هه‌ڵبژاردنی‌ شاره‌وانییه‌كان له‌توركیاو باكوری‌ كوردستان به‌ڕێوه‌ده‌چێت
  2024-03-30       197       


سبەی هاوڵاتیانی تورکیاو باكوری‌ كوردستان ده‌چنه‌ سەر سندوقەکانی دەنگدان‌و نوێنەرانی خۆیان بۆ سه‌رۆكی‌ شارەوانییەکان هەڵدەبژێرن. سەرۆکی دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەکانیش ده‌ڵێت، دەستەی هەڵبژاردنی پارێزگاو قەزاکانی سەر بەدامەزراوەی باڵای هەڵبژاردن دوایین ئامادەکارییان کردووەو ئامادەن بۆ به‌ڕێوه‌بردنی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌.

ئاوێنه‌: سبەینێ یەکشەممە، هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیاو باكوری‌ كوردستان بەبەشداری 61 ملیۆن كەس لە 81 پارێزگا بەڕێوەدەچێت.

هەڵبژاردنەکە لەهەندیك ناوچە لەکاتژمێر 7 و لەهەندێک ناوچە لەکاتژمێر 8ی بەیانییه‌وه‌ دەستپێدەکات و درێژە دەکێشێت تا کاتژمێر 4ی‌ سه‌ر له‌ئێواره‌، بۆ ئەو ئەو ناوچانەی زوتر بنكه‌كانی‌ ده‌نگدان كراونه‌ته‌وه‌، هەروەها کاتژمێر 5ی ئێوارە بۆ ئەو ناوچانەی لەکاتژمێر 8 دەستیانپێکردووە.

كێبڕكێی‌ به‌هێزی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ له‌نێوان 34 حیزبی سیاسیدایه‌ بۆ بردنه‌وه‌ی‌ سه‌رۆكی‌ 30 گەورە شارەوانی‌، 51 پارێزگا، سەرۆكی شارەوانی 1393 قەزا.

دیارترینیان ئه‌و حیزبانه‌ی‌ كێبڕكێی‌ بردنه‌وه‌ی‌ گه‌وره‌ شاره‌وانییه‌كان ده‌كه‌ن پێكهاتون له‌: پارتی‌ دادو گه‌شه‌پێدان -ئه‌كه‌په‌، پارتی نه‌ته‌وه‌په‌رستی توركیا مه‌هه‌به‌، پارتی گه‌لی كۆماریی -جه‌هه‌په‌، پارتی یەکسانی‌و دیموکراسی گەلان-دەم پارتی.

دەم پارتی، كه‌ تاكه‌ پارتی‌ كوردی‌ توركیاو باكوری‌ كوردستانه‌ ماوەی زیاتر لەمانگێکە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی دەستپێکردووەو هاوڵاتیانی‌ باكوری‌ كوردستان بەجۆشەوە بەشداری لەکۆبونەوە جەماوەرییەکانی‌ لەشارو شارۆچکەکان دەکەن و هاوسەرۆکانی گشتیی و ئەندامانی پارته‌كه‌ش پەیام و کارنامەکانیان بۆ خه‌ڵك ئاشکرا دەکەن.

دەم پارتی به‌ 992 کاندید، کە 50%یان ژنانن، پێشبڕکێی بەدەستهێنانی نزیكه‌ی‌ 500 شارەوانی دەكات. هەروەها بۆ ئەنجومەنی شارەوانییەکانی هەموو ناوچه‌كان، دەم پارتی سێ هەزارو 534 کاندیدی دەستنیشانکردووە.

له‌لایه‌كی‌ دیكه‌وه‌ ئەحمەد یەنەر، سەرۆکی دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەکان لەتورکیا ڕایگەیاند، "دەستەی هەڵبژاردنی پارێزگاو قەزاکانی سەربەدامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەکان دوایین ئامادەکارییان کردووەو لەئێستاوە ئامادەن بۆ ئەو هەڵبژاردن".

بەپێی بڕیاری دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەکان لەتورکیا، دەستبەجێ دوای تەواوبونی پڕۆسەی دەنگدان، دەستبەجیاکردنەوەو بژاردنی ده‌نگه‌كان دەکرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×