بێ ڕۆح​

پشکۆ ناکام​
  2019-07-30     1220

جارێکیان لەشاخ ئامر مەفرەزەیەک ئیش و پلەی بەسەر پێشمەرگەکانا بەش ئەکا، بەیەکێکیان ئەڵێ تۆ کادیری سیاسی، بەیەکێکی تر: تۆ کادیری کۆمەڵایەتی، پێشمەرگریەکیش بۆ کاروباری پارەو نەسریە (گەر هەبوایە..)و بەمجۆرە هەموو هەموو پێشمەرگەکان سەرو وەزیفەیەکیان لەبڕیار یانا بەرئەکەوێ جگە لەیەکێکیان کە هیچی بەر ناکەوێ بۆیە بەئامر مەفرەزەکە ئەڵێ: ئەی من؟ ئەویش ئەڵێ تۆ! تۆ.. ڕۆحەکەی....!! 

ئەم یادگارییە کە وەک پەندی لێهاتوە، ڕێک وەک حاڵی نا حاڵی ئەمڕۆی هەرێمە وێرانەکەمانە، هەر حیزب و گروپێک بۆ خۆیان لەسەر سفرەی دەسەڵات خەریکی مڵچە مڵچی خواردنی قوت و داهاتی خەڵکن، کە میللەتیش ئەپرسێ ئەی بەشن لەبەشی خۆم کوا؟ هەمو بەتەوازەعەوە ئەڵێن، قوربان تۆ ڕۆحەکەی! ئێمە لەپێناوی تۆی ڕۆح دەیان ساڵ خەباتمان کردو یامان بەیەکاو لافاوی خوێنمان ڕژاو موحیگی فرمێسکمان ڕشت هەر لەپێناو تۆ، چ گەورەییەکە کە پێت ئەڵێین (ڕۆحەکەی)...

ئەوەتا لە پێناو تۆیا هەر خەریکی سواڵ کردنین تا تۆی " ڕۆح" خۆشگوزەران بیت ، ئەوەنەمان سواڵ کردوە هەرێم بیست سی ملیاردێک دۆلار قەرزارە ، نەک نەوت و گازو ئاوی تانکی سەربانەکان و گازی ئەمۆنیای سەلاجەکان و دوکان و دەربەنی خانیش وەک " بێخمە " بفرۆشین هەر نایەینەوە مایە .. ئەوەتا لەبەر تۆی ڕۆح نەوت بە "بەغا"ش نایەین و پیاویشمان ئەوێ قسە بکا..چیە ..چی ئەبێ با ببێ ،،ئەوپەڕی چەن ساڵێکی تریش " قەیرانی دارایی" ڕوومان تێ ئەکا گرنگ ئەوەیە" ڕۆحەکە" راهاتوە لەسەر بێ معاشی ودزەکەوت/پاشەکەوت وخۆپیشانانی هەڵپەڕکێ ئاسا...

دەسەڵات کە میللەتی کردوە بە ڕۆحەکەیدەرەوەی سفرەکە، ئەوەنە بەتەنگ ئەمن و ئومان و سەلامەتی ڕۆحەکەوەیە پێی ئەڵێ : سەیرکە بۆ پاراستنی تۆی ڕۆح وخزمە ڕۆحەکانت سوپای دراوسێکانیشمان هێناوەتە هەرێم و ئەو چۆنی بوێ وا ئەتان پارێزین، هیچ رۆحێک لەمە نازدارتر هەیە..!

بۆ نەگبەتی ڕۆحەکە ، ئێستا وا لە بەینی بەرداشی جووت! ئامۆزا و  جا ئەیان لەولاوە بەناوی سەرۆکی ! هەرێمەوە و ئەمیان لێرەوە بەناوی سەرۆکی ! حکومەت و سەرۆکی بنەماڵەش لەو بەینەیا سێ چوکڵەیاکیان وەک " المنگقه‌ المحرمه‌" دروست کردوە کە وا ئەکا ڕۆحەکە بە دەفتەر نفوسی " رۆحایەتی" دەربازبوونی نەبێ..گەر رۆحەکە گلەیەکیش لەوەزعی خۆی بکا ، دەسەڵات یەکسەر جوملە حازرکراوەکانی بەرە و ڕوو ئەکەنەوە : یانی تۆ حەشدی شەعبیت لە دەسەڵاتی کوردی پێ باشترە ؟ یانی تۆ برنجی سەدریت لە برنجی کوردی پێ خۆشترە؟ یانی تۆ حەز ناکەی دەوڵەتی کوردی پێک بێت!! ووتمان تۆ ڕۆحەکەی بەڵام ئەبێ رۆحێکی ئاقڵ و گوێ ڕایەڵ و لە سیاسەت بزابی ، بزانی تاکتیکی برسی کردن و ستراتیجی دزین و دەسەڵاتی" دیمۆ- پاشا "واتا دیموکرسی پاشایەتی تێ بگەیت ڕۆحە خۆشەویستەکە....

كاتێک رۆحەکەی گەشتە لووتی لەداخا ویستی خۆی بکوژێ هەر هەموو بەشدارانی سفرەکە بەپەلە پروسكێ پەلاماریان یاو نەیان هێشت خۆی بکوژێ، وتیان: بۆت نیە خۆت بکوژی ..چونکە سفرەکەمان بەناوی تۆوەوە وەرگرتوە و تاپۆکەشی هەر بەناوی رۆحەکەوەیە، هەر بەناوی تۆیە هەر رۆژەی بەشێکی لێ هەڵئەگرین بۆ موستەقبەل ، چی بکەین مناڵمان ووردە ! لەبەر ئەوە تۆ رۆحەکەی دەسڵات مافی خۆکوشتن و لە دونیا دەرچونت نیەچونکە کە تۆ نەبی  بەناوی کێوە ئەم سفرەیە کۆمان ئەکاتەوە؟ بوونی تۆی ڕۆح زەرورییە بۆ وەرگرتنی مەسروفاتی سفرەکەما ، خۆشت ئەزانی چ گرانیەک وا لەئارایا..
ڕۆحەکەش ڕوی کردە ئاسمان‌و وتی: خودایە من "ڕۆح"م، ئەمە وەزعمە، ئاخۆ "بێ" ڕۆحەکان چۆن بن...    
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×