هەڵکەوتنی شارێک لە ڕووی جوگرافی یان مێژوویی و شارستانی و گەشەکردنییەوە زۆرجار ئەبێتە مایەی نەگبەتی بۆی، چونکە وەک ئەوترێت چاوی پیس و حەسودی بەردەوام لەسەرەو خەڵکی شارەکە هەرچییەک بڵێ و هەرچییەک بکا هەر بە نێگەتیڤ بۆی لێکئەدرێتەوە و ئەوانەی چاویان بەشارەکە هەڵنایە ئەکەونە هەلەکە سەما.
ماوەیەکەو بۆ جارێکی تر مقۆمقۆ و ورتە ورت لەسەر سلێمانی دروست بۆتەوە گوایا خەریکە زیاتر لە بەڕەکەی خۆی پێ ڕائەکێشێ ئەمەش بەمەبەست و ئەجیندای پشت کەوالیسەوە هەنگاوی بۆ ئەنرێ، پێش هەمو شتێ سلێمانی پێویستی بەوە نییە "خێر" بە پایتەختی رۆشنبیری ناو ببرێت". بەش بەحاڵی خۆم گاڵتەم بەو ناولێنانەیە چونکە رۆشنبیریی پروسەیەکی زهنیە "هزر" نەک ئیمزا و بەڕێوەبەرایەتییەک"، ئەم شارە سەد ساڵ زیاترە لە بەڵگە نامەکانی کەسان و مێژونوسە ئەوروپاییەکان بە شاری ئەدەب و مەعریفە و خوێنەواری باس کراوە و سەبارەت بەو ئاستەبەرزەی لەدونیای رۆشنبیریا هەیبوە پێویست بە ناوهێنان ناکا چونکە بەدەیان کەڵە ئەدیب و شاعیرو شاعیری خەڵکی هۆشمەنمان هەیەو هەبوە کە ناوهێنانیان چەن پەڕەیەکی ئەوێ....بۆیە مەمنون نەبوین بەو خێرەو بەخشینی نازناوە کە لای من یەک فلسی قەڵب ناهێنێ باشترە خاوەنەکانی ئەو بڕیارە شینێک بۆ حاڵی رۆشنبیری خۆیان بکەن.
گەرچی بەداخەوە ماوەیەکە سلێمانی ئەو بۆنەی جارانی لێ نایەو بەچەن هۆکارێکی دروستکراو هەوڵ ئەدرێ ئەو سەربەرزییەی هەیەتی نزم بکرێ بەڵام مسۆگەر ئەمە کاتییە و هەر ئەگەڕێتەوە سەر ریتم و بۆن و بەرامی جارانی.
تەنانەت "ڕەشەباکە"ش وەک رەمزێکە بۆ یاخی بون و بەگژاچونەوە، گەرچی ئەویش کزبوەو وەک جاران کاریگەریی نییە، ئەوەش هەر کاتییەو ئەچێتەوە سەر دینەمۆی هێزەکەی جارانی.. چەن حکومەت لە عێڕاقا هەبوبێ هەوڵی تۆقانن و دەست بەسەراگرتنی ئەم شارەی یاوە، ئەنجامەکەی هەر هەڵوێستی خەڵکی شارەکەی لەبەرامبەر دەسەڵاتدارانا پێ رەق و فراوانتر بوە، خەڵکی ئەم شارە زۆری پێکراوەو ئەکرێ، زۆری قبوڵ کردوە، چاوی زۆرو چەپوکی لەسەرە، هەرچۆنێک بجوڵێتەوە حسابی تایبەتی بۆ ئەکرێ، هەمو هەنگاوێکی شارەکە بەچاوی گومانەوە سەیرو ئیجرائاتی لەگەڵ ئەکرێ، خەڵکی سلێمانی شارەکەی خۆی خۆش بوێ ئەڵێن شارچێتی ئەکا، باسی غەدرکردن لەشارەکەی بکا ئەڵێن حیزبچێتی ئەکا، گەر باسی مێژوی شارەکەی خۆی بکا ئەڵێن یەکڕیزی کورد تێک ئەیا!! گەر باسی نەهامەتییەکانی شارەکە بکا ئەڵێن: دەستی دەرەکی لە پشتێوەیەتی، باسی قوربانییەکانی شارەکە بکا ئەڵێن: بای کۆن بەبا ئەکا...!!
شارێکی یەک ملیۆن و نیوی بۆی نەبێ لەو بودجەو داهاتە زۆرەی کە موڵکی باوکی هیچ کەس و لایەک نیە جگە لە میللەت، میللەت و بەس، داوا بکا بەپێی ئیستحقاقی خۆی بەشێکی گونجاو و مەنتیقی وەک هەمو شوێنەکانی تری بۆ سەرف بکرێ ئەمە چ تاوانێکە! چ شارچێتییەکە! چ غەدرێکە لەو دەسەڵاتە مەزڵومە ئەکرێت! ناوچەی وا هەیە لەهەرێم زۆربەی لادێیەو هەموی قیرتاوی دوا دەرجەیەو وەرە سەیری تاسەکانی جادەو بانەکانی سلێمانیش بکە! لەهەولێر گەر جادەی دە سایدی و پێنج سەد مەتریش دروست بکرێ و تۆش داوا بکەی جادەیەکی سەد یان سەدو پەنجایی دروست بکرێت ئەمە ئاژاوەیەو بودجە ڕێ نایات و تۆوی شارچێتی زیاتر ئەچێنی!
ئەم دەسەڵاتە ئەوەنە نەفامە ئەقڵی بەوە ناشکێ کە غەدرکردن و بە جیا مامەڵەکردن لەگەڵ شارێکا ئەبێتە مایەی فراوان بون و قوڵبونەوەی شارچێتی چونکە خەڵک هەردەم پاڵپشتی ئەو شارەیە کە غەدری لێ ئەکرێ و بە هەمو شێوازێک بەرگری لێ ئەکاو بەرامبەر ئەو لایەن و دەسەڵاتە ئەوەستێتەوە کە سەرجاوەی ئەو غەدرو ناعەدالەتی و بەیەک چاوسەیرنەکردنی هاوڵاتیانە... ئەوەی زیاتر لە هەمویش جێی داخ و کەسەرە کە لەم وەزعە نالەبارەیا شارەکە خۆیشی لەلایەن خەڵکی دڵسۆزو ئەهلی شارەوە بەڕێوەنابرێت، ئەمڕۆ کۆمپانیەکانی سەر بەحیزب قۆرخی پرۆژەو بودجەکانی بۆی دانراوە کردوە کە ئیعتبارات و بەرژەوەندی حیزبی سەرو هەمو شتێکە، رەنگە هۆی سەرەکیش ئەوە بێ کێ و چی پلە یەکە لەم شارەیا؟! وەڵامەکەشی: حیزب، حیبزبیش بەشێکە لەو دەسەڵاتە کە ئامادە نیە لەبەر خاتری شارێک دەستبەرداری ئەو هەمو ئیمتیازانە بێتەوە لە دەسەڵات دەستی ئەکەوێ.. جگە لەوەی کاربەدەستەکانی شار لەئاست دەستتێوەردانی حیزبەوە لە گەورەو بچوکی شارەکە خۆیان کردوە بە کەڕەی شەربەت...
خەڵکی سلێمانی ماوەیەک بەوە هەڵخەڵەتێنراو دڵی بەوە خۆش بو کە کەسێک کاروباری شارەکە ئەگرێتە دەست کە ئەو مۆدێلی حوکمکردنەی شار ئەگۆڕێ ئامادەش بو بۆ هاتوچۆ لە سەیارەوە بگۆڕێ بۆ پاسکیل! بەڵام ئەونەی نەبرد ئەویش کەوتە گۆرانی وتن بەهەمان ئاوازو تیپی مۆسیقای دەسەڵاتەوەو گۆرانی" سلێمانی لەنازا غەرق بوە" ئەڵێتەوە و پێی وایە هەقە کەمێ لەو نازە بە دیاری بەین بەو ناوچانەی بێ ناز کەوتوون..
سلێمانی بەدرێژایی مێژو بێ منەتکردن زۆری بۆ خاک و نیشتمان کردوەو زۆر کەميش لەبەرچاو گیراوەو پێی زانراوە، سلێمانی ئەونەی کردوە کە "صدام حسین" ناوی نابو (سەری مارەکە)و خەڵکی تریش بە دانیشتوانەکەی ئەوت "سۆرە"..!!