هەندێک باوک تەنها باوکی کوڕەکانیانن، بەڵام هەندێکیان لە دوای ڕۆیشتنی کوڕەکانیان دەبنە هێمایەکی گەورەی ئیرادە و خۆڕاگری، دەبنە سیمبۆڵی شەرەف و شکۆی مرۆڤبوون و مرۆڤایەتی. مام عوسمان حەسەن، باوکی شەهید سەردەشت عوسمان، یەکێک بوو لەو باوکانەی کە بە ژیانێکی پڕ لە ئازار و خۆڕاگری سەلماندی، گەورەیی مرۆڤ نە بە تەمەن و سامانەکەیەتی، نە پلەو پۆستەکەیەتی، بەڵکو بەوەیە کە لە کاتی تاقیکردنەوەکاندا چۆن شەرەفی مرۆڤبوون و شکۆی خۆی دەپارێزێت.
ئەمڕۆ مام عوسمان حەسەن، باوکی ڕۆژنامەوان و شەهیدی ئازا و ئازادی دەربڕین سەردەشت عوسمان، کۆچی دوایی کرد. بەڵام لەگەڵ ڕۆیشتنی ئەم باوکە جوامێرە، تەنها ژیانی باوکێکی ئاسایی کۆتایی نایەت.. چونکە مام عوسمان تەنها باوکێکی سادە نەبوو، بەڵکو شایەتێکی زیندووی مێژوویەکی تیرۆری خوێناوی و نادادی بوو. ئەو بە باوەڕێکی نەشکاو، بە ویژدانێکی بێسازش و دڵێکی پڕ لە ئیرادە، سەرەڕای ئەو هەموو ئازار و گووشارانەی کەوتبوونە سەری، ڕازی نەبوو خوێنی کوڕە شەهیدەکەی ببێتە بازاڕی سەودا و نرخێک بۆ کڕینی بێدەنگی. مام عوسمان ئەو باوکە بوو کە ساڵانێکی زۆرە، بە ئازارێکی قووڵ و بێدەنگییەکی پڕ لە شکۆ، بەرگری لە ڕاستی و شەرەفی خوێنی کوڕەکەی کرد.
سەردەشت عوسمان تەنها کوڕێکی مام عوسمان نەبوو، بەڵکو گەنجێک بوو کە خەونی ژیانێکی ئازاد، بونیادنانى کۆمەڵگەیەکی دادپەروەر و وڵاتێکی پڕ لە هیوا و ژیاندۆستی لە دڵدا هەڵگرتبوو. ئەو بە قەڵەمەکەی هەوڵی دا دەنگی ئەو نەوەیە بێت کە دەیەوێت بیر بکاتەوە، پرسیار بکات، ڕەخنە بگرێت و بەبێ ترس لە سەرکوتکردن و تیرۆر، خەونەکانی خۆی دەرببڕێت. بەڵام ئەوانەی لە ڕووناکی بیری نەوەکانی گەل و ئازادی دەربڕین دەترسان، خونچەی ژیانیان لێ زەوت کرد و خوێنی قەڵەمەکەیان بە سەر خاکدا پڕژاند. بەڵام نەیانتوانی باوەڕەکەی بکوژن، نەیانتوانی خەونەکەی لە دڵی باوک و خێزانەکەیدا بسڕنەوە و تەنانەت نە بە دنەدانی سامان و نە بە هەڕەشە و گووشار، نەیانتوانی ویژدانی مام عوسمان بێدەنگ بکەن.
مام عوسمان، سەرەڕای فشار و بێپشتیوانی، هیچ کاتێک ڕازی نەبوو خوێنی کوڕەکەی بکاتە بازاڕی سازش و سەودا. ئەو نەیویست دۆسیەی کوڕەکەی بە سامان بگۆڕێتەوە و بیکاتە گیرفانی خۆشبژێتی خۆی و خێزانەکەی. بەپێچەوانەوە، زوو زوو دەچووە سەر مەزاری کوڕەکەی و بەڵێنی خۆڕاگری بۆ شەهید سەردەشت دووبارە دەکردەوە.. بەڵێنێک کە لە هەموو سامانی دنیا و پلەیەک بەرزتر و لە هەموو کۆشک و تەلارەکانی ئەو دەسەڵاتە بێدەرەستە باڵاتر بوو.
بۆیە ئەم باوکە جوامێرە بە ئیرادە و خۆڕاگری خۆی سەلماندی کە باوکێک دەتوانێت هێندەی کوڕە شەهیدەکەی گەورە بێت. ئەو خوێنی کوڕەکەی نەفرۆشت، سەودای بە ناوی شەهیدەکەیەوە نەکرد و شەرەفی خەونەکەی بە زیندوویی هێشتەوە. مام عوسمان هێندەی شەهید سەردەشت گەورە بوو، چونکە ئەوەی سەردەشت بە خوێنەکەی نووسیبووی، ئەو بە بێدەنگی و ئازارەکانی ناخی خۆیەوە ژیانی پێدا و بە زیندوویی هێشتیەوە، بۆیە هیچ ترس و هەڕەشەیەک بڕوای مام عوسمانیان نەلەرزاند تا لەسەر خوێنی کوڕەکەی سازش بکات، چونکە دەیزانی ڕاستی وەک ئاگر ناگەڕێتەوە و دەنگی شەهیدان، ئەوانەی لە پێناو ئازادی و دادپەریدا ژیان دەبەخشن، لە دەنگی زیندووان بەهێزتر و بەرزترن.
مام عوسمان بەم بێدەنگی و ئیرادە پتەوەی خۆی، وانەیەکی گەورەی ئەخلاقی فێری هەموومان دەکات. ئەو پێی گووتین، خۆفرۆشتن و سەودا بە شکۆی مرۆڤەوە، گەورەترین خیانەتە لە ئەخلاق، لە خودی مرۆڤبوون و مرۆڤایەتی. دادپەروەریش تەنیا داواکاری نییە، بەڵکو ئەرکی مرۆڤبوون و شکۆی مرۆڤایەتی و بوونی کۆمەڵگایە.
ئەوەی مام عوسمانی لە دڵماندا زیاتر گەورە دەکات، ئەوەیە کە زۆرجار دەچووە سەر مەزاری کوڕە شەهیدەکەی و بەڵێنی خۆڕاگری و سەربەرزی بۆ دووبارە دەکردەوە. وێنەی باوکێک کە لەسەر گۆڕی کوڕەکەی وەستاوە و بە دڵێکی پڕ لە برین بەڵێن دەدات لە ڕێگای ئەو خەونە پاشگەز نەبێتەوە، لە هەر دەقێک و هەر وشەیەک گەورەترە.
لێرەدا پرسیارێکی گەورە لە مێژوو دەکەم.. سەردەشت لە کوێوە ئەو هەموو ئازایەتی و خۆڕاگرییەی وەرگرتبوو؟ چۆن گەنجێک دەتوانێت لە بەرامبەر نادادپەروەری و دەسەڵاتی زۆرداردا، بە قەڵەم و بیرکردنەوەی خۆی بوێرانە بوەستێتەوە؟ ئێستا وەڵامەکە ڕوونترە. سەردەشت پەروەردەی ماڵێک بوو کە تێیدا شەرەف لە پارە گرانتر، ڕاستی لە بێدەنگی بەرزتر و ئازادی لە ژیانی بێ شکۆ بەهادارتر بوو. ئەو لە باوکێکەوە فێری بوو کە مرۆڤ نابێت خۆفرۆش بێت و نابێت لە بەرامبەر نادادپەروەریدا مل کەچ بکات، تەنانەت ئەگەر نرخی ئەو هەڵوێستە زۆر گرانیش بکەوێت.
لە وڵاتێکدا کە دادگای سەربەخۆ نییە و دەسەڵات دوورە لە دادپەروەری، باوکێکی وەک مام عوسمان ڕۆڵی دادوەر و شایەتیدەر دەگرێتە ئەستۆ. ئەو بە چاوە پڕ لە خەمەکانییەوە، بە ئازارەکانی ناخی و بە بێدەنگی خۆی، بەڵگەیەکی زیندووی ئەو ڕاستییە بوو کە هیچ دەسەڵاتێک ناتوانێت بە تیرۆری دەنگ و کوشتنی ڕۆشنبیر، مێژوو بسڕێتەوە.
مام عوسمان ئێستا ڕۆیشتە لای شەهید سەردەشت، بەڵام خەونەکانیان هەرگیز ناڕوا و هەردەم زیندوو دەمێنن. ئەو خەونە لە دڵی هەموو ئەو گەنجانەی کە خەونیان هەیە و باوەڕیان بە ئازادی، بە شکۆی مرۆڤایەتی و دادپەروەری هەیە، دەمێنێتەوە و ژیان دەکات.
ڕۆحی مام عوسمان و شەهید سەردەشت شاد و ئارام بن. لە کۆتاییدا، ئەوەی مام عوسمان بۆ ئێمەی بەجێهێشت، ئەوەیە کە خەونەکانیان بە زیندوویی بهێڵینەوە و هەرگیز ڕێگا نەدەین خوێنی پاک و تێکۆشەرانی ڕەسەن لە بازاڕی سازشدا، سەودایان پێوە بکرێت.