پرنس فلیپ مێردی شاژنی بریتانیا و ووڵاتانی کۆمۆنوێڵث کە ناسراوبوو بە کابرایەکی قسە ڕەق و قسە لە ڕوو.. لە ژیانیدا سەرۆکایەتی فەخری ٧٨٠ ڕێکخراوی خێرخوازی کردوە لە ژێر ناوی Prince Phillip Charity Fund.
یەکێک لەو ڕێکخراوە چارەتیانە یارمەتیدانی زانکۆکانی ووڵاتە ئەفریقیەکانی ناو کۆمۆنوێڵث بوو بە پەڕتووک و جۆرناڵ و سەرچاوە زانستیەکان.
ڕێکخراوی چاریتی SCHEIK کە لەساڵی ١٩٩٢ لە لەندەن دامەزرابوو بە سەرۆکایەتی بەڕێز دکتۆر فوئاد هەناری و بەڕێوەبەرایتی بەندە و ئەندامێتی پرۆفیسۆر دلاوەر عەلادین و پرۆفیسۆر صباح جاسم و کاک محەمەد خەیلانی یەکێک بوو لە چالاکترین ڕێکخراوی چارەتی لەو کاتەدا بۆ دابینکردنی پێداویستیەکانی زانکۆکانی کوردستان کە ئەوکات هەر سێ زانکۆ بوون.
ئەو چالاکیانەی کە پێی هەڵدەستاین زیاتر کۆکردنەوەی کۆمپیوتەر و سێرڤەر و پەرتووک و جۆرناڵی زانستی و ناردنەوەی پزیشک و وانەبێژ بوو بۆ زانکۆکان... دابینکردنی پەرتووک و جۆرناڵ زۆر گران و زەحمەت بوو...
هاوینی ساڵی ١٩٩٤ هەلێکمان قۆستەوە و بووین بە ئەندامی ئەو ڕێکخراوەی پرنس فلیپ سەرۆکایەتی دەکرد و سوودێکی گەورەمان لێکردن.. لە ماوەی یەک هەفتەدا بە من و د. فوئاد و کاک محمد خەیلانی کاتێک چوینە عەمباری کتێبخانەکە لە ڕۆژهەڵاتی لندن و چاومان بە هەزارەها کتێب و جۆرناڵ کەوت.. کورد ووتەنی شاگیربووین.. لەو ماوە کەمەدا توانیمان ١٤ تەن پەرتووک و جۆرناڵی زانستی کۆبکەینەوە و بە پەلە ناردمانەوە بۆ کوردستان.
لە مانگی ئۆکتۆبەری هەمان ساڵ، دەعوەت نامەیەکمان لە لایەن بەڕێوەبەرایتی ڕێکخراوەکەی پرنس فلیپ پێگەیشت بۆ ئامەدەبوونمان لە ڕیسێپشنێک کە بۆ سەرۆکی ووڵاتێکی کۆمنوێڵثی ئەفریقی لە یەکێک لە هۆڵەکانی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا لە وێستمنستەر سازکرابوو.
بەندە و د. فوئاد بەناوی خۆمان داوەتنامەکەمان پێگەیشتبوو.. زۆر دڵمان خۆشبوو بە هەلێکی زێڕینمان زانی بە تایبەتی بۆ گەیاندنی دەنگی کورد لەو کاتەدا و لەو بۆنەیەدا.
د. فوئاد و بەندە خۆمان قۆز کرد و قاتی ڕەش و بۆیمباخی Bow Tie مان بەست و کاتژمێری حەوتی ئێوارە یەکمان گرت و چووین بۆ وەزارەتی دەرەوە.
کاتێک چووینە ناو هۆڵەکە سەرمان سووڕما.. پڕبوو لەو کەسایەتیانەی کە تەنها لە تەلفزیۆندا دەبینران وەک وەزیر و ئەندام پەرلەمانەکانی بەریتانیا..
سەروو پەرداخێک واین مان گرت بەدەستەوە و بڕیارماندا کە دابەشبین بۆ ئەوەی زیاترین کەس ببینین.. هەریەکەمان بە لایەکدا ڕۆیشتین.. ئەو جۆرە کەسانەی کە قسەمان لەگەڵکردن بە ڕواڵەت زۆر ڕێزداربوون و گوێ ڕایەڵبوون بۆ کەیسی کوردی بەتایبەت باشوری کوردستان.
لە پڕ مقۆ مقۆ پەیدابوو لەوسەری هۆڵەکەوە لە دەرگایەکی گەوەرەوە پرنس فلیپ پەیدا بوو.. بەڕاستی من وامدەزانی ماستاوچی هەر لە کوردستان و ووڵاتانی ڕۆژهەڵات هەن.. هەموو چوون دەوروخولی پرنس فلیپیان داو بەر ئێمە نەدەکەوت کە نەختێک بدوێین لە گەڵیا..
دوای تەواوبوونی ووتەی سەرۆکە ئەفریقیەکە.. بە دکتۆر فوئادم ووت هەرچۆنێک بێت وەک و هاتووین با شەرم نەکەین دەبێت خۆمانی پێبگەیەنین و سوپاسی ڕێکخراوەکەی بکەین و نەختێک باسی بارودۆخی کوردستان بکەین بۆی.. ووردە ووردە بە پاڵەپەستۆ و بە ئێکسکییوزمی ئێکسکیوزمی خۆمان گەیاندە بەردەمی...
لە گەڵ د. فوئادا خۆمان پێشکەشکرد و پێشئەوەی زیاتر لەسەری بڕۆین ووتی خەڵکی کوێن..؟ ووتمان کوردستان... ووتی چی ئەکەن لێرە بۆ ناڕۆنەوە بۆ ووڵاتی خۆتان......
تا گەڕاومەتەوە ماڵەوە دڵم پڕ بوو بوو.. نەم ئەزانی بگریم یان پێبکەنم..