ئەمەریکا: ئاگامان لە هێرشەکەی ئیسرائیل نەبوو
  2024-04-02       253       

ئیدارەی بایدن رەتیدەکاتەوە ئاگاداری هێرشەکەی سوپای ئیسرائیل بووبن بۆ سەر دیمەشق کە تیایدا چەند فەرماندەیەکی باڵای سەربازی ئێران کوژران.

پێگەی NBC لە زاری دوو بەرپرسی وڵاتەکەوە بڵاویکردەوە:" ئیدارەی جۆ بایدن سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا راستەوخۆ تارانی ئاگادار کردووەتەوە، کە بە هیچ شێوەیەک پەیوەندییان بە هێرشەکەی سەر کونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق نییە".

ئاماژەی بەوەشکرد:" ئەمەریکا کاتێک ئاگادارکراوەتەوە کە فڕۆکەکان بەسەر ئاسمانی ناوچەکەدا سووڕاونەتەوە، بەڵام واشنتۆن هیچ زانیارییەکی بەرامبەر ئامانجی فڕۆکە ئیسرائیلییەکان نەبوو".

هاوکات بەرپرسێکی ئیسرائیل بە پێگەی ئەکسیۆسی راگەیاندووە:" دەزگا هەواڵگرییەکانی تەلئەبیب ماوەیەکە شوێنپێی محەمەد رەزا زاهیدی هەڵدەگرن، بەڵام تاوەکو دوێنێ دەرفەتی کوشتنی ناوبراویان نەبووە".

وتیشی:" ئیسرائیل بە هیچ شێوەیەک داوا و چاوەڕێی گڵۆپی سەوزی ئەمەریکای نەکردووە بۆ ئەنجامدانی هێرشەکەی دوێنێ، بەڵکو چەند خولەکێک پێش ئەنجامدانی هێرشەکە ئەمەریکای لە بابەتەکە ئاگادارکردووەتەوە".

روونیشیکردەوە:" سوپای ئیسرائیل لە ئامادەباشییەکی تەواودایە بۆ هەر هێرشێک کە ئەگەری هەیە لەلایەن هێزە چەکدارەکانی سەر بە ئێران لە سوریا وەکو تۆڵە بکرێتە سەر هێزەکانمان".

دوێنێ دووشەممە، سوپای پاسدارانی کوژرانی محەمەد رەزا زاهیدی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران لە سوریا و لوبنان لە هێرشێکی ئیسرائیلدا کە بۆ سەر دیمەشق ئەنجامدرابوو راگەیاند.

سوپای پاسداران جەختی لەوەدەکردەوە، ئیسرائیل هێرشیکردووەتە سەر کونسوڵخانەی وڵاتەکەی لە سوریا و لە ئاکامیشدا 11 کەس کوژراون کە بەشێکیان بەرپرس و فەرماندەی باڵای سەربازی بوون.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×