ئازادی لای هانا ئارێنت

سیروان حەمەڕەشید
  2025-03-13     130

هەڵبەتە لێرەدا گرنگ لەڕوانگە و دیدگا و تێگەیشتنی "هانا ئارێنت"ەوە خوێندنەوە بۆ مانا و چەمکی ئازادی   بکەین و لە چییەتی ئەرکی وکایە و  فەلسەفە سیاسی و پانتای گشتی و  شۆڕشەوە  ئازادی هزری ژنە فەیلەسوفی بەڕەگەزنامە ئەمریکی و بەبنچە ئەڵمانی بخەینەروو.
بابزانین هانا ئارێنت  وەک ژنە فەیلەسوفێکی دیار و کاریگەری سەدەی بیستەم  خویندنەوە و ڕوانگەی فەلسەفی بۆ  شۆڕش و ئازادی چییە؟  
بێگومان  ئەم ژنە فەیلەسوفە سەراپای ژیانی تایبەتی خۆی  لەپێناوی ئازادی تاک  و مرۆگەری و  تەرخانکرد، بەچەشنێک وەک ئازادیخواز و   مرۆڤدۆستێکی بەرچاوی ناو مێژووی هزر و فەلسەفەی سیاسی  نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمی خۆرئاوا دەرکەوت و ڕۆڵ و نەخشی لەناسندیندا هەبووە.
گومانی تێدا نییە مێژووی هزری سیاسی خۆرئاوا منەتباری ئەم بیرمەندیە، ، خۆشبەختانە ئێستاکە بەشی زۆری نوسین وکتێبەکانی لەلایەن دەزگا و چاپەمەنییە کوردییەکانیەوە  کراونەتە  کوردی .  
دیارە فەلسەفە و نوسینەکانی هانا ئارێنت  بایەخی زۆریان  بۆ خوێنەر و نێوەندی ڕۆشنبیری جڤاتی ئێمە هەیه و بەچەشنێک ئاشنامان دەکات بەفەلسەفە و دیدگا و هزر و تێگەیشنتن و ناساندنی چەمك و چییەتی ( رووبەری گشتی و شۆرش و ئازادی سیاسی) ئەم فەیلەسوفە مەزنە.
  ئارێنت  بەڕوانین و تێگەیشتنکی فرە ڕەهەند و قوڵەوە شرۆڤەی پرسی ڕووبەرێ  گشتیی و شۆڕشی و ئازادی هێناوەتە بەرباس و گفتوگۆوە .
 
ئازادی وەک فەلسەفە و چەمک لای ئارێنت بریتییە لەپیادەكردنی ئازادی سیاسی لە سەر ڕووبەری گشتی و ئازادی سیاسی  پێوابوو  کاتێک   دەستەبەری ئازادی دەکرێت کە سیاسەتکردن و گفتوگۆی  وەک میکانیزمێک  بۆ سەلماندن و پەیڕەوکردنی زەمینەی یەکسانی و فرەیی و بیرکردنەوەی لەجەوهەری سیاسەت  لەنێو پانتایی گشتیدا پراکتیزە بکرێت ، چونکە لای ئارینت بۆ ئەوەی ئازادی هەبێت  زۆر پێداگری لەخۆشکردنی زەمینەی  ڕووبەری گشتی و فەلسەفەی سیاسی  ، واتە  ئارێنت بۆچۆنی وایە کە پرسی ئازادی پەیوەستە  بە بیرکردنەوەی  بێ کوت و بەند کراو و بێ سانسۆر.
 هانا ئارێنت    بۆ دەستەبەری  ئازادی سیاسی  دەگەڕێنتەوە بۆ مێژووی سیاسی و  ئەزموون و پاشخانی دەوڵەتەشار و سیاسەت له سەردەمی یۆنان و ڕۆمانییەکاندا.
 ئەو پاشخانەش  دەبەستێتەوە بەتەوزیفکردنی ئازادی "ئاگۆڕا"دا و   وەک  کەش و زەمینەک لە  گوزارشتکردن و کرداری  ئازادییە سیاسیەکان و گۆڕەپانی کۆبونەوە و  گفتوگۆی سیاسی و بڕیارەکان ، ئارێنت لەشوێنکدا "دەڵێت:  لەدەرەوەی سیاسەت ناتوانین قسە لەئازادی بکەین"  واتە  بەپێی سیاسەت مومکین نییە باس لە ئازادییەکان بکەین، ئەمە بەو مانایە دێت  کە تاک بەشداری کارا و بەردەوامی لەدەسەڵاتی دەستەجەمعیدا هەبێت و هەست بەچییەتی خۆی بکات
لەسەر  شۆڕش و ئازادی هانا ئارێنت پێیوایە تێگەیشتن لەشۆڕش وەک ئەزموونێکی سیاسی  پێویستبوونی شۆڕش بۆئەوەیە کە ئازادیی سیاسی لە کایەکانی ژیاندا  بەرجەستەکراو بێت و ڕەنگدانەوەی بیرکردنەوە و ڕەفتار و کرداری تاکەکانی هەبێت.
 دیارە ڕوانگەی ئارێنت بۆ  چییەیتی شۆڕش بریتییە لەپێناو ئازادیدا بێت و  ڕووبەری گشتی و  لەگەل ئەوشدا ڕوانگە و تێگەیشتنی وابوو کردار و جوڵە تەنها لەو  شۆڕشانەدایە که ئامانجی بنەڕەتی گەیشتنە  بەئازادی سیاسی،  پێیوایە ئەگەر شۆڕش پشتی بەتوندوتیژی بەست ئەوا شۆڕشەکە پەیوەندی بە ئازادییەوە نییە ودواجار دەگۆڕێت بۆ جەنگ و و سەرکوت و مۆنۆپۆلی دەوڵەت و دەسەڵاتگەری ، لەوڕوانگەیەوە هانا ئارێنت لەژێر کاریگەری شۆڕشی ئەمریکیدا بوو ڕای وابوو کەئەو شۆڕشە  ڕووحی ئازادی و یەکسانی لەهەمو جێگەیەکدا بڵاو کردەوە  و ڕۆڵی لەهۆشیارکردنی نەتەوەکانی ئەوروپادا هەبووە،  ئارێنت  تایبەتمەندی هەمو شۆڕشک لەوەدایە کەستراتیژی فەلسەفی و  سیاسی  بۆ  دروستکردن و جێگرکردنی ڕووبەری گشتی و ئازادیی سیاسی دەبینی کە کڕۆک و شوناسی سیاسەت بەواتای ئازادی دێت .
 لەدیدی ئارێنتتەوە شۆڕش بۆ ئەوە نەهاتووە تا خەڵکی لەهەژاری ڕزگار بکات، بەڵکو ئەرکی سەرەکی دابینکردنی ڕووبەرێکە بۆ پیادەکردنی ئازادییەکان.
هانا ئارێنت ئەو  فەیلەسوف و بیریارە جوو بوو کە تاڵاوی ستەمکار و ڕاودوونانی دەسەلاتی نازیزمی ئەڵمانی چێشتووە ، بۆیە   هەرچی توانای هزری هەبوو لەپێناو  سەرخستنی ئازادی مرۆڤدا کردوی و تەنانەت وەک فەیلەسوفێکی جولەکە زۆر سەرسەختانە ڕەخنەی لەسیاسەتی زایۆنیزم و پڕۆژی دروستبوونی دەوڵەتی  ئیسرائیل هەبوو ، ئارێنت  خوازیاری  ئەوەبوو  دەوڵەتێکی بەهاوبەشی نەتەوەی  عەرەب و جووەکان  لەفەڵەستین دامەزرێت .
ئەوە ماوە  بیڵێین ئەوەیە دوای پتر لە حەفتا ساڵ لەتێزی ئازادییەکەی ئارێنت ، ئێمە لەساڵی 2025 هیشتا جڤات و کۆمەڵگاکانی ئەم  ناوچەیە   لەسەرەتاترین  پیادەكردنی ئازادییەكان بی بەشن و ئاسۆی بەریخستنی شۆڕش و جوڵانەوەیەکی سیاسی و فیکری و  ستراتیژی نادیارە و  گەیشتن بە ئازادی سیاسی کۆسپی هەرە سەرەکی    نەبوونی  ڕووبەری گشتی و بوونی كەشیكی ترسناك و  تاریک و داگیراوە كەهیچ هیوایەک بۆ بەدیهینانی ئازادی وئەفراندنی ڕووبەری گشتی و مەدەنی و دەسەڵاتێکی عەقلانی لەئارادا  نییە...


بۆ نوسینی ئەم وتارە سودم لەم پەرتوكە بینیوە
١- فەلسەفەی سیاسی  هانا ئارینت - وەرگیرانی_ ریبین رسول ئیسماعیل _ دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم_ ٢٠٢٢

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×