به‌زمی پارێزبه‌ندی

د. شیروان نوری غه‌فور
  2020-05-07     625
ئایا په‌رله‌مانتاره‌كان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پارێزبه‌ندیان هه‌یه ده‌یانه‌‌وێت ماسی بگرن و ژێریان ته‌ڕ نه‌بێت؟
لێسه‌ندنه‌وه‌ی پارێزبه‌ندی له‌ ئه‌ندام په‌رله‌مان كارێكی ئاساییه‌ و ئه‌وه‌نده‌ هه‌ستیار و نادادوه‌ر نیه‌ كه‌ ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌كه له‌ گشت سۆشیاڵمیدیاكانه‌وه‌ بۆته‌ بابه‌تی سه‌رزمانی گشت لایه‌ك به‌ نووسه‌ر و سیاسه‌تمه‌داره‌وه‌.
كاتێك سلیم الجبوری تۆمه‌تباركرا به‌ گه‌نده‌ڵی له‌لایه‌ن وه‌زیری به‌رگری ئه‌وكاته‌ی عراق و درا به‌ دادگا.. الجبوری پاڕیزبه‌ندی له‌ خۆی سه‌نده‌وه‌ و وه‌ك مرۆڤێكی ئاسایی، چونكه‌ باوه‌ڕی به‌خۆی هه‌بوو، چووه‌ به‌رده‌می دادگاو كه‌یسه‌كه‌ی برده‌وه‌ و به‌سه‌ربه‌ر‌زیه‌وه‌ هاته‌وه‌ ناو په‌رله‌مان.
وا بۆ سیانزه‌ ساڵ ده‌چێت‌ هه‌موو تاكێكی كورد له‌سه‌ر خاكی ئه‌م هه‌رێمی كوردستانه‌ باشده‌زانێت كه‌ نادادوه‌ری و گه‌نده‌ڵی هه‌یه‌ و هه‌بووه.. ته‌نانه‌ت به‌رپسه‌كان جارجار دانیان پێداناوه‌...ئه‌مه‌ بابه‌تێكی نوێ نیه‌.. ئه‌م بابه‌ته‌ جووڵانه‌وه‌ و حزبی نوێی درووستكرد و خۆپیشاندانی گه‌وره‌ی به‌دواداهات و چه‌نده‌ها شه‌هیدیشی لێكه‌وته‌وه‌ .
ئایا ئه‌مڕۆ تاكی كورد پێویستی به‌ به‌ڕێز سۆران عومه‌ره به‌بیریان بێنێته‌وه‌ كه‌ په‌رپرسه‌كانمان گه‌نده‌ڵن؟ یان كارده‌كات بۆ به‌دیهێنانی ئه‌و مه‌رامه‌ی كه‌ خۆی ده‌یه‌وێت؟
مه‌رامه‌كه‌ چیه‌؟ گه‌ر سه‌رنجێك له‌ ڕابووردووی به‌ڕێز سۆران عومه‌ر بده‌ینه‌وه، هه‌موو كه‌س ده‌زانێت، خۆیشی باش ده‌زانێت، جا ڕاست بێت یان ڕاست نه‌بێت، جه‌نابیان ڕابووردوه‌یه‌كی ناڕه‌حه‌تی پێوه‌لكاوه‌ و ده‌شزانێ له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا زۆر خۆشه‌ویست نیه‌، ئه‌مه‌ له‌ ڕووی ده‌روونیه‌وه‌ بۆته‌ مۆته‌كه‌یه‌ك له‌ ناخیدا.. چوونكه‌ زووزووش له‌ چاوپێكه‌وتنه‌كاندا ده‌یده‌نه‌وه‌ به‌ ڕویدا و ئه‌ویش نكۆڵی لێده‌كات.. له‌به‌ر ئه‌وه‌ به‌هه‌موو جۆرێك هه‌وڵده‌دات (هه‌قی خۆشیه‌تی) له‌ ڕێگه‌ی سیاسه‌ت و ‌ ژینگه‌ی به‌ناو دیموكراسیدا بگاته‌ ئه‌و ئامانجه‌ی كه‌ خۆیده‌یه‌وێ و له‌و خه‌وه‌ ناخۆشه و له‌و تۆمه‌تانه‌ی دراونه‌ته‌ پاڵی‌ ڕزگاری بێت.
ئه‌و بابه‌ته‌ی كه كاك سۆران‌ هه‌ڵی بژاردوه، كاته‌كه‌ی زۆر هه‌ستیاره به‌تایبه‌تی كه‌ ئه‌مڕۆ كۆمه‌ڵگا به‌ هه‌موو چینه‌كانه‌وه‌ زۆر زوویرن له نه‌بوونی مووچه‌و‌ ئه‌دای حكومه‌ت و ناته‌ندرووستی په‌یوه‌ندیه‌كانی هه‌موو حیزبه‌‌كان. كاك سۆران به‌ڵگه‌كانی لاوازن، به‌ڵام تازه‌ به‌ردێكی گه‌وره‌ی هه‌ڵگرتووه‌ و‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی زه‌حمه‌ته‌ به‌تایبه‌تی بۆ پیاوی سیاسی‌.
به‌ڕێزیان گه‌ر متمانه‌ی به به‌ڵگه‌كانی هه‌یه‌‌ با بفه‌رموێت لێسه‌ندنه‌وه‌ی پارێزبه‌ندیه‌كه‌ په‌سه‌ندكات و وه‌ك هاووڵاتیه‌كی ئاسایی بچێته‌ به‌رده‌م دادگا. ئه‌گه‌ر بردیه‌وه‌ به‌سه‌ربه‌رزی دێته‌وه‌ ناو په‌رله‌مان‌. چونكه‌ ناكرێت په‌رله‌مانتار كاتێك‌ پشتئه‌ستووربوو به‌ پارێزبه‌ندیه‌وه‌ ئیتر بچێت به‌ ڕاست و چه‌پا هه‌ڵسووكه‌وت بكات. به‌ڕای من هه‌ڵه‌یه‌كی سیاسی گه‌وره‌یكرد و نایباته‌وه‌‌.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×