سەرۆک و بروانامە!

دڵشاد ئەنوەر
  2019-05-09     1432
لابردنی مەرجی بروانامە بۆ سەرۆکی هەرێم لەو یاسایەدا کە ئەمڕۆ پەرلەمان پەسەندی کرد، بەدرێژایی ئەمڕۆ خوێنەوار و نیمچە خوێنەوار، حیزبی و ناحیزبی ، رۆشنبیر و عەوام ، هەمـووی بووەتە موحەلیل و تەفسیری بۆ دەکات.
ڕوانینەکان لەم مەسەلە زۆربەیان سەتحین،کادیری ئەم حیزب بە فرسەتی ئەزانی هێرش ئەکاتە سەر ئەو حیزب، ئەوانەی لە نێو حیزبەکانیان خزاون ئەمە بە دەرفەت دەزانن و ...
یاخود پەرلەمانتاری حیزبەکەی تر بەشانازیوە لە هۆڵی پەرلەمان دێتە دەر و مایکی کەناڵەکان دەبینێ حەماسەت دەیگرێ و دەنەڕێنێ و دەڵێ ( دەنگم نەدا)...
یانی زۆربەی هێرش و قسەو رەخنەکان لە موزایەدەو ململانێی بێتامی حیزبیەوە سەرچاوەیان گرتووە ، نەک رەخنەی جدی و واقیعی ، ئەگینا ئەسڵی کێشەکە بێ شەهادە یی سەرۆکی داهاتووی هەرێم نیە، گرفتەکە لەلایەکی ترەوەیە...
کامە بەرهەمی پرۆفیسۆر و دکتۆر و شەهادەدارە، تا ئێمە پێمانوابێ سەرۆکێکی شەهادەدار وڵاتمان بۆ پێشدەخات !
ئەسڵەن لەرابردوو و ئێستا و داهاتووشدا ، زۆربەی ئینتیهازیەکانی دەوری بەعس ، دواتر حیزبی کوردی و فەرمانڕەوا و پاشانیش موعارەزە لە چینی شەهادەدار بوون و دەبن.
خۆ سەرچۆپی کێشی نێو ڤیستیڤاڵی خێڵەکان، هەڵ هەڵەلێدەری دەوری مەسئولەکان ، زۆربەیان لە چینی بڕوانامە بەرزەکانن.
گرفتەکە لەوێوەیە تۆ حکومەت و ئەنجومەنی وەزیرانت هەیە بۆ تەمسیل کردنی هەرێم ، چ پێویستت بە سەرۆکی هەرێم و دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێم هەیە؟
ئەسڵەن ئەم پۆستە پۆستێکی داتاشراوی زیادەی بێ سودە، جاران بۆ ڕاگرتنی باڵانس لەنێوان یەکێتی و پارتی و بەرانبەر بوو بە پۆستی سەرۆک کۆمار، ئێستاش دووبارە ئەکتیڤ کرایەوە بۆ ڕاگرتنی باڵانسی نێوخۆیی پارتی.
نێچیرڤان کاتێک دەبێتە سەرۆکی داهاتوی هەرێم بێ شەهادەییەکەی زەرەر لەمیللەت نادات، ئەسڵەن میللەت قازانجی لەشەهادەدار نەکردووە تا خەمی بێ شەهادەییەکەی بێ، ئەوەی زەرەر لە میللەت دەدات ئەوەیە ئەم پیاوە دامەزراوەیەکی تر بەرانبەر حکومەت قوت دەکاتەوە، هەزاران خەڵکی بێ ئیستیفادەی لەسەر بودجەی گشتی تێدەخزێنێت، هەروەکو لەئێستاوە ئامادەکاری بۆ دەکات. (ستاف ئامادە دەکات)
ئەم دامەزراوە ئەکتیڤ کراوە بەلەشکرێ کادیری حیزبی ماکیاژکراوەوە دەکەوێتە کێبەرکێی حکومەت، نەفەسی کارکردنی حکومەتی داهاتو رێککەوتنە لەگەڵ بەغداو نەفەسی ئەمیش ڕوکردنە تورکیایە، جا لێرەوە دیسان ئەم دامەزراوە گەر جاران دامەزراوەیەکی تەشریفاتی بێت، ئەوا لەمەودوا دەبێتە حکومەتێکی ترو لەژێر ناوی سەرۆکایەتی هەرێمدا رکابەری حکومەت دەکات..
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×