بەڵا..
پشکۆ ناکام
2019-07-14   1081
شازی حكومەت..شازی كابینە..شازی فراكسیۆن..ئەم بەناو حكومەتە تازەیە لەشازیا ئەتوانیت كتێبی لەسەر دەر بكەیت.
حكومەت كەسێك ئەیبا بەڕێوە كە پێش هەڵبژاردن! دەست نیشان كراوە و زانراوە كە هەرێم بەقۆناغێكی" هەستیارو ناسكا ئەڕوات" بۆیە بەرپرسی یەكەمی"پاراستن"ی بۆ هەڵبژاردوە تا هیچ ناحەزێكی هەرێم نەتوانێ هەستیاری قۆناغەكە بقۆزێتەوە و لە ناسكیا بیشكێنێ..ئەم بە ناو حكومەتە وەك هەموو حكومەتە(هەڵبژێراوەكان) ناڵێ خزمەتكاری خەڵك ئەبێ چونكە سەرۆكەكەی سەر بە بنەماڵەیە ئەوان هەرگیز خۆیان بەوە نابینن بەرامبەر بە خودی میللەتیشەوە، بەڵكو میللەت هەردەم ئەبێ لە خزمەت ئەوانا بێ لە ئاش بەتاڵ و دوای سی ئاب و ئێستاشەوە، ئەوان لووتكەی ئەو " هەڕەمەن" كە بوومەلەرزەش لایان نابا، ئەوان ئەڵێن لە خزمەت خەڵكا ئەبن ، جا خزمەتێك لەوانەوە بێ! ئەبێ چۆن بەسەر خەڵكا بشكێتەوە..خۆتان وەكیل بن..شازترین پەیامی ئەم حكومەتە ئەڵێ: ئەم حكومەتە هی هەموو خەڵكە..!
دیارە ئەمە ئیشارەتە بۆ ئەوەیە ئەوەی پێش ئەم هی هەموو خەڵك نەبوە ،،حەز ئەكەین بزانی حكومەتەكەی پێشوو هی كێ بوو؟ بروا ناكەم لە دەوڵەتێكی ترەوە شەو بە دزییەوە ئەوەی پێشووی دامەزرانبێ ، مەگەر هی ئامۆزاكەی خۆی نەبوو؟ هەمان بنەماڵە، هەمان بەرنامە ، هەمان قوڕبەسەری بۆ خەڵك ..ئەوەی گۆڕاوە تەنیا دەم و چاوە ..ئەو حیزب و گروپانەش وەك" مسكێن" چەپڵە لێئەیەن زۆر باش ئەم راستیە ئەزانن، هەر ئەوان بوون ئەیانووت بنەماڵە ناتوانێ نە دیموكراسی بێ و نەچاكسازی بكا.
بەڵام چی بكەن خۆ بەخێو كردن زەحمەتە و بیروباوەڕ و ڕێباز بخەرە گیرفانێك و گیرفانەكەی تر پڕ لە دۆلاری زەلیلی...
لەهەر ووڵاتێكا كەسێكی ئیستخباراتی حكومەت بگرێتە دەست، ئوتوماتێكی ناتوانێ هەنگاوی مەدەنی و دیموكراسی لەڕوانگەو باكگراوندی وەزیفەی ئیستخباراتیەوە بنێ و بەچەسپی دووقولووش یەك ناگرن، لەحوكمی ئەقڵیەتی ئیستخباراتی قوڕەكە بۆ خەڵك ئەوەنە خەست ئەبێتەوە ئەبێ بەكۆنكرێت..ئەوانەش كە پێشتر دەماری قورگیان وەك كابڵی تەلەفۆنی لێهاتبوو و هاواریان ئەكرد: تەزویر قبوڵ ناكرێت! ئێستا لەخۆشی وەزارەت و ئیمتیازەكانیەوە تووشی " فقدان الذاكرە" بوون ، وەزارەتەكانیش خوا ئەوە بگرێ لەوان باشتر بێ ، سولگان سەلیمی یەكەمیش.
كابینەی وای نەبوە ، جاران وەزیری بێ وەزارەتی بە قاچاغ بردنی نەوەت هیچ نەبێ لیژنەیەكی یەك دوو كەسی گەر بە ڕووكەشیش بووبێ هەبووبێ ئەمجارە خوا هەڵناگرێ ئەوەش نەماوە و تەنیا سەرۆكی بەناو حكومەت ئاگای لەبنج و بناوانی ئەو قاسەیەیە كە بە نەوت ناو ئەبرێ ، كەواتە هەر لە( پێڕ)ەكەی بنەماڵە مایەوە و خەڵكی ئەبێ خەو بەو جۆكەرەوە ببینێ كە یارییەكە لەدەست بنەماڵە دەر بهێنێ..
هەر حكومەتێكی شاز لە ئاست بێ دەنگی خەڵك هەڵوێستێكی شاز دروست ئەكات كە بەقازانجی حكومەتەكەو زەرەری خەڵك كۆتایی یەت، خودایا ئەم كوردە بەدوور خەی لە بەڵای ئەو شزوزە....