ڕۆڵی پەروەردە و میدیا لە کۆمەڵگەدا

ره‌وف محه‌مه‌د ئالانی‌
  2024-04-23     109

ئەوەی پێویست بەسەلماندن ناکات و جێی ھیچ مشتومڕێک نیە ئەوەیە، کە پەروەردە چەتری کۆکەرەوە و خۆری ڕوناککەرەوەی ھەموو بەش و چەمک و ڕەھەندەکانی ژیانە، واتە پەیوەندی بە سەرجەم کایەکانی ژیانی کۆمەڵگەوە ھەیە و ڕۆڵ و بایەخی سەرەکی دەگێڕێت. 
جا ئەگەر توانرا پەروەردە بکرێتە شا ڕێی ئامانجەکان و لەوێوە پلان بۆ داھاتووی ھەموو سێکتەر وبەشەکان دابنرێت، باوەڕم وایە ھەموو تروسکاییەکان دەبنە مەشخەڵی دەستی ڕێبوارانی ڕێگە و خواستە جیاوازەکان و گەیشتن بە لوتکەی مەبەست و خواستە تایبەتی و گشتیەکان.
ئەوەی مەبەستمە ئەمجارە لێی بدوێم وتیشکێکی بخەمە سەر، ڕاگەیاندن و میدیایە، کە بایەخ و کاریگەری زۆری ھەیە لەسەر ژیانی تاک بە تاکی کۆمەڵگە، بەتایبەت لە ئەمڕۆدا چونکە ھۆکارەکانی میدیا زۆرن و لە گشتییەوە  بوونە تایبەتی، جاران دەوترا جیھان بۆتە گوندێکی بچووک، بەڵام ئێستا ئەوەش نەماوە بەڵکو بۆتە شاشەی مۆبایلێک، بەھۆی داھێنان و گەشەکردنی شارستانی و تەکنەلۆجیا و ململانێی جیھانی سەرمایەداری و کۆمپانیا گەورە قازانج ویستەکانی دنیا، ڕۆژ دوای ڕۆژ مرۆڤایەتی دەستی بە ھۆکار و ئامێر و شێوازی نوێ دەگات.
ئەم ھۆکارانە ڕاستە زۆر بەخێرایی زانیاری و بابەتە خواستراوەکە دەگەیەننە کەسی داواکار، بەڵام گیان و ھەست و سۆزیان کەمکردۆتەوە، ئەوەتا(ئێرل ویڵسن) بەمجۆرە لەو پەیوەنیانە دەدوێت و دەڵێت:( ڕەنگە ھەستکردن لەگەڵ باشترین سیستەمی پەیوەندی و وەرگرتندا ڕوونەدات وەک ئەوەی لە کاتی پشوودا پێکەوە قاوە یەک بخۆنەوە).
گەلی کوردیش وەک ھەموو گەلانی جیھان بەو ھۆکارانە دەستی ڕاگەیشتووە، بەڵام خەڵکی ئێمە بە دەیان ھۆکاری خۆنەویست و سەپێنراو، گیرۆدەی خراپ بەکارھێنان بوونەوە، لەلایەکیتر میدیایەکی زۆر وبێشوماروەک لەناو خەڵکدا باوە و پێی دەڵێن(میدیای بێ دایک و باوک)کە بەو مانایە دێت، خاوەنیان نادیارە و لەبەرژەوەندی کەس و لایەن و شوێنی نادیار ئاراستە دەکرێن، کە چۆنیان بوێ و چییان مەبەست بێ ئەوە پەخش دەکەن، دوور لە ھەموو یاسا و ڕێسا وعورف و داب ونەریت و ئیتیکێک، بەمەش کێشە وگرفت و جیاوازیەکان زۆرتر دەبن و گیانی ڕق و کینە و یەکتر قبوڵنەکردن جێی خۆشەویستی و لێبوردن و بە ئاسایی وەرگرتنی جیاوازیەکان دەگرێتەوە.
لە باشوری کوردستان بە ھۆی نەبوونی میدیایی نیشتمانی و پەیڕەو نەکردنی یاسا بەرکارەکانی بواری میدیا و بەھێزتربوونی حیزبەکان لە حکومەت و ھەوڵدان بۆ پاوانخوازی و مامەڵەکردن بە مرۆڤەوە، بەتایبەت ڕاگەیاندنکاران و بەھەدەردانی پارە وسامانی ووڵات، وایکردووە، ئاراستەی میدیا ڕوو لە نشێو بێت و لەجیاتی خەمی گشتی کراوەتە خەمی حیزبی و کەسی، ئەمجۆرە ڕاگەیاندن و میدیایە تەنھا لە شوێنە ھەرە دواکەوتووەکانی سەر زەوی نەبێ جێی نابێتەوە.
جا ئەگەر ووڵاتێک بەوجۆرە مامەڵە لەگەڵ خۆی و میدیا و ڕاگەیاندن بکات، ئەبێ پەروەردەکەی لەوە خراپتر کاری لەسەر کرابێت.
بۆ ئەم وتەیەشم ھیچ بەڵگەیەکی سەلمێندراوی ناوێت، ڕوون و بەرچاوە، چەندین جاریتر ئاماژەم بۆ کردووە و بەڵگەی حاشاھەڵنەگرم خستۆتە بەرچاوی خوێنەران.
ھەرچەندە لە زۆر شوێن وتنی ڕاستی تەنھا ھەر ووتنە و نە کەس کاری لەسەر دەکات نە ووڵامت دەدرێتەوە، ئەگەر مەبەستیش بوو ووڵامت بدەنەوە بیانوویەک یان تۆمەتێکت بۆ دادەتاشن بەرەو زیندان یان تیرۆری کەسێتیت، لەڕێگەی میدیاکانی خۆیان ئەنجام دەدەن.
لەڕووی زانستی و لۆجیکیەوە پەروەردە ومیدیا لە ئامانجدا لەیەک نزیکن، بەوەی ھەردووکیان مەبەستیان گۆڕینی ئاراستەی تاکە کەسە بۆ باشترو فێربوون، بەڵام ئەم ھاوکێشەیە لە ووڵاتە دواکەوتووەکادا پێچەوانە دەبێتەوە، بەوەی شێواوی کەسێتی تاک دەخولقێنێ نەک ئەوەی پێویستە. 
پەیوەندی نێوان پەروەردە و ڕاگەیاندن دەبێت پەیوەندییەکی ئاوێتە کراو بێت،  ڕۆڵی ھەریەک لەوان لە درووستکردنی ڕۆشنبیری کۆمەڵایەتی و ڕای گشتیدا پێویستی بە ھاوکاریی نزیک لە نێوان دامەزراوەکانی ڕاگەیاندن و دامەزراوەکانی فێربوون ھەیە، بە نوێنەرایەتی بەشی ڕاگەیاندنی پەروەردەیی و ڕۆڵ و ھاوکارییان لەگەڵ میدیادا ھەبێت.  بەڵام ئاماژە بەوە دەکرێت کە کارایی ئەم بەشانە بەپێی ئەزموون و توانای ئەو کەسانەیە کە بەرپرسن و ھەستی بەرزی مرۆڤدۆستی و گەیاندنی پەیامی ڕاست و دروست وبە پلان، نەک ھەڕەمەکی و پیلان ڕێژی نادروست وەک ئەوەی لە ھەرێمی کوردستان ھەیە.
دوای سی و سێ ساڵ لە حوکمڕانی حیزبەکانی ئەم ھەرێمە ویادی ١٢٦ ساڵڕۆژی ڕۆژنامەگەری کوردی، جێی داخە نەتوانراوە ئەوەی پێویستە بۆ پەروەردە و میدیا پلانکاری زانستی ھاوچەرخ دابنرێت.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×