خۆڵە مێشی..

پشکۆ ناکام​
  2023-02-02     467

.گەر "اسماعیل خەیات" بە فڵچەکەی خۆی ، بە ڕەنگەکانی ئەندێشەی خۆی  چەن پۆرترێتێکی ئەم سەرکردە و ئەو بنکردە ، ئەم سەرۆک و ئەو هەڤاڵ بکێشایە ، هەڵبەتە لە کۆچی دواییا بە هەزاران کەس ڕێ ی گۆڕستانیان ئەگرتە  بەر و وەک دروشمی مەراسیمەکان ئەیانووت:...حەیف کۆستمان کەوت !!.....بەڵام ئەو ئەیزانی بەکار هێنانی فڵچە بۆ تابلۆی

بازرگانەکان وەک فڵچەی  پێڵاو  وایە ، هەر شەوقی هەیە  و ئەرزشی نیە...

 

 گەر "ئاسۆی سەلطە" کاتی خۆی لەبەر دەم حەدیقەی شەعب و لە "یوم المحافظة"

ببوایە بە مایسترۆی ئەو ڕۆژە ، هەڵبەتە پێش کۆچی دوایی لە سێ چوار لاوە معاش و مەکرەمەی حیزبی ئەبوو ...بەڵام ئەو کەمانچەکەی لە دوو هەڵبژاردنا ئەبینی : كەمانچە وەک دەنگی خەڵکی چەوساوە و ئازار کێش یان کەمانچە وەک"لۆتی"یەک بۆ هەڵپەڕاننی ئەم یان

ئەو..؟ بێ پەیام و دوور لە ئەخلاقیاتی هونەرمەند ؟..ئاسۆ یەکەمیانی هەڵبژارد و لە دوورە

ووڵاتا جگە لە ئاو و هەوای غوربەت کەس ماڵ ئاوایی لێ نەکرد...

 

گەر" عمر چاوشین" بە دەهۆڵێکەوە لە "دوا ڕۆژی ئابا" قۆڵی بە قۆڵی "برا حرس جمهوری"یەکەی بکرادیە ، دیارە مەراسیمی پرسەکەی لە هۆڵێکی شایستە بەو  و  لە چەن مزگەوتێکەوە لە یەک کاتا ئەبوو ، بەڵام ئەو هەموو ساڵانی خزمەت کردنی خۆی لە هونەرا

كردە "قەرەوێڵەیەک" تا شەوانە لە خەڵوەتخانەی پیرە بێ کەسەکان لەسەری ڕۆژ بکاتەوە..

 

گەر "عوسمان چێوار ئەوەنە دوکەڵی جگەرەکەی نەکرایە بە ناخیا و لە جیاتی  ئەحەی

كڕنو "زێڕە"یەکی  بنووسیایە ، بێ شک بە مستێک تاج و نەجمەەوە خانە نشین ئەکرا .....

بەڵام هەیهات،، دیدی چێوار وابوو کە ئەو خۆی جگە لە ئەحەی کڕنو  شایەتی سەردەمێکی

تەڵخی تێکەڵی کۆمیدیا و تراجیدیای میللەتەکەیەتی  و بەهاکانی ئینسان لەوە شکۆمەن ترن کە بۆ ئەوەی "قەرزاری"  چایخانەکەی تەلەفزیۆن  نەبوایە ، خۆی بکردایە بە "قۆشمەچی"  ئەم لا  یان ئەولا ...بەڵام بازبازێنی ئەقڵ ئەنجامەکەی بەڵانس تێک یان و کەوتنە ، بۆیە ئەو کۆچی دوایی کرد لە مێژووی شانۆی کوردیا هەر بە پێوە وەستاوە..

 

میللەتێک حورمەتی کەسە بە توانا و ئەقڵ بە دونیا شکاوەکانی خۆی نەگرێ، میللەتێکی کەنەفت و ئیفلیجە ، هیچ گڵۆپێکی ڕۆشنایی ڤیللا  و باغە تایبەتییەکان ناتوانێ ڕەنگی تار و تاریکی

فەرهەنگەکەی ڕووناک کاتەوە ،،،تیایا ڕەش و سپی تێکەڵ ئەبێ ، سەرتاسەر یەک ڕەنگ

ئەنوێنێ : خۆڵە مێشی..'..

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×