ژێر بەڕەی پارتی کەوتە سەر بەڕە…

بەیار عومەر
  2024-03-20     461

بڕیاری بایکۆتی هەڵبژاردن لەلایەن( پارتی)یەوە، سەلماندی کە

١-(پارتی) ساختەکاریەکی بێشوماری کردووە و بە تەوژمی تەزویری بادینان توانیویەتی چەندین کورسی لە هەولێر و سلێمانی بەدەستبهێنێت. بۆیە دژی (٤ بازنەییە).

٢-(پارتی) بە ساختەکاری و دەنگی زێرەڤانی، (١١ کورسی کۆتا)ی بۆ خۆی مسۆگەر کردبوو، بۆیە لەگەڵ نەمانی کۆتاکاندا، قەڵای ورەیان هەرەسی هێنا.

٣-(پارتی) دەڵێت (٤٠٠ هەزار کەس) بێبەشکراون لە دەنگدان؛ کەواتە ژمارەی ئەو کەسانەیان ئاشکراکرد کە (ئاوارەی سوریا و ئێران و ناوچەکانی تری عێراقن) لە هەرێم؛ ناسنامە و کارتی دەنگدانیان بۆ دروستکردون.

٤-پشتیوانی (تورکیا و سەرجەم لایەنە تورکمانەکان) بۆ (پارتی)، ڕوناکی خستە سەر پیلانە سێقۆڵیەکەیان، کە بریتیە لە دابڕین و لاوازکردنی کورد لە هەر چوار پارچەکە.

ئەم پیلانە تاریکانە ڕوپۆشکراون بە دروشمی بریقەداری کوردایەتی. جارێک بە ناوی ڕیفراندۆمەوە (٥١٪ی خاکی کوردستان)یان لەدەستدا و ئێستاش دەیانەوێت (٤٩٪ کەی تر) بەناوی دژایەتی بەغداوە بە پشتیوانی ئەنکەرە لەناوبەرن.

سەرەنجام، ئەگەر (پارتی) بەشداری هەڵبژاردنێکی بێخەوش بکات، دەچێتەوە قاڵبە ڕاستەقینەکەی خۆی کە کەمترە لە (٣٠ کورسی) و چیتر ناتوانێت دەست بەسەر سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەت و پەرلەماندا بگرێت؛ چیتر ناتوانێت نەوت و گاز و موچەی فەرمانبەران زەوت بکات.

خۆ ئەگەر بایکۆتی هەڵبژاردن بکات، شەرعیەت لەدەستدەدات و بیانوی دەستوری دەداتە دەست (حکومەتی عێراق) بۆ دەستێوەردانی ڕاستەوخۆ.

کەواتە بە لوتبەرزی و عینادی سیاسی و سازشنەکردن بۆ خەڵکی کوردستان، خۆیان و هەرێمیان توشی هەرەس و لێکترازان کرد. بەڵام بۆ دەربازبوون لەم گێژاوە، یەکێک لە ئەگەرەکان ئەوەیە کە بە (سپۆنسەری تورکیا) کارەساتێکی تری هاوشێوەی (ڕیفراندۆم) دووبارە بکەنەوە.

باشترین بژاردە ئەوەیە کە (یەکێتی و لایەنەکانی تر) هەوڵبدەن کە هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا بکرێت و (هەژماری من) ڕەتبکەنەوە کە فێڵ و فەرهودە لە خەڵکی کوردستان دەکرێت. هاوکات لە ڕێی (حکومەتی عێراق)ەوە، سەروەری (خاکی هەرێم) بپارێزرێت لە هەڕەشە و دەستێوەردانی دەرەکی.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×