کێ پێویستی بە پیشەییبون و ئامۆژگارییە؟ وەڵامێک بۆ سەرۆکی حکومەت

ئەیهان سەعید
  2024-04-23     213

ئەیھان سەعید / نوێنەری زیندانیابی بادینان

"پێش بڕیاری دادگا رۆژنامەنوسان بە تیرۆست بەناو دەبات، بە چ رویەک وەکو واعزێک ئامۆژگاری میدیاکان دەکات و ئازادییان بە منەت پێ دەفرۆشێت".

لەگەڵ دەرچونی راپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاو رێکخراوە جیھانییەکان کە ئاماژە بە مەزلومیەتی زیندانیانی بادینان دەکەن و دەڵێن: "دۆخی رۆژنامەوانی بەرەو خراپتر بوە." جیاواز لە سەرۆکی ھەرێم کە پاڵپشتی خۆی بۆ ئازادی رۆژنامەوانی دەربڕی، سەرۆکی حکومەتی کاربەرێکەر لە 126مین ساڵیادی رۆژنامەگەری کوردیدا وەکو واعزێکی مەغرور دەرکەوتەوەو ئامۆژگاری دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەکات پیشەیی بن و ئەو ئازادییەی پێیان دراوە وەکو منەتێک باسکردو ھەڕەشەی بەکارنەھێنانی ئەو دەرفەتەس کرد کە لەھەمان کاتی وتارەکەیدا بە مەودا کەمتر لە 10 مەتر لە دیوی دیکەی ھۆڵی کۆنفراسەکەی پێشێڵکاری و سوکایەتی بە دەیان رۆژنامەنوس کرا کە روماڵی ئاسایی خۆیان بکەن.

مەسرور بارزانی وەکو مامۆستایەک ئامۆژگاری رۆژنامەنوسان دەکات کە پابەندی ئیتیک و پیشەی رۆژنامەڤانی بن، لە کاتێکدا خۆی دور لە ھەمو بنەمایەکی یاسایی، حوکمڕانی دیموکراسی، شەش رۆژ پێش دادگاییکردنی رۆژنامەنوسانی بادینان لە 16ی شوباتی 2021 دەیان رۆژنامەنوسی ڕفێنراوی بە "تیرۆست" ناو بردن، بە ئێستاشەوە رێگرە لە جێبەجێکردی یاسای  ژمارە (35)ی رۆژنامەگەری کوردی و یاسای مافی بەدەستخستنی زانیاری.

لەگۆتاری سەرۆکی حکومەت کە بە کەسایەتییەکی دۆنکیشۆتی دەردەکەوێت و پێی وایە ھەمو لایەک و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بڕوای پێدەکەن و ئازادیش بە رادەیەک ھەیە رۆژنامەنوسان بە خراپ ئیستیغلالی دەکەن، لەوانەیە ئەو "پیشەییبون" بە دەستەمۆکردن و لە قاڵبدانی رۆژنامەنوسان لە چارچێوەی میزاجی خۆی تێگەیشتبێت، مەگەر شێروان شێروانی، قارەمان شوکری و سلێمان ئەحمەد و رۆژنامەنوسانی دیکەی سزادرابون ئەندامی سەندیکاو رۆژنامەنوسی پیشەیی نەبون؟ باشترین کاری پیشەییمان کردبێت ئاشکراکردنی تیرۆری سیاسی، گەندەڵی و قۆرخکاری بازاڕ لە لایەن ستێر گرۆپەوە کە خاوەنەکەی خودی سەرۆکی حکومەتە کە تا ئێستاش لە دەروازەی "وەلیدی"یە وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی لێی نییەو بودجەکەی بۆ کۆمپانیاکەی دەڕوات و شێروان شێروانیان لەسەر ئەمە بەندکردوە و پێشێلی 13 ماددەی جاڕنامەی گەردونی مافی مرۆڤ بەرامبەر کراوە، ئایا ئەمە کاری رۆژنامەوانییە یان ئەو فۆرمەی ئەو مەبەستیەتی میدیاکان بە ئارەزوی ئەو کاربکەن؟!

پێمان وایە دوای نیگەرانی ڕایگشتی نێوخۆ و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی پێویستە ئەم ئەقڵیەتە پۆلیسییەی کابینەی کاربەرێکەر گۆڕانکاری بەسەردا بێت و ئەو بارە نالەبارە کە سومعەی ھەرێمی ناشیرین کردوە ڕاستبکرێتەوە، نەک ئازادی بکەنە منەت و بە رۆژنامەنوسانی بفرۆشن و ئامۆژگاری رۆژنامەنوسان بکەن کە بەردوام پێشێلکاری بەرامبەریان دەکرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×