برسیی و بێ نان بیت و ئازادیش لێ زەوت بکرێت!
سیروان حەمەڕەشید
2020-12-06   637
هەموو هەوڵ و کۆششی مڕۆڤ لەپێناو نان و ئازادییدایە ، گومان هەڵناگرێت فاکتەری بەردەوامی ژیانی و ئاسودەیی و ئاسایشی کۆمەڵایەتی پەیوەستە بەنان و ئازادییەوە..
دەپرسین لەکاتێکدا خەڵک برسیی بێت و ئازادی لێ زەوت بکرێت. هیچ مانایەک بۆ ئیرادە و کەرامەت و مڕۆڤبوون دەمێنێتەوە... ؟
ئەم سەردەمەی خەڵکی کوردستانی پێدا گوزەر دەکات هێندەی ئەم ساتەوەختە پەڕگیر و برسی و زەلیل نەکراو کەسایەتی نەخراوەتە ژێر پۆستاڵەکانەوه ، تەنانەت لەشارێکی وەک هەولێردا هیچ جۆرە ماف و ئازادیی بیڕوڕا و سیاسی تێدا نەماوە ، هاووڵاتییان بەڕادەیەک وا ترسێنراو و چەپێنراوە بوێری و جورئەتی ئەوەییان نییە لەبەردەم مایکی مەڵپەڕێکیدا بەدەربڕینی چەند وشەیەک گوزاڕشت لە بۆچوون و ئازارەکانیان بکەن؟!!! ئەمە ئەو ڕاستییگەلەیە ستەمکاری و تۆقاندن بەچ دۆخێکی مەترسیدار گەیشتووە؟! تا ئاستی لەمڕۆڤخستن ...
(جۆن ستیوارت مێل )لەبارەی پێشلکردنی ئازادییەوە دەڵێت:" کاتێک ئازادی یەکێک لەتاکەکان زەوت دەکرێت مانای وایە ئازادی کۆی کۆمەڵگە زەوتکراوە"
گەر بتەوێت شوناسیکی سیاسی بدەیتە هەرێمی کوردستان ناتوانیت وەک چوارچێوەیەکی سیاسی و خاوەن دەستوور و یاسا و سیستەم پێناسەی بکەیت. بەڵکو تەنها دەتوانرێت بەهەرێمێکی پڕ لە فەوزا و نائارامی سیاسی و نەبوونی دڵنیایی قوڵ و جەنگەڵ ئاسا وێنای بکەین ، بەشێوەیەک باڵادەستیی یاسای کوێرانە و و زەبرو زەنگ تێدا پەیڕەو دەکرێت.
ڕۆژانە لەشەقام و کۆمەڵگەوە دەبینین و دەبیستین خەڵکی چۆن نەفرەت لەم دەسەڵاتە دەکەن، لەدڵییانەوە دەخوازن ڕۆژێک زووتر لەدەست ستەم و چەوساندنەوەی ئەم بەناو حکومەتە ڕزگارییان ببێت..
میللەتێک بەخوێنی هەزران ڕۆڵە و تراژیدیای ئەنفال و کیمیاباران و وێرانکاری بۆ ڕزگاری و ئازادی خاک و کەرامەتیان باجی گەوەر و گرانیدا بێت ، کەچی ئێستاکە بەنیگەرانیەوە لەسەردەستی جەنگاوەر و پێشمەرگەکانی دوێنی(شاخ) دڵڕەقانە ستەم و تەعدایان لێ دەکرێت و نامۆڕڵانە برسیی دەکرێن و ئازادییان لێ زەوت دەکرێت.