ڕەشبەڵەک....

پشکۆ ناکام​
  2024-09-21     1488

لەوانەیە کۆمەڵگا بە ھۆی کارەساتی سیاسی و ئابووری کارێکی وا بکا  کە  تاک واتە" فرد" موراڵ لە دەست با  و کەم و زۆر رۆڵی ھەبێ لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانا، ئەی ئەگەر کۆمەڵگا خۆی وەک " کیان"ێک دابی تیا نەما  چی بەسەر ئێستا و داھاتووی ئەو خەڵکەیا یەت..!! کەسێک کە بەحیساب دکتۆرەو پیشەیەکی ئینسانی ھەیە..! مامۆستای زانکۆشە [ئەی قوڕ بەسەر زانکۆ - رەئوف حەیامان چوو یان نا؟] لەمینبەرەوە بەرامبەر دەیان کەس ئەڵێ: ئەو پیاوەی لەپاسا لەتەنیشت ژنێکەوە دانیشت و زەوقی ھەڵنەستا ئەوە پیاو نیەو ناساغە!!

کەسێک پێی وابێ پیاو ئەبێ  وەک لابوددەیەک زەوقی بەئافرەتێکی نائاشنا ھەستێ و ئافرەتیش وەک تەنیا وەسیلەیەکی ڕەحەت بوون سەیر بکا ئەبێ ئاستی بیر کردنەوەی چی بێ؟ مامۆستایەکی زانکۆ کە ھەموو زانست  و بنەما ئەکادیمەکانی لەناوگەڵا ببینێ چاوەڕوانی چی لەو زانکۆ و کۆمەڵگایە ئەکەیت..؟ با بڵێین ئەو دکتۆرە گڕگرتوە ھەر ئەوەنەی لێئەزانێ و شەھادەکەی ھەر ئەوەنەی لێ ھەڵئەکڕێنێ و وەک تەلەفزیۆن کۆنترۆڵەکەی وا لە خوار ناوکییەوە ئەی وەزارەتی خوێندنی باڵا! لە ئاست ئەم سووکایەتیە ھەم بە پلەیەکی ئەکادیمی و ھەم بە موڕاڵ بە گشتی و ھەم ئیھانە کردن بە ژن و  مەفھومە ئینسانییەکان ئەڵێ چی؟ دکتۆرێکی شەھوانی دوور لەھەموو پرینسیپە ئەکادیمیەکان ئاوا بڕوانێتە پیاو و ژن کە بە تەنیشت یەکەوە بن، شایانی ئەوەیە وەک کادرێکی عیلمی سەیر بکرێت یان لە ناوەندە زانستییەکان دوور بخرێتەوە کە بڕوای تەواوم ھەیە لە"سعودیە"ش کە زێدی ئایین و پێغەمەرەکەیەتی ڕێگا نایا بەو جۆرە بیرکردنەوە کە ھێندە پڕە لەسووکایەتی بۆ ژن و دوا جار بۆ شەخسیەتی خودی پیاویش.. وڵاتان ململانێیانە بۆ دۆزینەوە و چوونە سەر مەریخ و موشتەری و...و...کەچی لای ئێمە تازە بە تازە دکتۆرێکی ناوگەڵ گەرم ئاوا باس لە پەیوەندیە کۆمەڵایەتییەکان بکا و زانکۆش نازانم لە ترسی چی بێدەنگە! بێ دەنگیش زۆر جار نیشانەی ڕازی بوونە..
ئەی باشە وەزارەتی بەناو ڕۆشنبیری و ھەموو ئەو دام و دەزگا ڕۆشنبیرییانە بۆ بێ دەنگن لە ئاست ئەم ھەموو سووکایەتییەی کەسێک دکتۆرە و مامۆستای !! زانکۆ، خۆ ڕۆشنبیری کۆمەڵێک بنەماو پرنسیپی فیکری و ئەخلاقی و ئینسانی خۆی ھەیە و لادان لێی نیشانەی پرسیارە لەبەناو وەزارەتی ڕۆشنبیری زۆر جار ئەبیستن کە ئەووترێ "لە گەڵ داب و نەریتی کوردەواریا ناگونجێ.." ! ئەیا ئەم تێڕوانینە سێکسیە بۆ دانیشتنی ژنێک لەتەنیشت پیاوێکەوە لەگەڵ داب و نەریتی کوردەواریا !! ئەگونجێ؟ گەر ناگونجێ کوا ھەڵوێستی دەزگا و خودی کەسە ڕۆشنبیرەکان؟ دەیان ڕێکخراوی ژنان ھەن کەی لەوە تێئەگەن کە ئیھانە کردنی پێگەی مەعنەوی ژن قورسترە لەئیھانە کردنی جەسەدی، کاتێ کە ژن نیوەی کۆمەڵ بێ کاکی دکتۆر ئەو نیوەیە ئەکا بە ئامرازی ڕەحەت بوونی نیوەکەی ترو کەسیش نوتقی لێوە نایە...گەر چی ئەم ئیھانەیە ھەموو کۆمەڵگا ئەگرێتەوە وەک پێکھاتە.. تێڕوانینی کاکی دکتۆری زەوق کوڵاو شەرعیەت دانە بەدەستدرێژی سێکسی بەپاساوی ئەوەی ھەچ پیاوێک لەتەنیشت ژنێکەوە  بێ و زەوقی ھەڵنەستێ ئەوە پیاو نیە و کەسیش ئامادە نیە بەناپیاو بناسرێ !!بۆ سەلماندنی پیاوەتییەکەشی پەلامار ئەیا تا قارەمانی و پیاوەتی پیاوی موسڵمان بسەلمێنێ... ھەقە بپرسین گەر ژنێکی خزم یا بنەماڵەو کەسوکاری نزیک لەکاکی دکتۆر لەپاسا لەتەنیشت پیاوێکەوە دانیشت ئەو مافە ئەیا بە پیاوەکە ئەرک و مەھامی پیاوەتی خۆی بنوێنێ..؟! دیارە وەک دکتۆر خۆی ئەڵێ گەر وا نەکا ئەوە پیاو نیەو پێویستی بە چارەسەرە، بە نەزەرییەی ئەم دکتۆرە ناوگەڵ مەقەڵیە ئەبێ سایەق پاسەکان لەمەودوا "کوندۆم" بەسەر نەفەرە پیاوەکانا دابەش بکەن نەبادا بقەومێ و ئیحتیات وەرگرتن باشە..
ئێوە بیھێنە بەرچاوی خۆتان بەنەزەرییەکەی  "دکتۆر زەوق" ئەبێ لە"ڕەش بەڵەکا" چی بقەومێ..

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×