وردە باس

پشکۆ ناکام​
  2020-05-14     957

-هیچ شتێک ئەوەنە نامهێنێتە پێکەنین بەقەد ئەوەی کە باس لە یەکڕیزی کورد ئەکرێ بەتایبەتی لەلایەن بنەماڵەو پارتی پاشکۆیەوە  کە بەردەوام دوای هەر خروقات و فەزیحەیەکی سیاسی و نیشتمانيی دەست ئەکەن بە لێیانی دەهۆڵی یەکڕیزی بۆ لەبیربردنەوی فەزیحەکەیان، ئاخر تۆیەک کە هەرچی داهاتی وڵاتە بەتاڵانت بردوەو بۆت بکرێ چەم و جۆگەو دارستانەکانیش ئەفرۆشی و پارەکەی ئەخەیتە تەنکەی باخەڵتەوە داوای یەکڕیزی لەخەڵک ئەکەیت؟!! یەکڕیزی تاکلایەنی؟ یەکڕیزی بەتاڵان بردن و دزینی قوتی خەڵک؟ یەکڕیزی بەگژاچونی پارچەکانی تری کوردستان؟ یەکڕیزی وێرانکردنی ئابوری کوردستان؟ تۆ بە کام روی سیاسی و کۆمەڵایەتیشەوە داوای یەکڕیزی ئەکەی لەکاتێکا لە بەغا جگە لەسەنگەری پەرژەوەندی بنەماڵەیی و حیزبی هیچ سەنگەرێکی ترت نییە، تۆیەک کە ئامادەی لەسەر دانەنانی وەزیرێکی کۆیلەی بنەماڵەکەت دونیا وێران بکەیت "دیارە هەر بە قسە"و ئامادە نەبیت نەوت رادەستی ناوەند بکەیت و میللەت و موچەو بژێوی خەڵک بخەیتە ژێر پێتەوە، چۆن داوای یەکڕیزیم لێ ئەکەیت؟ رەنگە هەندێ بۆچونت هەبێ زەمانی رایات و گەڵاڵە بیخواردایە بەڵام ئێستا ناخوات و ئەو چکلێتە با هەر لە گیرفانتا بێ و دەریمەهێنەو وریابە تێکەڵی دۆلارەکان و نەوتاویی نەبێ. پێوەری یەکڕیزی نیشتمانپەروەری و ئینسان دۆستیە، سەیرێکی خۆت لە ئاوێنەی مێژو بکە بزانە ئەو پێوەرانە تۆ ئەگرێتەوە؟! ئەوەی داوای یەکڕیزی ئەکا ئەبێ جیاوازی نێوان ئاشبەتاڵ و هەرەس، داگیرکەرو دۆستی بنەماڵە، دزی و خێر، خۆسەپێنەرو هەڵبژێراو، تەزویرو سەرکەوتو بزانێ تا جێی متمانەی خەڵک بێ لەو یەکڕیزییە. یەکڕیزی زەرورەتێکە بۆ دانانی میللەت لە پلەی یەکەما، کە بنەماڵە چوە پلەی یەکەم یەکڕیزییەکە خزمەت بە بنەماڵە ئەکات نەک میللەت، ئەو جۆرە یەکڕیزییەش لای میللەت مەرفوزەو سەرچاوەیەکیشە بۆ خەوبینین بە یەکڕیزییەوە.. منێک خەڵکی شارێک کە زیاتر لە دوسەد ساڵە خوێنی لێئەتکێ.. فرمێسک ئەرێژێ، ویران و کاول ئەکرێ، ئابڵۆقەی لەسەر دائەنرێ، بۆ لەگەڵ بنەماڵەیەک یەکڕیزبم کە بەتەنگ مێژوی پڕ شکۆی شارەکەمەوە نەیەت، بۆ؟

-کۆرس لە گۆرانیا ئەو کەسانەن لە پشت گۆرانیبێژەوە کۆپلەی گۆرانییەکە وەک خۆی ئەڵێنەوەو هونەرێکی باوە، بەڵام کە لە سیاسەتا کۆرس هەبو مەسەلەکە ئەگۆڕێ وەک ئەوەی لە گاڵتەجاڕی پارلەمانە کارتۆنییەکەی هەولێر دیمان کە چۆن کۆرسێک بەناوی "کۆتا کورسییەکانی پێکهاتەکان" رێک ئەوەی بنەماڵەو پارتی ویستیان ئەوانیش بێ کەم و زیا هەمان کۆپلەیان وتەوە!! ئاخر کەسێک بە سێسەد دەنگی تەزویر بکرێتە کۆرس لە پارلەمانا چ مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر دیموکراسی و سەربەخۆیی بیرکردنەوەو بڕیاریان، جا بنەماڵە کە خۆیان بە تەزویر لە پارلەمان زۆرینەن ئەم کۆرسەش بەتەزویری ئەوان چونەتە پارلەمان بەڵام وەک کۆرس لە ریزی پشتەوە ئەبێ چ مەهزەلەیەک لەو پارلەمانە ڕوبات؟ گەر دیموکراسی بە غەڵەت خۆی پیا کرد شکم نیە خۆی ئەکوژێ.. خۆ سبەی بنەماڵە  بڕیاری ئەوەی هەرێم بخرێتە سەر تورکیا بخاتە پارلەمانەوە بە هەمان دەنگی گروپی کۆرس تێئەپەڕێنرێت.. یان سیستەمی پاشایەتی/ بنەماڵەیی بخرێتە دەنگ یانەوە بەهۆی گروپی کۆرسەوە جارێکی تریش ڕوی مێژو و دیموکراسی ڕەش ئەکەنەوە، پارلەمانێک خۆی کارتۆنی بێ، ئەو گروپی کۆرسەش جگە لە "کاغەز" چی تر نیە لەناو ئەو کارتۆنەیا..

-جوزەلەژەن و شایەرەکانی دەسەڵاتی هەرێم ئەوەنە بە هاتنەکایەی مەسەلەی لامەرکەزی بۆ سلێمانی سەغڵەت بون کە جارو بار قسەی زۆر عەنتێکە ئەکەن وەک: پاراستنی یەکپارچەیی خاکی هەرێم وەک ئەوەی تاپۆی ئەم خاکە وا لە قاسەکانی بنەماڵەو لەگەڵ داهاتی نەوتا هەڵگیراوە!! تێناگەم ئەی هەر هەمان خاک نیە کە پڕ کراوە لە سوپای تورکی؟ هەر هەمان خاک نیە کە سی و یەکی ئاب کرا بە میوانخانەی سوپای بەعس؟ هەر هەمان خاک نیە لە ریفراندۆمی جوانەمەرگا تا پردێ رایان کرد دۆست و ئاشنا نەبونایە هەولێر ئەخرایە سەر مادەی سەدو چل..
کە دو برا لەیەک ماڵا ئیدارەیان نەکرد پێکەوە ئەبێ هەر یەکەیان ماڵی خۆی هەبێ، جا ئێمە کە" برا"ش نین بۆ ئەبێ هەر لە یەک ژورا بین کە بە درێژایی مێژو هەوڵ دراوەو هەمو ئەگەرەکان تاقی کراونەتەوە و سەرئەنجام هەر بە ڕێک(نە)کەوتن تەواو بوە، ئێمە لەسەر قسەکەی سەرۆکی بنەماڵە کە وتبوی: ئێمە لە ماڵی خۆمان و ئەوانیش لە ماڵی خۆیان ئەڵێین: زۆر سوپاس ئەزبەنی بۆ ئەو ئامۆژگاریەو بۆ یەکجار بەقسەت ئەکەین و ئێمە ئیتر لەماڵی خۆمانا دائەنیشین و بە لامەرکەزییت ئەسپێرین...

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×