وردە باس...

پشکۆ ناکام​
  2020-05-29     1023

-سەیرکەن ئەو عالەمە چاک خۆیان مەشغوڵ کردوە ئاخۆ پارەکەی بەختەوەری سەرۆکی بەناو حکومەتی هەرێم کورتی هێناوەو بەئیرادەی خوا لەقاسەکانی بەناو حکومەتا نەماوە، 27 یان 15 یان رەقەمێکی تری ملیارد!!دۆلارە؟ ئاخۆ ئەو پارەیە بەدزی حسابە یان جەنابی بەختەوەر بۆ دروستکردنی چەن کۆمپانیایەکی تری بازرگانی پێویستی بە پارە بوەو کوردیش ئەڵێ: گۆشتی خۆت بخۆ و منەتی قەساب هەڵمەگرە، جا بۆ ئەوەی قەرز لەبێگانە نەکا لە قاسەی قوتی خەڵک و داهاتی هەرێم ئەو پارەیەی بردوە بەقیست، کە نرخی نەوت بەرزبۆوە ئەیگێڕێتەوە.. جگە لەوەش هەر کاکە بەختەور بەشدار نییە لەو (حیلە شەرعی/ دزییە شەرعی)یە بەڵکە ئامۆزا بەشوشەکەی کە بەسەری یەکتر سوێند ئەخۆن پێشتر هیچ کەمتەرخەمی نەکردوە لە بەتاڵکردنەوەی دەغیلەی بژێوی خەڵکی هەرێم ، بەکورتییەکەی مەسەلەکە ئاوایە: دو ئەندامی بنەماڵەی دەسەڵاتداری هەرێم بۆ کاری تایبەتی خۆیان بیست و حەوت ملیارد دۆلارییان بەناوی حکومەتی هەرێمەوە لە قاسەی بژێوی خەڵک بردوە، دزیوە، ماشیوەتەوە، چی ناوئەنێی بنێ، گرنگ ئەوەیە ئەو  پارەیە لە بەینی دو ئامۆزایا گیانی بەخشی بە کوردو کوردستان، هەر وەک چۆن لە ئاشبەتاڵا 25 ملیۆن دۆلاری ئەو کاتەی قاسەی بزوتنەوەی ئەیلول ئاودیوکراو کەس ئاسەوارێکی نەبینییەوە، ئەم بیست و حەوتەش بەهەمان شێوە هەبو نەبو بیست و حەوتێک هەبو!! گەر پەلەش نەکەین چەن جارێکی تریش دەو پانزەو بیست ملیار دۆلاری ون ئەبێ و ئەبێ بەهەڵم و تا ئەو بنەماڵەیە دەسەڵاتدار بن کەس هیچی پێ ناکرێ، جگەلە بۆڵە بۆڵ و نوسین و ئیدانەکردن، ئاخر پارلەمانێک کە خۆی کارتۆنیە تائێستا نەیتوانیوە یەک مەسئولی دز، یەک وەزیری گەندەڵ، یەک کادری جەردە، تەنانەت لە یەک ئیستیعلاماتیش بپرسێتەوە، ئێستا ئەم پارلەمانە ئەندامێکی بنەماڵەی دەسەڵاتدار بانگ بکا بۆ لێرسینەوە!! مەیخۆ تاڵە.. تا ئەم بنەماڵەیە بەم سیستەمە سەقەتەو بەم حیزبەو گروپە ئفلیجیانە لەئارایا بن هەر وا ئەمێنێتەوە وەزعەکە، خوا کەریمە تەنها وتەیەکەو دادی کەس نایات، کەرکوک کە سەرو بنی زمانی بنەماڵەیەو ناویان ناوە دڵی!! كوردستان!! چەنی لەو دزییە بەرکەوتوە؟ هیچ، چونکە ئێستا کەرکوک بۆ بنەماڵە "ڕیخۆڵە کوێرە"یەو بون و نەبونی وەک یەکە.. ئەی پرۆژەی بە دوبەی کردنی هەرێم لەو بیست و حەوت ملیارە چەنی بەرکەوت؟ بیست و حەوت ملیار دۆلار لە پارەو قوت و دەغیلەی خەڵک ئەماشرێتەوە بەڵام لە رۆژێکی میحنەتا هەژارانی ئەم هەرێمە ئەبێ چاویان لە خێرو سەدەقە بێ.. كەسیش چاوڕێی سبەی نەکا لەمڕۆ باشتر بێ، بنەماڵەیەک خۆی لە میللەت و خاک و مێژو گەورەتر ببینێ، دەیان بیست و حەوت ملیاری ون ئەبێ و هیچیش لە وەزعەکە ناگۆڕێ، تا ئەو کاتەی خەڵک بڕیاری گۆڕین ئەیەن...

-جاران لە سلێمانی پیاوێکی نیمچە ناتەواو هەبو بە ناو هێنانی وشەی "یاپراخ" توڕە ئەبو، تا رۆژێک جەماعەت لەناو بازاڕ ڕێککەوتن هەریەکەی بابەتێکی دروستکردنی یاپراخ بڵێ، یەکێک وتی سڵق، ئەوی تر وتی برنج، یەکێ لەولاوە هاواری کرد گۆشت، لەولاشەوە یەکێ وتی پیازو تا هەمو بابەتەکان وترا، کابراش هاواری  کرد پیاوم ئەوێ بیپێچێتەوە، یەکێک لەولاو وتی یاپراخ و بە پێکەنینەوە ڕای کرد، ئەم مەسەلەی ناوهێنانی یاپراخە وەک ترسی ئەمڕۆی دەسەڵاتدارانی هەولێرە لە وشەی "خۆپیشاندان" رەنگە ناوهێنانی خۆپیشاننان بە شیعریشا ببێتە مایەی گێچەڵ بۆ ساحێبەکەی، مەگەر یەکێ بڵێ "خۆ"و یەکێکی تر "پی"و کەسێکی تر "شا"و دواجار یەکێک  بڵێ "نان"و ئیتر بزانە ئەو هەمو پاراستن و پۆلیس و هێزانەی بنەماڵە چۆن لەرزیان لێیەت. فورسەتی پارێزگاری هەولێر فورسەتی هێناو بەناوی بنەماڵەوە هەڕەشەی کرد کە کەس ناتوانێت ئارامی شار تێکبات و بەتوندی ئەچن بەگژ هەر هەوڵێک بۆ دروستکردنی ناڕەزایی لە پایتەختا، لە بیرمان نەچێ ئەمە هەمان فورسەتە کە لەسەروبەندی 17ی شوبات بەزۆر تەلەبەکانی خەڵکی سلێمانی سواری پاس ئەکردو ئەیناردنەوە بۆ سلێمانی لەترسی تەشەنەیانی خۆپیشانانەکان بەرەو هەولێر، کاتی خۆی زەمانی بەعسیش لەترسی خۆپیشاننان هاتوچۆ قەدەغە ئەکرا وەک ئەوەی ئەمڕۆ دەسەڵاتی هەرێم بە ناوی کۆرۆناوە ئەیکات، بەڵام با کاکە فورسەتەکەی هەلێر بزانێ کاتێ خەڵک بڕیاری خۆی یا، بەعس هیچ فورسەتێکی مانەوەی نەما، ئەوساو ئێستاش دەسەڵات پشتی بەهێز قایم بو، بەڵام خەڵک فورسەتی هێزی نەیا...

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×