دەبێت خۆمان بۆ مەرگی دەستگیر کراوانی بەهدینان ئامادە بکەین

زمناکۆ ئیسماعیل
  2022-08-10     404

   لەبەردەم قۆناغێکی مەترسیداردا ڕاوەستاوین، کە ڕەنگە کۆتاییەکی جەرگبڕو ناخۆش چاوەڕوانی زیندانیکراوانی بەهدینان بکات، نزیک بە دوو هەفتە دەبێت، زیاتر لە ٧٥ کەس لەزیندانیکراوانی بەهدینان، مانگرتنیان لەخواردن ڕاگەیاندووەو داوای دەستبەجێ ئازادکردنیان دەکەن، بەڵام دەسەڵاتدارانی هەرێم، بێباکن لەبەردەم داواکارییەکانیان، بەهیچ شێوەیەک ئامادە نین بچن بەدەم داواکارییەکانیانەوە، لەهەمانکاتدا حیزب و لایەنەکانی دیکەی هەرێم، ئامادەنین وەک پێویست خۆیان بکەن بەخاوەنی کەیسی زیندانیکراوانی بەهدینان و سازش لەسەر داواکارییەکانیان بکەن، هەرچی ڕێکخراویی کۆمەڵی مەدەنی و حکومی و ناحکومی هەیە لەهەرێمی کوردستان، کەمترین بەرگرییان لەو کەیسە کردووە، ئەو ڕێکخراوانەیشی بەدەم ئەو کەیسەوە چوون، بەپەنجەی دەست دەژمێردرێن، ئەوەشی پێی بڵێین ڕێکخراوە جیهانییەکان، زۆر هەتا کەم، هەوڵی تەواوی داکۆکیکردن و ئازادکردنی دەستگیرکراوانی بەهدینانیان داوە، بەڵام دەرئەنجام، دەسەڵاتدارانی هەرێم، پێداگرن لەسەر هێشتنەوەی دەستگیرکراوان، لەڕاستیدا هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، دەسەڵاتدارانی هەرێم، ڕق ئەستورن بەراوبەر بەزیندانیکراوانی بەهدینان، ئەوەش وەهایکردووە، هەم زیاتر یاسا شکێنی بکەن، لەهەمانکاتدا پێداگربن لەسەر ڕێزنەگرتنی بنەماکانی مافی مرۆڤ، ئەمەش دەمانخاتە بەردەم ئەو بۆچونەی، کە دەسەڵاتدارانی هەرێم، ئەوەندەی ئەو کەیسەیان بەسیاسی کردووە، ئەوەندە ئامادەنین مامەڵەیەکی یاسایی و مرۆیی لەتەکدا بکەن.

   بەپێی ئەو زانیارییانەی لەڕێگای کەسانی نزیکی زیندانیانی بەهدینان بەردەستمان کەوتووە، لەرۆژی ١٩ ی تەممووزیی ٢٠٢٢، لەژێر دروشمی (ئازادی یان مردن)،  ٧٥ کەس لەزیندانیانی شیلادزێ و بەهدینان، مانگرتنیان لەخواردن ڕاگەیاندووەو داوای ئازادکردنیان دەکەن، بەپێی سەرچاوەیەکی ئاگاداری ڕەوش و ژیانی زیندانیانی بەهدینان، بەهۆی گەرمای زۆر و فشاری دەرونی و لاشەیی لەسەریان، بارودۆخی تەندروستییان تێکچووە، چونکە بۆ ماوەیەکی زۆرە، بەتەنها ئاوو شلەمەنییەکی کەم دەخۆنەوەو مانگرتنیان لەخواردنی ووشکە بەگشتی ڕاگەیاندووە، ئەوەش وەهایکردووە، توشی لاوازی و کەمهێزی ببنەوە، بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە، ئەگەر هەوڵنەدرێت بۆ ئازادکردنیان، دەبێت لەچەند هەفتەی داهاتوو، خۆمان بۆ مەرگی هەریەکە لەوان ئامادە بکەین و چاوەڕوانی کارەساتی گەورەبین.

   لەڕوویی یاساییەوە و بەپێی بڕیاری دادگا، دەبوو ڕەچاویی کەمکردنەوەی نیوەی سزادانی دەستگیرکراوان بکرایە، ئەمەش لەلایەن سەرۆکایەتی هەرێمەوە بڕیاری لەسەر دراوە، بەپێی یاسای ژمارە ٢٣ی بنەماکانی دادگاییکردنی تاوانەکان و ئازادکردنی مەرجدار لەماددەی (٣٣١)، سزای زیندانیانی بەهدینان تەواوبووە، بەپێی پروسەی یاسایی دەبوایە ئێستا، بەشێکی زۆریان ئازاد ببوونایە، بەڵام بەهۆکاری ڕق ئەستوری بەرپرسانی حیزبی و دەستوەردانیان لەکاروبارەکانی دادگا و حکومی، ئەو بڕیارە ناخرێتە بواری جێبەجێکردن، هەر بۆیە زیندانیانی بەهدینان و شیلادزێ، زیاتر لەدوو هەفتەیە مانیان لەخواردن ڕاگەیاندووەو بڕیاریانداوە هەتا ئازاد نەکرێن، ئەو مانگرتنە نەشکێنن.

   دوو ساڵ لەمەوبەر و مێژوویی ١٣ ئابی ٢٠٢٠، پڕۆسەی دەستگیرکردن و ڕڤاندنی چالاکوان و ڕۆژنامەنوس و هاووڵاتی و هاونیشتیمانی لەبەهدینان و شیلادزێ دەستیپێکرد، بەبێ گوێدانە بنەماکانی مافی مرۆڤ و ڕێزگرتن لەشکۆیی تاک، زۆر نادیموکراتیانەو بەبێ گەڕانەوە بۆ یاسا، هەندێک لەوان بۆ ماوەی ٢ بۆ ٦ ساڵ بڕیاری زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێندراوە.

   ئەرکی ئێمەی هاووڵاتی و هاونیشتیمانییە بەدەم داواکارییەکانی زیندانیکراوانی بەهدینان بچین و پشتیوانی داواکارییەکانیان بین، ئەرکی حیزبەکانی هەرێمە فشار لەسەر پارتی دیموکراتی کوردستان دروست بکەن و سازش لەکەیسی زیندانیکراوانی بەهدینان بکەن، ئەرکی ڕێکخراوەکانە بەگشتی، هەوڵی زیاتر بدەن بۆ دروستکردنی لۆبی لەدەرەوەی هەرێم، دەتوانن و دەشکرێت لەڕێگای حیزب و لایەنەکانی عێراقی، هەوڵبدەن لە دادگاکانی عێراق و دادگای فیدڕاڵی ئەم کەیسە بخەنە بەرباس و لێکۆڵینەوە، دەشکرێت و دەتوانین دیسان پەنا ببەینەوە بەردەم ڕێکخراوە جیهانییەکان و داواکارییەکانمان ئاراستەی ئەوان بکەین، لەهەمانکاتدا دەتوانین و دەشکرێت لەڕێگای میدیا جیهانییەکانەوە، ئەم کەیسە بگەیەنین و بەدونیایی دەرەوەی بڵێین، لەهەرێمی کوردستان و لەزیندانییەکانی چی دەگوزەرێت و چۆن لەسەر دەربڕینی بۆچونی جیاواز، چەندان کەس دەستگیر کراون و مامەڵەی نامرۆییان لەتەکدا دەکرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×