هاوگیرفان!

پشکۆ ناکام​
  2024-06-27     252

کە بار و دۆخی وڵاتێک یان لەتە وڵاتێک وەک ئەوەی پێیئەووترێ ھەرێم!! داتەپێ وەک چێشتی مجەوری لێیەت و "چڵاوخۆر شتی ئێرانی و تەپسی تورکی و ساوەری خۆماڵی " تێکەڵ  بەیەکتری ئەبێ ئیتر پایەکانی کۆمەڵ ئەڕزێن و مەتریس ئەکەوێتە سەر فەرھەنگ و " زمان" کە زۆرتر لە ھەر لایەنێکی تر بڕزێ تا ئاستی ھەڵوەشانن....
ئەمڕۆ لە کوردستان زمان بۆتە تورەکەی مولاکەمە و ھەر دەزگا و کەس و بەناو میدیایەک ھەڵئەستێ بۆکسێکی پیا ئەکێشێ بە تایبەتی دەزگا حیزبی و کەناکە تێوەگلاوەکانی مافیاکانی نەوت، بۆ نموونە کەناڵێکی "نەوتاو" کە بە مەبەستی سیاسی و  ئەجندای حیزبییەوە قوورسایی خۆی خستۆتە سەر شاری سلێمانی و مێشی سلێمانی ئەکا بە "گا" و گای ئەوبەریش نەک ھەر ناکا بەمێش بەڵکو ئەیکا بە"پەپوولە"!! بە خاوەندارێتیەک کە لەھەر چیەک بزانێ تەنھا لە میدیا و فەرھەنگ نازانێ، کەناڵەکەی کە کۆمەڵێ کەس وەک عەلاگەی جل ھەڵواسراو بەمیدیاوە و بەپشت بەستن بە "مایە"یەکی زەبەلاحی بێ شومار جگە لە پیاکێشانە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان بەر بونەتە زمانی کوردی و بە ئارەزووی خۆیان دەستکاری ئەو  زمانە ئەکەن کە لە میراتی باوک و باپیرانمانەوە ھەر ئەوەمان بۆ ماوەتەوە و ئەوانیش کە تەنانەت بۆ  ئەوی بزانن سەعات چەنە سەیرێکی ڕەسمە زلەکەی پشتیانەوە ئەکەن ئاخۆ ڕازییە سەیری سەعاتەکانیان بکەن یان نا؟ وەک ناحەزێکی سەسەختی ئەو زمانە مامەڵە ئەکەن..
ئەو میدیا نەوتاوییانە وەرەشەیەکی گەورەیان لە چەکوش و مشار و بزمار و کەتیرە ھەیە بۆ داتاشینی ووشەی کوردی و جێی داخیشە کە سایت و پەیجەکان ئەو داتاشینە بە ناچاری یان بە داھێنان!! ئەزانن و تا ئێستاش ھیچ دەزگایەک کە پەیوندی بەو بابەتەوە ھەیە نوتقیان لێ نایەت بەڵکو لەبەر خاتری" یان لە ترسی" خاوەنی کەناڵەکان بە ناڕاستەوخۆ پشتگیرییان ئەکەن، نەوت کە "قووت"ی خەڵکە بوە بە"نقود"ی خاوەنی ئەو جۆرە کەناڵانە کە نەوتیان لێ ئەچۆڕێ و زمانی کوردیش بۆنی نەوتی لێ یەت، گەر وەک ژماردن " ستاتستیک " ئەو وێرانکارییانە بنووسین کە ئەو کەناڵانە دەرھەق بەزمانی کوردی کردویانە بەدەیان لاپەڕە  تەواو نابێ..
زمانی کوردی کە خۆی نە یەکگرتوە و نە ڕێزمانێکی ھاوبەشی ھەیە و گیرۆدەی دەیان گرفتی مێژوویی و سەلماننی سەرچاوە ئەتنێکیەکانی ھەیە چەکوشی ئەو کەناڵە نەوتاوویانەشی ھاتۆتەسەر و ئەوەنەی تر دایتەپانوە ،،، کۆیلەیەکی نەک حیزب بەڵکو ھی کەسێکی ناو حیزب ئەوەنە ئەقڵی بەزمان نەشکێ کە "ھاوسەر"و " ھاوژین" لەیەک جیابکاتەوەو بەجێگری یەکتریان بزانێ، ئەبێ چ "ھاو"ێکی لەگەڵ میللەت و فەرھەنگ و میژوو ھەبێ جگە لە یەک  [ھاو ]کە ئەویش " ھاوگیرفانی" دوای ڕاپەڕینە..

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×