەتمی دابەشبوون بەرهەم دەهێنێت. هەمان جوگرافیا، بەهۆی شوێنی کوردستان لە نێوان ناوچە ئابووری و شارستانییە جیاوازەکاندا، دەتوانێت دەرفەتیش بۆ بازرگانی، ئاڵوگۆڕی بەرهەم و پەیوەندیی ئابووریی نێوان ناوچەکان و دەورووبەری کوردستان بڕەخسێنێت.
کەواتە کاریگەریی جوگرافیا بە چۆنیەتی ڕێکخستنی دەسەڵات، پێکهاتەی ئابووری و پەیوەندیی نێوان ناوچەکانەوە گرێدراوە. لە بارودۆخێکدا کە ناوەندە سیاسییەکان لە ململانێدا بن و دامەزراوەیەکی هاوبەش بۆ ڕێکخستنی پەیوەندییەکانیان نەبێت، دووریی ناوچەکان و سەختیی پەیوەندییەکان دەتوانن دابەشبوون قووڵتر بکەنەوە. بە پێچەوانەوە، لە ژێر سیستەمێکی دامەزراوەیی هاوبەش و پەیوەندیی ئابووریی بەهێزدا، هەمان جیاوازییە جوگرافیاییانە دەتوانن ببنە بنەمای تەواوکاریی نێوان ناوچەکان.
بۆیە پرسیاری بنەڕەتی ئەوە نییە کە بۆچی کوردستان خاوەنی جوگرافیایەکی فرەچەشنە؛ بەڵکو ئەوەیە کە بۆچی لە درێژایی مێژوودا، پێکهاتەی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی نەیتوانیوە بە شێوەیەکی بەردەوام ئەم فرەییە جوگرافیاییە بگۆڕێت بۆ بنەمای یەکگرتوویی دامەزراوەیی و تەواوکاریی ئابووری.
ئەم پرسیارە گرنگییەکی تایبەتی بۆ هەرێمی کوردستانی ئەمڕۆ هەیە. چونکە یەکگرتوویی ناوخۆیی پێویستی بە لەناوبردنی جیاوازیی ناوچەکان نییە، بەڵکو پێویستی بە دامەزراوە و پەیوەندییەکی هاوبەش هەیە کە بتوانێت ئەو جیاوازییانە ڕێک بخات و بیانکاتە سەرچاوەی بەشداری و گەشەکردنی هاوبەش.
پێکهاتەی ئابووری و کۆمەڵایەتی و دووبارەبەرهەمهێنانەوەی دابەشبوون
بەڵام ڕەگ و ڕیشەی مێژوویی و کاریگەریی جوگرافیا بەتەنها ناتوانن بەردەوامبوونی دابەشبوونی ئێستا ڕوون بکەنەوە. لێرەدا پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و ئابووری ڕۆڵێکی بنەڕەتی دەگێڕن.
لە هەرێمی کوردستاندا، گەشەکردنی ئابووریی ڕێنتی و سەرمایەداریی ناسیاوگەری، لەگەڵ بەردەوامبوونی دوو ناوەندی دەسەڵاتی حیزبیدا، پەیوەندییەکی دوولایەنەیان پێکهێناوە. لە لایەکەوە، دابەشبوونی دەسەڵات دەرفەتی بۆ پێکهاتنی تۆڕە جیاوازەکانی کۆنترۆڵی سەرچاوە و دابەشکردنی دەرفەتە ئابوورییەکان ڕەخساندووە؛ لە لایەکی دیکەوە، ئەو تۆڕانەش بوونەتە بنەمایەکی ماددی بۆ بەردەوامبوونی ناوەندە جیاوازەکانی دەسەڵات.
ئەم پەیوەندییە تەنها ململانێی نێوان دوو حیزب نییە؛ بەڵکو کاریگەریی لەسەر پێکهاتەی کۆمەڵگاش هەیە. کاتێک دەرفەتی کار، پرۆژە، وەبەرهێنان و دەستگەیشتن بە سەرچاوەکان بە تۆڕەکانی دەسەڵاتەوە گرێ بدرێن، توانای چین و توێژە بەرهەمهێنەرەکان و دامەزراوە مەدەنییە سەربەخۆکان بۆ پێکهێنانی بنەمایەکی جێگیری ئابووری و کۆمەڵایەتی سنووردار دەبێت.
بەم شێوەیە، دابەشبوونی سیاسی تەنها لە ئاستی سەرکردایەتی و دامەزراوەکاندا نامێنێتەوە؛ بەڵکو لە پەیوەندییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانیشدا دووبارە بەرهەم دەهێنرێتەوە.
بازنەیەکی داخراو؛ لە دابەشبوونەوە بۆ دابەشبوونی زیاتر
لێرەدا دەتوانین میکانیزمێکی گرنگی دووبارەبەرهەمهێنانەوەی قەیران دەستنیشان بکەین: دابەشبوونی دەسەڵات، کۆنترۆڵی حیزبی بەسەر سەرچاوەکاندا بەهێز دەکات؛ ئەو کۆنترۆڵەش پێگەی تۆڕە سیاسی و ئابوورییەکان پتەوتر دەکات؛ لە بەرامبەردا، لاوازیی هێزە کۆمەڵایەتییە سەربەخۆکان و دامەزراوە هاوبەشەکان، توانای کۆمەڵگا بۆ سنووردارکردنی دەسەڵات و داواکردنی لێپرسینەوە کەم دەکاتەوە.
دەرئەنجام، ئەو پێکهاتەیەی لە سەرەتادا دابەشبوون بەرهەم دەهێنێت، بە تێپەڕبوونی کات خۆی لە ڕێگەی پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانەوە دووبارە بەرهەم دەهێنێتەوە.
ئەم بازنە داخراوە دەتوانێت لە نایەکسانیی نێوان ناوچەکانیشدا ڕەنگ بداتەوە. کاتێک دابەشکردنی بودجە، وەبەرهێنانی گشتی و خزمەتگوزارییەکان بە هاوسەنگیی هێزی سیاسی و پەیوەندییە حیزبییەکانەوە گرێ دەدرێت، ئەگەری فراوانبوونی نایەکسانیی ناوچەیی زیاد دەبێت. ئەو نایەکسانییەش دەتوانێت هەستی دابەشبوون و پشتبەستن بە ناوەندە جیاوازەکانی دەسەڵات بەهێزتر بکات. بەم شێوەیە، دابەشبوونی سیاسی و نایەکسانیی ناوچەیی دەتوانن یەکتری دووبارە بەرهەم بهێننەوە. بۆ هەڵسەنگاندنی ئەم پەیوەندییە، پێویستە کاریگەریی جوگرافیا، ژمارەی دانیشتووان و پێشینەی وەبەرهێنانیش لەبەرچاو بگیرێت.
لە هەمان کاتدا، لاوازیی یەکگرتوویی ناوخۆیی دەتوانێت توانای هەرێم لە بەرامبەر فشار و دەستێوەردانە دەرەکییەکاندا کەم بکاتەوە، و ئەو فشارانەش بە نۆرەی خۆیان ناکۆکییە ناوخۆییەکان قووڵتر بکەنەوە.
بەمە، دابەشبوونی ئێستای هەرێمی کوردستان نە تەنها بە میراتی مێژوویی ڕوون دەبێتەوە و نە تەنها بە ململانێی دوو حیزبی دەسەڵاتدار. ئەوە دەرئەنجامی تێکەڵبوونی میراتێکی مێژوویی و ناوچەییە لەگەڵ پێکهاتەیەکی نوێی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی، کە هۆکار و دەرئەنجامەکانی بەردەوام یەکتری بەهێز دەکەنەوە.
بۆ شیکردنەوەیەکی فراوانتری ڕەگ و ڕیشەی مێژوویی و پێکهاتەی ئابووری و کۆمەڵایەتی، خوێنەر دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ وتارەکانی پێشوومان.
لەبەر ئەوە، ئەگەر ئامانج تەنها کەمکردنەوەی گرژییە کاتییەکان نەبێت، بەڵکو تێکشکاندنی ئەم بازنە داخراوە بێت، پێویستە بپرسین: ئایا شێوازی ئێستای ڕێکخستنی دەسەڵات و دامەزراوەکان توانای تێکشکاندنی ئەم بازنەیەی هەیە، یان خۆی بووەتە بەشێک لە میکانیزمی بەردەوامبوونی؟
ئەمە پرسیاری سەرەکیی بەشی چوارەمە.
چوارەم: ئایا شێوازی ئێستای ڕێکخستنی دەسەڵات و دامەزراوەکان دەتوانێت قەیران چارەسەر بکات؟
بەشەکانی پێشوو پەیوەندیی نێوان دابەشبوونی مێژوویی، ڕێکخستنی دەسەڵات و لاوازیی دامەزراوە هاوبەشەکانیان خستە ڕوو. لەسەر ئەو بنەمایە دەتوانین سنوورەکانی ڕێکخستنی ئێستا هەڵبسەنگێنین.
لێرەدا پرسیارێکی بنەڕەتی سەرهەڵدەدات: ئایا شێوازی فەرمیی ڕێکخستنی دەسەڵات و دامەزراوەکانی ئێستا خۆیان بەشێکن لە کێشەکە، یان کێشەکە تەنها لە چۆنیەتی بەکارهێنانیان و کۆنترۆڵکردنیان لەلایەن هێزە سیاسییەکانەوەیە؟
ڕەنگە وەڵامەکە لە پەیوەندیی نێوان هەردوو هۆکارەکەدا بێت. چونکە دامەزراوەیەکی فەرمی، تەنانەت ئەگەر لە ڕووی یاساییەوە دروستیش بێت، ناتوانێت بە شێوەیەکی کاریگەر ئەرکەکانی جێبەجێ بکات ئەگەر سەرچاوە ڕاستەقینەکانی دەسەڵات لە دەرەوەی ئەو دامەزراوەیەدا کۆنترۆڵ بکرێن.
یەکگرتوویی فەرمی و دابەشبوونی ڕاستەقینە
لە هەرێمی کوردستاندا، پەرلەمان، حکومەت، دەسەڵاتی دادوەری و دامەزراوە ئەمنی و ئیدارییەکان بە شێوەی فەرمی بوونیان هەیە. بەڵام، وەک لە بەشی دووەمدا باسمان کرد، بەشێکی گرنگ لە سەرچاوەکانی دەسەڵات و بڕیاردان لە کردەوەدا بە دوو ناوەندی حیزبی و ناوچەییەوە گرێدراوە.
بەم شێوەیە، لە لایەکەوە دامەزراوەی یەکگرتووی فەرمی هەیە، لە لایەکی دیکەوە دوو ناوەندی دەسەڵاتی ڕاستەقینە هەن کە هەر یەکەیان لە ناوچەی نفووزی خۆیدا بەشێکی گرنگ لە سەرچاوە و ئامرازەکانی دەسەڵات کۆنترۆڵ دەکات.
ئەم دۆخە نە یەک ئیدارەییەکی کارای بەرهەم هێناوە و نە دابەشکردنێکی دامەزراوەیی و یاسایی دەسەڵات، کە ماف و ئەرک و بەرپرسیارێتیی ناوەند و ناوچەکان بە ڕوونی دیاری بکات.
لە ئەنجامدا، دامەزراوە هاوبەشەکان دەتوانن ببنە گۆڕەپانی ململانێی ناوەندەکانی دەسەڵات، لەبری ئەوەی ببنە ئامرازی ڕێکخستن و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانیان.
یەکگرتوویی بە مانای لەناوبردنی جیاوازی نییە
یەکێک لە ئەنجامە گرنگەکانی شیکردنەوەی پێشوو ئەوەیە کە یەکگرتوویی دامەزراوەیی پێویستی بە لەناوبردنی فرەیی ناوچەیی، کۆمەڵایەتی و سیاسی نییە.
بە پێچەوانەوە، لە کۆمەڵگایەکدا کە خاوەنی جیاوازیی مێژوویی و ناوچەییە، یەکگرتووییەکی سەقامگیر پێویستی بە دانپێدانان بەو جیاوازییانە و ڕێکخستنی بەشدارییان لە دەسەڵاتێکی هاوبەشدا هەیە.
بەڵام لێرەدا دەبێت جیاوازی بکەین لە نێوان دوو دیاردە: دابەشبوونی دەسەڵات بەسەر دوو حیزبی دەسەڵاتداردا، و دابەشکردنی یاسایی و دامەزراوەیی دەسەڵات لە نێوان ناوەند و ناوچەکاندا.
لە حاڵەتی یەکەمدا، دەسەڵات بەپێی هاوسەنگیی هێزی حیزبی و کۆنترۆڵی ناوچەیی دابەش دەبێت. لە حاڵەتی دووەمدا، ماف و دەسەڵات و بەرپرسیارێتیی هەر ئاستێکی حوکمڕانی بە یاسا دیاری دەکرێت و دامەزراوەکان بەرامبەر هاووڵاتیان بەرپرسیار دەبن.
کەواتە فرەیی ناوەندەکان بە خۆی کێشە نییە؛ پرسیارەکە ئەوەیە کە ئەو ناوەندانە چۆن بە یەکەوە دەبەسترێنەوە، چۆن بڕیارە هاوبەشەکان دەدرێن و چۆن لێپرسینەوە لە دەسەڵات بە کردار جێبەجێ دەکرێت.
لە دوو ناوەندی حیزبییەوە بۆ بەشداریی دامەزراوەیی ناوچەکان
ئەگەر ئامانج تێکشکاندنی بازنەی دابەشبوون بێت، تەنها گواستنەوەی دەسەڵات لە دوو ناوەندی حیزبییەوە بۆ ناوەندێکی بەهێزتری فەرمی بەس نییە. چونکە ئەگەر هەمان پەیوەندییەکانی کۆنترۆڵ و دابەشکردنی سەرچاوەکان بەردەوام بن، ناوەندگەرایی دەتوانێت تەنها شێوەی کۆنترۆڵکردنی دەسەڵات بگۆڕێت، نەک ناوەڕۆکەکەی.
لە هەمان کاتدا، دانپێدانان بە دوو ناوەندی دەسەڵاتی حیزبی و گۆڕینیان بۆ دوو ئیدارەی فەرمی، بەبێ گۆڕینی بنەماکانی بەشداری و لێپرسینەوە، مەترسیی ئەوەی هەیە کە دابەشبوونی ئێستا بە شێوەیەکی یاسایی جێگیر بکات.
بۆیە پێویستە بەدوای ڕێکخستنێکدا بگەڕێین کە تێیدا ناوچەکان، شارەکان و کۆمەڵگا، نەک تەنها لە ڕێگەی حیزبە دەسەڵاتدارەکانەوە، بەڵکو بە ماف و ڕێکاری یاسایی و نوێنەرایەتیی ڕاستەوخۆ، لە بڕیاردان و بەڕێوەبردنی کاروباری خۆیاندا بەشدار بن.
شۆڕکردنەوەی بنەماکانی فیدراڵیزم و فراوانکردنی دەسەڵاتی خۆجێیی
یەکێک لە ئەلتەرناتیڤەکانی جێگەی لێکۆڵینەوە، شۆڕکردنەوەی بنەماکانی فیدراڵیزمە بۆ ئاستەکانی خوارەوە؛ نەک بە مانای دامەزراندنی فیدراڵیزمێکی نوێ لە ناوخۆی هەرێمدا، بەڵکو بە مانای بەکارهێنانی بنەماکانی دانپێدانان بە جیاوازیی ناوچەکان، دابەشکردنی دەسەڵات، بەشداریی هاوبەش و لێپرسینەوە لە هەموو ئاستەکانی حوکمڕانیدا.
لەم ڕوانگەیەوە، دەکرێت پەیوەندیی نێوان ئاستە جیاوازەکانی دەسەڵات سەرلەنوێ هەڵبسەنگێنرێت: دەسەڵاتی فیدراڵی عێراق، دەسەڵاتی هاوبەشی هەرێمی کوردستان، دەسەڵاتی ناوچەیی و دەسەڵاتی خۆجێیی لە ئاستی شار و کۆمەڵگا خۆجێییەکاندا.
لە یەکێک لە مۆدێلە ئەگەرییەکاندا، دەسەڵاتی هەرێمی دەتوانێت زیاتر بەرپرسیارێتیی کاروبارە هاوبەش و ستراتیژییەکان هەڵبگرێت، لە کاتێکدا ناوچەکان، کە دەتوانن لەسەر بنەمای یەک پارێزگا یان چەند پارێزگایەکی پەیوەندیدار ڕێک بخرێن، دەسەڵاتی دیاریکراویان لە بەڕێوەبردنی کاروباری ناوچەیی خۆیاندا هەبێت. لە ئاستی خۆجێییشدا، شار و یەکە خۆجێییەکان دەتوانن لە ڕێگەی دامەزراوە هەڵبژێردراوەکانەوە دەسەڵات و بەرپرسیارێتیی ڕاستەقینەیان هەبێت.
ئەزموونی هەندێک وڵات، وەک سوید، نیشان دەدات کە دەسەڵاتی خۆجێیی دەتوانێت لە ئاستی کۆمۆن و ناوچەدا ڕێک بخرێت، لەگەڵ بوونی دەسەڵاتێکی ناوەندی هاوبەشدا. بەڵام ئەم نموونانە نابێت بە شێوەیەکی میکانیکی بۆ کوردستان بگوازرێنەوە؛ بەڵکو دەتوانن سەرچاوەی فێربوون بن بۆ چۆنیەتی ڕێکخستنی پەیوەندیی نێوان دەسەڵاتی ناوەندی و خۆجێیی.
گرنگتر لە ژمارەی ئاستەکانی دەسەڵات، چۆنیەتی پەیوەندیی نێوانیانە. بەشداری دەبێت دوولایەنە بێت: لە خوارەوە بۆ سەرەوە، بە ڕێگەدان بە کۆمەڵگا و دامەزراوە خۆجێییەکان بۆ کاریگەری لەسەر بڕیارە هاوبەشەکان؛ و لە سەرەوە بۆ خوارەوە، بە ڕێکخستنی هاوکاری، دابەشکردنی بەرپرسیارێتی و مسۆگەرکردنی ماف و خزمەتگوزارییە گشتییەکان.
بەڵام مەبەستی ئەم وتارە دیاریکردن و سەپاندنی مۆدێلێکی ئامادە نییە. ئەوە پێویستی بە لێکۆڵینەوەی یاسایی، سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیی وردتر هەیە. ئامانج لێرەدا خستنەڕووی ئەلتەرناتیڤە جیاوازەکان و کردنەوەی گفتوگۆیەکی بنەڕەتییە دەربارەی ئەوەی چۆن دەتوانرێت لە دابەشبوونی حیزبیی دەسەڵاتەوە بگەینە دابەشکردنی یاسایی و دامەزراوەیی دەسەڵات، لە چوارچێوەی یەکگرتووییەکی هاوبەشدا.
وانەی پەیوەندیی هەرێم و بەغدا
لە ئاستی عێراقدا، دەستووری ساڵی ٢٠٠٥ بنەمای فیدراڵیزمی داناوە. بەڵام ناکۆکییە بەردەوامەکانی پەیوەست بە دەسەڵات، داهات، نەوت، بودجە و ناوچە جێناکۆکەکان نیشان دەدەن کە دانانی بنەما دەستوورییەکان بەتەنها بەس نییە بۆ ڕێکخستنی پەیوەندییەکی سەقامگیر.
لێرەدا پرسیارێکی گرنگ بۆ هەرێمی کوردستان سەرهەڵدەدات: بۆچی ئەو بنەمایانەی هەرێم لە پەیوەندیی خۆی لەگەڵ بەغدا داوایان دەکات، وەک دانپێدانان بە تایبەتمەندیی ناوچەیی، دابەشکردنی دەسەڵات و ڕێکخستنی پەیوەندیی هاوبەش، نەبوونەتە بنەمایەکی کاریگەر بۆ ڕێکخستنی پەیوەندیی نێوان ناوەند و ناوچەکانی خودی هەرێم؟
ئەم پرسیارە بە مانای ئەوە نییە کە مۆدێلی فیدراڵیزمی عێراق بە هەمان شێوە بۆ ناوخۆی هەرێم بگوازرێتەوە؛ بەڵکو مەبەست ئەوەیە کە بنەمای ڕێکخستنی جیاوازی و بەشداریی ناوچەکان، لە ئاستی ناوخۆشدا، پێویستی بە چارەسەرێکی دامەزراوەیی هەیە.
مەرجەکانی یەکگرتوویی دامەزراوەیی
بۆ ئەوەی ڕێکخستنەوەی دەسەڵات تەنها گۆڕانکارییەکی فەرمی نەبێت، پێویستە چەند بنەمایەکی سەرەکی لەبەرچاو بگیرێن: ڕوونبوونی ماف و دەسەڵاتی ناوەند و ناوچەکان؛ بەشداریی یاسایی و ڕاستەوخۆی هاووڵاتیان لە کاروباری گشتیدا؛ سەربەخۆیی دامەزراوەکانی چاودێری و دادوەری؛ ڕێکاری دیاریکراو بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان؛ و لێپرسینەوە لە بەکارهێنانی دەسەڵات و سەرچاوە گشتییەکان.
یەکێکی دیکە لە مەرجەکانی یەکگرتوویی دامەزراوەیی، دانانی ڕێکارێکی یاسایی و شەفافە بۆ دابەشکردنی بودجە و وەبەرهێنانی گشتی لە نێوان ناوچەکاندا. لەگەڵ ژمارەی دانیشتوواندا، ئاستی پێداویستی، کەموکوڕیی خزمەتگوزارییەکان، تایبەتمەندییە جوگرافیاییەکان و توانای گەشەکردنی هەر ناوچەیەک دەبێت پێوەری دابەشکردن بن. بەو شێوەیە، هاوسەنگیی هێزی سیاسی بڕی دابەشکراو دیاری ناکات. دەسەڵاتی خۆجێیی دەتوانێت بە بەشداریی هاووڵاتیان پێداویستییەکان دەستنیشان بکات. دامەزراوە هاوبەشەکانی هەرێمیش بەرپرسیارن لە پاراستنی ستانداردە گشتییەکان و کەمکردنەوەی نایەکسانییە نادادپەروەرانەکان.
بەڵام دامەزراوە یاساییەکان، هەرچەندە بە بڕیاری سیاسی دامەزرێنرێن، بۆ کاراکردن و بەردەوامبوونیان پێویستیان بە بنەمایەکی کۆمەڵایەتی و ئابووری هەیە.
ئەگەر کۆمەڵگا، چین و توێژە بەرهەمهێنەرەکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان توانای بەشداری و چاودێریی سەربەخۆیان نەبێت، تەنانەت ڕێکخستنەوەی دامەزراوەکانیش دەتوانێت دووبارە بکەوێتە ژێر کاریگەریی هەمان تۆڕەکانی دەسەڵات.
بۆیە چارەسەری قەیرانی هەرێمی کوردستان تەنها لە هەڵبژاردنی نێوان یەک ئیدارەیی و دوو ئیدارەیی، ناوەندگەرایی و دەسەڵاتی خۆجێیی، یان تەنانەت شۆڕکردنەوەی بنەماکانی فیدراڵیزمدا نییە. پرسیاری بنەڕەتی ئەوەیە کە چۆن دەتوانرێت سیستەمێکی حوکمڕانی دامەزرێنرێت کە تێیدا فرەیی ناوچەکان بپارێزرێت، دەسەڵات بە یاسا ڕێک بخرێت، ناوەندێکی هاوبەشی کارا هەبێت و کۆمەڵگا بتوانێت بە شێوەیەکی سەربەخۆ لە بڕیاردان و لێپرسینەوەدا بەشدار بێت؟
ئەمەش دەمانگەیەنێتە پرسیاری بەشی پێنجەم: ڕۆڵی کۆمەڵگا و هێزە سەربەخۆکانی لە تێکشکاندنی بازنەی داخراوی دەسەڵات و دابەشبووندا چییە؟
پێنجەم: پێکهاتەی ئابووری، سەربەخۆیی کۆمەڵگا و بەردەوامبوونی دووناوەندیی دەسەڵات
بۆ تێگەیشتن لە بەردەوامبوونی دووناوەندیی دەسەڵات، لەم بەشەدا لەو بنەما ئابووری و کۆمەڵایەتییانە دەکۆڵینەوە کە پشتیوانی لە دابەشبوونی سیاسی دەکەن.
لە ئابوورییەکدا کە داهاتی ڕێنتی و کۆنترۆڵی سیاسیی سەرچاوەکان ڕۆڵێکی بەرچاویان هەیە، دەسەڵات تەنها ئامرازی بڕیاردانی سیاسی نییە، بەڵکو دەبێتە کەناڵێکی گرنگ بۆ دەستگەیشتن بە داهات، کار، گرێبەست و دەرفەتە ئابوورییەکان. ئەم پەیوەندییە دەتوانێت بنەمایەکی ماددی بۆ بەردەوامبوونی ناوەندە سیاسییە جیاوازەکان دروست بکات.
ئابووریی ڕێنتی، سەرمایەداریی ناسیاوگەری و کۆنترۆڵی حیزبی
پشتبەستن بە داهاتی نەوت و بودجەی گشتی، لەگەڵ ڕۆڵی دەسەڵاتی سیاسی لە دابەشکردنی سەرچاوە و دەرفەتەکان، بارودۆخێکی لەبار بۆ پەیوەندییەکانی سەرمایەداریی ناسیاوگەری دروست دەکات.
لەو پێکهاتەیەدا، دەستگەیشتن بە هەندێک گرێبەست، مۆڵەت، زەوی، سەرمایە و دەرفەتی ئابووری دەتوانێت بە نزیکی لە ناوەندەکانی دەسەڵاتەوە گرێ بدرێت، نەک تەنها بە توانای بەرهەمهێنان و پێشبڕکێی یەکسان.
کاتێک ئەم پەیوەندییانە لە چوارچێوەی ناوەندە حیزبی و ناوچەییە جیاوازەکاندا ڕێک دەخرێن، هەر ناوەندێک دەتوانێت تۆڕێکی تایبەتیی بەرژەوەندیی ئابووری و کۆمەڵایەتی لە دەوری خۆی کۆ بکاتەوە. بەم شێوەیە، دابەشبوونی سیاسی تەنها لە ئاستی حیزب و ئیدارەدا نامێنێتەوە، بەڵکو بنەمایەکی ئابووری و کۆمەڵایەتییش بۆ دروست دەبێت.
ئەمە یەکێکە لەو میکانیزمە پێکهاتەییانەی دەتوانن دووناوەندیی دەسەڵات بەردەوام بکەن، تەنانەت کاتێک ڕێککەوتنی سیاسیی نوێ لە نێوان حیزبەکاندا بەدی دێت.
بۆچی فرەسەرچاوەکردنی ئابووری بەتەنها چارەسەر نییە؟
فرەسەرچاوەکردنی ئابووری و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە داهاتی نەوت پێویستن، بەڵام بەتەنها ناتوانن کێشە پێکهاتەییەکان چارەسەر بکەن.
ئەگەر ئابووری لە نەوتەوە بۆ پیشەسازی، کشتوکاڵ، گەشتیاری و بازرگانی فراوان بکرێت، بەڵام دەستگەیشتن بە سەرچاوە، مۆڵەت، گرێبەست، سەرمایە و بازاڕ هەر لە ژێر کۆنترۆڵی حیزبی و تۆڕەکانی ناسیاوگەریدا بمێنێتەوە، ئەوا فرەسەرچاوەکردن دەتوانێت تەنها بوارەکانی ئەو کۆنترۆڵە فراوانتر بکات.
لەو حاڵەتەدا، سەرچاوەکانی داهات فرە دەبن، بەڵام پەیوەندییە بنەڕەتییەکانی دەسەڵات و ئابووری بەردەوام دەبن.
لەبەر ئەوە، چاکسازیی ئابووری پێویستی بە کەمکردنەوەی کۆنترۆڵی حیزبی بەسەر سەرچاوە و دەرفەتەکاندا، مسۆگەرکردنی یەکسانی لەبەردەم یاسا، شەفافیی گرێبەست و داهاتە گشتییەکان و بەهێزکردنی دامەزراوە سەربەخۆکانی چاودێری هەیە.
ئەم چاکسازییانە ڕەهەندێکی ناوچەییشیان هەیە. کەمکردنەوەی کۆنترۆڵی حیزبی، لەگەڵ بەهێزکردنی حوکمی یاسا و پێشبڕکێی دادپەروەرانەدا، دەتوانێت دەرفەتی فراوانتر بۆ وەبەرهێنان، بەرهەمهێنان و دروستکردنی هەلی کار لە ناوچە جیاوازەکاندا بڕەخسێنێت. ناوچەکان لە توانای ئابووری، ژێرخان و دەستگەیشتن بە بازاڕدا لە ئاستی جیاوازدان. بۆیە سیاسەتی گەشەپێدانی ناوچەیی دەبێت ئەو جیاوازییانە لەبەرچاو بگرێت و دەرفەتی بەشداریی فراوانتر لە گەشەکردنی ئابووریی هەرێمدا بۆ ناوچە کەمبەشەکان بڕەخسێنێت.
پرسیاری بنەڕەتی تەنها ئەوە نییە کە ئابووری لە کوێوە داهات بەدەست دەهێنێت، بەڵکو ئەوەشە کە کێ کۆنترۆڵی سەرچاوەکان دەکات، چۆن دابەشیان دەکات و کێ دەتوانێت بە سەربەخۆیی دەستی پێیان بگات.
سەربەخۆیی کۆمەڵگا و بەشداری لە حوکمڕانیدا
پێکهاتەی ئابووری کاریگەریی لەسەر توانای کۆمەڵگا بۆ خۆڕێکخستن و بەشداریی سیاسی هەیە.
کاتێک بەشێکی بەرچاو لە هاووڵاتیان، پیشەوەران و خاوەن کارەکان بۆ بژێوی و دەرفەتە ئابوورییەکان پشت بە ناوەندەکانی دەسەڵات ببەستن، توانایان بۆ ڕەخنەگرتن، داواکردنی ماف و چاڵاکیی سەربەخۆ دەتوانێت سنووردار ببێت. ئەمەش توانای کۆمەڵگا بۆ داواکردنی دامەزراوەیەکی هاوبەش و لێپرسراو لاواز دەکات.
بە پێچەوانەوە، فراوانبوونی بنەمای بەرهەمهێنان، یەکسانیی دەرفەت و بوونی ڕێکخراوە پیشەیی و کۆمەڵایەتییە سەربەخۆکان دەتوانێت مەرجەکانی بەشداریی کاریگەرتر بەهێز بکات.
بەشداریی کۆمەڵگا لە حوکمڕانیدا تەنها بە هەڵبژاردن یان چاودێریکردنی کارەکانی دەسەڵات سنووردار نابێت. کۆمەڵگا دەتوانێت لە ڕێگەی چاڵاکیی سیاسی، خۆڕێکخستن، سەندیکا و ڕێکخراوە پیشەیی و مەدەنییەکان، داواکاری و پێشنیارکردنی پرۆژە و سیاسەتە جیاوازەکانەوە، بەشێکی کاریگەر بێت لە پێکهێنان و ئاراستەکردنی دەسەڵات و بڕیاردانی هاوبەشدا.
بەڵام ئەمە بە مانای ئەوە نییە کە هەموو تاکێکی کۆمەڵگا ڕاستەوخۆ بەشداری لە هەموو بڕیار و ئەرکێکی ئیداریدا بکات. بەرپرسیارێتیی جێبەجێکردنی بڕیارە گشتییەکان دەکەوێتە ئەستۆی دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی دەوڵەت، کە دەبێت بەپێی یاسا کار بکەن و بەرامبەر کۆمەڵگا شەفاف و لێپرسراو بن.
بەشداریی سیاسی و ڕێکخراوەیی کۆمەڵگا دەتوانێت خۆی ببێتە هێزی پاڵنەر بۆ چاکسازیی ئابووری، هەروەک چاکسازیی ئابووریش دەتوانێت بنەمای سەربەخۆیی کۆمەڵگا بەهێز بکات. کەواتە ئەم دوو پڕۆسەیە پەیوەندییەکی دوولایەنەیان هەیە.
پەیوەندیی پێکهاتەی ئابووری بە دابەشبوون و قەیرانی دامەزراوەکانەوە
لەم ڕوانگەیەوە، پەیوەندیی نێوان ئابووریی ڕێنتی، سەرمایەداریی ناسیاوگەری و کۆنترۆڵی حیزبی تەنها کێشەیەکی ئابووری یان کۆمەڵایەتی نییە؛ بەڵکو یەکێکە لەو میکانیزمانەی دەتوانن دابەشبوونی سیاسی و دووناوەندیی دەسەڵات لە هەرێمی کوردستاندا بەردەوام بکەن.
کاتێک هەر ناوەندێکی سیاسی پشت بە تۆڕی تایبەتیی دابەشکردنی سەرچاوە، دەرفەتی کار، گرێبەست و پەیوەندییەکانی ناسیاوگەری دەبەستێت، دابەشبوونی دەسەڵات بنەمایەکی ماددی و کۆمەڵایەتی بۆ دروست دەبێت. ئەمە دەتوانێت ململانێی نێوان ناوەندەکان لەسەر کۆنترۆڵی دامەزراوە هاوبەشەکان و داهاتە گشتییەکان توندتر بکات و ڕێککەوتنی سیاسی بگۆڕێت بۆ ڕێککەوتنێکی کاتی لەسەر دابەشکردنی دەسەڵات و سەرچاوەکان، نەک چارەسەرێکی دامەزراوەیی و بەردەوام.
لە هەمان کاتدا، ئەگەر کۆمەڵگا و هێزە بەرهەمهێنەرەکان لە ڕووی ئابووری و ڕێکخراوەییەوە وابەستەی ناوەندەکانی دەسەڵات بمێننەوە، توانایان بۆ بەشداریی سەربەخۆ، چاودێری و داواکردنی لێپرسینەوە سنووردار دەبێت. ئەمەش یەکێکە لەو هۆکارانەی دەتوانن لاوازیی دامەزراوە هاوبەشەکان و دووبارەبوونەوەی قەیرانی پەرلەمان و حکومەت بەردەوام بکەن.
بۆیە دەربازبوون لە قەیرانی دووبارەبووەوە تەنها بە ڕێککەوتنی نێوان دوو ناوەندی سیاسی یان گۆڕینی شێوازی دابەشکردنی پۆستەکان مسۆگەر نابێت. پێویستە ئەو پەیوەندییە ئابووری و کۆمەڵایەتییانەش بگۆڕدرێن کە دابەشبوونی دەسەڵات و لاوازیی دامەزراوە هاوبەشەکان بەردەوام دەکەن.
لەو چوارچێوەیەدا، کەمکردنەوەی کۆنترۆڵی حیزبی بەسەر سەرچاوەکاندا، دەربازبوون لە سەرمایەداریی ناسیاوگەری، فراوانکردنی بەرهەمهێنان و بەشداریی سەربەخۆی کۆمەڵگا، نەک تەنها ئامانجی چاکسازیی ئابوورین، بەڵکو بەشێکن لە مەرجەکانی تێپەڕاندنی دووناوەندیی دەسەڵات و دامەزراندنی حوکمڕانییەکی هاوبەش و سەقامگیر.
کۆتایی: لە دووناوەندیی دەسەڵاتەوە بۆ یەکگرتوویی دامەزراوەیی
قەیرانی دووبارەبووەوەی پ ەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان ناتوانرێت تەنها بە ناکۆکییە کاتییەکانی نێوان حیزبە سیاسییەکان یان سەرنەکەوتنی هەوڵەکانی پێکهێنانی حکومەت ڕوون بکرێتەوە. ئەم قەیرانە پەیوەندیی بە پێکهاتەیەکی فراوانتری مێژوویی، جوگرافیایی، سیاسی، ئابووری و دامەزراوەییەوە هەیە، کە دابەشبوونی ناوخۆ و لاوازیی ناوەندە هاوبەشەکان بە شێوەی جیاواز دووبارە بەرهەم دەهێنێتەوە.
بەڵام بوونی ڕەگ و ڕیشەی مێژوویی و پێکهاتەیی بۆ دابەشبوون، بە هیچ شێوەیەک مانای بێبەرپرسیاربوونی هێزە سیاسییەکان نییە. پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، وەک دوو هێزی سەرەکیی دەسەڵاتدار، بەرپرسیارێتیی سیاسی و دامەزراوەییان لە چۆنیەتی بەڕێوەبردنی دەسەڵات و چارەنووسی دامەزراوە هاوبەشەکاندا هەیە. دووبەرەکایەتیی ئەم دوو حیزبە دەتوانێت دابەشبوونە مێژوویی، جوگرافیایی، پێکهاتەیی و کۆمەڵایەتییەکانی پێشوو سەرلەنوێ زیندوو بکاتەوە، دووبارە بەرهەمیان بهێنێتەوە و قووڵتریان بکات. بەم شێوەیە، هێزە سیاسییەکان تەنها میراتگری دابەشبوونی پێشوو نین، بەڵکو لە چۆنیەتی بەردەوامبوون و دووبارە پێکهاتنەوەی ئەو دابەشبوونەشدا ڕۆڵیان هەیە.
شیکردنەوەکەمان نیشان دەدات کە یەک ئیدارەیی فەرمیی ئێستا، بەبێ یەکگرتوویی ڕاستەقینە لە بڕیاردان، جێبەجێکردن و لێپرسینەوەدا، ناتوانێت قەیرانەکە چارەسەر بکات. لە هەمان کاتدا، گەڕانەوە بۆ دوو ئیدارەیی جیاوازیش، ئەگەر هەمان پەیوەندییەکانی دەسەڵات و کۆنترۆڵی حیزبی بەردەوام بن، نەک تەنها چارەسەرێکی بەردەوام نییە، بەڵکو دەتوانێت دابەشبوونی سیاسی و دامەزراوەیی قووڵتر بکاتەوە و قەیران و کێشەکانی هەرێم و کۆمەڵگا لە ئێستاش ئاڵۆزتر بکات. کەواتە کێشەکە تەنها لە ژمارەی ئیدارەکاندا نییە، بەڵکو لە بنەما و شێوازی ڕێکخستنی دەسەڵات و پەیوەندیی نێوان دامەزراوەکان و کۆمەڵگادایە.
لەسەر ئەم بنەمایە، ڕێکخستنەوەی دەسەڵات لە چوارچێوەی یاسا و دامەزراوە هاوبەشەکاندا دەبێت جیاوازییە ناوچەیی و کۆمەڵایەتییەکان بپارێزێت و یەکگرتوویی سیاسی و دامەزراوەیی مسۆگەر بکات.
شۆڕکردنەوەی بنەماکانی فیدراڵیزم بۆ ئاستەکانی خوارەوە، فراوانکردنی دەسەڵاتی خۆجێیی و ڕێکخستنەوەی پەیوەندیی نێوان ناوەند و ناوچەکان دەتوانن ببنە بابەتی گفتوگۆ و لێکۆڵینەوە. بەڵام هیچ مۆدێلێکی دامەزراوەیی، بەبێ گۆڕینی پەیوەندییەکانی دەسەڵات و بەشداریی ڕاستەقینەی کۆمەڵگا، بەتەنها چارەسەرێکی بەردەوام مسۆگەر ناکات.
هەروەها دەربازبوون لە ئابووریی ڕێنتی و سەرمایەداریی ناسیاوگەری، کەمکردنەوەی کۆنترۆڵی حیزبی بەسەر سەرچاوەکاندا و بەهێزکردنی بنەمای بەرهەمهێنان و سەربەخۆیی کۆمەڵگا، بەشێکن لە مەرجەکانی گۆڕینی ئەو پەیوەندییانەی دابەشبوونی سیاسی و دووناوەندیی دەسەڵات بەردەوام دەکەن.
لەو چوارچێوەیەدا، کۆمەڵگا تەنها چاودێری دەسەڵات ناکات، بەڵکو لە ڕێگەی چاڵاکیی سیاسی، خۆڕێکخستن و بەشداریی خۆجێیی و ناوچەییەوە، دەبێتە بەشێکی کاریگەر لە ئاراستەکردنی بڕیاردانی هاوبەشدا. لە هەمان کاتدا، جێبەجێکردنی بڕیارەکان بەرپرسیارێتیی دامەزراوەکانی دەوڵەتە، کە دەبێت بەرامبەر کۆمەڵگا شەفاف و لێپرسراو بن.
لە کۆتاییدا، ئەوەی پێویستە تێپەڕێنرێت تەنها قەیرانێکی دیاریکراوی پێکهێنانی حکومەت یان کارکردنی پەرلەمان نییە، بەڵکو ئەو پێکهاتەیەیە کە ڕێگە دەدات هەمان قەیران بە شێوەی جیاواز دووبارە ببێتەوە.
سەرکەوتنی ئەم گۆڕانکارییانە دەبێت لە ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتیان و پەیوەندیی نێوان ناوچەکاندا ڕەنگ بداتەوە. باشترکردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان، دابەشکردنی دادپەروەرانەی بودجە و وەبەرهێنانی گشتی و فراوانکردنی دەرفەتەکانی گەشەکردن پێوەری ئەم سەرکەوتنەن. مەبەست کەمکردنەوەی نایەکسانییە نادادپەروەرانەکانە، بە پاراستنی تایبەتمەندیی ناوچەکان و مسۆگەرکردنی ماف و دەرفەتی هاووڵاتیان، بێ گوێدانە شوێنی نیشتەجێبوون یان پەیوەندیی حیزبییان. ئەمە دەتوانێت متمانە بە دامەزراوە هاوبەشەکان بەهێز بکات و بنەمای کۆمەڵایەتیی دابەشبوونی سیاسی لاواز بکات.
چارەسەری بەردەوام پێویستی بە گواستنەوە لە هاوسەنگیی نێوان دوو ناوەندی حیزبی بۆ هاوسەنگییەکی یاسایی، دامەزراوەیی و کۆمەڵایەتی هەیە؛ هاوسەنگییەک کە تێیدا فرەیی ناوچەکان بپارێزرێت، دەسەڵات لێپرسراو بێت و یەکگرتوویی هەرێم لەسەر بنەمای دامەزراوە هاوبەشەکان و بەشداریی کۆمەڵگا بونیات بنرێت.