نوێنەر...

پشکۆ ناکام​
  2024-01-02     413

لە کۆتایی ھەشتاکانی سەدەی ڕابردوو ،"  تیپی شانۆی ئارارات " شانۆگەری " گێژەن"مان  لە ووڵاتی "سوید" پێشکەش کرد کە بوە مایەی ڕەزامەندی و دەستخۆشی  کوردە پەناھەندەکان و ناڕەزایی و لە حەوسەڵە دەرچوونی حیزبە کوردییەکان( کالعادە) بە تایبەتی سوسیال- دیموکراتەکانی ناوچەی ئۆتۆنۆمی چونکە ئەو کاتە "ھەرێم ھێشتا لە ڕەحمی ھاوپەیمانەکان بوو" ، تا ئەو ڕادەیەی کە بەیاننامەیەکیان لەسەرمان دەرکرد و وەک خەڵاتی ماندوو بوون و قورسایی بەرھەمەکە  ناسناوی "جاش ھونەرمەند"یان خستە سەر ناوی سیانیمان ، ئەوەش کاردانەوەیەکی ئاسایی بوو ھەروەکوو ئەو سەدان کەسانەی بە جاش ناو ئەبران و ئەمڕۆ لە ناو دەسەڵاتی کوردیا ڕەقەمن .... 
دیمەنێکی کاریگەری شانۆگەرییەکە کە لە نووسینی"مرۆژیک"ی پۆڵۆنی و ئامادەکردنی و دەرھێنانی "د.فاچل جاف" بوو ئەو دیالۆگانەی نێوان سێ کەسە سەرەکییەکانی دەقە بوو لەسەر ھەڵبژاردن  چۆن حیزبی سیاسی ھیچ دەرفەتێکی نەھێشتۆتەوە بۆ میللەت یان خەڵکی عام و سادە کە بە ناوییەوە قسە بکەن  و دەستنیشانی نوێنەرەکانی خۆیان بە بڕیاری خۆیان بێ
لەم یارییە دیماگۆگیانەی "قەڵەو" و "درێژ" لەمەڕ ھەڵبژاردن "بچووک" بە دەستی بەتاڵ لێ ی دەر ئەچێ :
قەڵەو : ئا،،، بۆ نمونە من ئەتوانم بە ناوی ھەرچی بەدبەخت و لێقەوماو و بیمار و نەخۆش و
           پیر و کەنەفت و  کەم ئەندام و زیاد ئەندام و ئۆندام و ئیندام و..کرێکار و..جووتیار 
و ڕەنجدەر و زەحمەت کێش و نێرگەلەکێش ،ھەرزەکار و بێوەژن و بێوەپیاو.. و..گەورەکچ  
...و موتەڵەق و زگورتییەوە  ھەیە  قسە بکەم..
درێژ : منیش ئەتوانم  بەناوی ھەرچی، ھەرچی مەلا و ..قازی..و دەوڵەمەند و ..ئاغا و..بەگ و ..کوێخا و موو..ھین..مووختار و جگە لەوانەش فەرمانبەر مووچە خۆر و مشەخۆر و 
خانە نشین و کۆڵان نشین و چەکداری دوێنێ و ئەمڕوە ھەیە قسەبەکەم..
بچووک : ئێ منیش ...منیش...منیش ئەتوانم .....ئا ئەتوانم قسە بکەم ...بەناوی، ئا..بە ناوی
..بە ناوی ؟ ..ئەی خوا فەوتتان کا  ..بۆ ئێوە کەستان ھێشتۆتەوە من بە ناوییەوە قسەبکەم!

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×