٢٤ی ئاپریل، رۆژی دەسپێکی کۆمەڵکوژی  ئەرمەنەکان

بەها رەحمانی
  2024-04-24     204

سەدونۆ ساڵ لەمەوبەر، واتە ٢٤ی ئاپریل ١٩١٥ ئەو رۆژە بوو کە جینوسایدی ئەرمەنەکان لەلایەن دەوڵەتی ئیمپراتۆری عوسمانی ئەوکات (کە تورکیای ئەمڕۆ میراتگریەتی)، دەستی پێکرد.

ئەرمەنەکان وەک سەرجەم نەتەوەکانی دیکەی ژیردەستی ئەو ئیمپراتۆرییە لە کۆنەوە لە زۆربەی مافە سەرتاییەکان بێ بەش کرابوون و هەر چەشنە دەنگهەڵبڕین و دژایەتیکردنی ئەم هەڵاواردن و نادادپەروەریانەش بە توندترین و دڕندانە شێوە وڵام ئەدرایەوە.
بەڵام خودی کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان لێکەوتەو درێژەی زنجیرەیەک ئاڵوگۆری سیاسی دیکە بوو کە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەو ئیمپراتۆرییە بەساڵاچووەی گرتبووەوە. یۆنانیەکان توانیان خۆیان لە ساڵی ١٨٢١ لەژێردەست تورکەکان رزگار بکەن و ئەمەش بوو بە هەوێن و سەرەتاییەک بۆ دەسپێکی ئاڵوگۆڕی زیاتر لەم ئیمپراتۆرییە پان و بەرینەدا. پەنجا ساڵ دواترو لە ماوەی کەمتر لە پێنج ساڵدا،  وڵاتانی رۆمانیا (١٨٧٧)، بولگاریا (١٨٧٨) و سەربیا (١٨٨٢) سەربەخۆیی خۆیان لەم ئیمپراتۆرییە بەدەست هێنا و عوسمانییەکان زۆرینەی ناوچەکانی رۆژئاوایان لەدەست دا.


لەپاڵ ئەم ئاڵوگۆڕانەداو لە ناوەندی ئەم ئیمپراتۆرییە، بزوتنەوەی نەتەوەیی تورکەکان کەوتە خۆ و گەشەی کرد. ئەم بزوتنەوە نەتەوەییە نەک بزوتنەوەیەکی رزگاریخواز بەڵکو بە پێچەوانەوە پاوەنخواز بوو و ئامانجیشی ئەوە بوو کە بونیادی ئیمپراتۆری عوسمانی لە ئیمپراتۆرییەتێکی ئایینیەوە (ئیسلام) بۆ دەوڵەتێکی تەک نەتەوەیی بگۆڕێت و بتوانێت لەوەی کە لەم ئیمپراتۆرییەتە ماوەتەوە دەوڵەتێکی یەکدەست لە ژێر ناوی یەک نەتەوە و یەک ئایین دامەزرێنێت.

سەرئەنجام لە ساڵی ١٩٠٨ لەرێگای کودەتایەکی سەربازییەوە، " کومیتەی یەکگرتن و پێشکەوتن" کە بە "تورکە گەنجەکان" ئەناسران، دەسەڵاتیان گرتە دەست. ئەمانەش لەبەر ئەوەی کە خوازیاری دامەزرانی کۆمەڵگایەکی تورکی یەک نەتەوە و یەک ئایین بوون، هەموو گەلانی دیکەی ناو ئەم ئیمپراتۆرییەیان پێ دوژمن بوو بەتایبەت ئەرمەن، سوریانی، ئاسور و  کورد.  

ساڵیک پێش شەڕی جیهانی یەکەم واتە لە ساڵی ١٩١٣، وڵاتی ئاڵبانیاش سەربەخۆیی خۆی لە دەست عوسمانییەکان بەدەست هێنا. لە شەڕی جیهانی یەکەم، ئیمپراتۆری عوسمانی چووە بەرەی ئاڵمان، ئۆتریش-هەنگاریاوە. ئەرمەنەکان بە پێێ ئایینەکەشیان بێت لە روسەکان زۆر نزیک بوون. هەروا لەم شەڕەشدا، روسیا، فەرانسە و بریتانیا لە بەرەی دوژمنی عوسمانییەکان بوون. بەم هۆیەوەش ئەرمەنەکان لە لایەن تورکەکانەوە وەک باسکی پێنجەمی سوپای دوژمن چاو لێئەکران. بۆیە کوشتوبڕی ئەرمەنەکان لەگەڵ دەسپێکی شەڕەکە، لە لایەن تورکەکانەوە رووی لە هەڵکشان کرد.  

٢٤ ئاپریلی ١٩١٥بەدەسپێکی کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان ئەناسرێت، چونکو لە شەوی ٢٤ لە سەر ٢٥ی ئاپریل دا، سەدان کەس لە رۆشنبیران،  چالاکوانی سیاسی و رێبەرانی ئاینیی ئەرمەنی لە شاری ئیستانبوڵ دەسبەسەر کران، کوژران یا لە شوێن وڕیێی خۆ وەدەرنران.

ئەم کومەڵکوژییە ماوەی ٨ ساڵ واتە تا ساڵی ١٩٢٣ درێژەی کێشا و لەو ماوەیەدا لە نێوان ٨٠٠ هەزار تا یەک ملوێن ئەرمەنی کوژران. نزیک بە ٦٠٠ هەزار ئەرمەنیش بێسەروشوێن کران. ئەرمەنییەکی زۆر بە زیندویەتی لە ماڵەکانی خۆیاندا ئاگریان تێبەردرا یا لە روبارەکان و دەریاچەکان خنکێندران یا لە برسا مراندنیان.  ماڵەکانیان تاڵان کراو پیاوان و کوڕانیان کوژران و ژنان و کچانیش دەسدرێژی سیکسییان کرایە سەر. ئەوەشی کە نەکوژرا ، دابەشکران بەسەر دوو دەستەدا، یان بەزۆر کرانە موسڵمان و مناڵەکانیان لێسەندراو لە خوێندنگەی تایبەت کران بە تورک یا بەزۆر بەرەو بیابانەکانی سوریا کوچێندران و کچ و ژنەکانیشان لە بازاڕەکاندا وەک کۆیلە و کەنیز فرۆشران.

دەوڵەتی تورک، هەتا ئێستاش درێژە بە کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان ئەدات. هەر بۆیەش بە هێز و یارمەتی سەربازی ئەو وڵاتە، وڵاتی ئازەربایجان (واتە برای بچوکی تورکیا)، لە سپتەمبری ٢٠٢٣ و لە دوای گەمارۆیەکی درێژخایەنی شەش مانگە، جارێکی دیکە هێرشی کردەوە سەر ناوچەی ناگورنۆقەرەباخ و زیاتر لە ١٢٠ هەزار ئەرمەنی لە ماڵ و شوێنی خۆیان دەرکران و  ئاوارە و دەربەدەربوون.

کردەوەی عوسمانییەکان دژبە ئەرمەنەکان لێکچووی هەمان ئەو کردەوانەیە کە دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی (واتە داعش) لە ساڵی ٢٠١٤ دژبە کوردە ئیزیدییەکان لە شەنگال و دەوروبەری لە باشوری کوردستان ئەنجامی دا. تەنیا جیاوازی نێوان ئەو دووانە قەبارەیە،  واتە ئەوەی تورکەکان کردیان بە قەبارە زۆر گەورەتر بوو لە کردەوەکانی داعش.

هەتا ئەمڕۆ ٢٩ وڵاتی جیهان دانیان بە کۆمەڵکوژی ئەرمەن، لەلایەن تورکەکانەوە ناوە و ئەمریکاش سێ ساڵ لەمەوبەر هاتە ناو ریزی ئەو وڵاتانەوە و دانی بە کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکاندا نا.

کورد و ئەرمەن دوو هاوسێی دێرینی یەکترن لە رۆژهەڵاتی ئاناتۆلیا. بەڵام تەنیا دراوسێیەتی نییە کە کوردو ئەرمەن لێک نزیک ئەکاتەوە بەڵکو لێکچووی ئەو تاوانانەیە کە داگیرکەران دژ بە کوردو ئەرمەن ئەنجامیان داوە.
لەبەرچاوترین کۆمەڵکوژییەکانی دژ بە کوردیش ئەمانەن:

-  ئەنفالەکانی ساڵانی ٨٠ی رابووردو و کیمیابارانی هەڵەبجە لە باشوری کوردستان

-  کیمیابارانی سەردەشت وکوشتاری بەکۆمەڵی دێهاتەکانی قاڕنێ، قەڵاتان و ئیندرقاش لە رۆژهەڵاتی کوردستان

- کۆمەڵکوژی کوردانی ئیزیدی لە ساڵی ٢٠١٤ لە باشوری کوردستان

- کۆمەڵکوژی رۆبوسکی و هێرش بۆ سەر شارە گەورەکانی باکوری کوردستان

- هێرشی بەردەوامی هێزەکانی دەوڵەتی تورک بۆسەر رۆژئاوا کە هێشتا درێژەی هەیە

بە کورتی، کورد، ئەرمەن، جو و فەڵەستینی چوار گەلی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستن کە مێژوویەکی پڕ لە ئازارو دەردیان هەبووە و هەیە.
بەداخەوە بەشێک لە فەڵەستینیەکان لە زۆر تاوانی قیزەونی دەوڵەتی ئێراق دژ بەکوردەکانی باشور تێوە گلان و ئێستاش بەشێکی زۆری هێزە سیاسییەکانیان پشتیوانی لە تاوانەکانی وڵاتانی ئێران و تورک دژبە کوردەکان ئەکەن، بەڵام ئەمانە هیچ لە دۆزی رەوای کێشەی فەڵەستین و داخوازی بۆ پێکهێنانی وڵاتێکی سەربەخۆی فەڵەستینی (لەپاڵ ئیسراییلی هاوسێ) لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کەم ناکاتەوە.  

باش وایە ٢٤ی ئاپریلی ١٩١٥ وەک دەسپێکی کۆمەڵکوژی ئەرمەن و ١٠ی نڤەمبەر ی١٩٣٨ واتە دەسپێکی کۆمەڵکوژی جولەکەکان لە ئەڵمانیای نازی لەبیر نەکەین.

ئێستا ئەرمەن و جو دوو وڵاتی چکۆلەیان هەیە و خاوەنی کیانی سیاسی خۆیان، بەڵام کورد هێشتا لەژێر مەترسی جینوسایدی نوێدایە، لەکاتێکدا کە پرسی کورد هیچی کەمتر لەپرسی جو و ئەرمەن لە مێژوی مرۆڤایەتی نەبووە و نیە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×