کە نیشتمان کەوت هەموو شتێک لەژێرەوە هاڕەدەکات

نەوزاد جەمال
  2021-11-23     626
بەمنداڵی عەوداڵی کەوتنە خوارەوەی پارچەی نەیزیک بووم. لە کوردەوارییدا دەووترا؛ ئەستێرە کشاوەو نیازێک- خواستوهیوایەک- بخەرەدڵتەوە. چونکە، رۆژێک دێتەدی و ئاسمان داواکانت بەجێدەهێنێت!
وام هەستدەکرد، کەوتنخوارەوەی پارچە بەردێک لە ئاسمانێکی ناکۆتاوە جۆرێک لە ئاماژەو نیشانەی ڕوودانی شتگەلێکە. ئاخر تەنێکی نامۆ لە هەسارەیەکی نەناسراوە چ پەیوەندیی بەمنێکەوە هەیە؟ بۆیە، نەک هەر خۆم بە بەشێک لە گۆی زەوی دادەنا، بەڵکو هەستمدەکرد پەیوەندییەکی کۆسمۆلۆجی-گەردوونی- لەژیانی ئێمەدا هەیە. لەبەرئەوە، هەمیشە لە هەسارەو ئەستێرەکان ڕادەمام.
بەڵام، ئێستا نەک هەر ئاسمان بزربووە، بەڵکو لە خاک و ئاو هەوای خۆماندا نامۆ بووین. نامۆبوونێک بە خود، بە نیشتمان و مافەکان، وایکرد هیچ پابەندبوونێ-ئینتما-یەک نەمێنێتەوە. یان ئەوەتا وڵاتەکە دادەۆشی و بەخەڵکەوە وێرانی دەکەیت. یان لەسەر سینی هەرزانفرۆشی دەکەیت.  یان لێی هەڵدێت و سەری خۆت هەڵدەگرێت. لەڕاستیدا کە سێ بژاردەی ناقۆڵاو ناماقووڵە.
 نەمانی ئینتما، تەنها گەنجولاوەکان ناگرێتەوە، بەڵکو حکومەت و کاربەدەست و بەرپرسەکانیش لە پێش هەمووانەوە، ئینتمایانەکی دڵسۆزانەو راستگۆیانەیان بۆ نیشتمانەکە نەماوە. لە تاقیکردنەوەو ئەزموونەکەدا سەرنەکەوتن. دەرکەوت چیتر بەتەنگییەوە نین. هەروەها، دامەزراوەکانیش ئینتمایان بۆ کارو ئەرک و بەرپسیارێتیان بەرامبەر هاونیشتمانی نەماوە. بۆنموونە، چیتر، زانکۆ ئینتمای بۆ توێژەکەی خۆی کە خوێندکار نەماوە.
نیشتمان بستەخاکێکی بێگیان و چنگەخۆڵێ نییە. بەڵکو، پێناسەی مرۆڤبوونە، ئەو جێگەیە مافەکان و خواستەکان و دادوەرانە مسۆگەربکرێن. بەڵام، ئەوەتا نیشتمان بۆتە تاڵانخانە، جێگەی دادۆشین و بزنس و سەرانەسەندن. قۆرخکاری لەهەموو کەرتەکانی ژیاندا وایکردووە هەندێکی بۆ ئاسمان هەڵکشاندووەو زۆرینەیەکیش بەناخی زەویدا بردووە.
ژینگەی جوگرافی، ژینگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کولتوری و پەروەردو تەندروستی وێرانکراوە. کەس خۆی بەخاوەنی راستگۆی نازانێت. مادام، وێرانکردن قازانبەخشەو بازاڕی کۆمپانیای بەرپرس و حزبەکان گەرمدەکات!
لێرەوە، مرۆڤبوون پوچبووەتەوە، نیشتمان و سەرچاوەو داهاتەکانی بۆتە بەڵاو نەهامەتی خەڵکی. وەک پێشتریش ووتوومە، لەو بێدەنگییەی خەڵک بترسن. چونکە، هەورێکی تاریک و خەستە. هەر کە گرماندی، لەژێرەوە هاڕەدەکەین.
خۆپیشاندانی خوێندکارەکان، هەڵبژاردنەکان، کۆچڕەوی لێشاوی لاوان بەتایبەت، وەڵامدانەوەیەکی خێراو کاریگەرە کە بۆتە گرفتێکی جیۆسیاسی نێودەوڵەتی. ئەوەتا وەزیرو سەفیری وڵاتانی ئەوروپی دێن. بەڵام، ئەوان بەسەردان نەهاتوون ئەم جوگرافیا مۆلەقە ستایش بکەن. بەڵکو، لەنزیکەوە دۆخەکە هەڵدەسەنگێنن. چونکە ئەگەر وابڕاوت لێشاوی ملیۆنی کوردان ڕوودەکاتەوە ئەوروپا. ئەوان نایانەوێ هەرێم پشێوێی تێکەوێت. لەپێناوەشدا هاوکاری سەقامگیری دەکەن، نەک پاڵپشتی دەسەڵاتدارانی سیاسی. ناچارن و باشیش دەزانن لەنێو دیوارەکانی ئەم هەرێمەدا چی دەگوزەرێت.
تەماشاکە، هەڵکوتانەسەر حەرەمی زانکۆ، لێدان و دارکاری و جنێودان بە خوێندکار شکاندنی شکۆی مرۆڤە، شێواندنی هاونیشتمانی بوونە. سەندنەوەی هەموو ئینتمایەکە لێی. خۆم بە گوناهبار لەبەرامبەر خوێندکارەکاندا دەزانم کاتێ مەرج و داواکاری خوێندن بەسەریاندا جێبەجێبکەم. لەکاتێکدا ئەوان من وەک فەرمانبەرو بە بەشێک لەسیستمێکی گەندەڵ دەبینن.
ڕاستە، بەشێکی خوێندکار نایەوێ ماف بە ئەرکی خوێندنەنەکی بدات. بەڵام، لەبەرئەوەی گەنجێکی هۆشیارەو بەئاگایە لەوەی کە هیچ ئاسۆیەک لەپاش تەواوکردنی زانکۆو پەیمانگا نییە. هەموو کەرت و پۆستەکان لە ئێستەوە بۆ سەدەیەکیتر بەشراونەتەوەو گیراون!
هەروەها، وێنەی نیشتمان لای ئەو کراوە بە دۆزەخ و هەموو ڕۆژێک داخدەکرێت پێی. نیشتمان بۆتە ئەرک و کەلاکێکی هەلاهەلاکراو کە هەر چەقەڵ و کەمتیارو گورگێک دەمی تێژەنیوەو لەخەمی بردنی کوتەگەوەرەکەدایە.
نیشتمان بە دەستی خۆماڵی کەوت. ئەمە نەڕای منە، نەقسەیەکی لەگیرفان دەرهێنراو. بەڵکو فاکتە/ڕاستییە. بەرپرس و کاربەدەستەکان یەکەمجار لەپێش هەمووانەوە، باشدەزانن چۆن کلۆربووەو ڕۆژانە دادەخورێت. خەڵکی ئاسایی باجەکە دەدات و دەبێت چەند نەوەیەکیتر چاوەڕێی هەڵسانەوەبێت.
بەرپرسەکانیش لەو زۆنگاو و زەلکاوە بەسەریەکدا شێواوەدا، باشتر دەتوانن قازانج و سوودی مادی بماشنەوە. بەڵام، کە نیشتمانتان نەما، ئیتر خۆشتان لە ڕەگوڕیشەوە هەڵدەکێشن. هەرگیز ناتوانن لەهیچ کوێیەکی ئەم جیهانەدا بگیرسێنەوەو جارێکیتر ڕەگدابکووتنەوە. ئەگەر لەسەر کۆش و تاقی کیسراشدابن، هەمیشە نەفرەتێکی ئەزەلی بەداوتانەوەیە.   

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×