قەبرو زمان‌و دەسەڵات

ئەحمەدی مەلا
  2024-09-16     354

دەشێ ئەم ناونیشانە ببێ بە بابەتی لێکۆڵینەوەیەکی چڕ و ئەکادیمی، بە تایبەت لە هەلومەرجی کوردستانی باشوور، چونکە، ئەم سێ چەمکە، دەیان لقوپۆپیان لێ دەبنەوە و لە هەموو بارێکدا، تێکدەچڕژێنە نێو یەک و بەرکەوتەی زۆریان هەیە.

 

شی کردنەوە:

. گرنگ نییە زمانی قەبر چ زمانێکە، چونکە، لە قەبردا زمانی نەتەوەیی نییە، بەڵکو زمانی خراپە و باشە هەن. مرۆڤ بە پێی تەرازووی کردارە دنیەوەییەکانی هەق و حیسابی لەگەڵ دەکرێ. پاشان، بڕوا ناکرێ، ئەمە ببێت بە بایەخی یەزدان، چونکە، ئەو زمانەی لەسەر عەرز بەکاردێت، زمانێکی مێژوییە، زمانێکە لە پرۆسەیەکی دوور و درێژدا شێوە و فۆرمی وەرگرتووە، هەروەها هەلومەرجی جیاواز کاری لەسەر دەکات و لە ناو بەردەوامییدایە. نە عەرەبی ئێستا وەک زمانی عەرەبی زەمانی قورەیشە، نە زمانی کوردی هی زەمانی بەتلیسییە.

. زمانی کەسی مردووی زیندەوە بوو، هیچ پاشخانێکی مێژوویی نییە، تەنانەت هیچ دەسەڵاتێکیشی نییە، چونکە مرۆڤی مردووی زیندەوە بوو بێ ئیرادەیە، بێ ویستە و تەنانەت لە هیچ رووییەکەوە هەڵسەگاندن و تاوتوێکردنی دیاردەکان ناچنە ژێر رکێفی ئەوەوە.

. زمان دەسەڵاتە، وەک ئەوەی دەسەڵاتیش هەر زمانە. بەڵام، ئەمە لەسەر عەرز.

 

گەڕانەوە بۆ مێژوو:

بە درێژایی حوکمی عوسمانییەکان، دژایەتیی زمانی کوردییان نەکردووە وەک زمان، بەڵکو، بە هەموو جۆرێک دژایەتی دەسەڵاتێکیان کردووە کە بە دەستی کوردەوە بووبێت. لەناوبردنی دەسەڵاتی میرنشینەکان، لە ناوەڕۆکدا لەناو دان و سڕینەوە زمانە. واتە، دەسەڵاتت لێ دەسێنمەوە، زمانەکەی خۆی لە ناودەچێت!

کاتێک سەعید نورسی دەچێتە لای عەبدولحەمیدی دووەم و باسی کردنەوەی قوتابخانەی لەگەل دەکا کە بە زمانی کوردیی بێت، پێی دەڵێ "تۆ شێت بوویتە." چونکە، گەڕاندنەوەی زمان بۆ نێو دامودەزگای پەروەردەیی، خۆی لە خۆیدا گەڕاندەوەی شکۆیە هەم بۆ زمان، هەم پتەوکردنی زمانە کە دواجار گوزارشت لە دەسەڵاتە دەکات.

کاتێک رژێمی بەعس، بەیاننامەی ١١ ئازار لە گەڵ کورد مۆر دەکات، دەزانێت، گرنگییدان بە زمانی کوردیی، درەنگ یا زوو، کورد رزگار دەکات. نەهێشتنی خوێندن بە زمانی کوردیی لە شاری کەرکووک، نموونەیەکی گەشی ئەو سیاسەتە بوو، بۆیە گرنگیی دان بە زمانی کوردی لە ناوچە دابێنراوەکان، سیاسەتێکی ژیارییە.

لە ساڵی ١٩٩٢ بە دواوە، قسەکردنی بە زمانی کوردیی، لە ناو شار و بازاڕەکانی کوردستانی باکوور تا رادەیەک رێگەیپێدرا، بەڵام رازیی نەبوون و رازی نین کە زمانی کوردیی ببێ بە زمانی پەروەردە لە ناوچە کوردییەکان، بە هەموو شێوەیەک بەربەست دادەنێن بەرامبەر کە کورد بە زمانی دایکی خۆی بخوێنێت، چونکە، باش دەزانن، زمان دەسەڵات پەیدا بکات دەبێ بە شوناس و ناسنامە نەتەوە. تورک سڵ لەمە دەکات.

 

بۆیە:

ئەوەی گرنگە، کورد، لە هەموو بەشەکان، گرنگیی بە زمانی کوردیی بدات، تەنانەت هەموو خواست و داواکارییەکانی خۆی بەو زمانە فەراهەم بکات، بۆ ئەوەی تەنها لە چوارچێوەی ئەدەبییاتدا قەتیس نەمێنێ، بەڵکو ببێ بەزمانی تەکنیک و زانست، زمانی یاسا و هونەر، تەنانەت ببێ بە زمانی ئاینییش.

ئەوەی گرنگە، مرۆڤی کورد گەشە بە زمانی ئاینیی بدات، بۆ ئەوەی پەیوەندیی رۆحی خۆی لە گەڵ یەزداندا بە زمانی نەتەوەیی خۆی بێت، ئەمە لەوە گرنگترە کە زمانی قەبری ببێ بە زمانی کوردی یا بە زمانی ئیتالی.

لە مێژووی ئەوروپادا، تەنها ئەو دەمە ئاوڕ لە زمانی ئاینیی دەدرێتەوە، کاتێک هەست و هۆشیاریی نەتەوەیی چەکەرە دەکات، زمانی لاتینی بۆ تەواوی ئەوروپای کاسوولیک/عەرەبی بە نیسبەت ئێمەوە، پاشەکشەی پێ دەکرێت، نەتەوەکان بیر لە زمانی نەتەوەیی دەکەن تاکو بەو زمانە گوزارشتە ئاینییەکانیان دەربڕن. هەر لەو قۆناغەدا گرنگیی بە تەرجەمەی ئینجیل دەدرێت و تەرجەمەی زمانە نەتەوەییەکان دەکریت، وەکو ئەڵمانی و فەڕەنسی و دواتر بۆ زمانەکانی دیکە. خەباتی مارتن لۆتەر لەم بواردا بایەخی خۆی پەیدا دەکات.

واتە، رەنگکردنی خودا بە زمانی نەتەوەیی، بۆ ئەوەی خەڵکە سادە و نەخوێندەوارەکانیش لە گوتاری ئاینیی تێبگەن. نزیکردنەوەی خودا لە مرۆڤ یەکێک بوو لە ئامانجە هەرە گەشەکانی ئەو قۆناغە.

بۆیە، ئێمە، دەبێ هەموو دەمەتەقێ و مشتومڕەکانمان، ئاینیی و دنیەویی بە زمانی خۆمان بێت. زمانی قەبر لێگەڕێن بۆ مردووەکان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×