بەڕێز د. ئیسماعیل لە نووسینەکەیدا لە ژێر ناونیشانی "داماو ئاهەنگی چی دەگێڕیت..؟" بەڕێزیان غەدرێکی گەورەی لە میللەت و کۆمەڵگای کوردی کردوە کە بەم جۆرە وەسفی میللەتی کورد ئەکات: داماو، دۆڕاو، شکستخواردو، دواکەوتو..هتد. دەبوایە دوێنێ شەو لە ئاهەنگی سەری ساڵدا قوڕیان بپێوایە.. پرسەیان دانایە.. وەک مەزهەبی شیعە لە خۆیان بدایە.
کاک دکتۆر دەڵێت تەنها ئەو میللەتانە بۆیان هەیە ئاهەنگی سەری ساڵ بگێڕن کە لەو ساڵەدا گەورەترین تەلیسکۆپیان ناردۆتە بۆشایی ئاسمان، ئەوانەی داهێنانی زانستیان ئەنجام داوە، ئەوانەی لە بواری سەربازیدا پێشکەوتنیان ئەنجامداوە… هتد.
باوەڕناکەم لە هیچ ووڵاتێکدا، لە هیچ کۆمەڵگایەکدا… هیچ کەسێک، هیچ زانایەک، ئەندازیارێک، سەربازێک، نووسەرێک، داهێنەرێک، ئابوریناسێک، وەرزشوانێک هەبێت کەشخەیی بەسەر کۆمەڵگای نیمچە دواکەوتوو بکات و بڵێت هەر ئێمە بۆمان هەیە بەشداری لە ئاهەنگەکان بکەین ئێمە لە سەروو ئێوەین و ئەوانی تر دەبێت پرسە دانێن و قوڕ بگرنەوە و سەریانی تێنێن وەک جەنابی دکتۆر دەڵێت.
ئاهەنگەکانی سەری ساڵ دەگەڕێتەوە بۆ ٢٠٠٠ ساڵ پێش زایین کە لە ووڵاتی میسۆپۆتامیا لە زەمانی بابلیەکاندا ئەنجامیانداوە… فەرەنسیەکان لە کاتی شۆڕشی فەرەنسی نێوان ساڵانی ١٧٨٩ -١٧٩٩ ئاهەنگی سەری ساڵیان ڕانەدەگرت لە کاتێکدا زۆر برسی بوون و نان نەبوو بیخۆن.. ئەو ئاهەنگ گێڕانە، وورە و ئازایەتی ئەو میللەتەی نیشاندەدا کە بەبوون و نەبوون میللەتێکی زیندوون.. دواتر بەو وورەی بەرزەوە زاڵبوون بەسەر سیستەمی پاشایەتی فەرەنسا.
لەجەنگی جیهانی یەکەم، لە یەکێک لە شەڕەکاندا لە بەلجیکا، هێزی فەرەنسی و بەلجیکی لەلایەک بەرامبەر هێزی ئەڵمانیا لەناو خەندەقەکاندا trench کە تەنها ٢٠-٣٠ مەتر لەیەک دووربوون بۆ ماوەیەکی زۆر دەجەنگان و یەکتریان دەکوشت بەبێئەوەی هیچلایەک سەرکەوتن بەدەست بێنن. لە ئێوارەی سەری ساڵی ٢٠١٧-٢٠١٨ لەکاتی پشودانێکی کاتیدا سەربازێکی فەرەنسی مێلۆدیکایەک لە گیرفانی دەردەهێنێت و دەست ئەکات بە مۆسیقا لێدانێکی پڕ سۆز و خۆشەویستی ئەوکاتە.. دوای چەند خولەکێک هەر هەموو سەربازەکان کە دوژمنی یەکتر بوون بە فەرەنسی و بەلجیکی و ئەڵمانیەوە لە چاڵەکان دێنە دەرەوە و بەرەولای یەکتر دەڕۆن و بە زەردەخەنەوە دەستی یەکتر دەگووشن.. ئەو شەوە بە خواردنەوە و قسەی خۆش و پێکەنین دەبەنەسەر تا کاتێکی درەنگ و دواتر هەر یەکەو دەچێتەوە ناو خەندەقی خۆی و پاش چەند کاتژمێرێک دەستدەکەنەوە بە یەکتر کوشتن..
دوای ناردنی تەلسکۆپی جەیمس وێب بۆ بۆشایی ئاسمان لە ٢٤\١٢\٢٠٢١ کەبە گرنگترین دەسکەوەتی زانستی دادەنرێت لە بواری کۆزمۆلۆجی.. زانا و کارمەندانی ئەم پرۆژەیە لە ناسا تەنها بە خواردنەوەی پەرداخێک شامپەین ئەم سەرکەوتنەیان ڕاگەیاند و کەسیش ئەم بابەتەی گەورە نەکرد تا بیبەستنەوە بە ئاهەنگی سەر ساڵ. هەموو کەسێکی جیهان بە کۆمەڵگای پێشکەوتوو دواکەوتووەوە ئەم پرۆژەیەیان بەرز نرخاند و پێشوازیەکی بێهاوتای لێگیرا بە کۆمەڵگای کوردیشەوە..
لە شار و شارۆچکەکانی کوردستان وای دەخەمڵێنم کە بەشداربوانی ئاهەنگەکەی دوێنێ شەو زیاتر لە ملیۆنێک کەسی تێپەڕاندبێت.. جوانی ئەم ئاهەنگە لەوەدایە کەس پێتناڵێت تۆ یەکێتیت، تۆ گۆررانی، پارتیت یان ئیسلامیت.. ئەم ملیۆن بەشدارە خۆی لە خۆیدا پەیامێکە بۆ ئەوانەی دژی ئاهەنگەکانی سەری ساڵی زایینی و سەری ساڵی کوردی دەوەستنەوە و لایان نەنگە بۆ یەک شەویش میللەت زەردەخەنەی لەسەر لێو بێت.
تێناگەم بۆچی جەنابی دکتۆر خاڵە لاوازەکانی حکومەت و گەندەڵی و گەندەڵکارانی ناو حیزبەکان و ناشارەزایی حکومەت لە بەڕێوەبردندا دەبەستێتەوە بە کۆمەڵگا و تاکی کوردەوە و بەشداربونیان لە ئاهانگەکانی سەری ساڵدا..؟ ئایا نەیدەتوانی سەدان ڕەخنە بە شێوازێکی ئەکادیمی لە حکومەت و حزبە سیاسیەکان بگرێت..؟ هەر وەک نووسەر و ڕەخنەگرانی تری ئەم کۆمەڵگایە کە بیر و بۆچوونیان و قەڵەمەکانیان هەمیشە لە خزمەتی میللەتدایە..؟
میللەتی کورد نە داماوە، نە دۆڕاوە، نە شکستخواردوە، نە دواکەوتوە.. بە پێچەوانەوە میللەتێکی زیندوە، وورەبەرز و بەسەبرە، لە کاتی خۆیدا ئاهەنگ دەگێڕێت و بەشداری دەکات.. بەشداریکردنی چەند ملیۆن تاکی کورد لە شار و شارۆچکەکانی کوردستان لە ئاهەنگی سەری ساڵی دوێنێ شەودا نیشانەی وورەبەرزی و زەوق و زیندوێتیە.. خۆی بە ڕەوا دەبینێت کە ساڵی جارێک دڵخۆشبێت و بە سەما و هەڵپەڕکێ و پێکەنینەوە پێشوازی لە ساڵی نوێ بکات..
لەکاتی پێویستیشدا ئەم میللەتە درێغی نەکردوە و هەمیشە هاتۆتە دەنگ دژی کەسانی ستەمکار و گەندەڵکاران و ناکەسبەچەکان وەستاونەتەوە.. میللەتی کورد ئەوەندە داماو نیە چاک و خراپەی خۆی و کۆمەڵگاکەی نەزانێت..میللەتێکی بە سەبرن..شایانی ئەوە نین پێیان بوترێت داماو، دۆڕاو، دواکەوتو… زۆر باش دەزانن ئەم بارە قورسەی کە ئێستا بەسەریاندا سەپاوە بەردەوام نابێت و هەنووکەییە.. درەنگ یان زوو هەر تێدەپەڕێت..
لەگەڵ ڕێزدا
د. شیروان نوری غەفور