ئاشکرایە شەڕ و ململانێ ئەمجارەتان لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار شەڕ نییە لەپێناو بەرژەوەندییە باڵاکانی هەرێمی کوردستان، بەڵکو شەڕێکی بێ مانایە لەپێناوەی پۆست و ئیمتیازات و پارەدا ، هەڵبەتە لەئەگەر ڕێکنەکەوتنی پارتی و یەکێتی لەسەر یەک کاندیدکردنی بەهێز بۆ سەرۆک کۆمار ، بەدڵنیایەوە زیانی گەورە و هەمەلایەنە بە ماڵی کوردی دەگەێنت و ئەوساش زیاتر مەترسی و گریمانەی تۆخکردنی سنوری نێوان ( زەردو سەوز) دەبێتە فاکت و کردار، بەجۆرێکی وا ئەم ناکۆکییەکانە سەر دەکێشت بۆ لێکترازنی ماڵی کورد و لێکەوتە و دەرهاویشتەی ئێجگار خراپ لەسەر ئایندە و بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان دەبێت .
گومانی تێدا نییە دواجار لەو نێوەندەشدا تەنها خەڵکە ڕەش و ڕووتەکەی کوردستانە دەبێتە سوتەمەنی و باجە قورسەکەی ناکۆکیەکاتتان دەدات ، هەمو لایەک دەزانین سەرۆک کۆمار بۆ پێکهاتەی کوردە کە پێشتر لەسەر بنەمای سازان دیاریکراوە، ئەگەر ئەو دوو هێزە یەک تۆز خاوەنی ئەخلاقی سیاسی و ڕووحی نیشتیمانپەروەری بن، بۆ دەبێت پۆستی سەرۆک کۆمار وەک موڵکی تایبەت و ئیمتیازاتی خێزانی دەسەڵاتگەری لێبڕوانن و مامەڵەی لەگەڵدا بکەن؟!!!!
دەبینین ئەم دوو هێزە زۆر پەڕگیرانە لەکێشمەکێشی قوڵدان بۆ وەرگرتنی پۆستێکی تەشریفاتی و ڕەمزی!! ، لەکاتێکدا ئەگەر قەولە سەرۆک کۆمار بەرکەوتەی کورد بێت، دەکرێت لەسەر ئاستی هەمو هێز و لایەنەکانی هەرێمی کوردستان کۆدەنگی گشتی لەسەر بێت، نەک دەرئەنجامی هەڵبژاردنێکی شکستخواردوو بکەنە پێودانگ، کە بەشی هەرە زۆری خەڵکی کوردستان بایکۆتی دەنگدانیان کرد، لەو ڕوانگەیەوە گرنگە کورد پێویستی بەدیاریکردنی کاندیدیکی بەهێز و شیاوە و بەچەێشنێک ڕای گشتی ناوخۆی کوردستان و ڕەزامەندی دامەزراوە یاسایی و دەستوورییەکانی لەسەربێت...
بەڕای چاودێران و هەمولایەک دکتۆر (بەرهەم ساڵح) خەسڵەتی دەوڵەتداری تێدایە و لەپۆستی سەرۆک کۆماریدا خاوەن ئەزمونە و تاڕادەیەک شیاوە بۆ سەرۆک کۆماری ، هەڵبەتە ئەگەر لەخولی پێشوودا نەیتوانی بێت وەک پێوست لەئاست ئەرکەکانیدا بووبێت ، بێگۆمان بەهۆی ناکۆکییەکانی پارتی و یەکێتی و شێواوی ماڵی کورد و سەرکردایەتی سیاسی هەرێمەوە بووە.
لەڕاستیدا خەڵکی کوردستان هێندە هۆشیاری هەیە ئەو ڕاستییە باش تێدەگات پارتی بۆ پێکهێنانی حکومەتی زۆرینە ڕێککەوتن و هاوپەیمانییەتی لەگەڵ سەدردا کردوە؟ زۆرێنە واتە لەباربردنی پڕنسیپی سازان و حرمانی سیاسی هێزەکانی دەرەوەی زۆرینە؟
ڕوونە لەبنچینەدا سەدر دژە بە مافە دەستووری سیاسیەکانی کورد لەعێراقدا و تەنانەت پێشمەرگە وەک ملیشا دەناسێنت وخۆشی ئامادە نییە چەکدارە ملیشاکانی هەڵوەشێنتەوە!!
دیارە بەردەوام پارتی سیاسەتی دووفاقی پەیڕەکردوە لەکاتێکدا لەلایەک خۆی بەئاڵا هەڵگری وەسیقەی ڕیفراندۆم و سەربەخۆی کوردستان دەزانێت و لەلایەکی ترەوە شەڕی پۆست دەکات لەگەڵ سەدری شیعەی عرووبەدا !!! دەشزانین شەڕ لەسەر ئەوە ناکات کەسێک ببێته سەرۆک کۆمار تا لەدیوانی سەرۆکایەتی کۆمارەوە پارێزەری ڕاستەقینەی دەستوور و سەروەری خاکی عێراق بێت و دەسەڵاتەکانیشی بەکار بهێنت بۆ پارێزگاری لە بەرژەوەندییە باڵاکانی هەرێمی کوردستان و ڕێگریکردن لە ستەم و غەدری سیاسی و ئابوورییەکانی.
بەداخەوە یەکێتی و پارتی بەگشتی و بەتایبەت هێزێکی وەک( پارتی)هێشتا نەیانتوانیوە نەزعەی شەڕی ناوخۆ تێپەڕێنن و بەمێژووی ژیانی سیاسی شەڕیانە لەسەر پاوانخوازی و بەرژەوەندگەری خێزانی و دەست بادان و شکاندنی ئیرادەی یەکدی!!
ئێستاش بەڕاشکاوی ئەو دەڵێنەوە (شینەکەتان بۆ حسێن نییە، بەڵکو بۆ هەریسەکەیه)!!! ، واتا ئەم مململانی بێمانایە ئێوە پەیوەندی بەخواستی کوردەوە نییە، تەنها بۆ چاوچنۆکی و دەستکەوتی ماددی و ئیمتیازاتی زەبەلەحی خێزانی دەسەڵاتگەریتانە و هیچی تر.