کاتێک ئەخلاقی ئەکادیمی بەرەو نەمان ئەچێ مانای ئەوەیە کە بەهای هیچ شتێکی تر نەماوە لەو کۆمەڵگایەدا.
خوێندنی باڵا بڕبڕەی پشتی گەشەکردن و پێشکەوتنی هەموو کۆمەڵگایەکە.. بەڵام وەک چاودێرێک دەبینم خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان لە قەیراندایە و رۆژ بە ڕۆژ ئەو قەیرانەش ڕووی لە هەڵکشاندندایە.. لەم نووسینەمدا باسی قەیرانەکانی ناو خوێندنی باڵا ئەکەم و کاتی گوڕانکاری ڕیشەیی هاتووە بۆ ڕزگارکردنی زانکۆکانمان لەم تاریکیە و دابینکردنی دواڕۆژێکی درەوشەدار بۆ نەوەی داهاتوو.
ئەوەی ئەمڕۆ ئەبینرێت لە ناو زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەوەیە کە نەیانتوانیوە سیستەمێکی ئەکادیمی پتەو دامەزرێنن بۆ دڵنیابوون لە ئامادەکردن و پێگەیاندنی نەوەیەکی بە توانا کە دوای دەرچوونیان بتوانن بەشداربن لە پێشخستی بازاڕی کار و بگەن بە هیوا و خواستی خۆیان.
دانانی سیستمی ئەکادیمی کارا بە خەڵکی زانا و بوێر و دڵسۆز ئەکرێ.. نەک بەو کەسانەی کە بۆ ماوەیەکی کاتی دەبنە ڕاگر و سەرۆک زانکۆ و بریکار و وەزیر..
دەستتێوەردانی ئەحزابە سیاسیەکان لەناو زانکۆکاندا وەک پێدانی کورسی سەرۆک بەش و ڕاگر و یاریدەدەری سەرۆک زانکۆ و خودی سەرۆک زانکۆ بە کەسانی حیزبی بێتوانا و نەشیاو گەورەترین کارەساتی خوڵقاندوە لەناو پرۆسەی خوێندنی باڵا.
لەناو زانکۆکاندا مامۆستای خەمخۆر کەمینەن و مامۆستای بێکەڵک زۆرینەن.. سیستمی بەڕێوەبردنی ئەکادیمی وەها داڕيژراوە کە ئەم دوو نموونەیە وەک یەک مامەڵە بکرێن.. بۆ نموونە مامۆستایەکی خەمخۆر کە شەونخونی دەکات بۆ پێگەیاندنی قوتابی هیچ جیاوازیەکی نیە، نە لەڕووی مادی نە لە ڕووی معنەوی لەگەڵ مامۆستایەکی بێکەڵک، بگرە چانسی تەرقیە و دزینی توێژینەوە و کاسەلێسی ئەوان زیاترە لە مامۆستا خەمخۆرەکان.
بڵاوکردنەوەی توێژینەوەی زانستی بە مەبەستی (تەرقیە) بۆتە دیاردەیەکی ناشرین لەناو مامۆستا بێکەڵکەکان، زانکۆش و وەزاریتیش ئاگادارن و چاوپۆشی لەم دیاردەیە ئەکەن چونکە خۆشیان بەو جۆرە تەرقیەیان کردوە… ئەمڕۆ بە پارە دەتوانیت ببیت بە ئەندامی گروپێکی زانستی گەندەڵ و لە ماوەیکی زۆر کەمدا ئەتوانیت ببیت بە خاوەنی ٤-٦ توێژینەوە و نازناوی پرۆفیسۆر یان یاریدەری پرۆفیسۆری پێوەرگریت..
مامۆستا کەمتەرخەم و بێتواناکانی ناو زانکۆ بوونەتە (لۆبی)یەکی گەورە لەناو زانکۆکاندا. ئەمانە ژمارەیان رۆژ بە رۆژ لە زیادبووندایە.. ئەمانە لەناو ژینگەیەکی ئەکادیمی ڕاستەقینەدا قەت جێگەیان نابێتەوە.. ئەگەر تێزی دکتۆراکانیان بنێریت بۆ زانکۆیەکی ئەوروپی بۆ هەڵسەنگاندن، شەهادەی بەکالۆریۆسیشی پێوەرناگرن.. دەبێت چاودێریەکی تەواو بکرێن لە ڕووی ئەدای ئەکادیمی و ئاستی توێژینەوەکانیان تا ئەگەنە ئاستی فێربوونی ئەخلاقی ئەکادیمی.. ئەم جۆرە گروپانە زۆرن و حکومەتێکی بوێری دەوێ بۆ بنبڕکردنیان.. ئەم جۆرە بێتواناییە کاریگەریەکی ڕاستەوخۆی درووستکردوە لە سەرلێشێواوی و پێنەگەیاندنی قوتابی چالاک و لێهاتوو.
قوتابی خوێندکاری ماستەر و دکتۆرا هەموو ساڵێک بە لێشاو وەردەگیرێن لە زانکۆکاکان بەبێ ڕەچاوکردنی توانا و لێهاتوویی سەرپەرشتیار و خوودی قوتابی..گەر ئەم بابەتە بەڕێژەیی سەیریکەین لە هیچ ووڵاتێکی جیهاندا ئەمە نابینرێت جگە لە زانکۆکانی هەرێم و خوارووی عراق.
هیچ سیستەمێک یان پێوەرێ بەهێز دانەنراوە بۆ وەرگرتنی قوتابی خوێندکار بۆ خوێندنی ماستەر و دکتۆراە.. ئەوەی هەیە زۆر لاوازە و هێشتا ڕازیش نین. چەند ساڵێک پێش ئێستا لە یەکێک لە زانکۆکان لەلایەن دوو بەندەی پسپۆڕەوە چەند پێوەر و پرۆپۆزەڵ پێشکەشکرا بۆ ڕزگاربوون لەم گێژاوە.. بەڵام بەداخەوە دیزە بەدەرخوونە کرا.
بوونی سیاسەتی دووفاقی لە وەرگرتنی قوتابی لە زانکۆکان بۆتە هۆی یاریکردن بە بە هیوا و خواستی قوتابی لە ژێر ناوی زانکۆی حکومی و زانکۆی ئەهلی.. بۆ نموونە ئەگەر زانکۆی حکومی نمرەی ٩٩٪ وەربگرێت لە بەشێکی تایبەت.. بۆ هەمان بەش زانکۆی ئەهلی نمرەی ٩٠٪ وەردەگرێت چونکە ئەو جیاوازیە لە نمرەدا بە پارە دەکڕدرێت.. بەکارهێنانی سیستەمی پارالێل نادادوەری خستۆتە ناو خوێندن و وەرگرتنی قوتابی..
هیچ چاودێریەک و گرینگیپێدانێکی جدی نابینرێت سەبارەت بە پرۆژەی دەرچوون (مشروع التخرج)ی قوتابی کە مەرجێکی سەرەکیە لە کۆتایی قۆناغی خوێندنیان…
وێڕای پەنابردن بۆ دەزگا چاوچنۆکەکانی سەر سۆشیال میدیا کە بە پارە پرۆژە و توێژینەوە و تێزی ماستەر و دکتۆرا دەنووسنەوە.. هیچ گرنگیدان و چاودێریەکی تایبەت نابینرێت لەلایەن زانکۆ و وەزارەتەوە.. نووسینەوەی تێز و پرۆژە و توێژینەوە پڕن لە plagiarism، copy and paste . چاوپۆشیکردن لەم دیاردەیە سووکایەتیکردنێکی بێهاوتایە بە ئاستی زانست و مەعریفە لە کۆمەڵگای ئەکادیمیدا.. ئەو کاندیدانەی هەوڵدەدەن بۆ ئەم ساختەکاریە، ١٠ جار زیاتر تاوانبارن و دەبێت سزای ئەکادیمی بیانگرێتەوە بەڵام بەداخەوە چاوپۆشیان لێدەکرێت.
نەبوونی دەستەی ئەمیندارێتی لە زانکۆکاندا.. بوونی ئەم دەستەیە زۆر گرنگە بەمەرجێک بریتیبن لە کەسانی دڵسۆزی ڕەسەنی ناوچەکە و دوور لە حیزبایەتی.. ئەوانەی زەمیر و ویجدانیان جارێ زیندوە و لە ناخدا دەیانەوێت خزمەتێکی مەعنەوی پێشکەش بە کۆمەڵگا بکەن.. ئەم دەستەیە دەبێت پشتگیربن و بڕیاردەربن لەسەر خەرجکردنی بووجەی زانکۆ، دامەزراندی سەرۆک زانکۆ و ڕاگرەکان، بەرەوپێشخستنی شەفافیەت و بەشداربن لە بەرەنگاربوونەوەی ئاڵەنگاریەکان، بەشداربن لە داڕشتنی سیاسەتی گشتی ئەکادیمی زانکۆ…هتد
هاوکارینەکردنی و نەبوونی هەماهەبگی جدی نێوان وەزارەتی خوێندنی باڵاو زانکۆکان بەتایبەتی لەبواری جێبەجێکردنی هەموو پێوەرەکانی دڵنیایی جۆری و متمانەبەخشین بە شێوازێکی نوێ نەک ئەوەی ئێستا کە هی ١٤ ساڵ پێش ئێستایە و لە حاڵەتی بەستەڵەکدایە و هیچ گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتووە.
لابردنی پرۆسەی (ڕیزبەندی نیشتیمانی زانکۆکانی هەرێم) کە پڕبوو لە پێوەری باشی ئەکادیمی بۆ ناساندی توانای زانستی مامۆستاکانی زانکۆ و خودی زانکۆ خۆی، بۆشاییەکی گەوەرەی درووستکردوە لە نەمانی شەفافیەت و نەمانی کێبڕکێی زانستی نێوان زانکۆکان نێوان مامۆستاکان..
ئەم جۆرە بێتواناییانە کە مشتێکە لە خەرمانێک کاریگەریەکی ڕاستەوخۆی درووستکردوە لە سەرلێشێواوی و پێنەگەیاندنی قوتابی چالاک و لێهاتوو..
ئەمڕۆ خوێندنی باڵا پێویستی بە چاکسازی و گۆڕانکاری بنەڕەتی هەیە.. پێویستی بە دانانی ستراتیجی تێکڕا هەیە.. پێویستی بە دانان و پەرەپێدانی پرۆگرامی نوێ هەیە بۆ خوێندن و فێربوون.. پێویستی بە پێشخستنی کادری ئەکادیمی هەیە لەڕێی بەشداریکردن لە خولی ڕاهێنان و بەشداریکردن لە کۆنفرانس و وۆرکشۆپ و پەیوەندیکردن بە زانکۆکانی جیهان بەتایبەتی لەبواری تەکنەلۆجیا و داهێنان و توێژینەوەدا.