جیهان لە چەکەرەی خەیاڵی ئەودا

شۆرش خالید ئاژگەیی
  2024-05-03     130

جیهانی ئەو، جیهانی زانست و مەعریفەیە...بەڵام ئەو ئیدیعای گڵ دانەوەی گشت عەقڵ و دانایی و زانایی و زانستێک لای خۆی ناکات و پێی وایە هێشتا زۆری بە بەریەوە ماوە فێری بێ.

 

جیهانی ئەو تژیە لە سۆز و خۆشەویستی و دڵسۆزی و ئەمەکداری بەرامبەر ئەوانەی ساڵانێکە دەیان ناسێ و لە سەر سفرەی ماڵەوەیان نمەکی کردووەو پێیانەوە ئاشنا بووە.

جیهانی ئەو پڕیەتی لە کاراکتەری پاک و بێ گەردو ڕاستگۆ و خاوەن پرەنسیپ و مۆڕاڵەوە.

 

جیهانی ئەو تەنیا بە فکروڕاوبۆچوون و ئایدیۆلۆژیای سیاسی نەتەنراوە و سیاسەت گشت جۆمگەکانی ژیان و کۆمەڵگەی نەتەنیوەتەوە تا ناخی تاکەکانی ڕەگی دانەکوتاوە.

ئەو بوونەوەرێکی بەرژەوەندچی و هەلپەرەستی هەرچی و پەرچی نیەو تا کو هەر ڕۆژەو وەک گوڵە بەرۆژە بکەوێتە دوای بەرژەوەندیەکانی خۆیەوەو لە کوێ با هەڵیکرد لەوێ شەنی خۆی بکات و  عەوداڵی بەها پوچە دونیایەکان نیە. 

جیهان لە ڕوانگەی ئەو، جیهانێکە شایانی تێدا مانەوەیە نەک  خۆ شاردنەوەو خۆمەلاسدان.

جیهانێکە مڕۆڤ بوون تیایدا لە چەقی ڕووداوەکاندایە.

 

جیهانێکە مڕۆڤە بە ئەمەک و پاکەکان لە سەنتەردان و پەراوێز نەخروان...لە بیر نەکراون و نەخراونەتە دەرەوەی مێژووەوە.

جیهانی ئەو بۆ هەموانە و مێژووش لە لایەن هەمووانەوە بۆ هەمووان دەنوسرێتەوەو کەس تێیدا هەڵاوێرد ناکرێ و ڕۆڵی نادیدە ناگیرێ و ناخرێتە ئەولاوە.

جیهان لە ڕوانگەی ئەو جیهانێکە دۆخی تەندروستیەکەی لە ترۆپکدایە و  خاڵیە لە مرۆڤی ناتەندروست و کەسایەتیە نەخۆشە هەلپەرەستە بەرژەوەندچیەکانەوە.

جیهان لە ڕوانگەی ئەو شوێنێکە هونەر و ڕۆشنبیری و نووسین و کاری ڕۆژنامەگەری بۆ پڕ کردنەوەی بۆشاییەکان و مەودای نێوان دەسەڵاتداران و مەدح و سەنا و درۆسازی و پیاهەڵدانی  مرۆڤەکانی نیە....شوێنێک نیە بۆ خۆ سەرقاڵ کردن بە کۆمەڵێک چەمکی سواوو هۆنینیەوە و زیندووکردنەوەی مەفاهیمە بەسەر چوەکانەوە.

 

لە قاموسی ئەدەبیاتی ئەودا، جیهان شوێنێکە بۆ ژیان کردن، هەناسەدان، ئازادی و سەربەستی و گەشەپێدان و  پێشکەوتن و گوزەرانی مرۆڤانە، دوور لە وێرانکاری و ئاڵۆزکاری و جەنگ و پێکدادان و خوێن رشتن و بەرژەوەندگەرایی و تۆڕ هەڵدانی بەها بەرزە کۆمەڵایەتی، مەعریفی و ئایینەکان.

 

لە جیهانی ئەودا خێڵ و بنەماڵە و خێزان و ئایدیۆلۆژیا پیرۆز نین، شوناس نین، ئامراز نین، بەڵکو کۆمەڵێک چەمکن بۆ ناسینەوە و لە بیر نەکردنی خودی خۆی و پێناسەکردنی دۆخی ئێستاو  ڕابردوو و بونیادنانی داهاتووەوە.

 

لە جیهانی ئەو پەروەردە لە ماڵەوە دەست پێدەکات، لە گەڕەک و ژینگە و کۆنتێکستی کۆمەڵگە گەشە دەستێنێ و لە قوتابخانەش پێ دەگات و مرۆڤ بەرهەم دێنێت نەک رۆبۆت و پەیکەرێکی بێ روح و جەستەی قوڕمیش کراو بە کۆمەڵێک ئایدیۆلۆژیای تاقیکراوو کۆن و کلاسیکی پۆست مۆدێڕنێتەو بکەرێکی داماڵدراو لە زانست و مەعریفەو داهێنان و تازەگەریەوە.

جیهان لە ڕوانگەی ئەو جیهانێکە بارگاوی کرابێ بە کۆمەڵێک باوەڕی چەسپاوی نرخدارو بەهادار و  شکۆدارو بە نرخەوە....نەک ژینگەیەکی بارگاویکراوو پێش وەختە دیزاین کراوو مکیاج کراو،  بۆ گەیشتن بە کۆمەڵێک ئامانجی سوک و پوک و پوچ و کرچ و کاڵ و ناجێگیرەوە.

 

جیهان لە ڕوانگەی ئەو جیهانێکە تیایدا مەفاهیمی گفتوگۆو ڕاگۆڕینەوە لە ترۆپکدان...چەمکەکانی مرۆڤ بوون لە لوتکە دان و هەنبانەبۆرینەی مەعریفەی ئینسانی،  هەرگیز ناکەوێتە بەر تەوژمی تێکدەرانەی هەلپەرەست و دونیا پەرەست و شەخس پەرەست و بەرژەوەندپەرەست و عەقڵ  پوکاوەکانەوە.

 

جیهان بە لای ئەو  تەنیا بریتی نیە لە قەرەباڵغیەکی بە تەوژمی مرۆڤە بێ ئامانجەکانەوە. 

جیهان لە ڕوانگەی ئەو جیهانێکە حزب و کاری سیاسی  و یاسا بۆ شکۆبەخشینە بە شکۆی لە دەست چووی ئینسانەکان، ببۆ رێکخستن و ئیدارەدان ژیان، ۆ ڕێپیشاندانی ڕێگاوبان و چاڵەکان، بۆ نیشان دانی دووڕیانەکان و بۆ ڕێزنان لە تێکۆشان و ڕەنجی بکەران و ڕەنج کێشە ڕاستەقینەکان....بۆ گەیشتن  بە ئامانجە پیرۆزەکان، بە بێ ئەوەی دەسکاری پیرۆزیەکان بکرێت...بەدەر لەمە کاری سیاسی هەرچی بێت، ناکەوێتە چوارچێوەی باوەڕەکانی ئەوەوە.

 

لە جیهانی ئەو لە پێناو جوان کردنی ناشرینیەکان، جوانیەکان ناکرێنە قوربانی و ناشرین ناکرێن و پەراوێز ناخرێن و ناخرێنە ژێر پێوە.

لە جیهانی ئەو هیچ کەسێک، لایەنێک، دامەزراوەیەک، بزوتنەوەیەک، کۆمەڵێک و دەستە و تاقمەیەک، ڕیزپەڕ نەکراوە لە ڕەخنە گرتن و هەڵسەنگاندنەوە. 

جیهانی ئەو هەڵگری دەیان تایبەتمەندی مەعنەوی شرۆڤە نەکراوو شیتەڵ نەکراو و دەست لێنەدراوو ڕاڤەنەکراوە.

لە جیهانی ئەو سەروەت سامان تەنیا بریتیە نیە لە پارەوپوڵ کۆشک و تەلار و ئۆتۆمبێل و چیمەنتۆو ئاسن و شیش و ئاڵتون و زێڕ و ئەڵماس و خاکوخۆڵ و زەوی و زار...بەڵکو سەروەت و سامان ئەو مرۆۆڤە جوانە ناخ پاک و  ماندوو نەناسانەن، ئەو ئینسانە خاکیانەن،  بێ بەرامبەر و لە پێناو ئارمانجێکی پیرۆزو بەرزو باڵاو واڵادا، سڵ لە هیچ سەختی و ناهەمواریەک و هەورازو نشێوێک ناکەنەوە و تا ئەزەل بە ڕێزلێگیراوی و قەدر گرانی دەمێننەوەو نائومێد ناکرێن و لە کاتی داکشان و کەوتندا بیریان لای هەڵکشان و هەڵسانەوەو بە پێ وەستان و گرتنەبەری ئاڕاستەی سەرکەوتنە.

 

جیهان لە ڕوانگەی ئەو جیهانێکە بێ بەریە لە هەموو خواری و لاری و درۆ و تەڵەکەبازی و ساختەکاری و چەواشەکاری و فرت و فێڵ و جنێوفرۆشی و فیتنە و نانەوەی دووبەرەکی و ترازان و درۆسازی و بەلارێدابردنی حەقیقەت و خۆبەزلزانیەوە.

جیهان لە ڕوانگەی ئەوەوە شوێنێکە پڕاوپڕە لە مەعریفەی ئینسانی و شەرت ومەرجەکانی ئینسان بوون تێیدا چەکەرە دەکەن، نەک بەرژەوەندیە مادیەکان و خۆ بەرەپێشەوە بردنەکان و نمایشی درۆیینەی رووبەری مێدیاو پانتای تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان.

 

جیهانی ئەو خاڵیە لە تەفسیراتی سوبیەکتیڤ...بەتاڵە لە ناپاکیەکان...دوورە لە خیانەت و خەنجەر لە پشتەوەدان و دابڕاوە لە ناشرینیەکان.

جیهانی ئەو جیهانی بڕواو متمانە و ڕاستگۆیی و بێ خەوشی و خۆشەویستی و دڵپاکی و ئەمەکداریە و بە سیفاتی لوتبەرزی و لەخۆبایی بوون و مشەخۆریەوە نامۆیە.

جیهان لە ڕوانگەی ئەو شوێنێکە کەس نازانێ کێ زلهێزە وکێ بێ هێزە...کێ ئاغایە وکێ سەپانە و کێ سەردەستەو کێ بەردەستە..کێ حاکمە و کێ مەحکومە...کێ پاشایە و کێ گەدایە...کێ دارایە و کێ نەدارە، کێ بەرزەو کێ نزمە. 

لە جیهانی ئەو یەکسانی لە ئەرک و ماف، مۆرکی سەرەکیە، جیاکاری قەڵاچۆ کراوە و تۆڕ هەڵدراوە.

جیهانی ئەو تەنیا موڵکی ئەوو و خۆی و خاوو خێزان و  هاوبیرو کەسە نزیکەکانم نیە...بەڵکو جیهانێکە بۆ مرۆڤ بوون ئەشێ و بۆ هەموو مرۆڤایەتیە و بۆ گێڕانەوی شکۆی مرۆڤایەتیش هاتۆتە کایەوە و بە میزاجی هیچ کەسێک ناگۆڕێ و یاری بە ستراکتۆر و ڕەگەزە سەرەکیە پێکهێنەرەکانی ناکرێت.

 

ئەم جیهانەی ئەو باسی لێوە دەکات، هێشتا لە دایک نەبووە و ئەستەمە بەم زوانەش بێتە سەر شانۆی ململانێی ماندووکەر و بێزارکەری کاراکتەرە سەرەکیەکانی ئەم جیهانەی ئیستا ژینگەمانە و بەشێکی دانەبڕاوە لە زاکیرەی پڕ جەنجاڵیمان.

جیهانى ئەو جیهانێکی دوورەدەستی زادەی خەیاڵێکی ئەبستراکت و یۆتۆپیایە...جیهانێکی دەست لێنەدراوە...ئەم جیهانە پێویستی بە هەڵمەت و بانگەشە و درووست کردنی  لێژنەو دەستەو گرووپ و کەمپەین نیە بۆ سەلماندنی پاکی بوونی.

جیهانی ئەو، شوناسی مرۆڤ بوونە، لە زەمەنی سڕینەوەی سەرلەبەری ئەو بەهاو تایبەتمەندیانەی لە ئەزەلەوە بە چەمکی “ مرۆڤ بوون” ەوە لکێندرابوون و پێی دەناسرانەوە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×