كونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق كرایە ئامانج و بەرپرسێكی باڵای سوپای پاسداران كوژرا
  2024-04-01       325       

ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، كونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق كە دەكەوێتە نزیك باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە لە دیمەشق، لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆردومان كراو چەند كەسێك كوژران كە لەنێویاندا بەرپرسێكی باڵای سوپای پاسدارانی ئێران هەیە.

ئاوێنە: وەزارەتی بەرگریی سوریا لە راگەیەندراوێكدا وتی، ئیسرائیل هێرشەكەی ئەنجامداوەو بینای كونسوڵخانەی ئێرانی لە دیمەشق كردۆتە ئامانج و لە هێرشەكەدا هەمو ئەوانەی لەنێو بیناكەدا بون كوژراون یان برینداربون.

میدیای رەسمی سوریا ئاماژەی بەوەداوە كە ئیسرائیل هێرشەكەی لەڕێگەی موشەكەوە ئەنجامداوە كە لە ناوچەی جۆلانەوە موشەكەكانی هاویشتون.

بەپێی ئاژانسی رۆیتەرز لە هێرشەكەدا چەند كەسێك كوژراون كە یەكێكیان محەمەد رەزا زاهیدی، فەرماندەی باڵای سوپای پاسدارانی ئێران بوە.

لە ھێرشەكەدا باڵیۆزی ئێران لە دیمەشق پێوە نەبوە، ئەو لەدوای هێرشەكە بە میدیاكانی راگەیاند، لە هێرشەكەدا پێنج بۆ حەوت كەس كوژراون، هێشتا ئاماری وردی قوربانییەكان نەزانراوە چونكە تیمەكان سەرقاڵی گەڕانن لەنێو دارو پەردوی بینا خاپوربوەكەدا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×