رۆبەرت فیكۆ، سەرۆك وەزیرانی سلۆڤاكیا لە روداوێكی تەقەكردندا برینداركراو بۆ نەخۆشخانە گواسترایەوە.
ئاوێنە: بەپێی میدیای ناوخۆی ئەو وڵاتە، سەرۆك وەزیرانی سلۆڤاكیا لەدوای كۆبونەوەی حكومەت لە ناوەندێكی كولتوری لە شاری هاندلۆڤای ئەو وڵاتە، كاتێك لەبەردەم ناوەندەكە ویستویەتی پێشوازی لە لایەنگرانی بكات، گوللـەی بەركەوتوەو برینداربوە.
پاسەوانەكانی ناوبراویان بۆ نەخۆشخانە گواستۆتەوەو بەپێی میدیا ناوخۆییەكان، تەقەكەرەكە لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیركراوە.
بەگوێرەی قسەی یەكێك لە شایەتحاڵەكان دەنگی تەقاندنی چەند گوللـەیەك بیستراوەو دواتر بینیویەتی سەرۆك وەزیرانی سلۆڤاكیا كەوتوەو پاشان لەلایەن پاسەوانەكانییەوە گواستراوەتەوە.
زۆزانا كاپوتۆڤا، سەرۆكی سلۆڤاكیا لە پەیامێكدا روداوەكەی بە هێرشێكی "دڕندانە" ناوبردو هیوای چاكبونەوەی بۆ سەرۆك وەزیران خواست.
رۆبەرت فیكۆ لە دوایین هەڵبژاردنی سلۆڤاكیادا كە لە مانگی لە 9ی ساڵی رابردو بەڕێوەچو، سەرۆكایەتی هاوپەیمانێتییەكی ناسیۆنالیستی پۆپۆلیستی دەكردو دەسەڵاتی بەدەستهێنایەوە.
یەكەم مانگەكانی سەرەتای وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران لەلایەن فیكۆوە جێی مشتومڕی سیاسی بو، لە مانگی 1ی ئەمساڵدا فیكۆ هاوكارییە سەربازییەكانی وڵاتەكەی بۆ ئۆكرانیا راگرت.